سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  نوێژی قصر و جمع جۆنه و چيه..؟
(قصر) واتە: (كورت كردنەوەی نوێژە چوار ركعاتى یەكان بۆ دوو ركعات): (جَمع) واتە: (كۆكردنەوەی نوێژ، بەوەی نوێژی نیوەڕۆ لە گەڵ نوێژی عەسرا كۆبكەیتەوە جا چ لە كاتی نیوەڕۆدا بێت واتە لە پاش نوێژی نیوەڕۆ ڕاستەخۆ نوێژی عەسریش بكەیت، یان لە كاتی عەسردا بێت واتە لە پێش نوێژی عەسردا نوێژی نیوەڕۆ بكەیت ئەنجا ڕاستەخۆ نوێژی عەسریش بكەیت.
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 2536


نوێژی قصر و جمع جۆنه و چيه ..؟

(قصر) واتە: (كورت كردنەوەی نوێژە چوار ركعاتى یەكان بۆ دوو ركعات):
(جَمع) واتە: (كۆكردنەوەی نوێژ، بەوەی نوێژی نیوەڕۆ لە گەڵ نوێژی عەسرا كۆبكەیتەوە جا چ لە كاتی نیوەڕۆدا بێت واتە لە پاش نوێژی نیوەڕۆ ڕاستەخۆ نوێژی عەسریش بكەیت، یان لە كاتی عەسردا بێت واتە لە پێش نوێژی عەسردا نوێژی نیوەڕۆ بكەیت ئەنجا ڕاستەخۆ نوێژی عەسریش بكەیت.

بە هەمان شێوە نوێژی مەغریب و عیشاش).
* (قصر) واتە: (كورت كردنەوەی نوێژە چوار ركعاتى یەكان بۆ دوو ركعات):
كورت كردنەوەی نوێژە چوار ركعاتى یەكان بۆ دوو ركعات تەنها لە كاتی سەفەردا دەبێت:
ئەمەش بە مەرجێك دەبێت كە موسڵمان لە سنوری شار یان شارۆچكە یان گوندی نیشتەجێبوونی دەر بچێتە دەرەوە، بە بێ دیاری كردنی ماوە یان ئەندازەی دوور كەوتنەوەی لەو جێگایە، چونكە ئەمە لە سوننەتی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) نەهاتووە.
كەواتە ئەوانەی دەڵێن: كورت كردنەوەی نوێژ بە مەرجێك دروستە كە ئەندازەی (70) یان (73) یان (800) كیلومتر یان ماوەی شەو و ڕۆژێك یان.. یان … دوور كەویتەوە لە جێگای نیشتەجێبووت ! ئەم وتانە هیچ بەڵگەیەكی ڕوونی لە سەر نەهاتووە.
خوای گەورە فەرموویەتی: [وَإِذَا ضَرَبْتُمْ فِي الأَرْضِ فَلَيْسَ عَلَيْكُمْ جُنَاحٌ أَن تَقْصُرُواْ مِنَ الصَّلاَةِ] [سورة النساء: (101)] .
واتە: ئەگەر دەرچوون بە سەر زەویدا بۆ سەفەر ئەوا هیچ تان لە سەر نى یە كەوا هەندێك لە نوێژەكان ـ واتە: نێوەڕۆ و عەسر و عیشا ـ كورت بكەنەوە.
(عبد الله)ی كوڕی ئیمامی (عمر) فەرموویەتی:(لو خرجتُ ميلاً قصرتُ الصلاةَ) انظر (الـمحلى بالآثار) لابن حزم: (5 / 19 ـ 20) وفتح الباري، وأضواء البيان للشنقيطي: (1 / 370) وفقه السنة: (1 / 284).
واتە: ئەگەر یەك میل (1603 متر) دەربچمە دەرەوە ئەوا نوێژ كورت دەكەمەوە.

ابن القیم فەرموویەتی:: (لـم يـحد صلى الله عليه وسلم لأمتهِ مسافة محدودة للقصر والفطر، بل أطلق لـهم ذلك في مطلق السفر والضرب في الأرض …) زاد الـمعاد من هدي خير العباد: (1 / 189).
واتە: پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ئەندازەیەكی دیاری نەكردووە بۆ ئوممەتەكەی بۆ كورت كردنەوەی نوێژ و ڕۆژوو نەگرتن، بەڵكو ئەمەی بۆیان بە ڕەهایی هێشتووەتەوە بۆ هەر سەفەرێك بێت و بۆ هەر دەرچوونێك بێت بە سەر زەویدا …
وقال الصنعانـي: (وجواز القصر والجمع فـي طويل السفر وقصيرهِ، مذهب كثير من السلف) سبل السلام: ((2 / 446).
واتە: دروستێتی كورت كردنەوەی نوێژ و كۆكردنەوەی بۆ سەفەری درێژ و كورتیش بۆچوونی زۆرینەی سەلەفە.
وقال ابن حزم: (من خرج عن بيوت مدينتهِ أو قريتهِ أو موضع سكناه، فـمشى ميلاً فصاعداً صلى ركعتين ولا بد إذا بلغ الـميل، فإنْ مشى أقل من ميل صلى أربعاً) (الـمحلى بالآثار) لابن حزم: (5 / 2).
واتە: هەر كەسێك لە ماڵەكانی شارەكەی یان گوندەكەی یان جێگای بیشتەجێبوونی دەرچووە دەرەوە و ئەنجا بە ئەندازەی یەك میل (1603 متر) یان زیاتر ڕێی كرد و ڕۆیشت ئەوا دوو ركعات نوێژ دەكات، وە پێویستە بگاتە ئەندازەی یەك میل، وە ئەگەر كەمتر لە یەك میل ڕێی كرد و ڕۆیشت ئەوا چوار ركعات دەكات.

وقال الشنقيطي: (يبتدىء الـمسافر القصرَ إذا جاوزَ بيوت بلدهِ، بأن خرج من البلد كلهِ، ولا يقصر في بيتهِ إذا نوى السفر ولا في وسط البلد) (1 / 371) وانظر: شرح صحيح مسلم للنووي: (5 / 200) والـحلى: (5 / 2).
واتە: موسافر دەست دەكات بە كورت كردنەوەی نوێژ ئەگەر ماڵەكانی شارەكەی تێپەڕ كرد، بەوەی لە هەموو شارەكەی دەرچێتە دەرەوە، وە نابێت لە ماڵەكەی خۆیدا یان لە ناوەڕاستی شارەكەیدا نوێژ كورت بكاتەوە ئەگەر نیەتی سەفەری هەبوو.
عن علي بن ربيعة قال: (خرجنا مع علي بن أبي طالب رضي الله عنه متوجهين ههنا ـ وأشار بيدهِ إلى الشام ـ فصلى ركعتين ركعتين حتى إذا رجعنا ونظرنا إلى الكوفة حضرت الصلاة، فقالوا: يا أمير الـمؤمنين هذه الكوفة تتم الصلاة ؟ قال: لا حتى ندخلها) رواه الـحاكم والبيهقي: (3 / 146) وانظر: الفتح: (2 / 570).

واتە: لە گەڵ عەلی كوڕی ئەبو تالب دا ـ خوای لێ رازی بێت ـ دەرچوینە دەرەوە و ڕوومان كرد لە شام، جا دوو ركعات دوو ركعات نوێژی دەكرد تاوەكو گەڕاینەوە و سەیری كوفەمان كرد و بینیمان لەو كاتەدا كاتی نوێژ ئامادە بوو، وترا: ئەی فەرمان ڕەوای ئیمانداران ئەمە كوفەیە ئایا نوێژەكە بە تەواوی بە چوار ركعات ناكەیت ؟ فەرمووی: نەخێر بەردەوام نوێژەكەمان كورت دەكەینەوە تاوەكو دەڕۆینە ژوورەوە.
قال الـحافظ: (الـمراد بقولـهم: “هذه الكوفة” أي: فأتم الصلاة، فقال: ” لا حتى ندخلها ” أي لا نزال نقصر حتـى ندخلها، فإنا ما لـم ندخلها في حكم الـمسافرين) الفتح: (2 / 570).
واتە: مەبەست بە وتەیان: ئەمە كوفەیە ؟ واتە: نوێژەكە تەواو بكە، فەرمووی: نەخێر بەردەوام نوێژەكەمان كورت دەكەینەوە تاوەكو دەڕۆینە ژوورەوە، چونكە تاوەكو نەڕۆینە ژوورەوە هەر لە حوكمی موسافر داین.
ماوەی كورت كردنەوەی نوێژ:

ئایا تا ماوەی چەند ڕۆژ موسافر دەتوانێت نوێژەكان كورت بكاتەوە ؟

هەروەها لێرەشدا بە هەمان شێوە لە سوننەتی پێغەمبەردا صلى الله عليه وسلم هیچ ماوەیەك دیاری نەكراوە بۆ ئەوەی موسافر تێیدا نوێژەكانی كورت بكاتەوە و ئەنجا دوای ئەوە بە تەواوی چوار چوار بیانكات ئەگەر چی هەر لە سەفەریشدا بێت ! بەڵكو بەردەوام نوێژە چوارىیەكان كورت دەكاتەوە تاوەكو دەگەڕێتەوە بۆ جێگای نیشتەجێبوونی خۆی ئەگەر چی چەندین ڕۆژ یان چەندین مانگ یان چەندین ساڵیش بمێنێتەوە ئەوا هەر نوێژەكانی كورت دەكاتەوە مادام لە سەفەردایە.
قال ابن عمر: (إنَّ رسول الله صلى الله عليه وسلم كان إذا خرج من أهله صلى ركعتين حتـى يرجع إليهم) رواه أحمد: (5042).
واتە: پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم ئەگەر لە نێو كەسوكاریدا دەربچوایە ئەوا دوو ركعات نوێژی دەكرد تاوەكو دەگەڕایەوە.
كەواتە ئەوانەی دەڵێن: كورت كردنەوەی نوێژ ئەوەندە دروستە كە بۆ ماوەی (4) ڕۆژ یان (10) یان (155) یان (17) یان (19) یان (20).. یان.. یان … بمێنیتەوە لە سەفەردا ئەنجا دوای ئەم ماوەیە دەبێت نوێژە چوارىیەكان بە تەواوی چوار چوار بكات ئەگەر چی لە سەفەریشدا بێت ! ئەم وتانە هیچ بەڵگەیەكی ڕوونی لە سەر نەهاتووە.
بەڵگەی خاوەنی ئەم وتانە بریتىیە لەوەی كە دەڵێن: پێغەمەری خوا صلى الله عليه وسلم لە سەفەرەكانیدا یان (4) ڕۆژ یان (15) یان (17) یان (19) یان (20) ڕۆژ ماتەوە و نوێژەكانی تێدا كورت كردووەتەوە بۆیە دەبێت ئێمەش هەر ئەوەندە نوێژەكانمان كورت بكەینەوە !
وەڵامی زانایان بۆ ئەم وتەیە ئەوەیە كە دەڵێن: ڕاستە پێغەمەری خوا صلى الله عليه وسلم لە سەفەرەكانیدا جاری هەبووە 4 ڕۆژ یان (15) یان (17) یان (19) یان (20) ڕۆژ ماتەوە، چونكە لە سەفەرەكانیدا هەر ئەوەندە ماتەوە بە پێی پێویستی كات بۆ ئەنجامدانی كارەكانی و پاشان گەڕاوەتەوە، ئەمەش نابێتە ڕێگر لەوەی كەوا ئەگەر كەسێك لە سەفەرەكەیدا زیاتر لەو ماوانە مایەوە ئەوا ئیتر نابێت نوێژەكانی كورت بكاتەوە ! چونكە پێغەمەری خوا صلى الله عليه وسلم ئەم تێگەیشتنەی باس نەكردووە و ئاماژەشی بۆ نەكردووە.
هەروەها بۆمان هەیە بڵێین: بەڵگەتان چى یە ئەگەر پێغەمەری خوا صلى الله عليه وسلم لە سەفەرەكانیدا لەو ماوانە زیاتر بمایەتەوە ئەوا نوێژەكانی كورت نەدەكردەوە ؟
لە ڕاستیدا هیچ بەڵگەیەكیان بە دەستەوە نى یە !
بۆیە موسافر تاوەكو لە سەفەردایە ئەوا پێویستە نوێژە چوارى یەكانی كورت بكاتەوە تاوەكو دەگەڕێتەوە هەر چەند بمێنێتەوە.

* (جمع الصلاة‌) واتە: (كۆكردنەوەی نوێژ):

(جَمع) واتە: (كۆكردنەوەی نوێژ، بەوەی نوێژی نیوەڕۆ لە گەڵ نوێژی عەسرا كۆبكەیتەوە جا چ لە كاتی نیوەڕۆدا بێت واتە لە پاش نوێژی نیوەڕۆ ڕاستەخۆ نوێژی عەسریش بكەیت، یان لە كاتی عەسردا بێت واتە لە پێش نوێژی عەسردا نوێژی نیوەڕۆ بكەیت ئەنجا ڕاستەخۆ نوێژی عەسریش بكەیت.
بە هەمان شێوە نوێژی مەغریب و عیشاش).

* لە چ حاڵەتێكدا نوێژە فەرزەكان كۆدەكرێنەوە ؟

1 ـ ئەگەر كەسێك نیازی سەفەر كردنی هەبوو لە پێش نیوەڕۆ ئەوا نوێژی نیوەڕۆ دوا دەخات بۆ لای نوێژی عەسر ئەنجا لە كاتی عەسرا هەردووكیان كۆدەكاتەوە دوو ركعات نوێژی نیوەڕۆ دەكات پاشان دوو ركعات عەسر.
وە ئەگەر كەسێك نیازی سەفەر كردنی هەبوو لە پاش نیوەڕۆ ئەوا چوار ركعات نوێژی نیوەڕۆ لە كاتی خۆیدا دەكات ئەنجا ڕاستەخۆ لە پاش نوێژی نیوەڕۆ چوار ركعات نوێژی عەسریش دەكات و هەردووكیان كۆدەكاتەوە بە بێ كورت كردنەوە چونكە هێشتا سەفەری نەكردووە.
وە ئەگەر كەسێك نیازی سەفەر كردنی هەبوو لە پێش مەغریب ئەوا نوێژی مەغریب دوا دەخات بۆ لای نوێژی عیشا ئەنجا لە كاتی عیشادا هەردووكیان كۆدەكاتەوە سێ ركعات نوێژی مەغریب دەكات پاشان دوو ركعات عیشا.
وە ئەگەر كەسێك نیازی سەفەر كردنی هەبوو لە پاش مەغریب ئەوا سێ ركعات نوێژی مەغریب لە كاتی خۆیدا دەكات ئەنجا ڕاستەخۆ لە پاش نوێژی مەغریب چوار ركعات نوێژی عیشاش دەكات و هەردووكیان كۆدەكاتەوە بە بێ كورت كردنەوە چونكە هێشتا سەفەری نەكردووە.
وە ئەگەر لە سەفەردا بوو ئەوا پێویستە نوێژە چوارى یەكان كورت بكاتەوە بۆ دوو ركعات، بەڵام كۆكردنەوەیان:
ئەوا دەتوانێت نوێژی نیوەڕۆ دوا بخات بۆ لای عەسر یان نوێژی عەسر پێش بخات بۆ لای نیوەڕۆ.
هەروەها دەتوانێت نوێژی مەغریب دوا بخات بۆ لای عیشا یان نوێژی عیشا پێش بخات بۆ لای مەغریب.
عن معاذ بن جبل قال: (أن رسول الله صلى الله عليه وسلم كان في غزوة تبوك إذا زاغت الشمس قبل أن يرتحل جمع بين الظهر والعصر، وإنْ يرتحل قبل أن تزيغ الشمس أخر الظهر حتى ينزل للعصر، وفي المغرب مثل ذلك إن غابت الشمس قبل أن يرتحل جمع بين المغرب والعشاء، وإن يرتحل قبل أن تغيب الشمس أخر المغرب حتى ينزل للعشاء ثم جمع بينهما) صحيح أبي داود رقم: (1208).
واتە: پێغەمەری خوا صلى الله عليه وسلم لە غەزای تەبوكدا ئەگەر خۆر لە ناوەڕاستی ئاسماندا لایبدایە پێش ئەوەی دەربچوایە ئەوا نوێژی نیوەڕۆ و عەسری كۆدەكردەوە، وە ئەگەر پێِش ئەوەی خۆر لە ناوەڕاستی ئاسماندا لایبدایە دەربچوایە ئەوا نوێژی نیوەڕۆی دوا دەخست تاوەكو دادەبەزی بۆ نوێژی عەسری، وە لە مەغریبیشدا بە هەمان شێوە ئەگەر خۆر ئاوا ببوایە پێش ئەوەی دەربچوایە ئەوا نوێژی مەغریب و عیشای كۆدەكردەوە، وە ئەگەر پێش خۆر ئاوابوون دەربچوایە ئەوا نوێژی مەغریبی دوا دەخست تاوەكو بۆ نوێژی عیشا دادەبەزی ئەنجا هەردووكیانی كۆدەكردەوە.
تێبینى یەك:
كورت كردنەوەی نوێژە چوارى یەكان لە سەفەردا واجبە دەبێت دوو ركعات دوو ركعات ئەنجامیان بدات چ بە رێەوە بێت و لە سەر سەفەر بێت یان جێگیر بووبێت لە سەفەرەكەیدا.
بەڵام كۆكردنەوەی نوێژەكان ئەوا بە پێی پێویست ئەنجامی دەدات و نابێت بەردەوام نوێژەكان كۆبكاتەوە بە بیانوی ئەوەی لە سەفەردایە !
كەواتە ئەگەر موسافیر پێویستی بە كۆكردنەوە هەبوو ئەوا نوێژەكان كۆدەكاتەوە، جا چ ئەمە بۆ بەرێوە بوون بێت لە كاتی یەكەمینیاندا یان دوومینیاندا بێت لە حاڵەتێكدا كە دابەزین ناڕەحەت بێت لە سەر لەو كاتەدا، یان لە كاتی دابەزین و جێگیر بوونیدا بێت لە بەر پێویستى یەكی تر، بۆ نموونە ئەگەر پێویستی هەبوو بۆ خەوتن و پشوودان لە كاتی نیوەڕۆ و عیشادا ئەوا لە كاتی نێوەڕۆدا دادەبەزێت كە ئەو ملندووە و خەوی دێت و برسى یەی پێویستی بە پشوودان و خواردن و خەوتن هەیە، لەم حاڵەتەدا نوێژی نیوەڕۆ دوا دەخات بۆ لای كاتی عەسر، ئەنجا پێویستی هەیە بەوەی كە نوێژی عیشا پێش بخات و لە گەلڕ مەغریبدا كۆیبكاتەوە و ئەنجا دوای ئەوە پشوو بدات و بخەوێت.
بەڵام ئەگەر كەسێك چەند ڕۆژێك لە گوندێكدا یان لە شارێكدا بمێنێتەوە و جێگیر ببێت بۆ ماوەیەك ئەوا ئەم كەسە هەرچەندە نوێژەكانی كورت دەكاتەوە بەڵام نابێت كۆیان بكاتەوە ئیللا مەگەر لە بەر پێویستى یەك نەبێت.
بڕوانە كتێبی: (سلسلة الأحاديث الصحيحة) للشيخ الألبانـي: (1 / 311 ـ 315).

بەڵام نوێژی بەیانیان ئەوا لە گەڵ هیچ نوێژێكدا كۆناكرێتەوە، بەڵكو دەبێت تەنها لە كاتی خۆیدا بكرێت.

2 ـ كۆكردنەوەی نوێژ بە هۆی باران بارینەوە یان قوڕە لێتەوە یان ڕەشەبای ساردەوە.
3 ـ كۆكردنەوەی نوێژ بە هۆی ترسەوە لە حاڵەتێكی نا ئاساییدا.
4 ـ كۆكردنەوەی نوێژ بە بێ هۆكارێكی نا ئاسایی بەڵكو بۆ دوور خستنەوەی ناڕەحەتی لە سەر موسڵمانان.

عن ابن عباس قال: (جمع رسول الله صلى الله عليه وسلم بين الظهر والعصر والمغرب والعشاء بالمدينة من غير خوف ولا مطر [ولا سفر] ، فقيل لابن عباس: ما أراد إلى ذلك ؟ قال: أراد أن لا يحرج أمته) متفق عليه والزيادة لـمسلم.
واتە: پێغەمەری خوا صلى الله عليه وسلم نوێژی نیوەڕۆ و عەسر، وە مەغریب و عیشای كۆكردەوە لە ناو مەدینەدا بە بێ ترس و بە بێ باران و بە بێ سەفەر، وترا بە ابن عباس مەبەستی چی بوو بەوە ؟ فەرمووی: مەبەستی ئەوە بوو كە ئوممەتەكەی نەخاتە ناڕەحەتى یەوە.
ئەم فەرموودەیە چەند سودێكی تێدایە لەوانە:

ـ كۆكردنەوەی نوێژەكان بە هۆی ترسەوە كارێكی شەرعى یە.
ـ كۆكردنەوەی نوێژەكان بە هۆی بارانەوە كارێكی شەرعى یە.
ـ كۆكردنەوەی نوێژەكان بە هەر هۆیەكەوە كە ببێتە مایەی ناڕەحەتی لە ئەنجامدانیاندا لە كاتی خۆیاندا وەك نەخۆشی یان ماندووبوونێكی زۆر…


  ژمارەی بینین 1605

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram