شێخ ئهحمهد كاكه مهحموود كێیه..!! جەنابی مامۆستا ئەحمەد کاکە مەحموود لە بەھاری 1950 ی زایینی لە گوندی یاڵانپێی سەر بەناحیەی خورماڵ و پارێزگای ھەڵەبجەی شەھید لە داییک بووە ، لە تەمەنی 8 ساڵانی دەنێردرێتە حوجرەو وانەکانی قورئان و تەجوید و زانستە سەرەتاییە ئیسلامییەکان دەخوێنێت ، پاشان بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاری شەرعی ماوەی زیاتر لە 18 ساڵ لە حوجرەو قوتابخانە ئایینیەکانی کوردستانی ئێران و عێراق دەخوێنێت ، پاشان لە ساڵی 1971 ی زایینی لە خزمەت مامۆستای موجاھید و خواناس و موفەسیری قورئان جەنابی مامۆستا مەلا عوسمان عبدالعزیز مۆڵەتی مەلایەتی وانە وتنەوە وردەگرێت و لەو رۆژەوە تا رۆژی وەفاتی بەبێ وەستان و ماندووبوون بەردەوام لە ھەرسێ روانگەی (بانگەواز + کۆچ + تێکۆشان) خەباتی کردووەو خزمەتی بە رابوونی ئیسلامیی کوردستان کردووە.. لە رووی نوسینیشەوە کتێبەکانی (خواپەرستی لە ئیسلامدا و پەروەردە لە ئیسلامدا و سەربەستی لە ئیسلامدا و وتەی زاناک و باوەڕ بە خوا و خوا لە روانگەی زانیارییەوە..) دەیان کتێب و نامیلکەو نووسینی تر شاھیدی قەڵەمە بڕشتەکەی مامۆستا دەدەن و بە ھەر بانگخوازو مامۆستایەکی ئایینی دەگەی ، راستەوخۆ ئەم کتێبانەی مامۆستا دەکەنە نمونەی زیندوویی و چالاکی مامۆستا ئەحمەد بەرەحمەت بێ..! لە رووی وتاربێژیشەوە زانایان و بانگخوازان شاھیدی ئەو بوارەی بۆ دەدەن و جورئەت و حەق بێژی مامۆستا بێ وێنە بوو.. رحمە اللە... مامۆستا لە رووی سیاسیی و خەباتی چەکداریشەوە دژ بە رژێمە عەفلەقییەکەی سەدام و دارودەستەی تەمەنێکی زێرینیشی بەو بوارە بەخشی و یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستان و تا رۆژی وەفاتی دژی زوڵم و ستەم وەستابوویەوە.. لە بەرەبەیانی رۆژی 25 / 1 / 2007 لە شاری ھەڵەبجەی شەھیدان کۆچیی دوایی کردو بەرەو مەنزڵگای ھەمیشەیی گەرایەوە .. انا للە وانا الیە راجعون.. لە دوای وەفاتی جەنابی مامۆستا ئەحمەد کاکە مەحموود پرۆژە بانگەوازییەکانی نەوەستاوەو بە پێچەوانەوە زۆر زیاتر لە گەشەو فراوانبووندایەو سوپاس بۆ خودا لە بواری تەفسیرو سەرجەم نووسینەکانی تری مامۆستادا تا ئێستا تەفسیری رامان 5 جار چاپ کراوەو وە (تحقیق و تخریج)یش کراوە و زیاتر لە 8 بەرھەمی تری مامۆستا دوای خوێندنەوەو لێکۆڵینەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.. الحمدللە.. لە بواری تەکنەلۆجیاو دیجیتاڵ میدیاوە شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود ناوی لە ناو ناواندایەو لە ئێستادا بە شەشەمین (6) کەسایەتی ناسراوە لە ئاست ھەموو کەسایەتیە عێراقی و کوردستانییەکان.. وە پەیجەکەی بە یەکەمین و گەورەترین پەیجی کوردی ئیسلامیی ناسراوەو خاوەنی 2,500,000 لایکە.. وە پرۆژەکانی تری مامۆستا لە سۆشیاڵ میدیا ھەر لە ئاستی یەکەمدان و خاوەنی (ماڵپەڕی تایبەتییە بە ژیان و بەرھەم و تیکۆشانی، ھەروەھا خاوەنی ماڵپەرێکی بانگەوازی گەورەیە لە ئاستی کوردستان و ھەروەھا یوتیوب و ئینستاگرام و تلگرام و توێتر). ئەم پرۆژانەش لە لایەن عیرفان ئەحمەد کاکە مەحموودەوە سەرپەرشتی دەکرێ .. وە بەھاوکاری کۆمەڵێک لە برایان و خوشکانی دڵسۆزەوە سۆشیاڵ میدیای شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود بەرێوە دەچێ.. خواپاداشتی ھەموو لایەک بداتەوە و لە جەنابی مامۆستا ئەحمەد کاکە مەحموودیش خۆش بوبێ.. ئامین www.ahmadkaka.org www.dangiislam.org 9 ی جەمادی یەکەمی 1439ی کۆچی 25 / 1 / 2018 زایینی