پرسیار: ئایا دروستە ئەو كەسەی قوربانی دەكات، خۆی لێی بخوات؟ یان دەبێت هەمووی دابەش بكات بەسەر فەقیر و هەژاراندا ؟!! وەڵام: هاوەڵان و زانایان پێیان وایە كە پەسەند وایە گۆشتی قوربانی بكرێت بە سێ بەشەوە، بەشێك دابەش بكرێت بەسەر هەژاراندا، بەشێك وەك دیاری دابەش بكرێت بەسەر ئەو كەسانەی خاوەنی قوربانیەكە دەیەوێت (جا هەژار بن یاخود نا)، وە بەشێكیش بۆ خاوەنی قوربانیەكە خۆی بێت، لێی بخوات و هەڵیشی بگرێت. ئەمەش ڕای (ابن مسعود و ابن عمر)ە ڕەزای خوایان لێبێت. 📖 زانای پایە بەرز -ابن قدامة- (رحمه الله) دەفەرموێت: " پەسەند وایە كە سێیەكی قوربانی خاوەنەكەی لێی بخوات (خۆی و ماڵ و منداڵی)، وە سێیەكی بە دیاری ببەخشرێت، وە سێیەكیشی دابەش بكرێت بەسەر هەژاراندا" (المغنی 9/488 ) ئایا ئەو سێیەكەی كە بە دیاری دابەش دەكرێت، دروستە خاوەنی قوربانیەكە بیكاتە دەعوەتێك و خزم و كەس و كار و دراوسێكانی بانگ بكات بۆ خواردنی ؟؟! ✅ بەڵێ دروستە ئەو سێیەكەی كە دانراوە بۆ دابەشكردن وەك دیاری، خاوەنی قوربانیەكە بیكاتە خواردنی ژەمێك یان چەند ژەمێك و خەڵكی بانگهێشت بكات بۆ خواردنی. هەرچەندە باشتر وایە كە بۆیان بنێردرێت. 🚫 وە دروست نیە ئەو بەشەی كە دانراوە بۆ فەقیر و هەژاران، بكرێت بە خواردن و فەقیر و هەژارەكان بانگهێشت بكرێت بۆ خواردنی. بەڵكو پێویستە دابەش بكرێت بەسەریاندا و بكرێتە موڵكی خۆیان. سەرچاوە: موقع الإسلام سؤال وجواب – للشیخ محمد صالح المنجد. ليژنەى وەڵامدانەوەى ماڵپەرى دەنگى ئيسلام