له خوا دوورم، چۆن بگه‌ڕێمه‌وه .؟ من نوێژه‌کانم ناکه‌م و خراپه‌ی زۆریشم کردووه! نازانم چۆن بگه‌ڕێمه‌وه و خۆم چاك بکه‌م؟! به ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان. سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌علیه وسلم) و هه‌روه‌ها له ئال و یارانی. بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزتان: بزانه ئه‌ی برای له‌خوادوور، تۆ هێشتا به‌دبه‌خت نه‌بوویت له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو له‌خوادووری و تاوانانەی کردوونت، چونکه دڵت په‌شیمانی تێدایه و ده‌ته‌وێت بگه‌ڕێیته‌وه! خوای گه‌وره‌ش ئه‌و ته‌مه‌نه درێژه‌ی پێداوین بۆ ئه‌وه‌یه له هه‌ر ساتێکدا بێت، عیبره‌ت وه‌ربگرین و به‌خۆماندا بچینه‌وه و به‌ندایه‌تیی بۆ بنوێنین، خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: وَلَوْ يُؤَاخِذُ اللَّهُ النَّاسَ بِمَا كَسَبُوا مَا تَرَكَ عَلَىٰ ظَهْرِهَا مِنْ دَابَّةٍ وَلَٰكِنْ يُؤَخِّرُهُمْ إِلَىٰ أَجَلٍ مُسَمًّى فَإِذَا جَاءَ أَجَلُهُمْ فَإِنَّ اللَّهَ كَانَ بِعِبَادِهِ بَصِيرًا[فاطر: ٤٥]. واته: وه ئه‌گه‌ر خوا قار بگرێت له خه‌ڵکی (تۆڵه‌یان لێبسێنێت) له‌به‌ر ئه‌و (خراپانه‌ی) کردوویانه، هیچ گیاندارێکی به‌سه‌ر زه‌وییه‌وه نه‌ده‌هێشت، به‌ڵام (خوا) مۆڵه‌تی ئه‌وان ده‌دات تا ماوه‌ی دیاریکراو ئینجا کاتێك ماوه‌که‌یان (کۆتایی) هات (ده‌یانمرێنێت) جا بێ گومان خوا به به‌نده‌کانی ئاگادار و بینایه. خوای گه‌وره له به‌زه‌یی و ڕه‌حمی خۆیه‌تی مۆڵه‌تی داوه‌ته ئاده‌میزاده‌کان. ئه‌و ده‌زانێت ئێمه تاوان ده‌که‌ین و سنووربه‌زاندن و ته‌نانه‌ت سته‌م له غه‌یری خۆشمان ده‌که‌ین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له دایکمان بەبه‌زه‌ییتره بۆمان. ئێمه به‌زه‌ییمان به‌خۆماندا نایه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و پێی خۆش نییه سزامان بدات ئه‌گه‌ر شایسته‌ی نه‌بین! هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه هه‌زاران پێغه‌مبه‌ری ناردووه، له‌گه‌ڵ چه‌ندین کتێب و په‌یام بۆ ئه‌وه‌ی بیرمان بخاته‌وه به‌ڵکوو بگه‌ڕێنه‌وه ژێر به‌ندایه‌تی و واز بهێنن له‌و خراپه‌کارییه‌ی کردوومانه. فیرعه‌ون ده‌یوت من خوام و جگه له خۆم خودایه‌کی تر نییه هه‌تا بیپه‌رستن، به‌ڵام ئه‌و مووسا و هاروونی برای -سه‌لامی خوایان لێبێت- بۆ نارد و پێی فه‌رموون به‌نه‌رمی له‌گه‌ڵی بدوێن به‌ڵکوو بیر بکاته‌وه یان بترسێت؛ فَقُولَا لَهُ قَوْلًا لَيِّنًا لَعَلَّهُ يَتَذَكَّرُ أَوْ يَخْشَىٰ[طه: ٤٤]. واته: جا قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌ن به‌نه‌رمونیانی به‌ڵکوو بیر بکاته‌وه یا بترسێت له سزای خوا. پیاوێك (١٠٠) که‌سی کوشتبوو له‌پێشی ئیسلام و سه‌رده‌می خاوه‌ن کتێبه‌کانی پێشمان، به‌ڵام ده‌گه‌ڕا بۆ ئه‌وه‌ی تۆبه بکات و بگه‌ڕێته‌وه. چووه لای پیاوچاك و زانایه‌ك داوای ئه‌وه‌ی لێکرد ڕێگای تۆبه و لێبوردنی خوایی نیشان بدات، ئه‌ویش بێئومیدی نه‌کرد، به‌ڵام پێی وت پێویسته تۆبه بکه‌یت و خاکی تاوان به‌جێ بهێڵیت بۆئه‌وه‌ی یارمه‌تی خۆت بده‌یت و له تاوانه‌کان دوور بکه‌ویته‌وه. ئه‌ویش به‌گوێی کرد و هه‌ستا ئه‌و ئاوایییه‌ی به‌جێ هێشت به‌ره‌و جێگایه‌کی تر بۆئه‌وه‌ی خواپه‌رستی تێدا بکات و ژیانی به‌ندایه‌تی هه‌ڵبژێرێت. له ڕێگا مرد. هه‌ردوو تاقمی مه‌لائیکه‌ی به‌هه‌شت و دۆزه‌خ دابه‌زین بۆ ئه‌وه‌ی بیبه‌ن له‌گه‌ڵ خۆیان. ئه‌وانه‌ی دۆزه‌خ وتیان ئه‌م پیاوه هه‌موو ژیانی خراپه بووه و چاکه‌یه‌کی نییه، بۆیه پێویسته به‌ره‌و دۆزه‌خ ڕاکێشی بکه‌ین. ئه‌وانه‌ی به‌هه‌شتیش وتیان به‌ڵام ئه‌و تۆبه‌ی کردووه و ویستی وا بووه له‌مه‌ودوا واز له خراپه بهێنێت و به‌ندایه‌تی و چاکه‌کاری بکات. خوای به‌ڕه‌حم و بەبه‌زه‌ییش ده‌بینێت، بۆیه فه‌رمانی دایه مه‌لائیکه‌یه‌ک هه‌تا بچێت دادوه‌ری بکات له نێوانیان. ئه‌وه بوو فه‌رمووی: با سه‌یر بکه‌ین ئێستا له کام خاکه‌وه نزیکه، له خاکی تاوانه‌کانی یاخود نزیکتر بۆته‌وه له‌و جێیه‌ی هه‌ڵیبژاردووه ڕووی تێ بکات. خوای گه‌وره بینی هێشتا له خاکی گوناهه‌وه نزیکه، بۆیه ڕه‌حمی پێ‌کرد، ئه‌و شوێنه‌ی ویستی لێ‌بوو ڕووی تێبکات نزیکی کردووه و ئه‌و ئاواییه‌ش تێدا خراپه‌کاری ده‌کرد، دووری خسته‌وه. مه‌لائیکه‌کانیش دوای ئه‌وه‌ی پێواندیان بینیان له خاکی تۆبه و چاکه‌کاری نێزکتر بۆته‌وه، بۆیه ڕۆحه‌که‌ی که‌وته لای مه‌لائیکه‌کانی به‌هه‌شت و له‌گه‌ڵ خۆیان بردیان.. ئه‌وه چووه به‌هه‌شته‌وه له‌کاتێکدا هیچ چاکه‌یه‌کی ئه‌نجام نه‌دابوو و خوێنێکی زۆریشی به‌ناهه‌ق ڕشتبوو!!! به‌ڵام نییه‌تی پاک و ڕاسته‌قینه و هه‌نگاونانی به‌ره‌و چاکه به‌سی بوو بۆ ئه‌وه‌ی خوای گه‌وره ڕزگاری بکات.. مێردمنداڵێکیش گیانی ئه‌دا، جووله‌که بوو، دراوسێی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) بوو. پێغه‌مبه‌ر هاته سه‌ردانی، داوای لێکرد شه‌هاده‌ت بهێنێت بۆئه‌وه‌ی به‌موسڵمانی بمرێت. ئه‌ویش ده‌ترسا و حه‌زی ده‌کرد، به‌ڵام سه‌یری باوکی ده‌کرد هه‌تا ئیزنی بدات. باوکه‌که‌ش ده‌یزانی موحه‌ممەه‌د پێغه‌مبه‌ره (صلى الله عليه وسلم)، بۆیه به کوڕه‌که‌ی وت: به‌گوێی باوکی قاسم (مه‌به‌ستی پێغه‌مبه‌ر بوو) بکه! ئه‌وجا شه‌هاده‌ی هێنا و گیانی ده‌رچوو. پێغه‌مبه‌ری خواش (صلى الله عليه وسلم) فه‌رمووی: سوپاس بۆ خوا که به‌هۆی منه‌وه ڕزگاری کرد. وەحشیی ڕه‌شپێستیش بۆئه‌وه‌ی له کۆیلایه‌تی ڕزگاری بێت، ڕازی بوو خۆشه‌ویسترین مامی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) بکوژێت. له شه‌ڕی ئوحود حه‌مزه‌ی شه‌هید کرد. پێغه‌مبه‌ری خوای زۆر ئازار دا، به‌ڵام نه‌یتوانی ڕێگای لێبگرێت بۆ هیدایه‌ت و موسڵمانبوون، چونکه ده‌رگای خوا کراوه‌یه بۆ هه‌موو که‌س و ئه‌ویش بۆ ڕێنموویی نێردراوه. له‌به‌رئه‌وه هات و موسوڵمان بوو. خوا و پێغه‌مبه‌ریش (صلى الله عليه وسلم) قه‌بووڵیان کرد. خالیدی کوڕی وه‌لید موسوڵمانانی شکاند له شه‌ڕی ئوحود و بووه هۆی کوژرانی (٧٠) له هاوه‌ڵه‌کانی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)، به‌ڵام کاتێك دڵی نه‌رم بوو و ڕاستیی بۆ ڕوون بوویه‌وه، هات و تۆبه‌ی کرد و لێی قه‌بووڵ کرا. عیکره‌مه‌ی کوری ئه‌بووجه‌هل و عه‌مری کوڕی عاسیش (٢٣) ساڵ دژایه‌تیی پێغه‌مبه‌ر و ئیسلامیان کرد، به‌ڵام له‌دوای ڕزگارکردنی مه‌ککه، دڵنیان نه‌رم بوو. پێغه‌مبه‌ری خواش (صلى الله عليه وسلم) باوه‌شی سۆزی بۆ کردنه‌وه و بوونه موسوڵمان. عه‌مر وتی به‌ڵام ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله عليه وسلم)، من مه‌رجم هه‌یه هه‌تا موسوڵمان بم! فه‌رمووی: مه‌رجه‌که‌ت چییه؟ وتی: خوا لێم خۆش بێت له هه‌موو ئه‌وه‌ی ڕابردوو کردوومه. فه‌رمووی: ئه‌ی عه‌مر، ئیسلام ئه‌وه‌ی پێشووی ده‌سڕێته‌وه؛ واته هه‌ر به وتنی شه‌هاده‌ت به دڵ و زمان ئیتر ده‌گه‌ڕێیته‌وه ئه‌و ساته‌ی له‌دایکبوویت، بێ هیچ گوناهـ و که‌مته‌رخه‌مییه‌ك، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره هه‌موویان بۆ ده‌گۆڕێت به چاکه و له ته‌رازووی چاکه‌کانی هه‌ڵده‌گیرێن و له دواڕۆژ پاداشتی له‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت. ئای که چه‌ند خوایه‌کی بەبه‌زه‌ییه!!! پێش ئه‌وه‌ی موسوڵمان بێت، ئه‌و تاوانانه دانه‌یه‌کیان به‌س بوو بۆئه‌وه‌ی پێی بچێته ئاگر و بۆ هه‌تاهه‌تایه پێیانه‌وه بسووتێت، به‌ڵام ئێستا چونکه په‌شیمانه و ده‌یه‌وێت دان بنێت به مافی خوایه‌تیی خوا و ملکه‌چی ده‌رده‌برێت بۆ په‌یامه‌کانی، هه‌موو ئه‌و گوناهانه ده‌گۆڕێت بۆ چاکه و پاداشتیان له‌سه‌ر ده‌داته‌وه. خوای گه‌وره ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌یان بۆ ڕوون بکاته‌وه که ئێوه ئه‌ی بێباوه‌ڕان و یاخیبووان، ئه‌گه‌ر له هه‌ر ساتێك گه‌ڕانه‌وه به‌ڕاستی و به‌پاکی، من قه‌بووڵتان ده‌که‌م و خه‌میش مه‌خۆن قه‌ره‌بووی ئه‌وه‌ی پێشووشتان بۆ ده‌که‌مه‌وه به‌وه‌ی هه‌موویتان بۆ ده‌گۆڕم بۆ چاکه هه‌تا بێهیوا و غه‌مبار نه‌بن!! ئه‌وان پێشتر خوایان تووڕه کردووه، کوفریان پێکردووه، ئازاری به‌نده‌کانیان داوه، خراپه‌یان له زه‌ویدا بڵاو کردۆته‌وه، به‌ڵام خوای گه‌وره و به‌ڕه‌حم ده‌رگای تۆبه‌ی له‌سه‌ر دانه‌خستوون و دڵه‌کانیانی قفڵ نه‌کردووه، به‌ڵکوو له هه‌ر ساتێکدا بگه‌ڕێنه‌وه نقوومی به‌زه‌یییه‌کانی خۆیان بکات. ئه‌وانیش دوای ئه‌وه‌ی زانییان له‌پێشدا له چ تاریکی و گومڕاییه‌کدا بوون، بۆیان ڕوون بوویه‌وه چه‌ندێک له ته‌مه‌نیان به‌خه‌سار له‌سه‌ر ڕۆیشتووه، ده‌سه‌وسان نه‌وه‌ستان و به که‌م ڕازی نه‌بوون!! به‌ڵکوو خه‌میان بوو چۆن بتوانن پێشکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه بکه‌ن که له سه‌ره‌تای ئیسلامه‌وه موسوڵمان بوون. چونکه خه‌ڵاته‌که به‌هه‌شته و پله‌وپایه به‌رزه‌کانیش به‌پێی ماندووبوون و کرده‌وه و تێکۆشانه، هه‌ربۆیه پشتێنیان لێ توند کرد و عه‌زیمه‌تیان به‌ست بۆ ئه‌وه‌ی هه‌تاوه‌کو مردن له‌پێشه‌وه‌ی خزمه‌تی بانگه‌وازی ئیسلام و موسوڵماناندا ئه‌وه‌ی ماویانه له ژیان به‌سه‌ری به‌رن. وه‌حشی-خوا لێی ڕازی بێت- چۆن بووه هۆی کوشتنی مامی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)، به‌ڵام توانیی یه‌کێك له ئه‌و سه‌رانه بکوژێت (موسه‌یله‌مه‌ی درۆزن) که بانگه‌شه‌ی پێغه‌مبه‌رێتی ده‌کرد له جه‌نگی یه‌مامه. عه‌مری کوری عاس -خوا لێی ڕازی بێت- له‌گه‌ڵ قافڵه‌کانی جیهاددا به‌ڕێکه‌وت به‌ره‌و شام و له ڕزگارکردنی چه‌ندین شوێندا به‌شداری کرد، میسریش له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و ڕزگاری بوو!! هه‌تا ئێستا و هه‌تا دونیا به‌ردوام بێت، هه‌ر موسوڵمانێکی میسری قه‌رزاری ئه‌وه و یه‌کێکه له چاکه‌کانی عه‌مر. واته هه‌رچی ده‌که‌ن له عیباده‌ت و چاکه، وه‌کوو ئه‌وان پاداشتیش بۆ گه‌وره‌مان عه‌مر ده‌نووسرێت! بزانه چۆن توانیی قه‌ره‌بووی ڕابردووی بکاته‌وه! گه‌وره‌مان خالیدیش -خوا لێی ڕازی بێت- دوای هیدایه‌تی، به‌رده‌وام له‌پێشه‌وه‌ی جیهاد و خه‌باتدا بوو بۆ ڕزگارکردنی گه‌لان و میلله‌تان و گه‌یاندنی ئیسلام به گوێیاندا. جێگه‌یه‌ك نه‌مابوو له له‌شی، زامی شمشێر یان تیر و ڕمێکی پێوه نه‌بێت! هه‌زاران ڕه‌حمه‌ت له گیانی پاکی ئه‌وانه بێت و خوای گه‌وره پاداشتیان به‌رده‌وام بکات هه‌تاوه‌کوو ڕۆژی دوایی. ئێمه ئێستا موسوڵمانین و ئیسلاممان پێگه‌یشتووه هه‌مووی له چاکه و جیهادی ئه‌وانه. که‌واته تۆیش ئه‌ی برامان له مرۆڤایه‌تییه‌وه، هه‌تا که‌ی دووری و گومڕایی و سه‌رلێشێواویی؟! هه‌تا که‌ی ده‌ته‌وێت ژیانت به‌بێهووده و له خراپه‌دا سه‌رف بکه‌یت؟! دونیا و ڕۆژه‌کانت زۆریان ڕۆیشتوون و که‌میان ماوه، بۆچی په‌له ناکه‌یت و خۆت ڕزگار ناکه‌یت؟! ئه‌گه‌ر موسوڵمان بویت، ژیان و ته‌مه‌نت لێره‌وه ده‌ست پێده‌کات. بانگت ده‌که‌ین بۆ ژیانێکی پاك و به‌رز که ئه‌گه‌ر قه‌بووڵت بوو، ڕێز و بوونی خۆتی تێدا ده‌بینییه‌وه. ده‌توانیت تۆیش له‌گه‌ڵ ئێمه و براکانت له خه‌می گه‌یاندنی ئه‌م دینه‌دا هه‌نگاو بنێیت. هه‌وڵ بده‌یت زۆرترین خه‌ڵکی ڕزگار بکه‌یت له تاریکی و مه‌ینه‌تییه‌کانی دونیا و له قیامه‌تیش به‌هه‌شتیان بۆ ببێته به‌ش. ده‌توانیت ئه‌مانه‌ش بخوێنیته‌وه: ٢٧٣٧. خوای گه‌وره‌ش زاناتره (جل وعلا). وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم. - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره شه‌رعییه‌کان/ ده‌نگی ئیسلام.