سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایا دروستە ئایەتەكانی قورئان بكرێتە نوكتە بۆ پێكەنین؟
ئایا درووستە ئایەتەكانی قورئان بكرێتە نوكتە بۆ پێكەنین؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3747


ئایا درووستە ئایەتەكانی قورئان بكرێتە نوكتە بۆ پێكەنین؟

موسوڵمان هەمیشە دەبێت دینەكەی مەزن رابگرێت و ڕیزی زۆری لێ بگرێت و سنوورەكانی نەبەزێنێت و و غیرەتی هەبێت لەسەری و ڕێگە نەدات بە وشەیەكیش نە لە ڕێگەی  خۆی و نە لە ڕێگەی كەسانی  تر ناشیرین بكرێت، یان بكرێتە مایەی پێكەنین و نوكتە وگاڵتەجاڕی وشەوچەرە، شێخ (عبدالرحمن السعدي) لەم بارەوە وتەیەكی گرنگ و جوانی هەیە لە تەفسیرەكەیدا كە فەرموویەتی: 
" أصل الدين مبني على تعظيم الله وتعظيم دينه ورسله ، والاستهزاء بشيء من ذلك مناف لهذا الأصل ومناقض له أشد المناقضة " .  تيسير الكريم الرحمن" صـ 342. واتە بنچینەو بنەمای دین لەسەر بە مەزن زانینی الله و دینەكەی و پێغەمبەران علیهم السلام بونیات نراوە، جا گاڵتە و سووكایەتی كردن بە یەكێك لەوانە لەگەڵ ئەو بنچینەو بنەمایەدا تێكدەگیرێت و دژوارە.
مەعلومە و جێگای مشتومڕ و ناكۆكی نییە لە دینی ئیسلامدا كە درووست نییە بۆ هیچ موسوڵمانێك كە باوەڕی بە الله و بە ڕۆژی دوایی هەبێت، بە هەر شێوەیەك لە شێوەكان ئایەتێك لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز بكاتە بابەتێك بۆ پێكەناندنی خەڵكی و وەكو نوكتە بیگێڕێتەوە بە مەبەستی ئەوەی خەڵكی بە قسەكانی پێبكەنن.
پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وەكو لە سەحیحی بوخاری  و موسلیمدا هاتووە فەرموویەتی: (َإِنَّ الْعَبْدَ لَيَتَكَلَّمُ بِالْكَلِمَةِ مِنْ سَخَطِ اللَّهِ لَا يُلْقِي لَهَا بَالًا يَهْوِي بِهَا فِي جَهَنَّمَ).واتە: بەندە هەندێ جار قسەیەك دەكات بەلای خۆیەوە زۆر ئاساییە بەڵام دەبێتە مایەی توڕەبوونی پەرورەدگاری و بەهۆی ئەو تەنها قسەوە دەخرێتە دۆزەخەوە.
ئینجا سەبارەت بە گاڵتە كردن، بنەمایەكی ئوسوڵی لەلای زانایان هەیە كە یەك دەنگن لەسەری ومایەی ئەوەیە ئەو جۆرە كەسانەی كە ئایەتەكانی قورئان دەكەن بە نوكتە لێی بترسن و لەو جەهالەتەیان پاشگەز ببنەوە ، بنەماكەش بریتییە لە : (المزح بالكفر : كفر باتفاق العلماء) واتە: بە یەكدەنگی زانایان گاڵتە كردن بە شتێك كە خۆی كوفرە دەبێتە كوفر با تەنها مەبەستی گاڵتە و سوعبەتیش بووبێت، وەكو چۆن بۆ نمونە پیاویك بە گاڵتەو سوعبەتەوە بە ژنەكەی بڵێت تەڵاقت كەوتبێت ئیتر تەڵاقی دەكەوێت، چونكە هەندێ شت هەیە سوعبەتی تێدا نییە! . ئیتر بۆچی دەبێت لە پێناو ئەوەی كەسێك خۆی بكاتە گاڵتەجاڕی خەڵكی و پێی پێبكەنن و دینی خۆی بخاتەوە خەتەرەوە، ئەوە چی داماوییەكە كەسیك خۆی بە مامۆستا، یان مەلا، یان ئیسلامی بزانێت و هیوایەتی ئەوە بێت خەڵكی بە قسەكانی پێبكەنن و بێ شەرمیشی بگاتە ئەو ئاستەی بابەتە پیرۆزەكانی دین بكاتە مادەی گاڵتە و پێكەنین، لە شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە بۆ ئەو مەبەستە نزمە كار و كۆشش بكات، بەڕاستی بۆ ئەو جۆرە كەسانە  جێگەی خۆیەتی پێیان بوترێت: (إن مما أدرك الناس من كلام النبوة الأولى: إذا لم تستحِ، فاصنع ما شئت) رواه البخاري.
 لە ڕاستیدا هەركێ ئایەتێكی قورئان، یان فەرموودەیەكی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بكاتە هۆكارێكی گاڵتە كردن و نوكتە و پێكەناندنی خەڵكی، ئەو كەسە ئاستێكی لە نزمیدا بڕیوە و  كارێكی زۆر ناشیرین و قێزەونی كردووە و سەركێشی بە دین و ئیمانی خۆیەوە كردووە، چونكە هەموومان دەزانین ئەو بەسەرهاتەی لە سوڕەتی التوبة دا هاتووە هەندێ قسەو باس بوو تەنها بۆ سوعبەت و گاڵتەكردن و كات كوشتن كردبوویان، لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆیەوە لە دین دەرچوون و پاساوەكەیان وەرنەگیرا:  (وَلَئِن سَأَلْتَهُمْ لَيَقُولُنَّ إِنَّمَا كُنَّا نَخُوضُ وَنَلْعَبُ قُلْ أَبِاللَّهِ وَآيَاتِهِ وَرَسُولِهِ كُنتُمْ تَسْتَهْزِئُونَ). واتە: كە پرسیاریان لێ بكەیت بۆ گاڵتەتان بە الله و بە قورئان و بە پێغەمبەرەكەی صلی الله علیه و سلم كردووە ، لە وەڵامدا  پێت دەڵێن: ئێمە ئەو قسانەمان تەنها بۆ سوعبەت و قسەی خۆش بوو هیچ مەبەستێكمان نەبوو گاڵتە بەدینی ئیسلام بكەین! ئینجا ئەم ئایەتانە دەربارەی كەسانێك دابەزیوە كە لەناو سوپای موسوڵماناندا بوونە بەرەو غەزای تەببوك ڕۆیشتون، ئیمانداریش بوونە بە دەقی ئایەتەكە( لَا تَعْتَذِرُواْ قَدْ كَفَرْتُم بَعْدَ إِيمَٰنِكُمْ) واتە: داوای لێبوردن مەكەن ئێوە دوای ئەوەی ئیماندار بوون جارێكی تر بێ ئیمان بوونەوە! ئەوان تەنها مەبەستیان ئەوە بووە كە كات بەسەر بەرن و دووری ڕێگاكە لەسەر خۆیان ئاسان بكەنەوە لەگەڵ ئەوەشدا بیانووەكەیان ڕەتكرایەوەو بەو هۆیەوە ئەو كارەساتەیان بەسەردا هات، ئەم ئایەتانە هەندێ لە زانایان دەڵێن لەسەر مونافیقان دانەبەزیوە، بەڵكو هەر  ئەو كەسانە موسوڵمان و ئیمانداریش بوونە بەڵام جاهیل بوونە و جەهلەكەیان فریایان نەكەوتوە. ئەگەر ئەم ئایەت و بەسەرهاتە جێبەجییش نەبێتە سەر ئەم جاهیلانەی لای خۆماندا، خۆ پێویستە ببێتە پەند و عیبرەت بۆیان و ببێتە هۆكارێكی ترسێنەر و مایەی بیركردنەوە بۆ خۆیان و بۆ ئەوانەی لە كۆڕی ئەو جۆرە كەسانەدا دادەنیشن و پەخشی دەكەن و هانی دەدەن تەنها بۆ ئەوەی بەهەر نرخێك بووە ئەگەر بەگاڵتە كردن بە ئایەتەكانی قورئانیش بووە، كورسییەكی شەق و شڕی بێ بایەخی لەدین دورخەرەوەی پێ زیاد بكەن و پێیشیان ناكرێت.
ئینجا واجبە لەسەر هەركەسێك كە گوێی لەو جۆرە قسانە دەبێت چی لە كۆڕو مەجلیسێكدا بێت، یان لەبەرنامەیەكی ڕاگەیاندنەكانەوە بێت،  واجبە لەسەر گوێگری ئەو تاوان و كارە دزێو وناپەسەندە لە ڕووی شەرعەوە، نكۆڵی لێ بكات و ئەو كەسە لەو لادانە ترسناكەی وریا بكاتەوە، ئەگینا پێویستە لە قسەو كارەكەی بەری بێت، نەك پێی پێبكەنێ. الله تعالی لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی:(وَقَدْ نَزَّلَ عَلَيْكُمْ فِي الْكِتَابِ أَنْ إِذَا سَمِعْتُمْ آيَاتِ اللَّهِ يُكْفَرُ بِهَا وَيُسْتَهْزَأُ بِهَا فَلَا تَقْعُدُوا مَعَهُمْ حَتَّىٰ يَخُوضُوا فِي حَدِيثٍ غَيْرِهِ ، إِنَّكُمْ إِذًا مِّثْلُهُمْ ۗ إِنَّ اللَّهَ جَامِعُ الْمُنَافِقِينَ وَالْكَافِرِينَ فِي جَهَنَّمَ جَمِيعًا) النساء/140. لەم ئایەتەدا الله تعالی داوامان لێ دەكات و فەرمانمان پێ دەكات لە كوێ بینیمان گاڵتە بە ئایەتەكانی الله تعالی دەكرێت ئەو كۆڕو كۆمەڵە بەجێ بهێڵین و بەوە ڕازی نەببین، نەك پێی پێبكەنین ولایك و كۆمێنتی بۆ بكەین، یان بەرگری لێ بكەین و پاساوی بۆ بهینینەوە ! چونكە بەڕاستی وەكو پێشەوا (القرطبي) فەرموویەتی:  (فدل بهذا على وجوب اجتناب أصحاب المعاصي إذا ظهر منهم منكر؛ لأن من لم يجتنبهم فقد رضي فعلهم، والرضا بالكفر كفر، قال الله عز وجل: {إنكم إذاً مثلهم) واتە ئەو ئایەتە ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەركێ خۆی لەوانەی گاڵتە بە ئایەتەكانی قورئان دەكەن و دەیكەن بە نوكتە بۆ ئامانجی پێكەناندنی خەڵكی و مەرامی تر، ئەگەر دوور لەوانە نەگرێت و لێیان بەری نەبێت ئەوە وەكو ئەوەیە بەكارەكەیان ڕازی بووبێت و ئەویش حاڵی وەكو حاڵی ئەوانە.
من سەرم لەم كوردە سوڕماوە بۆ ئەوەندە حەزیان بە پێكەنین و نوكتەیە؟ لە كاتێكدا بە هەموو واتایەك و بە پێوەر و حوكمی عەقڵ و مەنتیق بێت،  دەبوو خەریكی  گریان بن بۆ حالی خۆیان، كە هەم لە دین و هەم لە دونیا، لە پاشەكشەیەكی بەردەوامدان !
بۆیە با كەسانێك كە لەبەرنامەی تەلەفزیوۆنی و لە بۆنەی تردا  دەردەكەون، لەبەر هیوایەتێكی نزم و ناشەرعی دین و ئیمانی خۆیان نەخەنە ژێر پرسیارەوەو ئایەتەكانی الله تعالی نەكەنە مادەی پێكەنین، با شەرم بكەن لە الله تعالی و لێی بترسن، ئەگەرنا پەروەردگار  خۆیان و ئەوانەش كە لە پشتی ئەوانن، لەوە زیاتر سووكی دونیا و دوا ڕۆژیان دەكات.
چەند ساڵێكە بە هۆی زۆربوونی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاوە، لێرەو لەوێ دەبینین بۆ نموونە مەلایەكە و خەڵكی بەدەوریدا كۆبووەتەوە و ئەویش خۆی كردووەتە گاڵتەجاڕ بۆیان قسە دەكات و نوكتە ئەڵێت وزۆر جار بۆ ئەو مەبەستە دەعوەت ئەكرێت و كاتی پێ بەسەر ئەبڕیت و پێی رائەبوێن!  هەندێكی تریش لەو مەلایانە هەندێ  جار بە قسەی خۆش و حەلەق و مەلەقەوە ناوەستن بەڵكو گۆرانیش دەلێن و دەیكەن بە گەعدەی ئیسلامی! لە كاتی سەفرەو دەرچووندا بۆ دەشت و دەر!  یان كەسانێكی تر لەبەرنامە و چاوپێكەوتندا هەوڵ وكۆششیان، هەموو توانا و لێهاتوویی و جوامێرییان ،  ئەوەیە قسە بكەن و نوكتە بگێڕنەوە و بینەران بە قسەكانیان پێبكەنن و قسەكانیان لەم لاو ئەولا بگێڕنەوە  ئیتر با لەسەر  ئایەتەكانی قورئانیش بێت و العیاذ بالله، چونكە بەلایانەوە گرنگ ئەوەیە  پێكەنین بخەنە سەر لێوی پێشكەكاری نەفام  و میوانی لە ئەو نەفامتر و لەدوای ئەوانیشەوە ئەو بینەرانەی كە لە هەموو شتێكدا شارەزان و كەس لێیان ناباتەوە جگە لە دینەكەیاندا نەبێت هیچی لێ نازانن وتەقەی سەریان دێت! 
 الله تعالی هیدایەتیان بدات و لە عەقیدە و تەوحید و زانستی شەرعی شارەزایان بكات و لە داوی ئەو گومڕایانەی كە هانیان دەدەن و سەكۆیان بۆ دەڕەخسێنن ڕزگاریان بكات.
من لەم چەند دێڕەدا مەبەستم دابەزاندنی حوكمی شەرعی نەبووە بەسەر ئەو كەسانەی ئەم جۆرە كارە دەكەن، چونكە ئەوە هەندێ پرسیار و لێوردبوونەوەی زیاتری پێویستە و ڕەنگە من مەبەستم نەبێت لێرەوە لەسەر ئەو باسە هیچ بڵێم وەكو حوكمی شەرعی، چونكە وەكو وتم دەبێت ڕەچاوی كۆمەڵێك ئیعتیباری جیا جیا بكرێت، بەڵام ئەوەی كە مەبەستم بوو  وروژاندنی بابەتەكە بوو  بە پلەی یەكەم، بۆ ئەوەی خەڵكی بزانن ئەوە بابەتێكی هەستیارە قبوڵی نەكەن و نكۆڵییان لێ بكەن، مەخابن لەناو خەڵكی و لە بازاڕ و لە ماڵەكانیشدا ئەو جۆرە نوكتانە لەسەر الله و قورئان و دینی ئیسلام وەكو گاڵتە جاڕی دەبیسترێت لەلایەن كەسانێكەوە ڕەنگە نوێژی جەماعەتیان نەڕوات و لە قسەی زل و دروشمی قەبەدا بەشی كەسیان نەدابێت و كەس لێیان نەباتەوە! 
هۆكارێكی تری نووسینەكەم لەسەر ئەم بابەتە ئەوەیە وەكو بانگەواز و بەرگری بێت لە دینەكەم و ئیقامە حوججەش بێت لەسەر ئەو كەسانەی كە ئەم كارە ناشەرعی و ناشیرینە دەكەن یان پێی ڕازین و پێی پێدەكەنن! هەروەها وەكو شەرمەزار كردن و بەرائەت دەربڕینێك بێت لەو كارە نابەجێ و ترسناكەی كە هەندێك لە كوردە ئیسلامییەكان ماوەیەكە دەستیان داوەتێ و بەم دواییە فێری بوونە و هیچ نەماوە بیكەن بە نوكتە و مادەی پێكەنین ئایەتەكانی قورئان نەبێت!

إحسان برهان الدین
26 ذو الحجة 1442
5 آب 2021



  ژمارەی بینین 582

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram