مامۆستا مەلا سه‌یید مه‌سعوودی هاشمی – تەمتەمی زانایەكی كورد، لە ئاستی زانا بەرزەكانی جیهانی ئیسلامیی د. عەبدوڵڵا مەلا ئەحمەد - ئەحمەدئاوا ژمارەی زانایانی گومناوی كورد، كە زۆریان لە زانست ونووسین وتوانادا باڵاتر بوون لە خودی زانایانی عەرەب وجیهانی ئیسلامەتی، كەم نين.. بەڵام بەداخەوە چەرخی ڕۆژگار وبندەستيی كورد لە ووڵاتی خۆیدا ڕێی نەداوە بە باشی بناسرێن، (مەلا سه‌یید مه‌سعوودی هاشمی)، یەكێك لەو زانایانەیە. هەموو عەرەب شانازی بەوەوە دەكات كە ئیبن مالیك، (ئەلفیە - هەزارە)یەكی، لە زانستی ڕێزمانی عەڕەبیدا هۆنیوەتەوە، بەڵام ئەم مەلا سه‌یید مهسعوودە لە كوێرە دێیەكی دوورە دەستی ئەم كوردستانەدا و لەسەردەمی فەقێیەتیدا و لە تەمەنی تەنها نۆزدە ساڵیدا (ئەلفیە - هەزارە)یەكی، لە زانستی ڕێزمانی عەڕەبیدا هۆنیوەتەوە، كە هیچی كەمتر نییە لەو ئەلفیيەیەی ئیبن مالیك، بەڵام جێی داخە، تا ئێستا نە مەلا سه‌یید مه‌سعوود ناسێنراوە و نە ئەلفییەكەیشی چاپ بووە! لەم پوختەیەدا دەچینە ناو باسی كورتەیێ لە ژیان وتواناكانی ئەو. ناو و بنەماڵە و لەدایكبوونی: مامۆستا سه‌یید مه‌سعوودی هاشمی، کوڕی حاجی شێخ مه‌حموودی هاشمییه، ئه‌و پیاوه بلیمه‌ت و زانا پایه‌به‌رزه ڕۆژی شه‌شه‌می به‌فرانباری ساڵی ۱۳۱۵ی هه‌تاوی – 1937ز، له ئاوایی (ته‌م ته‌م) سه‌ر به شاری ڕوانسه‌ری دەڤەری كرماشان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، له بنهماڵەیهکی ئایینى و زاناپه‌روه‌ر چاوی بەژیان هەڵهێناوە، سه‌ییده‌کانی تهمتهم ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر سه‌ییده‌کانی سۆڵه‌ی قه‌ره‌داغ له کوردستانی عێراق، و له زه‌نجیره‌ی به‌رزنجین و له ئێرانیشدا هه‌ر به شێخه‌کانی سۆڵه‌یی ناو ئه‌برێن و ناسراون. مامۆستا سه‌یید مه‌سعوودی هاشمی، خوێندنی سه‌ره‌تایی و قورئانی پیرۆزی هه‌ر له دێی (ته‌م ته‌م) له خزمه‌ت باوکی‌دا ده‌ستپێکرد، له ساڵی ۱۳۲۸ی هه‌تاویدا، بۆ فێربوونی وانە ئاینییه‌کان به‌ره‌و حوجره‌ی گوندی (ده‌وڵه‌ت ئاوا)ـی، سەر بە شاری ڕوانسه‌ر، که بنکه‌و مه‌کۆی مامۆستایانی پایه‌به‌رز و فه‌قێ هه‌ڵکه‌وتووه‌کان بوو، به ڕێکه‌وت و ده‌ستیکرد به خوێندنی زانستەكانی صه‌رف و نه‌حو و کتێبه ئاینییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه، ئه‌و فه‌قێ لێهاتوو و بلیمه‌ته له کاتی خوێندنی هه‌ر زانستێكدا کتێبێکی به هۆنراوەی عه‌ره‌بی سه‌باره‌ت به‌و زانستەی که خوێندوویه‌تی و به باشی ئه‌یزانی داده‌نا، هه‌روه‌ها هه‌ندێ له سوورەتە بچکۆله‌کانی قورئانی پیرۆزیشی هێنابووه سه‌ر شیعری کوردی! ئه‌و زانا كەم تەمەنە پایه‌به‌رزه، به هۆی زیره‌کی و هۆشی زۆر باڵای، به ده‌رس و به‌یانی بڕێ له مامۆستایان نه‌یده‌توانی قه‌ناعه‌ت بکا و ڕازی بێت و خۆی پێوه بخڵافێنێ، له‌و ڕووه‌وه ناچار که‌وته بیری ئەوەی بە شوێنی مامۆستایه‌کدا بگه‌ڕێت که بتوانێ به پرسیاره‌کانی ئەو وەڵامی بڕواپێكەر بداته‌وه و قه‌ناعه‌تی پێ بکات، ئه‌وه بوو له ساڵی ۱۳۳۰ی هه‌تاوی دا ڕووی کرده کوردستانی عێراق و ماوه‌ی پێنج ساڵ له حوجره‌کانی (سلێمانی- که‌رکووك - هه‌ڵه‌بجه) مایه‌وه و له عیلم و زانستی مامۆستایانی گه‌وره و به‌ناوبانگی ئه‌و شارانه به باشی که‌ڵکی وه‌رگرت، له سالی ۱۳۳۵ هه‌تاویدا، به‌ره‌و کوردستانی ئێران گه‌ڕایه‌وه و له شاری سنه و له مزگه‌وتی (تووباخانم)دا، نیشته‌جێ بوو، له حه‌ڵقه‌ی ده‌رسی مامۆستای گه‌وره و زانای پایه‌به‌رز، جه‌نابی مامۆستا (مه‌لا حیسامه‌ددینی موجته‌هیدی) که‌ڵکی وه‌رگرت و بەهرهی زۆری ده‌ستکه‌وت، پاش ماوه‌یه‌ك دڵی له شاری سنه هه‌ڵکه‌نرا و ڕووی کرده حوجره‌کانی سه‌قز و مه‌هاباد و نه‌غه‌ده و په‌سوێ، پاش بەهرهمهندبوون له خه‌رمانی سووری عیلم و عیرفان و زانستی مامۆستایانی گه‌وره و دیاری ئه‌و شارانه، ڕێگای شاری مه‌ریوانی گرته به‌ر و له دێی (بالک)دا، و له خزمه‌ت مامۆستای زۆر زانا و تاقانه (مامۆستا مه‌لا باقری بالك) مایه‌وه و که‌ڵکی زۆر و زه‌به‌نه‌ی عیلمی و ئیجتیهادی لێوەرگرت، له ساڵی ۱۳۴۴ی هه‌تاویدا، له وه‌زاره‌تی "آموزش و پرورش – وەزارەتی پەروەردە" مۆڵەتنامهی فەرمی پێدرا، و ئیدی هاته‌وه بو (تهمتهم) به‌و هیوایه که بگات به ئاره‌زووی گیان و دڵی و قوتابخانەیەكی ئاینی دامه‌زرێنێ و چه‌ن فه‌قێی زیره‌ك و عاشق به عیلم و عیرفان ڕابگرێت و له ده‌ریای بێ سنووری عیلم و زانست و عیرفانی خۆی تێراویان بکات، به‌ڵام به داخه‌وه له‌به‌ر ته‌نگده‌ستی خۆی و خه‌ڵکی ناوچه‌که و بێڕه‌نگبوونی ده‌رسی مه‌لایه‌تی لەو دەمەدا، هه‌رگیز به ئاوات و ئاره‌زوو و حه‌زی دڵی نه‌گه‌ییشت و ئه‌و ئاواته‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا برده جیهانی دوایی. به‌ڵێ! ئه‌و گه‌وره زانایه تا ساڵی ۱۳۴۷ی هه‌تاوی هه‌ر له گوندی (ته‌م ته‌م) بێکار و بار و دڵ پڕ له خه‌م و خه‌فه‌ت و ئاوات و ئاره‌زوو مایه‌وه، ناچار له‌و ساڵه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی له بێ‌کاری و سه‌رگه‌ردانی ڕزگاری بێت و بتوانێ ژیانێ بۆ خۆی و خانەوادەكەی به ده‌ست بخات، به پێچه‌وانه‌ی حه‌زی دڵی بوو به سه‌رده‌فته‌ری سه‌بتی شاری که‌نگاوه‌ر سه‌ر به شاری کرماشان، هه‌رچه‌ن له‌باری ماڵییه‌وه دۆخێکی ڕێكوپێکی به ده‌ستهێنا، به‌ڵام له ناخی دڵه‌وه قه‌ت به‌و دۆخە و به‌و ئیش و کاره ڕازی نه‌بوو! به‌رزترین و دیارترین بەرهەمە زانستییەكانی مامۆستا سه‌یید مه‌سعوودی تەمتەمی: (1). «ألفیّە النَّحو» له زانستی نهحوودایە به شیعری عه‌ره‌بی، و له‌سه‌ر وه‌زن و ئاهه‌نگی «ألفیّة ابن مالك» که زۆر جوان و ڕه‌وان و شیرینه و دڵی هه‌ر خوێنه‌ریکی به زه‌وق و شاره‌زا له‌و عیلمه‌دا به‌ره‌ولای خۆی راده‌کێشێ، شیاوی باسە ئەم هۆنراوەنامەیەی لەساڵی (1375ك – 1956ز) و لە سەردەمی فەقێیەتیدا داناوە، واتە: تەمەنی تەنها نۆزدە ساڵ بووە! (2). «قرة العین» به شیعری کوردی له فیقهی مه‌زهه‌بی ئیمامی شافعی‌دا «رحمه الله» (3). هه‌ژده میلیارد مانا له «الحمدلله» به شیعری کوردی. (4). «کشف العلائق بین الخالق و الخلائق» به په‌خشانی فارسی. (5). شه‌رحی «مقولات عشر» به شیعری عه‌ره‌بی. (6). «تعدیل الـمیزان» له زانستی به‌لاغه‌دا، به شیعری عه‌ره‌بی. (7). پەڕتووكی «غرّة» له زانستی به‌لاغه‌دا، به شیعری عه‌ره‌بی. (8). پەڕتووكی «بدر الـمطالب» له زانستی سه‌رف و خه‌تدا، به شیعری عه‌ره‌بی و 700 سه‌د به‌یته. (9). ته‌فسیری هەندێ له سووره‌ته بچکۆله‌کانی قورئانی پیرۆز، به شیعری کوردی. (10). کتێبی نوێژ و ڕۆژوو، به شیعری کوردی. (11). شه‌رحی «ته‌هذیب» به شیعری کوردی. (12). مه‌نزوومه‌ی ئافهرینپاره، به شیعری کوردی. (13). کتیبی ڕاپه‌ڕین، به شیعری کوردی. (14). نامیلکهیهك له عیلمی که‌لام و حیکمه‌تدا، به په‌خشانی فارسی. نووسەر (سه‌یید باقر هاشمی) دەڵێت: ئه‌گه‌ر ئێمه بتوانین هه‌موو نووسراوه و هۆنراوه‌کانی ئه‌و خوالێخۆشبووه کۆبکه‌ینه‌وه، بێگومان چه‌ندین کتێبی پڕ بایه‌خ و به نرخی لێ دروست ده‌کرێت، به‌داخه‌وه تاکوو ئێستا له‌و هه‌موو ئاسه‌واره به که‌ڵکه ته‌نیا کتێبی (ڕاپه‌رین) له چاپدراوه و ئه‌وانیتر له تاقهکاندا بە بێنازی ماونەتەوە. هەروەها دەڵێت: بانگەشەی زیادەڕۆیانەش نییه ئه‌گه‌ر بڵێم قه‌سیده و غه‌زه‌ڵه‌کانی ئه‌و مامۆستایه شان ئه‌ده‌ن له شانی قه‌سیده و غه‌زه‌ڵه‌کانی مامۆستای عیلم و عیرفان (مه‌وله‌وی تاوەگۆزی)! یان ڕوونتر بڵێم: به‌ڕاستی مامۆستا سه‌یید مه‌سعوودی هاشمی، مه‌وله‌وی ئه‌م ده‌ورو چه‌رخه بوو، ئه‌م بانگەشەیە وه‌ختێ ئاشکرا ئه‌بێ و ده‌رئه‌که‌وێت که هه‌موو ئاسه‌واره‌کانی له چاپ بدرێت و بکه‌ونه به‌رچاوی زانایان و ئه‌هلی عیلم و عیرفان، به هیوای وه‌ها ڕۆژێ! مامۆستا مەلا عارفی كوڕی مامۆستا مەلا باقری بالك نووسیویەتی: مەلا سەیید مەسعود، لەكۆتایی خوێندنیدا هات بۆ (بالك) بۆ خزمەتی مامۆستا مەلا باقر، دەنگی خۆش‌بوو، خەتی خۆش‌بوو، قسەی خۆش‌بوو، زیرەك بوو، ڕووخۆش بوو، شاعیر بوو، سوعبەتچی بوو، چەند ساڵێك لە بالكدا مایەوە، (مامۆستا مەلا باقر) بە عادەتی خۆی ڕۆیی بۆ زیارەتی جەنابی (شێخ عوسمان سیڕاجەدین) لە ئاوایی (دووڕۆ) چەند شەوێكی پێچوو نەهاتەوە! مەلا سەیید مەسعود بۆ دەرس بێتاقەت بوو، نامەیەكی نووسی بۆ مامۆستا مەلا باقر، تیایدا نووسیبووی: بێیتەوە دەرس بەئێمە بفەرمووی، زۆر لەوەت خێرترە لەوێی، كە هیچ پێویستییەكیان بە تۆ نییە! ئەم نامەیە مامۆستا مەلا باقری توڕە كردبوو، لەوەڵامیدا فەرموبووی: هەموو خۆشی من لەدنیادا ئەو چەند ڕۆژەیە لە (دووڕۆ)ـم، تۆ كە بێتاقەتی بڕۆ لە (بالك) مەمێنە! ڕۆیشت بۆ بەغدا، دوای چەند مانگێك هاتەوە، خەڵكی ناردبوو تا مامۆستا مەلا باقر دیسانەوە جێگای بكاتەوە، مامۆستایش بۆ تەنها چوار مانگ جێگای كردەوە و ئیجازەی مەلایەتی بۆ نووسی، وفەرمووی: ئیتر بەسە ببە بەمەلا و مودەڕیس، زانستت زۆر زۆرتر دەبێت! ژیانئاوایی مامۆستا سەیید مەسعود: نووسەر (سه‌یید باقر هاشمی) ئامۆزای دەڵێت: بەردەوام به منی ده‌گوت: ئاره‌زوو و ئاواتم ئه‌وه‌یه که ده‌وره‌ی سه‌بت و خزمه‌تم ته‌واو ببێت و له ده‌وره‌ی خانەنشینیمدا قوتابخانەیەكی ئاینی به دڵخوازی خۆم دابمه‌زرێنم و ڕێگا و پیشەی بنەڕەتی و تایبه‌تيی خۆم که ده‌رسگوتنه‌وه‌یه بگرمه پێش، داخی گرانم! ئه‌جه‌لی ناوەخت ماوه‌ی پێنه‌دا و دواجار ئه‌و مامۆستا مه‌زنه زۆر قسه‌خۆش و ده‌نگخۆش و مه‌جلیس ئارا و ڕووخۆش و میوانپهزێر و دهسودڵاوایە له ڕۆژی ۲۱‌ی مانگی بانه‌مه‌ڕدا، و له ساڵی ۱۳۶۴ی هه‌تاوی – 1986زدا، به هۆی ڕوداوی ئۆتۆمبێلەوە له‌سه‌ر ڕێگای (کرماشان - که‌نگاوه‌ر) گیانی پیرۆزی سپارد، لەكاتێکدا ته‌مه‌نی که‌متر له په‌نجا ساڵ بوو! شياوى ئاماژەیە (مامۆستا مەلا ئەحمەد كاكە مەحموود)، لە زانا وموفەسیرە ناسراوەكانی ناوچەی هەورامان، لە فەقێیەتیدا لە حوجرەی گوندی بالك.. لای ئەم مەلا مەسعوودە خوێندوویەتی. ژێدەرەكان: (1). هەشتاوسێ مەلا، لە موجازەكانی مامۆستا مەلا باقر، ئامادەكردن ونووسینی: مامۆستا مەلا عارفی كوڕی مامۆستا مەلا باقر، ل36 - 37، یەكەم چاپ – سنە، (1394 هەتاوی – 2015 زاینی). (2). پەڕتووكی (علما‌ء و دانشمندان كردستان در 200 سال أخیـر)، نووسینی: سەیید عەبدولـحەمید حیـرەت سەجادی)، ل400، چاپی یەكەم، ساڵی (1391)ـی، هەتاوی، بڵاوكردنەوەی ئاراس لە شاری سنە، وێنە و بەڵگەنامەی دامەزراندنی فەرمی مەلا سەیید مەسعود هاتووە.