شێخ محمدی خاڵ كێیە.؟ ناوی تەواوی (محمد کوڕی شێخ عەلی کوڕی حاجی شێخ ئەمینی خاڵ)ە و بە پێنج پشت دەگاتەوه به مەلا (مستەفای موفتی بابانەكان). مەلا (مستەفای موفتی) پاش گواستنەوەی تەختی میرنیشنی بابان له "قەڵاچوالان"ەوه بۆ شاری "سلێمانی" لە ساڵی 1784ز، لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵێك دەستنووس دەهێنێت، کە ئەویش له باپیره گەوورەیەوه مەلا (ئەبوبەكری موسەنیف) بۆی مابوویەوه، کە دواتر پشتاوپشت دەستنووسەکان دەگەنە دەست شێخ (محمدی خاڵ) بەمەش لە ئێستادا مێژووی بەشێك له دەستنووسەكانی شێخی خاڵ دەگەڕێتەوە بۆ 400 ساڵ لەمەوبەر، كه ژمارەیان نزیكەی 636 دەسنووسه. ✺ ڪورتەیەڪ لە ژیانی شێخ (محمدی خاڵ) … شێخ له ساڵی 1904ز، لەشاری "سلێمانی" له بنەماڵەیەكی ئیسلامپەروەری ناوداری كوردستان لەدایكبووه، دوای ئەوەی کە باوكی بەنەخۆشی كۆچی دوایی دەكات، شێخ (ئەمینی خاڵ)ی باپیری كه پیاوێكی ناوداری خواناس بووه (محمدی خاڵ) و هەر چوار براكەی بەخێودەکات... بەم جۆرە سەرەتای خوێندنی لای باپیری دەست پێ دەکات و هەر لەوێش بە ڕاستگۆیی و دەستپاكی و خواپەرستی و ڕازیبوون و دووركەوتنەوه له هەڵپەی دونیا پەروەرده دەبێت، جگە لەوەش هەر له منداڵییەوه خولیای خوێندن و نووسینی دەبێت و ئاشنا دەبێت بە پەرتووك و دەستنووسەکان... بەشی زۆری خوێندنیشی لای شێخ (عومەری قەرەداغی) بووه، كه زانایەكی ئایینی بەناوبانگ بوو، نەك هەر لە کوردستان بەڵکو لای زانا عەرەبەکانیش. هەروەها مەلا (حوسێنی پیسكەندی، شێخ جەلالی قەرەداغی) خوێندوویەتی. لەساڵی 1931ز، باپیری كۆچی دوای دەكات و دواتر شێخ (محمدی خاڵ) لە بۆنەیەکی تایبەتدا بە فەرمی دەكرێت به پێشنوێژ و وانەبێژی مزگەوتەكەی باپیری. بەم جۆرە شێخی خاڵ له كۆتایی ساڵی1931ز، تا كۆتای ساڵی 1938ز، سەرقاڵ دەبێت بە وانەوتنەوه و نووسینی پەڕتووکی ❜فەرهەنگی خاڵ، ڕێزمانی كوردی، فەلسەفەی ئایینی ئیسلام، ژیانی پێغەمبەر ﷺ ❛. هەر لەم ماوه كورتەشدا دوو پەڕتووك بە چاپ دەگەێنێت، پاشان لەساڵی 1939ز، لەلایەن خانەی دادەوه بانگهێشت دەكرێت بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی قازییەت، کە تێیدا شێخی خاڵ پلەی یەكەم بەدەست دەهێنێت، هەربۆیە بەفەرمانی پادشایەتی عێڕاق دەكرێت به قازی و له شاری "هەڵەبجه" دادەمەزرێت، ئیتر ناچار لە وانەبێژی دووردەكەوێتەوە... شێخ یەكێك بووه له قازییه ناودار و شارەزاكانی عێراق و ماوەی 28ساڵ لەو کارەیدا بەردەوام دەبێت و لە شارەکانی "هەڵەبجە، چەمچەماڵ، سولێمانی، كەركووك، موسڵ" قازییەتی کردووە. لە ساڵی 1962ز، لەناو هەموو قازییەكانی عێراقدا، شێخی خاڵ هەڵدەبژێردرێت به ئەندامی دادگای جیاكردنەوەی شەرعی لە شاری "بەغداد". لەو ماوه زۆرەی کارکردنیشیدا شێخ بەوە بەناوباگ بووە، كه بە هیچ جۆرێك لە یاسا و شەریعەتی ئیسلام لاینەداوه، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە چەند جارێك لەلایەن كاربەدەستانی گەوورەوه فشاریان خستووەته سەری، تا لە بەرژەوەندی ئەوان لە یاسا و شەریعەت لابدات، بەڵام بێ سوود بووه. بەهۆی ئەوەی کە شێخی خاڵ نووسەرێكی لێهاتوو بووه و خاوەنی بەرهەمی زۆر و بەكەڵك بووه، بۆیه یەكێك بووە لە زانا كورده دەگمەنەکان و لە ساڵی 1953ز، دەکرێت به ئەندام له كۆڕی زانیاری عێراقدا، لەمەشدا بە پلەی دووەم دێت لەدوای (تۆفیق وەهبی بەگ) کە پێشتر ئەندامی ئەو کۆڕە بووە. دواتر له ساڵی 1972ز، دەبێتە جێگری سەرۆكی كۆڕی زانیاری كورد، کە لە هەردوو کۆڕەکەدا جێپەنجەی دیارە و بەرهەمەكانی باشترین بەڵگەن لەم ڕووەوه، کە توانیوویەتی خزمەتێکی باش بکات لە بواری ڕۆشنبیریدا و هەر لەو ڕێگەیەشەوە ناوی گەووره پیاوانی كورد بگەیەنێت بەجیهان، لەوانە: (موفتی زەهاوی، بێتوش، شێخ أحمد فائیز بەرزنجی، بابەتاهیری هەمەدانی، مەلا محمدی خاكی .....هتد). شێخ لەماوەی ژیانیدا زۆربەی کاتەکانی بۆ خوێندنەوە و نووسین تەرخان دەکرد، تا لەکۆتاییدا چاوێکی لەدەست دەدات و بەو جۆرەش بە وردبینێکەوە هەر بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ❞چاوێك لەم ڕێگەیەدا کوێر نەبێت بۆچی باشە!❝ شێخ (محمدی خاڵ) دواجار و له ڕۆژی 15ی 7ی 1989ز، کۆچی دوایی کرد و له دوای خۆشی 40پەڕتووكی چاپکراوی بەجێهێشت، لە بوارەكانی 'لێكدانەوه، زمانەوانی، وێژەیی، بانگخوازی، مێژوویی، ......هتد". لە دیارترین بەرهەمەکانیشی بریتین لە: ¹- تەفسیری خاڵ: کە ڕاڤەی قورئانی پیرۆزە بە زمانی کوردی و پێکهاتووە لە 4بەرگ. ²- فەرهەنگی خاڵ: کە فەرهەنگێکی زمان و زاراوەی کوردییە و پێکهاتووە لە 3بەرگ. ³- پەندی پێشینان. ⁴- فەلسەفەی ئایینی ئیسلام. ⁵- ژیانی پێغەمبەر ﷺ و …… هتد. سەرچاوە/ پەیجی شارستانییەتی ئیسلامی. پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.