سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایا صلاه‌ التسابیح هیچ بنەمایه‌كی‌ پەسەندی هەیە؟
چەند بەڕێزێك پرسیاری نوێژی صلاة التسابیح یان كردووە، ئایا ئەنجامدانی هیچ بنەماو بەڵگەیەكی پەسەندی هەیە؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 2631



الحمدلله/

زانایان ناكۆكی لە نێواناندا هەیە لە سەر ئەوەی ئایا نوێژی تەسابیح سوننەتە و بەو پێیەش پاداشتی لەسەرە و درووستە بكرێت، یان هیچ بەڵگەیەكی ڕاست و درووستی لەسەر نەهاتووە و بەو پێیەش نەكردنی چاكترە!
لە ڕاستیدا جیاوازی زانایان لەم بارەوە پەیوەندی بەو فەرموودەیە هەیە كە دەربارەی ئەم نوێژە لە (سنن أبي داود) دا بە ژمارەی (1297) هاتووە و، هەروەها الترمذي فەرموودەیەكی نزیك ئەوەی لای ئەبوداود گێڕاوەتەوە وەكو محمد صالح المنجد بەدواداچوونی لەسەر بابەتەكە كردووە و بەوە گەیشتووە كە زۆربەی ئەهلی عیلم لەسەر ئەوەن كە هەموو ڕێگەكانی ئەو فەرموودەیە لاوازن و عیللەیان تێدایە وبەكەڵكی ئەوە نایەن پشتیان پێ ببەسترێت، تەنها بۆ نموونە:

- احمد بن حنبل فەرموویەتی: (ليس فيها شيء يصح ، ونفض يده كالمنكر) واتە: صلاة التسابیح هیچ بەڵگەیەكی ڕاستی لەسەر نییە و هەردوو دەستی بەیەكدا داوەو تەكاندوویەتی وەكو نكۆڵی كردن لەو فەرموودەیەی كە دەربارەی ئەو نوێژە هەیە.

- پێشەوا النووي فەرموویەتی: (وفي هذا الاستحباب نظر ; لأن حديثها ضعيف , وفيها تغيير لنظم الصلاة المعروف , فينبغي ألا يفعل بغير حديث , وليس حديثها بثابت ) بە كورتی واتە فەرموودەكە فەرموودەیەكی لاوازە و جێگیر نییە.

- پێشەوا ابن تیمیة دەربارەی فەرموودەكە فەرموویەتی: (ومن تدبر الأصول علم أنه موضوع ، وأمثال ذلك ، فإنها كلها أحاديث موضوعة ، مكذوبة ، باتفاق أهل المعرفة) واتە: ئەو كەسەی وردبێتەوە لە بنچینەكان دەزانێت كە ئەو فەرموودە هەڵبەستراوە...
زۆر زانای تریش بە هەمان شێوە بەڵگەی ئەو نویژەیان بەڕاست نەزانیوە و نكۆڵییان لێ كردووە، وەكو ابن حجر العسقلاني و زۆرێكی تر.

لە هاوچەرخەكانیشدا وەكو نموونەی زانایەكی گەورە ابن عثیمین بە چوار بەڵگە ئەو نوێژەی ڕەتكردووەتەوە و بەكارێكی باشی نەزانیوە ئەنجام بدرێت:
1- عیبادەت لەسەر بنەمای بەڵگە پێویستە بكرێت، ئەم نوێژەش بەڵگەیەكی ڕاست و درووستی لەسەر نییە.
2- ئەو فەرموودەی پشتی پێ بەستراوە بۆ كردنی ئەم نوێژە فەرموویەكی ناجێگیر و (مضطرب) ە و ناشێت بۆ ئەوەی بكرێتە بەڵگە.
3- زانا گەورەكان بە كارێكی باشیان نەزانیوە، پێشەوا ئەحمەد و هاوەڵانی بە مەكروهیان زانیوە، پێشەوایان أبو حنيفة ومالك والشافعي بە هەمان شێوە ڕەتیان كردووەتەوە.
4- ئەگەر ئەم نوێژە بنەمایەكی هەبوایە و كارێكی باش بوایە زانایان نكۆڵییان لێ نەدەكرد و ناوبانگی لەناو ئەهلی عیلمدا دەبوو، بەڵام بە پێچەوانەوە زۆربەی زانا گەورەكان بە نوێژێكی مەكروه و بێ بنەما و بێ بەڵگە سەیریان كردووە.

جگە لە لاوازی فەرموودەكەش كە زۆربەی فەرموودەناسان نكۆڵییان لە لە ڕاست و درووستی كردووە، صلاة التسابیح نوێژێكی نامۆیە و لە هەموو نویژەكانی تر لە ئیسلامدا جیاوازە، لەوەش نامۆتر ئەوەیە پاداشتەكەی بەوە بەستراوە كە لە هەفتەیەكدا یان لە مانگێكدا یان لە ساڵێكدا یان لە تەمەندا یەك جار بكرێت، ئەمەش بەڕاستی حالەتێكی نامۆیە كە پاداشت یەك پاداشت بێت سەرەرای جیاوازی و زۆری ئەنجامدانەكەی.

بۆیە وەكو زانایەكی گەورەی هاوچەرخ فەرموویەتی: هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ئەوەی ئەم نوێژە سوننەت بێت و ئەنجامدانی كارێكی باش بێت، بۆیە لەوە باشتر و پەسەندتر ئەوەیە موسوڵمان لەشەوی قەدر و هەر كاتێكی تر لە جیاتی خۆ سەرقاڵ كردن بەو نوێژە خەریكی نوێژی سوننەت و نەوافیل و شەو نوێژ بێت زۆر باشترەو پاداشتی زۆرترەو بەڵگەشی سەحیح و ڕوون و ئاشكرایە ...والله اعلم.

إحسان برهان الدین
21 رمضان 1441


  ژمارەی بینین 72

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram Google Plus