به ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان. سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌علیه وسلم) و هه‌روه‌ها له ئال و یارانی. بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزتان: چاو(کاریگه‌ری چاو) هه‌ق و ڕاسته و ئیسلام چه‌سپاندوویه‌تی، پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم) فه‌رموویه‌تی" العين حق " أخرجه البخاري. واته؛ چاو ڕاسته. چاو بۆ خۆی کاره ناکات به‌ڵکو ڕۆڵی گه‌یاندن ده‌بینێ، ئه‌وه‌ی کاریگه‌ره گیان و ناخی که‌سه‌که‌یه، ئه‌گه‌ر حه‌سوود بوو چاوپیسیشه ئه‌گه‌ر ته‌نها سه‌رسامی که‌سه‌که بوو به‌بێ مه‌به‌ستی ناپاکی ئه‌وه هه‌ر کاریگه‌ری ده‌بێ هه‌رچه‌نده مه‌به‌ستیشی نه‌بووبێ.. حه‌سوود که‌سێکه پێی خۆشه ئه‌و نیعمه‌ته‌ی هه‌ته یان پێی ده‌گه‌ی لێی بێبه‌ش بیت و نه‌یگه‌یتێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌سێک دڵی ئه‌وه‌ی تیا نه‌بوو ئه‌وا ته‌نها سه‌رسامبوون و واقبوونه هه‌رچه‌نده کاریه‌گه‌ریشی هه‌یه، بۆ نمونه که‌سێک کاتێک منداڵیک ده‌بینێ چاوی جوانه، حه‌سوودی پێ نابات به‌ڵام پێی سه‌سا ده‌بێ و داوای به‌ره‌که‌تی بۆ ناکات ئیتر منداڵه‌که تووشی نه‌خۆشی یان زیانێک ده‌بێ.. له ڕووی عه‌قڵیشه‌وه زۆر ئاسانه باوه‌ڕ به ئه‌و کاریگه‌رییه‌ی ڕۆحه‌کان بکرێ، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر بیچوێنین به ته‌له‌فۆنێک یان کۆنترؤڵێک ده‌بینین به‌بێ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی ڕوواڵه‌تی ده‌توانێ کاریگه‌ری هه‌بێ له‌سه‌ر ئامێرێک.. یاخود ئێستاکه چه‌ک هه‌یه تیشک ده‌هاوێ و له هه‌ر شتێک بدات ده‌یسووتێنێ. ئێمه‌ی موسوڵمانایش بڕوامان وایه وه‌کو چۆن چه‌قۆیه‌کی ماددی ده‌توانێ زیانی هه‌بێ ئاوه‌هاش ڕۆحێکی پیس بۆی هه‌یه کاریگه‌ری بکات له ده‌وروپشتی خۆی.. هه‌موو ئه‌وانه‌ش به ویستی خوایه و ئه‌گه‌ر خوا نه‌یه‌وێ یان سیفه‌ته‌که‌ی بگۆڕێ ئیتر له کاری خۆی ده‌که‌وێ.. وه‌کو ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر ئیبراهیم چه‌قۆی به ملی کوڕی خۆی ده‌هێنێ و نایبڕێ، خوای گه‌وره سیفه‌تی بڕین و توانای چه‌قۆکه لا ده‌بات، یاخود سیفه‌تی سووتاندنی ئاگره‌که‌ی که بۆ ئیبراهیم-سه‌لامی خوای لێ بێت- لا ده‌بات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ی بپاریزێ.. که‌واته هه‌موو زیان و سوود و توانا و ئیراده‌کانی مه‌خلوقات هیچیان ناکه‌ونه سه‌رووی ویست و ڕوخسه‌تی خوای گه‌وره‌وه. پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم) فه‌رموویه‌تی: چاو مرۆڤ ده‌خاته گۆڕه‌وه(ده‌یمرێنێ) و وشتریش ده‌خاته مه‌نجه‌ڵه‌وه(نه‌خۆشی ده‌خات هه‌تا خاوه‌نه‌که‌ی به په‌له سه‌ر ده‌بڕێ و ده‌خورێت). هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تی: ئه‌گه‌ر شتێک هه‌بێ پێشی قه‌ده‌ر بداته‌وه چاوه! شێوه‌یه‌ک وه‌ک نمونه بۆ ئه‌م راستییه وه‌کو ئه‌وه‌ی ئێوه(ئه‌گه‌ر چاو بووبێ) خوازبێنییه‌ک دێت به‌ڵام دوایی سه‌رناگرێ.. هه‌رچه‌نده ئه‌مه بۆی هه‌یه سیحر و جادووش بێت.. خوای گه‌وره‌ش زاناتره (جل وعلا). وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم. - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره شه‌رعییه‌کان/ ده‌نگی ئیسلام.