به ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان. سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌علیه وسلم) و هه‌روه‌ها له ئال و یارانی. بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزتان: سه‌ره‌تا به‌و شێوه‌یه نییه که ئیوه ده‌ڵێن(ئافره‌ت که عه‌قڵى كه‌متره له پياو)! حاشا ئیسلام شتی وای نه‌وتووه برای به‌رێزمان. زانستی نوێ توانیوێتی ده‌ری بخات که جیاوازی به‌دیار هه‌یه له نێوانی مێشکی ئافره‌ت و مێشکی پیاودا، جیاوازییه‌کانیش هه‌ر له ناو سکی دایکه‌وه به‌سه‌ر کۆرپه‌دا ده‌ستپێده‌کات له‌هه‌فته‌کانی(١٨-٢٦). جیاوازییه‌کان دوو جۆرن: ١/ له ڕووی پێکهاتنه‌وه؛ بۆ نمونه ئه‌ندازه‌ی خانه ده‌ماره‌کانی پێستی مۆخ(cerebral cortex) که بریتییه له‌و چینه‌ی مۆخی داپۆشیوه گه‌وره‌تر و ڕێژه‌یان که‌متره له ئافره‌تدا له‌به‌رامبه‌ری هی پیاوان. هه‌روه‌ها بینراوه که هه‌ردوو به‌شی مۆخی ئافره‌ت(لای ڕاست و چه‌پ) به‌ئه‌ندازه‌ی یه‌کن، به‌ڵام له هی پیاوان به‌شی چه‌پی گه‌وره‌تره له لای ڕاستی. هه‌روه‌ها ده‌رکه‌وتووه ئه‌و به‌شه‌ی مۆخ که تایبه‌ته به کرداره ئاڵۆزه‌کانی وه‌ک بیرکردنه‌وه و سۆز که پێی ده‌وترێت(higher association cortex) ، له پیاودا یه‌کسان نین، به‌ڵکوو به‌شی لای چه‌پی گه‌وره‌تره وه‌ک له ڕاستی، به‌ڵام له ئافره‌تاندا یان وه‌ک یه‌کن خۆ ئه‌گه‌ر له ناو که‌مێک له ئافره‌تانیشدا نایه‌کسان بن ئه‌وا لای ڕاستی گه‌وره‌تره له لای چه‌پی. هه‌روه‌ها به‌شی(inferior parietal lobule) که تایبه‌ته به کارلێکه بیرکارییه‌کانی وه‌ک مه‌ودا و دوورییه‌کان و ڕاسته‌وخۆ ده‌که‌وێته سه‌روو گوێیه‌کان ، دیسان به‌شی لای ڕاست و چه‌پییان له پیاودا یه‌کسان نییه وه‌ک له ئافره‌تدا. هه‌روه‌ها جیاوازی له(thalamus) که ئه‌میش دوو به‌شه و هه‌ریه‌که‌یان ده‌که‌وێته ژیر له هه‌ریه‌که نیوه‌ی مۆخی لای راست و چه‌پ و پێکیشه‌وه پێوه‌ندن به پشتێنێکی لیمفه‌خانه‌ی ده‌مار به‌ناوی کوتله‌ی ناوه‌ند(massa intermedia)، کاری ئه‌و به‌شه گه‌یاندنی ئیشاره‌ته ده‌مارییه‌کانه بۆ مۆخ، ئه‌م به‌شه ئاشکرا بووه له پیاواندا بچووکترن وه‌ک له ئافره‌تان و کوتله ناوه‌نده‌که‌ش به‌زۆری له پیاواندا نییه یان ئه‌گه‌ر هه‌شبێت زۆر بچووکتره وه‌ک له هی ئافره‌تان. هه‌روه‌ها پێکهاتووی(Heschls gyrus) که په‌یوه‌ندی هه‌یه به زمان و بیستنه‌وه، بینراوه له ئافره‌تاندا مادده‌یه‌کی ڕه‌نگ خۆڵه‌مێشێ زیاتر تێدا چڕ بۆته‌وه وه‌ک له هی پیاوان، هه‌روه‌ها زیاتریش یه‌کسانن. زانایان ده‌ریانخستووه که شوێنه‌کانی مۆخی ئافره‌ت بۆ زمان و چالاکییه جووڵه‌یی و سۆزه‌کان خێراتر گه‌شه ده‌که‌ن به شه‌ش هێنده‌ی هی پیاوان، به‌ڵام له پیاواندا شوێنه‌کانی بیرکاریی و دیاریکردنی ئامانج و چاره‌سه‌ری کێشه‌کان خێراتر گه‌شه ده‌که‌ن به شه‌ش هێنده‌ی لای ئافره‌تان. ٢/ له‌ڕووی وه‌زیفه‌ی به‌شه‌کانی ده‌ماخه‌وه؛ پیاو له کاتی قسه‌کردندا ته‌نها به‌شێکی بچووک له مێشکی لای چه‌پی به‌کارده‌هێنێت ئه‌گه‌ر پیاوه‌که ڕاسته بوو به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه لای ڕاستی به‌کار ده‌هێنێت ئه‌گه‌ر چه‌په بوو، به‌ڵام ئافره‌ت بۆ قسه‌کردن به‌جارێک هه‌ردوو ئه‌و به‌شه بچووکه‌ی لای ڕاست و چه‌پیش به‌کارده‌هێنێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌کات که ئافره‌ت بتوانێت له‌هه‌مان کاتدا قسه‌ش بکات و گوێش بگرێت به پێچه‌وانه‌ی پیاو که که‌متر له مێشکی به‌کارده‌هێنێت. هه‌روه‌ها بوونی ئه‌و چڕییه زۆره له مادده ڕه‌نگ خۆڵه‌مێشییه‌که له ناوچه‌کانی قسه‌کردن له ئافره‌تدا که زیاتره، ئه‌و ڕاستییه نیشان ده‌دات. بیرکردنه‌وه له چاره‌سه‌ری کێشه‌یه‌ک. زانایان ده‌ریانخستووه که ئافره‌ت نیشانه ئاشکراکان و به‌رچاوه‌کان به‌کارده‌هێنێت بۆ گه‌یشتن بۆ شوێنێکی تایبه‌ت، به‌ڵام پیاو مه‌ودا و ئاراسته‌کان به‌کارده‌هێنێت بۆ گه‌یشتن بۆ شوێنه‌که. ئافره‌تان به کۆمه‌ڵێک به‌شدار ده‌بن بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌یه‌ک به‌ڵام پیاوان هه‌ر یه‌که‌یان بۆ چاره‌سه‌ری توانای خۆی به‌کار ده‌هێنێ و ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ ده‌کات. سۆز و بیر. ده‌رکه‌وتووه ئافره‌تان له هه‌ردوو بواره‌کانی سۆز و بیرکردنه‌وه چینی ڕووی ده‌ره‌وه‌ی مۆخ به‌کارده‌هێنن، هه‌ر بۆیه بیره‌وه‌ری ئافره‌ت کاریگه‌ر ده‌بێت به ئه‌و ڕووداوه سۆزییانه‌ی به‌سه‌ریدا هاتووه. به‌ڵام له پیاواندا چه‌قی سۆز و بیره‌وه‌ری ده‌که‌ونه ناوه‌وه‌ی مۆخ و له ناوچه‌یه‌ک پێی ده‌وترێت(hippocampus) ، ئه‌م به‌شه پێکهاتووی که‌وانییه و جه‌رگه‌ی بیرکردنه‌وه‌یه و جهمسهرکانیشی جه‌رگه‌ی سۆزه‌کانن به‌ناوی(amygdala)، له‌به‌ر ئه‌مه‌یه ئافره‌تان زۆرتر هه‌ستیان هه‌یه بۆ کاروباره سۆزییه‌کان وه‌ک له پیاوان و زیاتریش حه‌ز به قسه‌کردن و گفتۆگۆ ده‌که‌ن به‌ڵکوو خێراتر و ئاسانتر ده‌توانن ته‌عبیر له هه‌ست و سۆزه‌کانیان ده‌ربڕن. پیاوانیش مه‌یلییان هه‌یه زیاتر بۆ چالاکییه جه‌سته‌ییه‌کانی وه‌ک وه‌رزش و چوونه ده‌ره‌وه و بیریشیان وه‌کو ئافره‌تان کاریگه‌ر نابێت به سۆز، به‌ڵکوو وه‌کو ئافره‌تانیش ناتوانن ته‌عبیر له هه‌ست و سۆزه‌کانیان بکه‌ن چونکه سه‌نته‌ری بیر و سۆزیان وا له قوڵایی مۆخدا. ئه‌م زانیارییانه و هی تریش ده‌ری ده‌خه‌ن که جیاوازی هه‌یه له پێکهاتن و وه‌زیفه‌ی ده‌ماخی هه‌ردوو ئافره‌ت و پیاو، نیشانی ده‌دات که خوای گه‌وره هه‌ریه‌که‌یانی بۆ شتێک به‌م جۆره خولقاندووه و له‌هه‌ریه‌که‌یان نووقسانی و ته‌واوی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کتری ته‌واو بکه‌ن، ئه‌وه‌ش کاری خوایه له هه‌موو مه‌خلووقاتی، بۆیه دهفهرموێتوَالَّذِي قَدَّرَ فَهَدَى[الأعلی:٣]. واته/ ئه‌وا خوایه‌ی که هه‌موو شتێکی به ڕێژه و به‌ئه‌ندازه‌یه‌کی زانراو دروست کردووه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش که بۆی خولقاوه، واته له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌قدیره‌ی خۆی ڕێنموویشی کردووه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی بۆی داڕێژراوه. پاشان با بێێنه سه‌ر فه‌رمووده‌که: ئه‌و زانیارییه زانستیانه‌شی لێ ده‌ربچێ، وه‌ڵام زۆره بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و ته‌مومژه‌ی گوایه ئیسلام یان پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) ئافره‌تیان به بێ عه‌قڵ و ژیر دابێته قه‌ڵه‌م(حاشا له ئیسلام و پێغمبه‌ره‌که‌ی). پێش هه‌موو شتێک، ئه‌گه‌ر سه‌یرێکی قورئان بکه‌ین ده‌بینین که قورئانی پیرۆز ڕێزێکی زۆرزۆری له ئافره‌ت گرتووه، نمونه‌ی ئه‌وه؛ بهلیقیسی پاشای ده‌وڵه‌تی سه‌به‌ئه. ده‌بینین خوای گه‌وره کۆمه‌ڵێک له سه‌نگینیی ئه‌م ئافره‌ته‌مان بۆ نیشان ده‌دات که هه‌مووی مانای ژیریی و وریایی ئه‌و ده‌رده‌خات(که‌واته ئه‌گه‌ر ئافره‌ت له ئیسلامدا نووقسانی له عه‌قڵدا هه‌بێت! ده‌ی بۆچی دان ئه‌هێنێت به توانایی ئافره‌تێکی وه‌هادا که له ته‌واوی ژیریی ئه‌م ئافره‌ته ئه‌وه‌یه له کۆتاییدا موسوڵمان ده‌بێت(کۆتایی چیرۆکه‌که‌ی). به گه‌له‌گه‌ی ده‌ڵێت من نامه‌یه‌کم بۆ هاتووه له سوله‌یمانه‌وه(سه‌لامی خوای لێ بێت)، به‌ناوی خوا ده‌ڵێت وه‌رن بۆ لام و موسوڵمان بن، ئێوه ده‌ڵێن چی؟ وه‌زیر و ده‌ستوپێوه‌نده‌که‌ی زمانی هێز و بازوو ده‌زانن، ده‌ڵێن ئێمه هێزمان هه‌یه و توندیشین، به‌ڵام خۆت باشتر ده‌زانی، ئه‌ویش پێیان ده‌ڵێت که له عاده‌تی پاشایان و به‌هێزه‌کان وایه ئه‌گه‌ر بگه‌نه ئاوایی و وڵاتێکه‌وه وێرانی ده‌که‌ن و خه‌ڵکه‌که‌شی زه‌بوون ده‌که‌ن(مه‌به‌ستی له سوله‌یمان پێغه‌مبه‌ره که ئه‌ویش توانای زۆره و هه‌رچی بوێت ده‌یکات، به‌ڵام نازانێت که ئه‌و ئیمانی پێیه و جۆرێکی تره!) بۆیه پێی باش ده‌بێت دیارییه‌ک بنێرێ و سوڵحی له‌گه‌ڵ بکات. له کۆتاییش کاتێک ده‌بینێت سوله‌یمان مه‌به‌ستی له موسوڵمانبوونی ئه‌وان پاره و ماڵی ئه‌وان نییه به‌ڵکوو ملکهجییه بۆ خوای تاک و ته‌نها و پاشان گه‌وره‌یی خوای بۆ ده‌رده‌که‌وێت ئیتر له‌گه‌ڵ سوله‌یمان موسوڵمان دهبێتقَالَتْ يَا أَيُّهَا المَلَأُ إِنِّي أُلْقِيَ إِلَيَّ كِتَابٌ كَرِيمٌ* إِنَّهُ مِن سُلَيْمَانَ وَإِنَّهُ بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ* أَلَّا تَعْلُوا عَلَيَّ وَأْتُونِي مُسْلِمِينَ* قَالَتْ يَا أَيُّهَا المَلَأُ أَفْتُونِي فِي أَمْرِي مَا كُنتُ قَاطِعَةً أَمْراً حَتَّى تَشْهَدُونِ* قَالُوا نَحْنُ أُوْلُوا قُوَّةٍ وَأُولُوا بَأْسٍ شَدِيدٍ وَالْأَمْرُ إِلَيْكِ فَانظُرِي مَاذَا تَأْمُرِينَ* قَالَتْ إِنَّ الْمُلُوكَ إِذَا دَخَلُوا قَرْيَةً أَفْسَدُوهَا وَجَعَلُوا أَعِزَّةَ أَهْلِهَا أَذِلَّةً وَكَذَلِكَ يَفْعَلُونَ* وَإِنِّي مُرْسِلَةٌ إِلَيْهِم بِهَدِيَّةٍ فَنَاظِرَةٌ بِمَ يَرْجِعُ الْمُرْسَلُونَ* فَلَمَّا جَاء سُلَيْمَانَ قَالَ أَتُمِدُّونَنِ بِمَالٍ فَمَا آتَانِيَ اللَّهُ خَيْرٌ مِّمَّا آتَاكُم بَلْ أَنتُم بِهَدِيَّتِكُمْ تَفْرَحُونَ.[النمل:٢٩-٣٦] له‌مه‌وه؛ باشه چۆن ده‌گونجێت ئاینێکی خوایی له‌لایه‌که‌وه کاره‌یی و ههوڵوێستژیرانهی ئافره‌تێک جوان بناسێنێ و له ده‌قی تریش ئافره‌ت به نووقسانی ژیری وه‌سف بکات؟! ده‌قی فه‌رمووده‌که؛ "يا معشر النساء تصدقن وأكثرن الاستغفار فإني رأيتكن أكثر أهل النار فقالت امرأة منهن جزلة وما لنا يا رسول الله أكثر أهل النار قال تكثرن اللعن وتكفرن العشير وما رأيت من ناقصات عقل ودين أغلب لذي لب منكن قالت يا رسول الله وما نقصان العقل والدين قال أما نقصان العقل فشهادة امرأتين تعدل شهادة رجل فهذا نقصان العقل وتمكث الليالي ما تصلي وتفطر في رمضان فهذا نقصان الدين" رواه مسلم. واته/ پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم) فه‌رمووی: ئه‌ی گرۆهی ئافره‌تانی موسوڵمان، خێر بکه‌ن و زۆریش داوای لێخۆشبوو‌ن بکه‌ن چونکه من بینیم ئێوه زۆری دانیشتووانی دۆزه‌خ بوون، ئافره‌تێکی ژیر و زیته‌ڵ له ناویان فه‌رمووی: له‌به‌رچییه ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا ئێمه زۆرترینین له دانیشتوانی دۆزه‌خ؟! فه‌رمووی: نه‌فرین(اللعنة) زۆر ده‌که‌ن، هه‌روه‌ها چاکه‌ی زۆری مێرده‌کانی خۆتان ده‌پۆشن(له‌به‌ر خراپه‌یه‌ک ده‌یان چاکی له‌بیر ده‌که‌ن)، وه نه‌مبینیوه کاریگه‌رتر بێت له ئافره‌تانێکی نووقسان له ژیریی و دیندا به‌سه‌ر پیاوێکی خاوه‌ن ژیره‌وه له ئێوه! وتی: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا، ئه‌ی نووقسانی ژیریی و دین چییه له ئێمه‌دا؟ فه‌رمووی: نووقسانی ژیریی؛ ئه‌وه‌یه که شایه‌تی دوو ئافره‌ت ده‌کاته شایه‌تی پیاوێک، ئه‌مه نووقسانی ژیرییه‌که‌ی. نووقسانی دینیش؛ شه‌وانێکی زۆر نوێژ ناکات و به‌ڕۆژوو نابێت له ڕه‌مه‌زاندا، ئه‌مه‌ش نووقسانی دینه‌که‌یه‌تی.. ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنج بده‌ین له‌م فه‌رمووده‌یه تێبینی خاڵی زۆرمان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت، له‌وانه: ١/ پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم) ڕووی له ئافره‌تانی موسوڵمان کردووه و ئامۆژگاری کردوون، که‌واته ئایا ده‌بێت ئافره‌تان پیش موسوڵمانبوونیان ژیر و ته‌واو بووبن و پاشان که موسوڵمان بوون ژیرییه‌که‌یان نووقسان بووبێت!؟ ئه‌مه له کاتێکدا ئافره‌ت پێش ئیسلام سووکایه‌تی پێ ده‌کرا و کۆیله و زینده‌به‌چاڵ ده‌کرا و خزمه‌تکاری و له‌شفرۆشی پێ ده‌کرا، له‌دوای ئیسلامیش بوونه دایکی موسوڵمانان و هاوشانی پیاوان"النسآء شقائق الرجال" ، ڕه‌زامه‌ندی دایکی خسته ڕه‌زامه‌ندی خۆیه‌وه، ئازاردانی دایکی دانا به هه‌ره گوناهه گه‌وره‌کان، پاداشتی خزمه‌تی دایکی به‌سه‌ر جیهادی کیفایهدا به‌رزتر کرد، هاتنه مه‌یدانی فێربوون و زانسته‌وه و ڕۆژی خۆیان بۆ دانرا له‌لای پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) و له‌مێژووشدا به‌هه‌زاران زانای پایه‌به‌رزی ئافره‌تمان شایه‌دی ڕاستی نرخاندنی ئه‌وانه....تاد. ٢/ فه‌رمووده‌که هۆی زۆرچوونه دۆزه‌خیان ده‌خاته دوو گوناهی سه‌ره‌کی؛ نه‌فره‌تکردن و ناڕه‌زایی له مێرده‌کانیان، به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر خراپه‌یه‌کیان لێ ببینن هه‌موو چاکه‌کانیان له بیر ده‌که‌ن.. ئه‌وجا یه‌کێک له‌وان که به"جزلة" وه‌سفکراوه، واته ژیرێکیان وتی بۆچی زۆری دانیشتوانی دۆزه‌خین؟ هێشتا باسی نووقسانی عه‌قڵ نه‌هاتووه، له‌فه‌رمووده‌که وه‌سی یه‌کێک له‌وان ده‌کات به ژیروهۆش! ٣/ پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم) سووکیان ناکات به که‌م ژیری! به‌ڵکوو له فه‌رمووده‌که‌یدا پێیان موعجه‌ب ده‌بێت، سهرسامییهکهشی له‌وه‌دایه که ئه‌وان به‌و دوو نووقسانییهشهوه ده‌توانن پیاوان که توند و ژیر و شاره‌زاش بن ببه‌زێنن(ڕای خۆیانی به‌سه‌ردا به‌سپێنن، یاخوود قسه‌ی خۆیان تێپه‌ڕێنن به‌سه‌ر قسه‌ی مێرده‌کانیان). به‌ڵکوو به‌ڕه‌هایی له فه‌رمووده‌که نه‌هاتووه که ئافره‌تان که‌م ژیرن یان نووقسانن له بیرکردنه‌وه، هه‌رچی هه‌یه ته‌نها به‌و حاڵه‌ته‌وه به‌ستراوه که له‌کاتی شایه‌تیدا ده‌بێت دوو بن له‌به‌رامبه‌ر یه‌ک پیاودا. خۆ ئه‌گه‌ر سه‌رنجی شایه‌تیش بده‌ین ده‌بینی ئه‌وه ئه‌رکه نه‌وه‌ک مافێک و لێی زه‌وتکرابێت! چونکه شایه‌تی دان ئه‌گه‌ر به‌درۆ بێت یاخوود ڕاستی نه‌ڵێت ئه‌وا له هه‌ره گوناهه گه‌وره‌کان ده‌ژمێررێت، که‌واته به‌و یاسایه خوای گه‌وره عوزری بۆ داناون و له‌سه‌ریان سووک کردوون. ئه‌و نووقسانییه چییه؟ نووقسانی دینه‌که‌یان؛ ئه‌وه ئاشکرایه له‌وه‌دایه که هه‌موو ئه‌رکێکیان وه‌کو پیاوان بۆ ئه‌نجام نادرێت، یاخوود باشتره بڵێین ئه‌وان عوزریان دراوه‌تێ له‌لایه‌ن خوای خۆیانه‌وه به‌وه‌ی له هه‌ندێ حاڵه‌تدا ئه‌رک و فه‌رزه‌کانیان له‌سه‌ر نامێنێت، ئه‌ویش چونکه خوای گه‌وره خۆی دروستی کردوون، توانایان ده‌زانێت و دینی له‌سه‌ر ئاسان کردوون، له‌کاتی حه‌یز و نیفاسیاندا نوێژیان له‌سه‌ر نامێنێت له‌گه‌ڵ ڕۆژووش(ڕۆژووه‌که هه‌ڵبه‌ت ده‌بێت بگرنه‌وه کاتێک دهگهێنهوه حاڵه‌تی ئاسایی خۆیان، مه‌سه‌له فیقهییه‌کان لێره باس ناکه‌ین) که‌واته ئه‌م نووقسانییه چ په‌یوه‌ندییه‌کی هه‌یه به عه‌یبه و که‌م نرخاندنیان له‌کاتێکدا به‌ده‌ستی خۆشیان نییه!؟ نووقسانی ژیریی و عه‌قڵیش؛ په‌یوه‌ندی هه‌یه به توانای شایه‌تیدان به‌ته‌نها و هیچی تر! ئه‌ویش هۆکاری ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌وان شتیان زیاتر له‌بیر ده‌چێت و سۆزیش زاڵه به‌سه‌ریان که‌واته وه‌کو پیاو توند و به‌یاد نین هه‌تا بۆ شایه‌تی هاوشانی پیاوان بن. ئه‌وه‌ش له ئایه‌ته‌که‌دا هاتووه که دوو شایه‌ت پێویسته، ئه‌گه‌ر هاتوو دوو پیاو ده‌ست نه‌که‌وت ئه‌وا با پیاوێک دوو ئافره‌ت بێتفاستَشْهدوا شهيدين من رِجالِكم فإن لم يكونا رَجُلَيْن فرَجُلٌ وامرأتان مِمَّن تَرضَوْن من الشُّهداء أنْ تَضِلَّ إحداهما فَتُذَكِّرَ إحداهما الأخرى...[البقرة: ٢٨٢]. بۆچی دوو ئافره‌تیش؟ هه‌تاوه‌کو بیره‌وه‌ری یه‌کتری به‌هێز بکه‌ن و یادی یه‌کتر بێننه‌وه، ئێمه‌ش له‌سه‌ره‌وه به‌شێوه‌یه‌کی زانستی ڕوونمان کرده‌وه که ئافره‌تان شوێنی بیرکردنه‌وه و سۆزیان یه‌ک ناوچه‌یه له ده‌ماخ و سۆزهکهش زۆرجار ڕێگر ده‌بێ و کاریگه‌ری ده‌کات له‌سه‌ر یاد و بیرهوهریهکهیان، ئه‌مه جگه له‌وه‌ش که ئافره‌تان هۆرمۆناتی زۆریان هه‌یه و ئه‌و هۆڕمۆنانه هه‌میشه کاریگه‌ری ده‌خه‌نه سه‌ر سروشت و سۆز و هێمنی و ههڵویستییان.. پاش ئه‌مه ئه‌وجا پێغمهبهرمان(صلى الله عليه وسلم) سه‌رسامی خۆی نیشان ده‌دات که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شا ئه‌وان ده‌توانن خاوه‌ن قسه‌ی خۆیان بن به‌سه‌ر مێرده‌کانیانه‌وه.. هۆی ئه‌وه‌ش؛ ئه‌و سۆز و به‌زه‌یی و نه‌رمونیانییه که زاڵه به‌سه‌ر هۆش و ژیریی و بڕیاریاندا، ئه‌مه‌ش وه‌ک وشه نووقسانی نییه به‌ڵکوو ته‌واوی ئافره‌ت له‌وه‌دایه و نووقسانی پیاوه‌که‌ی پێ ته‌واو ده‌بێت، ته‌واوی و تۆکمه‌یی ئافره‌ته‌که‌ش به مێرده‌که‌ی پڕ ده‌بێته‌وه که ده‌یپارێزێ و ژیانی به‌خته‌وه‌ر ده‌کا.. ٤/ بێ عه‌قڵی و بێ هۆشی له ئیسلامدا له بێباوهڕیدایه، واته ئه‌گه‌ر هۆشێک زیندوو و بێوه‌ی بێت ده‌بێت خاوه‌نه‌که‌ی موسوڵمان بکا و ئیمانی به خوای کردگاری هه‌موو بوونه‌وه‌ر و مه‌خلووقات پێ بهێنێت، ئه‌مه‌ش بۆ هه‌ردوو پیاو و ئافره‌ته به‌ڵکوو بۆ مرۆڤ و جنۆکهشهوَلَقَدْ ذَرَأْنَا لِجَهَنَّمَ كَثِيراً مِّنَ الْجِنِّ وَالإِنسِ لَهُمْ قُلُوبٌ لاَّ يَفْقَهُونَ بِهَا وَلَهُمْ أَعْيُنٌ لاَّ يُبْصِرُونَ بِهَا وَلَهُمْ آذَانٌ لاَّ يَسْمَعُونَ بِهَا أُوْلَـئِكَ كَالأَنْعَامِ بَلْ هُمْ أَضَلُّ أُوْلَـئِكَ هُمُ الْغَافِلُونَ[الأنعام:١٧٩]. واته/ به‌ڕاستی ئێمه دروستمانکردووه زۆرێک له گرۆهی جنۆکه و ئاده‌میزادیش بۆ دۆزه‌خ، ئه‌وانه دڵه‌کانیان هه‌یه و پێی تێناگه‌ن و چاوه‌کانیشیان هه‌یه و پێی نابینن و گوێیه‌کانیشیان هه‌یه و پێی نابیستن، ئه‌وانه هه‌روه‌کو ئاژه‌ڵ وان و به‌ڵکوو گومڕاتریش له‌وان، ئه‌وانه‌ن به‌ڕاستی بێ ئاگا. گه‌مژه‌یی و بێ عه‌قڵی بۆ ئه‌وانه‌یه که هۆیه‌کانی بیرکردنه‌وه و تێگه‌یشتنیان هه‌یه به‌ڵام به‌کاری ناهێنن یاخوود ده‌زانن حه‌ق و ڕاستی چییه به‌ڵام خۆیان گێل ده‌که‌ن، هه‌موو کاره‌کانی خوا ده‌بینن به‌و جوانی و داناییه‌وه به‌ڵام خوا نادۆزنه‌وه له‌کاتێکدا له ڕۆژ ڕوونتر دیاره! ئه‌گه‌ر ئافره‌ت بێ ژیریی بووایه یاخوود نووقسانی هه‌بووایه ده‌بوو ده‌قێکی ئاوه‌های له‌سه‌ر بهاتایه.. ٥/ له ئایه‌ته‌که‌دا داوای دوو پیاو ده‌کات بۆ شایه‌تیدان، ئه‌گه‌ر په‌یدا نه‌بوو ئه‌وا پیاوێک و دوو ئافره‌ت، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که پیاوانیش ده‌که‌ونه ژێر کاریگه‌ری سۆز و ترس و بیرچوونه‌وه(به‌ڵام له ئافره‌تان که‌متر)، چونکه ئه‌گه‌ر پیاوان بێ عه‌یب بوونایه ده‌بوو یه‌ک پیاو به‌س بووایه بۆ ئه‌و شایه‌تییه! که‌واته ده‌بوو پیاوانیش بڵێن دوو شایه‌تی بۆچییه، یه‌کێک به‌سه که ئاگاداری ڕووداوه‌که بووبێ، یان ئه‌و که‌سه بڵێت خۆ من کوێر نه‌بووم، بێ عه‌قڵ نیم، چاو و گوێشم هه‌بوو ئیتر پیاوی دووه‌می بۆچییه؟! ئێمه‌ش ده‌ڵێین؛ نه‌خیر ئه‌وه دینی خوایه و شایه‌تی کارێکی گه‌وره‌یه و حوکمی له‌سه‌ر ده‌درێت، خوای گه‌وره‌ش باشتر ده‌زانێت که چۆن باشه، ئه‌وجا دوو پیاو بێت چوار بێت، چه‌ند ئافره‌ت بێت ئه‌وا خوای گه‌وره خۆی باشتر ده‌زانێت.. ته‌نانه‌ت له ڕاستێتی زینای نێوان پیاو و ئافره‌تێ زیاتر له دووانی ده‌وێت، ده‌بێت چوار پیاو زیناکه به‌ته‌واوی ببینن و شایه‌تی بده‌ن ئه‌وکات حوکمه‌که‌یان له‌سه‌ر ده‌چه‌سپێت.. خوای گه‌وره‌ش زاناتره (جل وعلا). وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم. - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره شه‌رعییه‌کان/ ده‌نگی ئیسلام.