سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  به‌رگی قوتابخانه‌ ئه‌گه‌ر به‌ زۆره‌ملێ پانتۆڵ بێت بۆ ئافره‌تان، چۆنه‌؟
ئەگەر جلی قوتابخانە پانتۆڵی پان و كراس بيت واتە پێویست بێت بۆ قوتابخانە پانتۆڵ لەپێ بکەیت،واتە وەک یاسای قوتابخانە وابێت، ئايا لەپێ كردني لةم حاڵەتەدا حەرامە يان نا؟ ئايا نوێژی دروستە يان نا؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 410

به ‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان. 
سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگار، دروود و ڕه‌حمه‌ت له‌ ‌پێغه‌مبه‌ری ئازیز (صلی الله‌علیه‌ وسلم) و هه‌روه‌ها له‌ ئال و یارانی. 

بۆ‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزتان:

خوێندن بۆ ئافره‌تان له‌ ئیسلامدا پێویسته‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوکردنی مه‌رجه‌ شه‌رعییه‌کانی، له‌وانه‌ش تێکه‌ڵی تێدا نه‌بێت و به‌رگی شه‌رعی(باڵاپۆش) له‌به‌ر بکات، ئه‌گه‌رچی به‌داخه‌وه‌ له‌ ئێستادا له‌ زۆرێک له‌ وڵاتانی ئیسلامیدا ده‌سته‌ڵاتداران له‌ ژێر هه‌ر ناو و بیانوویه‌ک بێت به‌ پێچه‌وانه‌ی فه‌رمانی خوا خوێندن و فه‌رمانگه‌کان به‌ڕێوه‌ ده‌بن، له‌ حاڵه‌تێکی وادا له‌سه‌ر موسوڵمانان پێویسته‌ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌توانن له‌گه‌ڵ ڕه‌زامه‌ندی خوا و قورئاندا بن نه‌وه‌ک له‌گه‌ڵ ویست و مه‌رامی سوڵتانه‌کان! کاتێک سوڵتان و قورئان جیابوونه‌وه‌ موسوڵمانه‌کان و به‌نده‌کانی خوا لایه‌نگری قورئان ده‌که‌ن و ملکه‌چی ده‌سته‌ڵات نابن، بۆیه‌ له‌م بارودۆخه‌دا خوێندن و کارکردن بۆ پیاوان و ئافره‌تان به‌پێی پێویست ده‌بێت و ته‌قواداری و خۆپارێزییش به‌پێی توانا ده‌کرێت، خوای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی: ئه‌وه‌نده‌ی ده‌توانن و پێتان ده‌کرێت ته‌قوای خوا بکه‌نفاتقوا الله مااستطعتم . 

له‌و خۆپارێزییانه‌ که‌ له‌ توانادا هه‌یه‌ وه‌کو ئه‌وه‌ی خوێندنگایه‌ک هه‌ڵبژێرێت تێکه‌ڵی تێدا نه‌بێت و ئازاد بێت له‌ باڵاپۆشی و به‌رگی ئیسلامییانه‌، ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی و ڕێگه‌ی پێ نه‌درا، وازی لێبهێنێت له‌به‌ر خاتری خوای گه‌وره‌ به‌ تایبه‌تی له‌ وڵاتانی کوفر و بێباوه‌ڕیدا چونکه‌ پاراستنی دین و ئیمانی له‌ پێشتره‌ بۆی وه‌ک له‌ خوێندن و بڕوانامه‌ی دونیایی. شایه‌نی باسیشه‌ بڕوانامه‌ دونیاییه‌کان واجب و فه‌رزێک نییه‌ که‌ پێویست بێت هه‌موو تاکێک به‌ده‌ستی بهێنێت! ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا له‌م سه‌رده‌مه‌دا له‌لای زۆرێکی خه‌ڵکی ته‌نها بۆ ناوبانگی و نان په‌یداکردنه‌، ئه‌گه‌ر وایه‌ ڕێگای دیکه‌ش هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاده‌میزاد پێی به‌ناوبانگ بێت یاخود نانی پێ په‌یدا بکات و تووشی گوناهه‌ش نه‌بێت، بۆ نمونه‌ خوێندنی شه‌ریعه‌ت، ئافره‌تێک ئه‌گه‌ر بتوانێت بڕوانامه‌یه‌کی باڵا له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا به‌ده‌ستبهێنێت زۆر زیاتر له‌ناو موسوڵماناندا ناوبانگی ده‌بێت وه‌کو له‌وه‌ی ئه‌ندازیارێک بێت، له‌مه‌شدا مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌موو ئافره‌تان ڕوو بکه‌نه‌ خوێندنی ئیسلامییانه‌ و ده‌ستبه‌رداری زانسته‌کانی ژیان ببن! 

هه‌روه‌ها ده‌کرێت به‌ وه‌رگرتنی چه‌ند کۆرس و خولێکی پێگه‌یاندن و فێربوون له‌ بواره‌ جیاجیاکانی ژیاندا زانستی بێت یان پیشه‌یی، که‌ له‌ ڕێیه‌وه‌ توانای خۆی له‌ چه‌ند بوارێکدا شاره‌زا بکات و تایبه‌تمه‌ندێتی تێدا وه‌ربگرێت، بێگومانیش له‌ به‌شداریکردنی ئه‌و خولانه‌دا وه‌کو زانکۆ و خوێندنگاکان ئه‌و مه‌رجه‌ گران و ڕێگرییانه‌یان نییه‌ له‌ نه‌پۆشتنی حیجاب و له‌چک.. 

له‌ هه‌وڵه‌کانی تر که‌ له‌ توانادا هه‌بێت به‌جێهێشتنی ئه‌و شار و وڵاته‌یه‌ که‌ ڕێگری ده‌کات له‌ باڵاپۆشی ئافره‌تان له‌ خوێندندا، چونکه‌ له‌ حاڵه‌تی بار ته‌سکبوونه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدانی فه‌رزه‌کانی خوا و ته‌نگایه‌تی، کۆچکردن و جێهێشتنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ پێویست ده‌بێت بۆ جێگه‌یه‌کی تر که‌ ئازادی تێدا بێت بۆ جێبه‌جێکردنی دینی خوا.. هه‌روه‌ها له‌و هه‌وڵانه‌ی پێویسته‌ ئه‌وه‌یه‌ موسوڵمانه‌کان پێکه‌وه‌ فشار دروست بکه‌ن له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵاتی ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ مانگرتن و وازهێنان له‌ خوێندن ئه‌گه‌ر بێت و ئاسانکاری نه‌که‌ن له‌ ئازادی موسوڵمانه‌کان، ئه‌وه‌ش پرۆژه‌یه‌ و کاربۆکردنی پێویسته‌.. 

زۆره‌ملێکردنی ئیداره‌ی خوێندنگا و سیسته‌می وڵاتێکیش له‌ پێچه‌وانه‌ی فه‌رمانی خوادا حه‌رام حه‌ڵاڵ ناکات، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ده‌توانێت له‌به‌ر خاتری خوای گه‌وره‌ وازی لێبهێنێت باشتره‌ بۆ ژیان و قیامه‌تی، ئه‌وه‌ش نایه‌وێت و به‌گوێی ئه‌و سه‌رپێچییه‌ ده‌ڕوات با هیچ نه‌بێت لایه‌نی که‌م بزانێت حه‌رامه‌، نه‌وه‌ک لێی بگۆڕێت و وابزانێت ناچارییه‌ و خوای گه‌وره‌ پێی ڕازییه‌! 

نوێژکردن به‌ حه‌رامه‌وه‌ دروست نییه‌، به‌ڵام ده‌توانیت له‌گه‌ڵ خۆتدا به‌رگی نوێژی هه‌ڵبگریت یاخود له‌ خوێندنگاکه‌ دایبنێیت و هه‌ر کاتێک نوێژت کرد به‌کاری بهێنیت..

خوای گه‌وره‌ش زاناتره ‌(جل وعلا).‌ 
وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم. 
- - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - - 
لیژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره شه‌رعییه‌کان/‌ ده‌نگی ئیسلام.

  ژمارەی بینین 725

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram