صەلاحەدینی ئەیووبی بناسن؟ ڕەچەڵەک و گەورەبوونى تا دامەزراندنی دەوڵەتى ئەییوبی. یەکەم: ڕەچەڵەکی سەلاحەدین: سەلاحەدین لە بنەماڵەیەکیی کوردیی، ڕەسەن و خانەدانە. ئەم بنەماڵەیەش سەر بە هۆزێکی کوردیی ڕێزدارە، لە تیرەی ڕەوادییەکان. کەوا لە شارۆچکەی دوینەوە هاتوون. ئەم شارۆچکەیەش دەکەوێتە نزیک کۆتا سنووری ئازەربایجان لە نزیک شاری تفلیس لە ئەرمینیا. ئەیووبییەکان سەر بە ئەیووب کوڕی شادیین. ئیبن ئەثیر، ئەوانى بە خاوەن ڕەچەڵەکێکی ڕیزدار ناوبردووە، چونکە هیچ کەسێکیان نەبوونەتە کۆیلەى کەس، هەروەها باوکی سەلاحەدین نەجمەدین ئەیووب و مامی ئەسەدەدین شیرکۆ، کاتێک هاتن بۆ عێراق و وڵاتی شام لە شوانی ئاژەڵ نەدەچوون، بەڵکو لە ئاستێکی بەرزدا شارەزاییان هەبوو لە کاروباری سیاسی و ئیدارییدا، جگە لەوەش هەندێک لە ئەیووبییەکان هەوڵیان دەدا ڕەچەڵەکی کوردی خۆیان بشارنەوە و خۆیان بە خوێنی عەرەبەکانەوە بلکێنن بە شێوەیەکی گشتی و بە نەوەی بەنی ئومەیە بەتایبەتی. هەرچۆنێک بێت ڕەچەڵەکی بنەماڵەی ئەیووبییەکان؛ دەرکەوتنیان لە گۆڕەپانی ڕووداوەکاندا لە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامیدا لە سەدەی شەشەمی کۆچی/دوازدەیەمی زایینییەوە ڕوون بوو، کاتێک شادی -باپیرە گەورەیان- هەندێک ئەرکی ئیداری لە قەڵای تکریت وەرگرت؛ کە موڵکی بەهروز خادم بوو کە یەکێک بوو لە ئەمیرەکانی سوڵتان سەلجوقی (موحەممەدى کوڕی مەلەکشاه)، دواتریش هەریەکە لە نەجمەدین ئەیووب و ئەسەدەدین شیرکۆ بوونە پلەدارو لە پۆستە ئیدارییەکانیدا پلەیان بەرزبووەوە؛ بۆیە کاتێک باوکیان کۆچی دوایی کرد ،کوڕەکەی نەجمەدین ئەیووب شوێنی گرتەوە. جێگای سەرسوڕمانە: هەندێک لە مێژوونووسان لە گەڕانەوەیان بۆ ڕەچەڵەکی ئەم بنەماڵە، ویستویانە بنەماڵەى سەڵاحەدین ببەنەوە سەر (مذرى کوڕى عدنان)، ئەمەش تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ میتۆدی زانستى مێژوودا، چونکە ئەو گەڕانانەوە پێویستى بە بەڵگەو پشت ڕاستکردنەوە هەیە، نەک تەنها لەبەر ئەوەى ئەم بنەماڵە ناوازە بوون ئیتر دەبێ ڕەگێکیان بچێتەوە سەر عەرەب، وەکو ئەوەى هەرچی باش بێت دەبێ لە عەرەبەوە بێت و غەیرە عەرەبەکان بێبەشن لە جوامێری و دڵسۆزی و لێبوردەیی. ئەمانەش هەڵبەتە کۆمەڵە کەسانێکن پێیان وایە، غەیری عەرەب لە شارستانییەتى ئیسلامیدا رۆڵی نەبووە و تەنها عەرەبەکان بوون توانیویانە زمان و شارستانییەت و کولتورى خۆیان بپارێزن و پەرەى پێبدەن، وە موسڵمانە غەیرە عەرەبەکان توانایی ئەوەیان نەبووە!! بەڵام ئەگەر ئێمە لە مێژوودا وردبینەوە و بەدوای کەسایەتییە مەزنەکانماندا بگەڕێین لە بونیادنانی شارستانییەتی ئیسلامیدا؛ ئەوا دەبینین: نەتەوە جۆراوجۆرەکان بەشدار بوون لە شارستانییەتی ئیسلامیدا، ئەوەتا محەممەد فاتیح و نورەدین و عیمادەدین لە تورک بوون، هەروەها نیزام مولک لە فارس بوو، بنەماڵەی ئەیووبیش لە کورد بوون، هەروەها یوسفى کوڕی تاشفینیش لە بەربەر بوو. ڕاستە خوا ڕێزی لە عەرەب گرت بە بڵاوکردنەوەی پەیامی ئیسلام و ئەو کەسانەی بەڕێز کرد کە دڵسۆز بوون بۆ ئایینەکەی، بەڵام ئێمە دژی توندڕەوی کوێرانە و ڕەگەزپەرستی قێزەونین، بەڵام یەکەم بنەمای ئیسلام: ﴿إِنَّمَا ٱلْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٞ﴾یە [الحجرات: ١٠] واتە: باوەڕداران برای یهکترن. هەروەها ڕێبازەکەی جێگیرە و ناگۆڕێت: ﴿إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ ٱللَّهِ أَتْقَىٰكُمْۚ﴾ [الحجرات: ١٣] واتە: بهڕێزترينتان لای خوا، پارێزگارترينتانه. نەجمەدین ئەیوب، خزمەتی سوڵتانى سەلجوقی (موحەممەدى کوڕی مەلەکشاه)ی کرد و پاش ئەوەى ئەمانەت پارێزی و بیرتیژی و پیاوەتیی لێوە بینی، ئیتر قەڵای تەکریتی دایە دەست، ئەویش بە باشترین شێوە فەرمانڕەوایی تێدا کرد و زۆر بە ئەمانەتەوە ڕێکی خست. هەروەها ڕیگاکانى ئاوەدان کردەوە زەوییەکانى لە تێکدەران و ڕێگران پاککردەوە؛ هەتا زەوییەکەی بوژایەوە، و دۆخی باش بوو. هەروەها ئەبو شامە دەگێڕێتەوە کەوا ئەسەدەدین شیرکو یەکێک بووە لە ئەمیرە پێشەنگەکانی سەلجوقیەکان کەوا لەلایەن ئەوانەوە زەوییەکی گەورەیان لە تەکریت و دەوروبەری پێ بەخشیوە؛ تەنانەت نرخی زەوییەکەى بە نزیکەی ٩٠٠ دینار لە ساڵێکدا خەمڵێنراوە، ئەوەش بە پێوەری ئەو سەردەمە پارەیەکی زۆر بووە. دووەم: لەدایکبوونی سەلاحەدین: سەلاحەدینى ئەیووبی لە ساڵی ٥٣٢ ک/ ١١٣٧ ز لە قەڵای تەکریت لەدایکبووە، کە شارۆچکەیەکی کۆنە و لە بەشی سەرەوەیدا قەڵایەکی قایمی هەیە بەسەر دیجلەوە. پاشاکانی فارس لە زووەوە لەسەر بەردێکی گەورە دروستیان کردووە و کردوویانە بە کۆگای چەک و تەقەمەنی، و شوێنی چاودێریکردنی دوژمن بووە. پاشان موسڵمانان لە ساڵی (١٦)ک لە سەردەمی (عومەرى کوڕی خەتاب)دا فەتحیان کرد. یەکێک لە سەیروسەمەرەکانی قەدەر ئەوەیە: لەدایکبوونی سەلاحەدین لەو ڕۆژەدا بوو کە موجاهیدەدین بەهروز فەرمانی بە والی بەغدا نەجمەدین ئەیووب و براکەی شیرکو کرد شاری تەکریت بەجێبهێڵن بەهۆی کوشتنی مامی سەلاحەدین یەکێک لە سەرکردەکانی قەڵاکە، ئەوەش لەسەر ژنێک بوو کە سەرکردەکە دەستدرێژی کردبووە سەر نامووسی. شیرکۆش تۆڵەی نامووسەکەی سەند و کەسەکەى کوشت، بەڵام بەهروز لە گوماندا بوو ئایا بیانپارێزێت؟ یان فەرمان بکات بڕۆن، ئەگەر بیانپارێزێت؛ ئەوا ترسی لەوە بوو سەرکردەکانى تر تۆڵەی خۆیان بسێنن و ئازاریان بدەن، بۆیە هیچ ڕێگایەکی تر نەبوو تەنها ئەوە نەبێت فەرمانیان پێبکات بڕۆن، ئەمەش دەریدەخات ترسی لەوە بووە زیانیان پێ بگات. پاشان داوای لێکرد لە هەمان ئەو شەوەدا لە تەکریت بڕۆن، ئەو دوو پیاوە ویستیان بەرەو (مووسڵ) بڕۆن لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا و لەسەر پشتی بارەکەیدا نەجمەدین یوسفی کوڕى هەڵگرتبوو (سەڵاحەدین) کە منداڵێکی تازە لەدایکبوو بوو. خاوەنی (الوفیات الأعیان) دەڵێت: ئەیووب گیری خواردبوو بە دەست منداڵە تازە لەدایک بووەکەیەوە و دەیویست بیکوژێت و ئاواتەخواز بوو نەبوایە، بەهۆی ئەو ئاوارەیی و دەربەدەرییەى توشیان بوو. بەڵام یەکێک لە هاوسەفەرەکانى پێیى ووت: گەورەم، ئاگاداربە ئەو مناڵە هیچ کارێکی نەکردووە و هیچ گوناهێکیشی نییە، بە کوشتنیشی هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت و بگرە تاوانێکی گەورەیە! ئاگاداربە ئەمەى بەسەرتاندا هاتووە تەنها قەدەرێکی خوایە و خوا بۆ خۆی سەبوریتان دەدات. کێ ناڵی خوا ئەم مناڵەى بۆ کارێکی گەورە نەهێشتۆتەوە و نابێتە پاشاو دەسەڵاتدارێکی گەورە. ئەو مناڵە هیچ تاوانێکی نییە و نازانێ تۆ ئێستا چەندە ەست و غەمگینی. ئەم قسانە کاریگەرییان لەسەر دەروونی ئەیووب هەبوو، زوو گەڕایەوە سەر ڕاستی و بە هۆش هاتەوەو ڕێگەی ڕاستی ئیسلامی گرتەبەر. سێیەم: گەورەبوونى سەلاحەدین: دوو براکە نەجمەدین ئەیووب و شیرکۆ لە بتکریتەوە کۆچیان کرد بۆ مووسڵ، لەوێ لەلای (عیمادەدین زەنگی) مانەوە ئەویش بە گەرمییەوە پێشوازی لێکردن و زەوی و زاری پێ بەخشین. ئەم پێشوازییە گەرمەش پاداشتێک بوو بۆ هەڵوێستە دڵسۆزانەیان کەوا کاتى خۆی بەرامبەر بە (عیمادەدین زەنگی) کردبوویان، کەوا لەبەرامبەر سووپاى سەلجوقییەکاندا شکابوو، وە کەوتبووە بن دەستى ئەم دوو برایەو دەیانتوانى بیکوژن یان بەرى بدەن، بەڵام ئەوان لەگەڵ ئەوەى ئەو کات هەمەکارە بوون لە تکریت بەڵام عیمادەدینیان ناردەوە بۆ موسڵ بەسەلامەتى. بۆیە لە چاکەى ئەو پیاوەتییە زەوییەکی پێ بەخشین تا لەناویدا بژین.. بەمەش لەناو باوەشی عیمادەدین بنەماڵەی ئەیووبییەکان گەشەیان کرد، نەجمەدین و براکەی شیرکو بوون بە باشترین سەرکردەکان و دواتریش عیمادەدین کوژرا و نورەدین بوو بە خاوەن دەسەڵاتی یەکەم. ئەوەش بە یارمەتی ئەیووبییەکان بوو، کەوا لەو سەردەمەدا توانی دیمەشق بگرێت و بیخاتە سەر سنورى دەسەڵاتەکەى، لە دیمەشق سەلاحەدین گەورە بوو، زانستە ئیسلامییەکانی وەرگرت و هونەرەکانی سوارچاکی و ڕاوکردن و تیرهاوێژی و پاڵەوانێتى وەرگرت. کاتێک نورەدین مەحمود زەنگی لە ساڵی ٥٣٤ کۆچی بەعلبەک-ی فەتح کرد، نەجمەدین ئەیووبی کرد بە بەرپرسی ئەوێ؛ بەڵام خاوەنی دیمەشق موجیرەدین گەمارۆی نەجمەدین ئەیووبی دا لە بەعلبەک! نەجمەدینیش داوای لە نورەدین مەحمود و سەفیەدین غازی کرد یارمەتی بدەن، ئەوانیش سەرقاڵ بوون، دوای گەمارۆیەکی درێژخایەن ئاشتی لەنێوان هەردوولادا ڕوویداو ئەمەشگواسترایەوە بۆ دیمەشق، و بوو بە یەکێک لە ئەمیرە گەورەکانی. بەم شێوەیە سەلاحەدین منداڵی سەرەتایی خۆی لە بەعلبەک لە ساڵی (٥٣٤ کۆچی/ ١١٤٠ زایینی) ژیاوەو لەو ماوەیەشدا هەندێک جار بینەری هێرشەکانی خاچپەرستى بوو بۆ سەر وڵاتە ئیسلامییەکان، لەوانە: کاتێک خاچپەرستەکان لە ساڵی ٥٤٦ک هێرشیان کردە سەر دەشتی بەقاعی دراوسێی بەعلبەک، نەجمەدین و ئەسەدەدین شیرکۆ بەرپەرچیان دانەوە و شکستیان پێهێنان و لێیان بەدیل گرتن هەر لە هەمان ساڵ سەلاحەدین چووە خزمەتی مامی ئەسەدەدین شیرکۆ، ئەسەدەدین یاوەری نورەدین بوو کە دوای کوژرانی باوکی سەرکردایەتی زەنگییەکانی گرتە دەست، وا دیارە نورەدین بەتوانای سەربازی و کارگێڕی سەلاحەدینى زانیبوو، ئەبو شامە باسی ئەوە دەکات کە سەلاحەدین لەبەر دەستى نورەدیندا گەورە بوو، لەبەرامبەر پێشرەوییەکانیشیدا سەرنجی خستە سەر و نزیکی خستەوە و تایبەتیکرد لاى خۆی، دواتریش نورەدین ڕای سپارد سەردانی مامی بکات بۆ ڕاوێژکردن سەبارەت بەو پرسانەی پەیوەندییان بە دەوڵەت و باج و گەرەنتییەوە هەبوو. نورەدین گرنگیی بە ڕاوێژکردن بە گەورە سەرکردەکانی دەدا. ئەم ئەرکەی سەلاحەدین لە سەردەمی ئێستادا پێی دەوترێت: نهێنیپارێز و ئەفسەری ڕوکن . دەربارەی ئەوەی چۆن سەلاحەدینی ئەیووبی کار و وەزیفەى وەرگرت، ئیبن فورات بە وردی ئەوەی بۆ ڕوون کردووینەتەوە و دەڵێت: سەلاحەدین بەردەوام لەنزیکی باوکیدا بوو هەتا گەورە بوو، کاتێکیش پاشای دادپەروەر نورەدین دەسەڵاتی دیمەشقی گرتە دەست، ئەمیر نەجمەدین ئەیووب کوڕەکەی یوسفی بە خزمەتی سەربازییەوەگرێدا و بەمەش نیشانەکانی بەختەوەری لە سەلاحەدیندا بۆ ئەم کارە دەدرەوشایەوە. سەلاحەدین لەو ڕێگەیەوە ڕێگەی چاکە و کارکردن و هەوڵدان لە کاروباری جیهاد فێر بوو، تا ئەوەی لەگەڵ مامی ئەسەدەدین شیرکۆ بەرێکەوت بۆ میسر و برازاکەشی سەلاحەدین بە ووریاییەوە دەیتوانى هەموو کارەکان بەڕێوە بەرێت. سەلاحەدین، لە ویلایەتەکەى باوکیدا لە بەعلبەک، فێری زانستە ئیسلامییەکان و هونەرەکانی شەڕکردن بوو، هەروەها هونەرەکانی یاری گاپاڵ و سوارچاکی و ئەوانی تر، لە پاڵ لێهاتووییدا لە یاری جەوکەندا (یارییەکی وەرزشییە کە ڕەسەنییەکەی ڕۆژهەڵاتییە و یاریزانەکان لەسەر پشتی ئەسپەوە ئەنجامی دەدەن) کە لە باوکییەوە بۆی مابووەوە، لەهەمان کاتدا زۆر گرنگیی دەدا بە زانستە ئایینییەکان. لەمەشەوە ئەو ئەنجامانە بەدەست دەهێنین: ئەو قۆناغەی کەوا سەلاحەدین لە شام ژیاوە، پێش ئەوەی پۆستێکی سەربازی گرنگ وەربگرێت چاودێری ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییانەی دەکرد کە لەسەر گۆڕەپانی ئیسلامی هەبوون، دیارترینیانیشیان ململانێ بوو لەگەڵ خاچپەرستەکان و پشتیوانی نورەدین لە باوکی و مامی شیرکۆ، بێگومان دەبوو کاریگەریی ئەو ڕووداوانەى لەسەر هەبێت؛ ئەگەر بەشداریشی تێدا نەکردبێت، دەبوو هەستێک لەلای ئەو گەشە بکات و ناچاری بکات خۆی بۆ داهاتوو ئامادە بکات، بەتایبەتی بۆ پۆستە پێشکەوتووەکانى دەوڵەت. دەتوانین بڵێین: سەلاحەدین لە باوەشی خێزانەکەیدا گەورە بوو، و لێهاتوویی لە سیاسەتکردن لە باوکی نەجمەدینەوە وەرگرت، هەروەها لە مامی شیرکۆوە ئازایەتی لە شەڕەکاندا بەدەستهێنا و بە ژیری سیاسی و ڕۆحی تێر بوو. هەروەها زانستەکانی سەردەمی خۆی فێر بوو، قورئانی لەبەرکرد و فیقه و حەدیسی خوێند و لەسەر دەستی زانا گەورەکان و مامۆستایانی ناوچەی شام و جەزیرە بەهرەکانی پێ گەیشت، لەوانە: شێخ قوتبەدینی نیسابوری، سەلاحەدین کاریگەریی لەسەر سوڵتان نورەدین مەحمود هەبوو؛ کە نموونەیەکی نایابی دڵسۆزی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی هەبوو، لەوەوە فێری دڵسۆزی و فیداکاری بوو، چۆن لە پاڕانەوەی تایبەتی خۆیدا دەپاڕایەوە و ئەو وزەیەی بۆ جیهاد بەکاردەهێنا. میراتگری سەرکردایەتی پڕۆژەی ئیسلامی بوو. فێری شێوازی بەرەنگاربوونەوەی شەپۆلی شیعەی ڕافزی و داگیرکاری خاچپەرستان بوو. لەو ماوەیەی لە دیمەشق بەسەری برد، دوای دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن نورەدینى کوڕی عیمادەدین زەنگییەوە؛ کەسایەتی سەلاحەدین دەرکەوت و ڕێز و پێزانینی هەمووانی بەدەستهێنا، تەنانەت هێندە بەهادار و بەڕێز بوو کە بە ئەندازەی کوڕی فەرمانڕەوای دیمەشق گرنگیی پێ دەدرا، لەبەردەم کۆمەڵگەدا بە شێوەی گەنجێکی هێمن و ئەدەبپارێز و ئاییندار و بە غیرەت دەرکەوت لەسەر ئیسلام و موسڵمانان. ئەوەش بەهۆی ئەو ئەخلاقەی کە نورەدین لە دڵیدا چاندبووی و جێگایەکی تایبەتی پێ بەخشیبوو. لەو پۆستانەی لە دیمەشق بەهۆی نورەدینەوە پێی سپێردران پۆستی سەرۆکی پۆلیس بوو، ئەویش بە باشترین شێوە ئەم پۆستەی جێبەجێ کرد و توانی دیمەشق لە دەستی دزان و خراپەکاران و تێکدەران پاک بکاتەوە، ئاسایش و ئارامی بۆ سەرانسەری شام گەڕاندەوە. خەڵکیش دەستیان کرد بە پاراستنی خۆیان و ماڵەکانیان و چێژیان وەردەگرت لە ژیانێکی هێمن و ئارام. ئەو ماوەیەی سەلاحەدین لە میسر بەسەری برد، بە یەکێک لە گەورەترین ڕۆژەکان دادەنرێت کە تیایدا پاڵەوانێتییە ناوازەکەی و شێلگیرییە سەربازییە دەگمەنەکەی دەرخست، لەگەڵ مامی ئەسەدەدین شیرکۆ لە سێ هەڵمەتدا کەوا بۆ سەر میسر یاوەری کرد و یەکێک بوو لە پیاوە دیارەکانی، لێهاتووییەکی مەزن و زیرەکییەکی دەگمەنی دەرخست لە هونەرەکانی شەڕکردن و جەنگیدا، بە ڕێکخستن و زیرەکی و ڕەفتاری باشی لەگەڵ مامی ئەسەدەدین توانی میسر بخاتە پاڵ دەوڵەتی نورییەوە، دوای ئەوەی توانى میسر لە چنگی دەوڵەتی فاتیمی شیعەی ڕافزی ڕزگار بکات. چوارەم: کەی دەوڵەتی ئەیووبی دەستی پێکرد: مێژوونووسان دەربارەی مێژووی دەستپێکردنی دەوڵەتی ئەیووبی بۆچوونی جیاوازیان هەیە، هەندێکیان دەڵێن لەو کاتەوەیە کە سەلاحەدین ئەیووبی پۆستی خەلیفایەتیی لە (العاضدلدین الله) لە ساڵی ٥٦٤ک/ ١١٦٩ز وەرگرت. هەندێکیش لەگەڵ ئەوەدان کاتێ بوو کە وتار لە میسردا بەناوی خەلیفەی عەباسی خوێنرایەوە. ئەمەش کاتێ بوو کە فاتیمییەکان کۆتاییان هات لە ساڵی ٥٦٧ک/ ١١٧١ز. ڕاستە دەسەڵاتی سەلاحەدین لەو کاتەوە دەستی پێکرد، کە کۆتایی بە دەوڵەتی فاتیمی هێنا، بەڵام لە ڕووی شەرعییەوە هێشتا سەر بە دەسەڵاتی نورەدین مەحمود بوو، ئەویش لە ساڵی ٥٦٩ک/ ١١٧٤ز کۆچی دوایی کرد، لەبەر ئەوەش ساڵی وەفاتەکە لە ڕوانگەی ئێمەوە مێژووی دەستپێکردنی دەوڵەتی ئەیووبییە؛ کە خەلیفەی عەباسی المُسْتَضِيء بأمر الله لە ساڵی ٥٧٠ک/ ١١٧٥ز دانی پێدا نا. س/ دكتور علي محمَّد محمَّد الصَّلابي: صلاح الدين الأيوبي وجهوده في القضاء على الدولة الفاطمية وتحرير بيت المقدس سەرچاوە : پەیجی شارستانیەتى ئیسلامى پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە مەحموود رحمه الله.