سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  زۆرترينى مونافيقەكانى ئوممەتم قورئان خوێنەكانن، چۆن.؟
پرسیار : ئایا فەرموودەی ( أكثر منافقي أمتي قراؤها) فەرموودەیەكی سەحیحە و ئایا ئەو قورئانخوێنانە دەگرێتەوە كە بوونە بە پیاوی ستەمكاران و پشتگیرییان لێ دەكەن؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3813


پرسیار : ئایا فەرموودەی ( أكثر منافقي أمتي قراؤها) فەرموودەیەكی سەحیحە و ئایا ئەو قورئانخوێنانە دەگرێتەوە كە بوونە بە پیاوی ستەمكاران و پشتگیرییان لێ دەكەن؟

شارەزایانی فەرموودە كە بە دوای ڕیگەكانی ئەم فەرموودە ڕۆیشتوون دەفەرموون 🙁 أَكْثَرُ مُنَافِقِي أُمَّتِي قُرَّاؤُهَا) واتە: زۆربەی مونافیق و دوو ڕووەكانی ئەممەتەكەم قورئانخوێنەكانە. عبدالله بن المبارك لە كتێبی الزهد و پێشەوا أحمد بن حنبل لە المسند ڕیوایەتیان كردوە وفەرموودەناس البوصيري لە كتێبی (إتحاف الخيرة المهرة) سەنەدەكەی بە صحیح زانیوە و هەروەها لە فەرمووودناسە هاوچەرخەكان مامۆستایان أحمد شاكر و ناصرالدین الألباني تصحیح یان كردووە، بەڵام هەندێ لە ڕێگەكانی وەكو ئەو ڕێگەی لە الطبراني دا هاتووە بەهۆی كەسێك لە زنجیرەی ئیسنادەكەیدا بەناوی  (الْفَضْلُ بْنُ الْمُخْتَارِ) بە لاواز حوكمی لەسەر دراوە. لە كۆی قسەی فەرموودەناساندا وا دەردەكەوێت كە فەرموودەكە سەحیحە و بەلای كەمەوە فەرموودەیەكی (حسن)ە ، بەڵام لە ڕووی ئەمانەتیشەوە  هەندێ لە زانا گەورەكانی وەكو أحمد بن حنبل كە صالح ی كوری پرسیاری سەنەدی ئەو فەرموودەی لێ دەكات سەحیحە یان نا، ڕادەوەستێت و دەڵێت الله أعلم نازانم سەنەدەكەی چۆنە. هەروەها  هەندێ لە زانا هاوچەرخەكان وەكو مصطفی العدوي بە گشتی فەرموودەكەیان بە لاواز زانیوە... والله أعلم.
سەبارەت بە مەعنای فەرموودەكە هەندێ قسەو شیكردنەوە هەڵدەگرێت لە چەند خالێكدا كورتی دەكەینەوە:
1- وشەی (قراء) بە پلەی یەكەم قورئانخوێنان دەگرێتەوە، بەڵام هاوكات لەسەردەمی پێغەمبەردا صلی الله علیه و سلم بە مەعنای زانا و شارەزا لە شەرعدا بەكارهاتووە، بۆ نموونە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم (قراء) دەنارد بۆ دەڤەرەكان بۆ ئەوەی خەڵكی فێری ئیسلام بكەن واتا شارەزا بوون لە حوكمەكانی ئیسلامدا. بەڵام لەسەر زاهیری وشەكە زیاتر هەندێ جۆر لە قورئانخوێنان دەگرێتەوە.
2- قورئانخوێن بەتایبەتی كاتێك ناوبانگ دەردەكات، ئیتر دەكەوێتە بەرانبەر تاقیكردنەوەیەكی سەخت، چونكە ڕێگای لەخۆبایبوون و بەخۆ  سەرسام بونی بۆ درووست دەبێت و زۆر جاریش پێیان دەخلیسكێت و دەچن بە دەم دەعوەتی نانخواردن دەوڵەمەند و بەرپرسەكان و وەڵامی بانگهێشتی بێ باوەڕان و ستەمكاران دەدەنەوە كە دەیانەوێت بەهۆی ئەو قورئانخوێنانەوە ڕووی خۆیان سپی بكەن و عاتیفەی خەڵكیی بۆ خۆیان ڕابكێشن، هەروەها تووشی فیتنە دەبن بەهۆی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن وتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وبەردەوام خۆیان عەرز دەكەن و نیەت و ئیخلاسیان لەو نیوەندەدا لەكەدار دەبێت و بەو شێوەش سەركێشی بەدینەكەیانەوە دەكەن و سیفەتی نیفاقیان تێدا درووست دەبیت وەكو لە فەرموودەكەدا هاتووە.
3- زانا گەورەكان كە شەرحی ئەم فەرمودەیان كردووە فەرموویانە مەبەست لەوەی كە زۆربەی قورئانخوێنانی ئوممەت مونافیق بن ئەوانەن كە قورئان ئەخوێننەوەو لەبەری ئەكەن بۆ بەدەست هێنانی سوودی دنیایی نەك ڕەزامەندی الله تعالی، یان مەبەست پێی ئەوانەن كە بۆ شوهرەت و بۆ ڕیایی ئەیخوێننەوە و ئیش و بەرژەوەندییەكی دنیاییان بەو قورئانخوێندنە هەیە. 
البغوي دەربارەی مەعنای فەرموودەكە فەرموویەتی : وقوله: «أكثر منافقي أمتي قراؤها» : فهو أن يعتاد ترك الإخلاص في العمل. واتە ڕابێت لەگەڵ نەبوونی اخلاص و ئاراستەكردنی نیەت بۆ تەنها الله تعالی لە قورئانخویندنەكەیدا و بەردەوام بیری لای ئەوە بێت بۆ نموونە چۆن شوهرەت بەدەست بهێنێت و خەڵكی بیناسن یان بەزمانی ئەم سەردەمەی خۆمان خەو بەوە دەبینێت كەی لایكی یوتیوب و پەیجەكەی بگاتە هەزاران و ملیۆنان، ئەو جۆرە هیواو ئاواتانە لە گەڵ اخلاص و پاك و بێگەردی نیەتتدا تێكدەگیرێن.
4- هەندێك لە زانایان فەرموویانە مەبەست لە نیفاقی عەمەلییە نەك بیروباوەڕ و عەقیدەیی، چونكە لە زاهیر وا دەریدەخەن تەنها مەبەستیان رەزامەندی الله یە و لە ڕاستیشدا وێڵن بەدوای بەدەستهێنانی شوهرەت و پارە و پلە و پایە بە هۆی ئەو قورئانخوێندنەوە.
5- یان مەبەست لەوانەیە بە جوانی قورئان دەیخوێننەوە و خەڵكی بە خوێندنەوەو بە دەنگخۆشییان كاریگەر دەبن، لە كاتیكدا خۆیان كاری پێ ناكەن و بە پێچەاونەی ئەو ئایەتانەی كە دەیخوێنن كار دەكەن، بۆیە سیفەتی نیفاق و هەڕەشەی فەرموودەكەیان بەردەكەوێت.
6- پێشەوا شمس الدین الذهبي لە كتێبە ناوازەكەیدا ( زغل اعلم) هێرشێكی توند دەكاتە سەر قورئانخوێنانی سەردەمی خۆی و بە زێدەڕەویی و خۆتێكدان و بە ئەنجامدانی ڕیایی تۆمەتباریان دەكات و دوعای شەڕیان لێ دەكات، واتە مەسەلەی قورئانخوێنان لە هەموو سەردەمێكدا ئەو جۆرە نیفاق وڕوپاماییەیان تێدایە ، دەربارەیان دەڵێت: (وآخر منهم إن حضر في ختمه أو تلا في محراب جعل ديدنه إحضار غرائب الوجوه والسكت والتهوع بالتسهيل وأتى بكل خلاف ونادى على نفسه أنا أبو فلان فاعرفوني! فإني عارف بالسبع!! إيش يُعمل بك لا صبحك الله بخير؟ إنك حجر منجنيق ورصاص على الأفئدة!!.) واتە: كەسی وایان هەیە دێت و لەناو میحرابی مزگەوتەكەدا بە شێوازە غەریبەكانی قیرائات قورئان دەخوێنێت و دەڵێت بمناسن من باوكی فڵانم و شارەزای قیرائاتی سەبعەم! الذهبي ش پێ دەڵێت چیت لێ بكەین باوكی فڵانی؟ دەك بەخێر نەیەیتەوە! تۆ بەردی مەنجەنیقی و وەكو قوڕقۆشم قورسی لەسەر دڵمان!
7- پێم وایە ئەم فەرموودەیە هەڕەشەیەكی ترسێنەرە و مایەی بیركردنەوەو وەستانێكی دوورودرێژە بۆ ئەو پێشنوێژ و قورئانخوێنانەی بەردەوام نوێژو پێشنوێژی خۆیان لە حاڵی گریان و خشوع و دەنگ لەراندنەوەدا تەسویر دەكەن و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو دەكەنەوە، ئەو زیدەڕەوییە بە كارێكی باش نازانم بۆ ئەو پیاوە بەڕێزانە و بە ڕێگرێك دەیبینم بۆ سافی و بێگەرد بوونی تیەت و كردەوەكانیان بۆ الله تعالی، چ پێویستییەكیان بەوە هەیە بەو شێوە قورئانخوێندن و كارە چاكەكانیان بۆ خەڵكی نمایش بكەن و خۆیان وەكو كەسیكی لەخواترس و بەتەقوا و موتتەقی نیشان بدەن، بێگومان مەبەست لەوە نییە كەسێك دەنگی خۆش بێت و خوێندنەوەی ڕاست و جوان بیت لەترسی ڕوپاماییدا قورئان خوێندنی خۆی بڵاونەكاتەوە نەخێر، بەڵكو مەبەست لە ئەو زێدەرەوی و سنووربەزاندنەیە كە ئەمڕۆ بەداخەوە زۆرێك لە قورئانخوێنان سیفەتی خۆنمایش كردنیان بەسەرەوە زاڵە و وەكو ئەوەی كارەكەیان زۆر شەرعی بیت و هیچ مەترسییەكی لەخشتەچوون و ڕیاییان لەسەر نەبێت.
8- جۆرێكی تریش لەو قورئانخوێنانەی كە ئەم فەرموودە دەیانگرێتەوە والله أعلم ئەوانەن كە بوونەتە پیاوی سەرۆك و دەسەڵاتدارە ستەمكارەكان و بە شێوەیەك لە شێوەكان ڕووی ئەوان سپی دەكەنەوەو بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرگرییان لێ دەكەن، وەكو ئەو قورئانخوێنەی كە ئێمە ساڵانێكە بە قورئانخوێندن و سروودەكانی كاریگەر بووین كەچی پشتگیرییەكی بێ وچان و بێ شەرمانە بۆ هەندێ زاڵم و دوژمنانی ئیسلام دەردەبڕێت، كردەوەكانی وا نیشان دەدات كە ئەو نان وپیاز بەو قورئانەوە دەخوات كە بەو دەنگە خۆشەی دەیخوێنیتەوە، ئەگینا الله أعلم بەوەی لە ناخی و لە حەقیقەتی  حاڵیدا هەیە لەلای پەروەردگاری ئەوە ئێمە ناتوانین قسەی تێدا ، بكەین. بەڵام بەپیی دەقەكانی قورئان و سونەت  زاهیرەكەی زاهیرێكی باش نییە.
9- ئەمڕۆ بە هۆی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و ئەو سەكۆ زۆرانەی كە بەردەستە بۆ هەموو كەسێك، ڕێگا و دەرگای  فیتنەیەك لە دینداریدا و بەتایبەت بۆ قورئانخوینان لەسەر پشت كراوەتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی كە دەنگیان خۆشە بەڵام هیچ بنەمایەكی زانستی شەرعی بەتایبەتی لەلایەن عەقیدەو بیروباوەڕیان نییە كە لەسەری ڕاوەستن و كەسایەتییەكی موسوڵمانی هاوسەنگی بۆ خۆیان پێ درووست بكەن، ئەوانە ئەگەری لەخشتەچوون و تووشبوونی ڕیایی و وێڵ بوون بەدوای شوهرەت و ناوبانگ دەركردنیان هەیە، مرۆڤیش ئەوەندەی باشە مەشهور نەبێت، ئەگینا كە مەشهور بوو ئیتر كۆنترۆڵی خۆی لەدەست دەردەچێت و دەرگای تەئویل و پینەوپەڕۆ لەخۆی دەكاتەوە و جیهانێكی خەیاڵی و وەهمی بۆ خۆی دروست دەكات و رەزامەندی خەڵكی و بەدەستهێنانی پلەو پایەو سومعە و پارەو سامان دەبێت بە خولیای( إلا ما رحم ربي) چونكە ئوممەتی ئیسلام خەڵكی چاك و خۆیەكلاكەرەوەی بۆ ئیسلام لێ نابڕێت..
10- ئامۆژگارییەكی برایانە و دڵسۆزانەم بۆ هەموو ئەو بەڕێزە قورئانخوێنە دەنگ خۆشانە هەیە كە لە ڕاگەیاندنەكان و تۆرە كۆمەڵایەتییەكاندا قورئانخوێندنی خۆیان بڵاودەكەنەوە وڕۆژ لە ڕۆژیش ژمارەیان لە زۆربووندایە كە :
*  وریا بن لە گەڕان و وێڵ بوون بە دوای شوهرەتدا، ئەوە ڕێگایەكی پڕ لە مەترسییە بۆ دینەكەیان، چونكە ئەگەر تووشی كەمترین ڕیایی و ڕوپامایی ببن ئەوە بە شیركی بچوك دادەنرێت و لە سەرووی تاوانە گەورەو كەبائیرەكانەوەیە، 
* با شوهرەت خۆی بێت بۆلاتان ئەگەر خێری پێوە بوو،  نەك ئێوە بەهەموو توانایەكتانەوە بەرەو لای بڕۆن! ئێوە هەڵپە و كۆششی بۆ مەكەن چونكە لەو حاڵەتەدا ئەستەمە نیەتی خزمەتی دین و بەدەستهێنانی سوودی دونیایی بەهۆی قورئانەوە لەیەكتر جیابكەتەوە.
* ، پێش ئەوەی قورئان بخوێنن بۆ خەڵكی وخوێندنەوەی خۆتان نمایش بكەن، خۆتان لە تەوحید وبابەتەكانی عەقیدەو بیروباوەڕد و بابەتەكانی تزكیة النفس دا شارەزا بكەن، بۆ ئەوەی سنوورەكانی نەبەزێنن و كاروكردەوەی خۆتان پوچەڵ نەكەنەوە بێ ئەوەی بە خۆتان بزانن. چونكە تا شارەزای هێڵە سوورەكانی عەقیدەو شەرع نەبیت ناتوانێت خۆتیان لی بپارێزێت.
* ئەوەش بزانن ئێوە هەرچەند شوهرەت بەدەست بهێنن و دەنگتان خۆش بێت ئەستەمە نە ئەوەندەی مشاري العفاسي دەنگتان خۆش بێت و نە ئەوەندەی ئەویش ناوبانگ دەربكەن و دەوڵەمەند بن، كە دەچێتە وڵاتێك سەرۆكی وڵاتەكە پێشوازی لێ دەكات، بەڵام تەماشای بكەن ئەو شوهرەت و سەروەت و سامانەی لە بەرانبەر چەند تەنازولی گەورە لە دینەكەیدا بەدەستی هێناوە و ببینن چۆن  مەدح و سەنای زاڵمان دەكات و بەخۆشحاڵییەوە وینەیان لەگەل دەگرێت و ستایشیان دەكات! سروود بەباڵایاندا دەڵێت! 
* پەند لەوەش وەربگرن  كە عەفاسی وهاوشێوەكانی چۆن ئەگەر لەسەر ئەو ڕێبازە ناشەرعی و هەڵەیە بەردەوام بن  شوهرەتەكەیان سەریان دەخوات و مایەپووچی قیامەتیان دەكات، عەففاسی بكە بە پەند و عیبرەتێك بۆ خۆت و داواش بكە لە الله عزوجل هەرگیز ناوبانگ و شوهرەت و پارەو سامانی لەو جۆرەت پێ نەدات. 
* هەروەها داواتان لێ دەكەم گریان و خشوع و سیمای لە خواترسانی خۆتان بۆ خەڵكی نمایش نەكەن و تا پێتان دەكرێت بیشارنەوە، سەلەفی ئەم ئوممەتە گریانی خۆیان تەنانەت لە خێزانەكانی خۆیشان دەشاردەوە و لە ناو دەرس و وانەی شەرعیدا كە لەترسی الله گریان ڕێی پێ دەگرتن دەیانوت هەڵامەت نەخۆشییەكی بێزاركەرە! چونكە ئەو ەدەرگایەكی پر لە مەترسی ڕوپاماییت لێ دەكاتەوە،  الله بەسە بزانێت كە تۆ خاوەن تەقواو  خشوع ی، چ ئیشێكت بە مرۆڤەكانە ئەوە بزانن.

وەڵامدانەوە: م.إحسان برهان الدین.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



  ژمارەی بینین 488

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram