ژیاننامەی مامۆستا صدیق عه‌بدولعه‌زیز محەمەد زانایانی ئاینی ئیسلامی له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا ڕۆڵێکی دیار‌و بەرچاوو ئەرێنییان هه‌بووه له جیهانی ئیسلامی‌دا، له كوردستانیشدا بە هه‌مان شێوە و لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کوردیش‌دا ڕۆڵ و ده‌سه‌ڵاتێكی باڵایان هەبووە. شێخ سیدیق عەبدولعەزیز یەکێکە لەو زانایانەی کە لە ژێر کاریگەری ئیسلامی له‌سه‌ر خه‌تی ئیخوان موسلیمین بووە و دامه‌زێنه‌ر و ئه‌ندازیاری رێكخستنه‌كانی ئیخوان بووه له كوردستان. كورتەی ژیانی: * مامۆستا صدیق كوڕی عزیز كوڕی محمد كوڕی موستەفا كوڕی مەحموودە، لە بنەماڵەیەكی ئایین پەروەرو زانست پەروەر، لە بەرواری 1/7/1932 زایینی لە گوندی (پریس)ی ناوچەی نەوڕۆڵی پارێزگای هەڵەبجەی شەهید لە داییكبووه. * مامۆستا مەلا عەزیزی باوكی خاوەن حوجرەو فێرگەی ئیسلامی بەناوبانگ دەبێت لە ناوچەكەداو دەیان و سەدان فێرخواز و فەقێ لەسەر دەستیان بڕوانامەی زانستی‌یان وەرگرتووە. * پێش ئه‌وه‌ی له ساڵی 1948دا باوكی وه‌فات بكات، دایكی وه‌فات ده‌كات و ئه‌م بێ باوك و دایك ده‌كه‌وێت و پاشان دەچێتە ماڵی براگەورەی مامۆستا مه‌لا عوسمانی براگەورەو مامۆستای ده‌مێنێته‌وه و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ده‌ژی. * لە خزمەت مامۆستا مه‌لا عوسمان عبدالعزیزو مه‌لا غه‌فوری كانی سپیكه‌یی ده‌ست به قورئانخوێندن و زانسته سه‌ره‌تاییه شه‌رعیه‌كان ده‌كات له سه‌ره‌تای چله‌كانه‌وه. * پاشان له ساڵی 1959، لەخزمەت مامۆستا مه‌لا عوسمانی براگەورەی مۆڵەتی مه‌لایه‌تی وه‌رده‌گرێت و مێزه‌ری به‌سه‌ره‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. * له ساڵی 1962داهاوسەرگیری ده‌كات له‌گه‌ڵ خاتوو له‌بیبه خانی كچی مامۆستا مه‌لا صاڵحی گه‌وره‌ی هه‌ڵه‌بجه. * وه‌ك گه‌نجێك له په‌نجاكاندا به‌شداری كاری ئیسلامی ده‌كات و له ژێر چاودێری و ڕاوێژی مامۆستا مەلا عوسمان عبدالعزیزدا چالاكی ئەنجام دەدات. * پاشان له ساڵی 1960دا یه‌كه‌م شانه‌ی ڕێكخستنی ئیخوان موسلیمین بە فەرمی دروست ده‌كرێت له هەردوو مامۆستا مه‌لا جه‌لالی كوڕه گه‌وره‌ی مامۆستا مه‌لا صاڵحی گه‌وره‌ی هه‌ڵه‌بجه و مامۆستا صدیق عه‌بدولعه‌زیز و به‌ردی بناغه‌ی (كاری ڕێكحستن) ئه‌و كاره ئیسلامیه به‌و دوو نه‌فه‌ره دەسپێردرێت. * له ئابی 1979دا مامۆستا صدیق ڕێكخستنێكی نوێ و نهێنی به‌ناوی برایانی موسڵمانه‌وه داده‌مه‌زرێنێت له گه‌نجانی ناو حوجره و قوتابخانه ئاماده‌ییه‌كان و ده‌ست به ڕێكخستنەوەی گه‌نجان ده‌كات. * له ساڵی 1986 له‌گه‌ڵ ته‌نزیمی برایان له ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق یه‌كده‌گرن و مامۆستا مه‌لا عوسمانی برا گه‌وره‌ی ده‌كرێته ئه‌میری كوردستانی ڕێكخستنه یه‌كگرتووه‌كه، مامۆستا صدیقیش ده‌بێته به‌رێوبه‌ری فیعلی كاره‌كه. * له 6ی2ی ساڵی 1987 ئاواره‌ی ئێران ده‌بێت به‌هۆی فه‌رمانی گرتنی له لایه‌ن حكومه‌تی بەعسی عێراقییه‌وه. * پاش ڕاپه‌ڕینه مه‌زنه‌كه‌ی كورد له ساڵی 1991دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كوردستان و به قوتابی و كادیرانی ڕێكخستنه‌كه‌ی شاد ده‌بێته‌وه. * له 22ی11ی1992دا له‌به‌ر چه‌ندین هۆی زاتی و مه‌وزوعی ناوی ڕێكخستنه‌كه له ئیخوان موسلیمینه‌وه ده‌گۆڕدرێت بۆ بزووتنه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینی ئیسلامیی. * له ساڵی 1995دا كۆمه‌ڵه‌ی سه‌لامی خێرخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه ڕێكخراوێكی (ئێن جی ئۆ) بوو، كاری خێرخوازی و به‌خێوكردنی مناڵی بێ باوك و دروستكردنی قوتابخانه و مزگه‌وت و بیرلێدان و بردنه‌وه‌ی ئاوی خواردنه‌وه بوو بۆ شار و شارۆچكه و گونده‌كانی كوردستان. * له ساڵی 1999 پرۆژه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامیی كه له هه‌ردوو بزاڤی (برا) و (باسك) پێكده‌هات، ئیمزا ده‌كات و بزووتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامی ڕاده‌گه‌یه‌نرێت و مامۆستا صدیق دەبێـتە جێگری ڕابەری گشتی بزووتنەوە. * پاش هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامیی، له ساڵی (2007) دەبێت به ڕابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی. * له ساڵی 2012دا له كاری سیاسی به‌یه‌كجاری دوور ده‌كه‌وێته‌وه و وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی سه‌ربه‌خۆ ده‌ژی و ده‌ست به نووسینی چه‌ند كتێبێك ده‌كات، له‌وانه: نووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریه‌كانی، به‌ڵام باری ته‌ندروستی هاوكاری نه‌بوو. مامۆستاكانی: مامۆستا صدیق عبدالعزیز هه‌میشه باسی له پێنج مامۆستای ژیانی ده‌كرد: 1- مامۆستا مه‌لا عه‌زیزی باوكی. 2- مامۆستا مه‌لای صاڵحی هه‌م ئامۆزا و هه‌م خه‌زووری. 3- مامۆستا مه‌لا عوسمانی برا گه‌وره‌ی. 4- مامۆستا مه‌لا غه‌فووری كانی سپیكه‌یی. 5- مامۆستا شێخ عه‌زیزی پاڕه‌زانی. تێگەیشتن وپێگەیشتنی ئه‌خلاقی و زانستی له‌و پێنج مامۆستا به‌ڕێزه‌وه وه‌رگرتووه و ته‌كوینی فیكری و نه‌فسی له نووسینه‌كانی قوتابخانه فیكرییه‌كه‌ی حه‌سه‌ن به‌نناوه وه‌رگرتووه. به حوكمی ئه‌وه‌ی مامۆستا مه‌لا عه‌زیزی باوكی له 1949دا وه‌فاتی كردووه و مامۆستا صدیقیش له 1932دا له دایكبووه، كه‌واته چه‌ند ساڵێك به شێنه‌یی فریای ئه‌وه كه‌وتووه به ڕه‌سمی و ناڕه‌سمی زانست له باوكی وه‌ربگرێت، به ده‌می مامۆستا مه‌لا عوسمانه‌وه ئه‌یگێڕنه‌وه كه جارێكیان به باوكی وتووه: باوكه! وه‌ره صدیق تاقیبكه‌ره‌وه، بزانه چۆنه له ده‌رسه‌كانیدا؟ ئه‌ویش وه‌ك متمانه بوونێك پێی، وتوویه‌تی: ئه‌ی بۆ فڵان تاقینه‌كه‌ینه‌وه؟ مه‌به‌ستی كه‌سێك بوو كه چه‌ند ساڵێك پێش ئه‌و ده‌ستی به خوێندن كردبوو. مامۆستا ئه‌وه‌نده‌ی به (دانایی و به‌خشنده‌یی و بوێرییه‌وه) ناسراو بوو، ئه‌وه‌نده به زانسته‌كه‌یه‌وه ناسراو نه‌بووە، ئه‌و سێ سیفه‌ته‌ش سه‌رچاوه‌ن بۆ هه‌موو سیفه‌ته جوانه‌كانی تری ژیان. منداڵه‌كانی: مامۆستا صدیق عبدالعزیز حه‌وت كچ و كوڕێكی تاقانه‌ی هه‌یه: ڕوقیه، فه‌وزییه، ئامینه، بوشرا، ئیسرا، په‌یام، نیگا.. كوڕه تاقانه‌كه‌شی ناوی خالیده. به‌رهه‌مه‌كانی: یه‌كه‌م: نووسینه‌كانی: مامۆستا صدیق له‌به‌ر كاری بانگه‌واز و سه‌فه‌ركردن بۆ هه‌نده‌ران بۆ په‌یداكردنی پشتیوان بۆ بانگه‌وازه‌كه‌ی كاتی ئه‌وه‌ی نه‌بوو بنووسێت، هه‌رچه‌نده حه‌زی زۆری بۆ نووسین هه‌بوو، به تایبه‌تی: 1-حه‌زی به نووسینی كتێبێكی بانگخوازی هه‌بوو كه باس له ئه‌زموونی دروستكردنی ڕه‌وتێكی ئیسلامی و چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردنی بكات، كه‌چی چه‌ند یاداشتێكی كه‌م و په‌رش و بڵاو نه‌بێت بواری بۆ نه‌ڕه‌خسا ئه‌و پرۆژه‌یه ته‌واو بكات. 2- له خولیای نووسینه‌وه‌ی یاداشت و بیره‌وه‌ریه‌كانیدا بوو له كاری ئیسلامی‌دا، وه‌ك نووسین بۆی رێنه‌كه‌وت، به‌ڵام به‌هۆی مناڵه‌كانیه‌وه، كۆمه‌ڵێك ڤیدیۆی بۆ تۆماركراوه، كه ئه‌گه‌ر خوا هاوكار بێت بۆی ده‌خرێته سه‌ر كاغه‌ز و ده‌كرێته كتێبێك و بڵاوده‌كرێته‌وه. 3- مامۆستا ژماره‌یه‌ك وتار و نووسین و چاوپێكه‌وتنی هه‌یه له گۆڤار و رۆژنامه‌كاندا و پارێزراون و ئه‌گه‌ر خوا یار و یاوه‌ربێت ده‌كرێن به كتێب و بڵاوده‌كرێنه‌وه. 4- مامۆستا - وه‌ك یه‌كێكی تر له خولیاكانی- حه‌زی به نووسین هه‌بوو له‌سه‌ر بابه‌ته ئیعجازییه‌كانی قورئان و فه‌رمایشته‌كانی تری پێغه‌مبه‌ر(صلی الله‌علیه وسلم)، بۆیه ئامینه‌خانی كچی، ئه‌و ئاواته‌ی بۆ هێنایه دی و زۆرێك له‌و بابه‌تانه‌ی به ده‌می لێوه‌رگرت و بۆی خسته‌سه‌ر كاغه‌ز و به ناوی (ســــــــــ30ـــی موجیزه) سه‌نته‌ری بڕیار بۆیان چاپ و بڵاوكرده‌وه. قوتابيەكانی: مامۆستا صدیق دوو جۆر قوتابی له‌ناو پیاوان و له‌ناو ئافره‌تاندا پێگه‌یاندووه و فه‌زڵی مامۆستایه‌تی به‌سه‌ریانه‌وه هه‌یه: یه‌كه‌م: ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له رێگه‌یه‌ك یان زیاتره‌وه په‌روه‌رده‌ی رۆحی و فیكری كردوون له رێگه‌ی رێكخستنه‌وه له شه‌سته‌كانه‌وه تا 1979. دووەم: ئه‌وه‌ی كه زۆر جێگه‌ی باسه و مامۆستا به‌شی گه‌وره‌ی ته‌مه‌نی تێدا خه‌رج كردووه، پێگه‌یاندنی به‌ره‌یه‌كی گه‌نج بوو له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی راپه‌ڕینی ئیسلامی‌دا، كه نزیكەی 115 كەسایەتی ناودار لە بانگخوازو مەلا و خەڵكانی رۆشنبیر كە لە كایەی كاری ئیسلامی، سیاسی، ڕۆڵی بەرچاویان بینیوە. لەوانە: م. نازم عه‌بدوڵا، م. موحه‌ممه‌د عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز، م.ناصیح مه‌لا صاڵح، م. ئه‌یوب نیعمه‌ت قادر (ئارام قادر)، م. فه‌خره‌دین قادر، م. ئومێد عه‌زیز ئه‌مین (ئومێد پاڕه‌زانی)، م. ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید، م. مه‌لا موحه‌ممه‌دی سینه‌مۆكی، م. مه‌لا موحه‌ممه‌دی بامۆكی، دكتۆر موحه‌ممه‌د تاهیر به‌رزنجی، دكتۆر ئیبراهیمی به‌غا، م.محمد ره‌ئوف محمد، م. مه‌ولوود باوه موراد، م. دارا موحه‌ممه‌د ئه‌مین، مامۆستا عومه‌ر تریفه‌یی، مامۆستا ئه‌حمه‌دی شه‌ریعه، م.توفیق كریم صالح، م. دیاری احمد اسماعیل (دكتۆر دیاری)، م. اكرام كریم حمه امین، دكتۆر كاوه فرج سعدون، م. هاوژین تالب رەزا. هتد.. ڕۆڵ و كاریگەری و چالاكییەكانی لە كاری ئیسلامی لە كوردستان: * ڕیشەی ڕێكخستنی كاری ئیسلامییەکان لە کوردستانی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی چله‌کان، ئەوان وەک درێژکراوەی هزرو فیكری ئیخوان موسلیمین لە میسر سەریان هەڵدا کە لەژێر کاریگەری بیرۆکەکانی حەسەن ئەلبەننادا بوون، وه تا کۆتایی حەفتاکان لەگەڵ مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز بوون کە بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستان ڕاگەیاند لە ساڵی 1978. * له ساڵانی پەنجاكاندا مامۆستا صدیق بەشداری لە كار‌و چالاكی ئیسلامی دەكات له‌ژێر چاودێری و راوێژی مامۆستا مەلا عوسمان عبدالعزیزدا، له ساڵی (1959) دوای ئەوەی مۆڵەتی فەرمی مەلایەتی وەردەگرێت لە خزمەت مامۆستا مەلا عوسماندا، دەچێتە شاری بەغداو لەوێ خولێكی چه‌ند مانگی دەبینێت و پاشان دەبێت بە مامۆستای میری و لە قوتابخانەكانی هەڵەبجەدا وانە دەڵێتەوە. * پاشان له ساڵی 1960دا یه‌كه‌م شانه‌ی ڕێكخستنی ئیخوان موسلیمین بە فەرمی دروست ده‌كرێت له هەردوو مامۆستا مه‌لا جه‌لالی كوڕه گه‌وره‌ی مامۆستا مه‌لا صاڵحی گه‌وره‌ی هه‌ڵه‌بجه و مامۆستا صدیق عه‌بدولعه‌زیز و به‌ردی بناغه‌ی (كاری ڕێكحستن) ئه‌و كاره ئیسلامیه به‌و دوو نه‌فه‌ره دەسپێردرێت و دواتریش مامۆستا عومەری ڕێشاوی دەورو ڕۆڵی كاریگەر لەو بوارەدا دەبینێت. ڕەحمەتی خوا لە هەموویان بێت. * مامۆستا سدیق و براکانی هەر زوو لە شاری هەڵەبجە بە بانگەوازی ئیخوان موسلیمین ئاشنا بوون، وە کاتێک بزووتنەوەی ئیخوان لەلایەن پارتی بەعس و سەدام حوسێنەوە گۆشەگیر کراو کارەکانی وەستێنرا، مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە ساڵی 1978 بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان پێکهێنایەوە. * له ئابی 1979دا مامۆستا صدیق ڕێكخستنێكی نوێ و نهێنی به‌ناوی برایانی موسڵمانه‌وه داده‌مه‌زرێنێت له گه‌نجانی ناو حوجره و قوتابخانه ئاماده‌ییه‌كان و ده‌ست به رێكخستن و رۆشنفكری گه‌نجان ده‌كات و له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا له هه‌ڵه‌بجه‌وه تا زاخۆ‌و هه‌موو كوردستان دەگرێتەوە. * مامۆستا صدیق عەبدولعەزیز بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕاپەڕینی ئیسلامی لە کوردستانی عێراق دادەنرێت، کەسایەتییەکی پێشەنگ بوو لە بیری ئیسلامی‌دا و پێشەنگ بوو کە چەندین گەنجی بەتوانای لە کاری ئیسلامی‌دا پەروەردە کردووە، تا ساڵی 1985 چەندین بازنەی ڕێکخراوەیییان لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان پێکهێناوە. * کاتێک ژمارەیەک لە ئەندامانی مامۆستا سدیق عەبدولعەزیز پەیوەندییان بە زانکۆکانی موسڵ و بەغداوە کرد، ئەوان ئاشنای گروپێکی دیکەی برایەتی بوون، لە ڕێگەی مامۆستا سەید ئەحمەد عەبدولوەهابەوە کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ژێر ناوی (گرووپی ئەلڕەیح) دەستی بە چالاکییەکانی کرد. دیارترین کەسایەتییەکانی ئەم گرووپە بریتی بوون لە: دکتۆر عەبدولمەجید (ئەبو زەر) ، دکتۆر ئیسام ئەلڕاوی، محەمەد فاضل ئەلسەمارا، محەمەد ئیبراهیم، عەلی ئەبو ئەلحەسان، دوای ئەوەی لە ساڵی 1985 یەکتریان ناسی، هەردوو رێكخستنەكە بەڵگەنامەیەکی هاوبەشیان لە عێراقدا واژۆ کرد و بەم شێوەیەش کاری هاوبەشی لە کوردستاندا دەستی پێكرد، مامۆستا صدیق عەبدولعەزیز بوو بە سەرپەرشتیارێکی ڕەمزی کوردستان. * لە ساڵی 1986 فەرمانی دەستگیرکردن و تیرۆرکردنی مامۆستا صدیق عەبدولعەزیز لەلایەن حکومەتی بەعسەوە دەرچوو، کاتێک دوو ئەندامی گروپەکە لە ساڵی 1987دا کەوتنە دەست حکومەتی بەعس، مامۆستا سیدیق بەرەو ئێران كۆچ دەكات و لەوێ هەوڵیدا ڕێكخستنی ئیخوان لە دەرەوەی وڵات (ئێران) چالاک بکاتەوە، ئەمەش لە 9ی تشرینی دووەمی 1988 بە هاوبەشی لەگەڵ مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهاالدین و ڕێكخستنەکەی ئەنجامدرا، ئەوان پێکەوە چالاکیی پەروەردەیی و ڕێکخراوەیی خوێندکارانیان ئەنجامدا و بەردەوام بوون لەو کارە تا ڕاپەڕینی ئازاری 1991 و گەڕانەوەی مامۆستا صدیق بۆ کوردستان. * لە ساڵی 1964 دا، دەبێتە ئیمامی مزگەوتی پاشا لە هەڵەبجەی شەهید. * له ساڵی 1980 تا1987 مامۆستای پەیمانگای ئیسلامی ده‌بێت له هه‌ڵه‌بجه‌ی شەهید. وەفاتی: *پاشان له ڕێكەوتی (9/12/2019) لە شاری سلێمانی و بەنەخۆشی كۆچی دوایی دەكات و لە ڕێ و ڕەسمێكی تایبەتیدا لە گۆڕستانی گوڵان بە خاك دەسپێردرێت. سەرچاوە: 1- كڵاوڕۆژنه‌یه‌ك له‌سه‌ر ژیانی مامۆستا صدیق عه‌بدولعه‌زیز.. نووسینی: مامۆستا ئیكرام كەریم. 2- هاوكاری لێدوانی مامۆستا عبدالرحمن عوسمان عبدالعزیز محمد. 2- دوو گەشت لەخزمەتی مامۆستا صدیقدا+ مامۆستا صدیق لەنێوان ستەمی هاوڕێبازەکانی و بێوەفایی و بێ هەڵوێستی شاگردەکانی.. نووسینی: دكتۆر كەریم ئەحمەد. 3- هاوكاری و لێدوانی مامۆستا دیار هەمەوەندی. ئامادەكردنی: عیرفان ئەحمەد كاكه مەحموود پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله