دڵم تونده له‌به‌ر تاوانه‌کانم هه‌رچه‌نده تۆبه‌م کردووه .؟ السلام عليكم ورحمته الله وبركاته زۆر سوپاستان ده‌که‌م گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م بده‌نه‌وه زۆر ئازار ده‌چێژم. من ساڵانی ڕابردوو گوناهم زۆر کردووه تۆبه‌م کردووه، دڵم زۆر تونده ده‌ڵێم خوای گه‌وره لێم خۆش نابێت، توخوا وه‌ڵامم بده‌نه‌وه، چۆن بيربكهوه دڵم خۆش بێت.؟ سوپاس خوا پاداشتتان بداته‌وه. به ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان. سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌علیه وسلم) و هه‌روه‌ها له ئال و یارانی. بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزتان: کارێکی باشه له سزای خوا ده‌ترسی، چونکه هه‌رکه‌سێ ترسی له مه‌کر و تۆڵه‌ی خوا نه‌مێنێ، یان له‌خۆبایی بووه یاخود نه‌زان و گه‌مژه‌یه، خوای گه‌وره فه‌رموویه‌تی أَوَأَمِنَ أَهْلُ الْقُرَىٰ أَنْ يَأْتِيَهُمْ بَأْسُنَا ضُحًى وَهُمْ يَلْعَبُونَ* أَفَأَمِنُوا مَكْرَ اللَّهِ ۚ فَلَا يَأْمَنُ مَكْرَ اللَّهِ إِلَّا الْقَوْمُ الْخَاسِرُونَ[الأعراف:٩٨ و٩٩] واته: ئایا خه‌ڵکی ئه‌و شارانه ترسیان نه‌بوو له‌وه‌ی که سزای ئێمه‌یان بۆ بێت له چێشته‌نگاودا له کاتێکدا یاری و گاڵته ده‌که‌ن. جا ئایا له پیلانی خوا نه‌ترسان و بێ باك بوون ده‌ی که‌س له پیلانی خوا دڵنیا نابێت جگه له که‌سانی زه‌ره‌رمه‌ند(ته‌فسیری پوخته‌ی قورئان). که‌واته موسوڵمانی پاک و ڕاستیش نابێت دڵی خۆی خامۆش بکات له ترسی خوا و غه‌زه‌بی، ئه‌وه‌تا پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم) کاتێک مانگ گیران و خۆر گیران ده‌بوو یاخود هه‌ورێکی ڕه‌ش په‌یدا ده‌بوو، ده‌ترسا و پیوه‌ی دیار بوو، ده‌ترسا له‌وه‌ی عه‌زابی خوا بێت.. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ش زۆر کاری باش و شت هه‌یه باوه‌ڕدار هێور ده‌کاته‌وه و ئارامی پێ ده‌به‌خشێ که به ئومیدی خوا سزای خوا نایگرێته‌وه و به‌ڵکو ڕه‌حمه‌ت و به‌زه‌یی خوا ده‌یانگرێته‌وه. له‌وانه وه‌کو ئیمانی ڕاسته‌قینه، خوای گه‌وره فهرموویهتیالَّذِينَ آمَنُوا وَلَمْ يَلْبِسُوا إِيمَانَهُمْ بِظُلْمٍ أُولَٰئِكَ لَهُمُ الْأَمْنُ وَهُمْ مُهْتَدُونَ[الأنعام:٨٢] واته: ئه‌وانه‌ی که بڕوایان هێناوه و بڕواکه‌یان تێکه‌ڵ به سته‌م (هاوه‌ڵ دانان) نه‌کردووه هێمنی و ئاسایش ته‌نها بۆ ئه‌وانه‌یه هه‌ر ئه‌وانه‌ش ڕێنمایی کراوون. تۆبه‌کردن؛ ئه‌گه‌ر تۆبه‌ی ڕاسته‌قینه بکرێت، به‌ڵێنی خوایه له تاوانه‌که خۆش ده‌بێ و وه‌کو ئه‌وه حیسابی بۆ ده‌کرێ ئه‌نجامی نه‌دابێت، خوای گه‌وره‌ش به‌ڵێنی خۆی ناشکێنێ. به‌سه‌رهاتی پێشینانمان؛ وه‌کو گه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌مری کوری عاس-خوا لێی ڕازی بێت- له دوای(٢٣) ساڵ له دژایه‌تی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) به‌ڵام کاتێک گه‌ڕایه‌وه، پێغه‌مبه‌ری خوا موژده‌ی پێدا که ئیسلامبوونت هه‌مووی پێشووت ده‌سڕێته‌وه، یاخود بکوژی خۆشه‌ویسترین که‌سی پێغه‌مبه‌ر(صلى الله عليه وسلم) که مامی بووه، حه‌مزه-خوا لێی ڕازی بێت- سه‌روه‌ری شه‌هیدانی به‌هه‌شت له‌لایه‌ن وه‌حشی ڕه‌ش پێشته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تۆبه و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆلای خوا، قه‌بووڵ کرا و خوای گه‌وره به‌خشی.. به‌ڵام ئه‌م پیاوانه کاتێک گه‌ڕانه‌وه بۆلای خوا، هه‌مان ئه‌و هه‌سته‌ی تۆیان هه‌بووه، دوای ئه‌وه‌ش بۆیان ده‌رکه‌وت زۆرێک له ته‌مه‌نیان له خۆڕایی و خهسارهتدا به‌سه‌ر بردووه، هاتن تۆڵه‌ی ڕابردووه بکه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستیان دایه کاره گه‌وره‌کان وه‌کو جیهاد و بانگه‌واز له پێناوی خودا، ئه‌وه‌بوو له‌سه‌ر ده‌ستی عه‌مر ته‌واوی میسر ڕزگار کرا و بانگه‌وازی ئیسلامی تێدا جاڕ درا، وه‌حشیش وه‌کو چۆن حه‌مزه‌ی شه‌هید کرد، موسه‌یله‌مه‌ی درۆزنیشی کوشت که بانگه‌وازی پێغه‌مبه‌رێتی ده‌کرد و موسوڵمانای تووشی فیتنه کرد. ئێوه‌ش ده‌توانن به‌زووی خۆتان پێبگه‌یه‌نن و شاره‌زا بکه‌ن له ئیسلام ئه‌وجا ده‌ست بده‌نه کاره گه‌وره‌کان، وه‌کو ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی بانگ بکه‌ن بۆ ئیسلام.. کارێک بکه‌ی دڵت پێی خۆش بێت بۆ لای خوا و ئومێدتت هه‌بێت پێی قه‌ره‌بووی گوناهه‌کانت بکاته‌وه. شه‌ونوێژ و پاڕانه‌وه؛ شه‌ونوێژ له کاره گرانهکانه، به هه‌موو که‌س ئه‌نجام نادرێ، ده‌بێته هۆی سڕینه‌وه‌ی گوناهه‌کانیش.. بپاڕێێتهوه له خوا دڵت ئارام بکات، په‌نا به‌ره به‌ر نوێژه‌کان، خوای گه‌وره وای فهرمووهوَاسْتَعِينُوا بِالصَّبْرِ وَالصَّلَاةِ ۚ وَإِنَّهَا لَكَبِيرَةٌ إِلَّا عَلَى الْخَاشِعِينَ * الَّذِينَ يَظُنُّونَ أَنَّهُمْ مُلَاقُو رَبِّهِمْ وَأَنَّهُمْ إِلَيْهِ رَاجِعُونَ[البقرة:٤٥ و٤٦] واته: په‌نا ببنه بهرئارام گرتن و نوێژ(بۆ گه‌یشتن به مه‌به‌ست) وه بێگومان نوێژ(ئه‌رکێکی) گه‌وره‌و گرانه مه‌گه‌ر لای ئه‌وانه نه‌بێ که‌له‌خوا ئه‌ترسن واته خۆیان به‌زل نازانن، ئه‌وانه‌ی که پێیان وایه بێگومان به خزمه‌ت په‌روه‌ردگاریان ده‌گه‌ن وه ئه‌وان دڵنیان بۆ لای ئه‌و ده‌گه‌ڕێنه‌وه. ئیستیغفاری زۆر: پێغه‌مبه‌ری خوا(صلى الله عليه وسلم) فه‌رموویه‌تی"طوبى لمن وجد في كتابه استغفاراً كثيراً" رواه ابن ماجه والنسائي والطبراني . واته: خۆشبه‌ختی بۆ که‌سێک له نامه‌ی کرده‌وه‌کانیدا ئیستیغفاری زۆر ببینێته‌وه و تۆمار کرابێت. ئه‌مه‌ش بخوێنه‌وه ٢٨٣٨ . خوای گه‌وره‌ش زاناتره (جل وعلا). وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم. - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره شه‌رعییه‌کان/ ده‌نگی ئیسلام.