سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئايا نوێژ كۆكردنەوە دروسته بەهۆى بارانەوە.؟
ئایە دروستە بە ڕۆژ نوێژ جەمع بکرێ بە هۆی بارانەوە لە مزگەوت؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3687


حوکمی کۆکردنەوەی جەمعکردنی نوێژ بەهۆی باران و بەفر بارینەوە.!

سەرەتا ئەبێ ئەوە بزانین کۆ دەنگی زانایان لەسەر ئەوەیە کە دروستە لە عەرەفە نوێژی نیوەڕۆ و عەسر، وە لە موزدەلیفە نوێژی مەغریب و عیشا کۆبکرێتەوە.
وەدەربارەی کۆکردنەوەی نوێژی نیوەڕۆ و عەسر بە هۆی بارانەوە، قسەو باسی زۆر هەیە لە نێوان شەرع زانان، بەڵام بەگشتی قسەکانیان ئەبن بە دوو بەشەوە:

یەکەم: دروست نیە دوو نوێژەکەی ڕۆژ بەهۆی بارانەوە کۆ بکرێنەوە، بەڵام مەغریب و عیشا دروستە.

ئەم بۆچونە مەزهەبی ئیمامی مالیک و ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حەمبەلە.

بەڵگەکانیان:
1) ئیمامی مالیک لە کتێبی (الموطأ) دا ئەگێڕێتەوە کە نافیع فەرمویەتی"أن ابن عمر كان إذا جمع الأمراء بين المغرب والعشاء في المطر، جمع معهم" واتە: هەرکات کاربەدەستان بە هۆی بارانەوە نوێژی مەغریب و عیشایان کۆبکردایەتەوە، عبداللەی کوڕی عومەریش لە گەڵیان کۆی دەکردەوە.
2) ابن قدامە لە کتێبی(المغني) دا لە هیشامی کوڕی عوروەوە ئەیگێڕێتەوە کە فەرموویەتی" رأيت أبان بن عثمان يجمع بين الصلاتين في الليلة المطيرة المغرب والعشاء، فيصليهما معه عروة بن الزبير وأبو سلمة بن عبدالرحمن وأبوبكر بن عبدالرحمن ولا ينكرونه" واتە: هیشام ئەفەرموێت: ئەببانی کوڕی عوسمانم بینی نوێژی مەغریب و عیشای کۆ ئەکردەوە، عورەو ئەبو سەلەمەو ئەبوبکری کوڕی عبدالرحمانیش لەگەڵی نوێژی دەکردو ئەو کارەیان لێ قەدەغە نەدەکرد.
3) ئیمامی سەحنونی تەننوخی لە کتێبی (المدونة الكبرى) دا هێناوێتی کە ئەبوو سەلەمەی کوڕی عبدالرحمن فەرموویەتی" إن من السنة إذا كان يوم المطر أن يجمع بين المغرب والعشاء"واتە: لە سوننەتی پێغەمبەرە لە کاتی باراندا نوێژی مەغریب وعیشا کۆبکرێتەوە.
خاوەنی ئەم بۆچونە پێی وایە بە ڕۆژ نوێژەکان کۆ ناکرێنەوە، چونکە ئەو زانایانە تەنها باسی مەغریب و عیشایان کردوەو هەر ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دروست نیە بە ڕۆژ بکرێت بە هۆی بارانەوە، چونکە گەر دروست بوایە بە شەویش کۆیان ئەکردەوە.
#دووەم: دروستە کۆکردنەوەی نۆێژ بە هۆی بارانەوە، وە هیچ جیاوازی لە نێوان شەو ڕۆژدا نیە.
ئەم بۆچونە مەزهەبی ئیمامی شافعی و ڕیوایەتێکیشە لە مەزهەبی ئیمامی ئەحمەدو ئیمامی ابن تیمیەش هەمان بۆچونی بوە.

بەڵگەکانیان:
1) ئیمامی موسلم ئەیگێڕێتەوە کە عبداللەی کوڕی عەباس فەرموویەتی" جمع رسول الله صلى الله عليه وسلم بين الظهر والعصر، والمغرب والعشاء، في غير خوف ولا مطر، فقيل لإبن عباس: لم فعل ذلك؟ قال: أراد ألا يُحرج أمته" واتە: پێغەمبەر نوێژی نیوەڕۆ و عەسری پێکەوە کۆکردەوەو نوێژی مەغریب و عیشاشی کۆکردەوە بەبێ بونی ترس و باران بارین، وتیان باشە بۆ ئەم کارەی کردوە ئەی عبداللە؟ وتی: تا گەلەکەی توشی ناڕەحەتی نەبێت.
زانایان ئەفەرموون لەبەر ئەوەی عبداللە فەرموویەتی بەبێ ترس و باران، ئەوە بەڵگەی ئەوەیە کە ئەو دوو هۆکارە لای ئەوان هۆکاری کۆکردنەوەی نوێژ بوون بۆیە سەیر بوە کە ئەو دوو هۆکارە نەبوون و پێغەمبەریش نوێژی کۆکردۆتەوە.
2) ئیمامی تەبەرانی لە (المعجم الأوسط) دا بە سەنەدی سەحیح لە عبداللەی کوڕی مەسعودەوە هێناوێتی کە ئەفەرموێت" جمع رسول الله صلى الله عليه وسلم بين الأولى والعصر، وبين المغرب والعشاء، فقيل له في ذلك فقال: صنعتُ هذا لكي لا تُحرج أمتي" واتە: پێغەمبەر نوێژی نیوەڕۆو عەسری پێکەوە کۆکردەوە، وە نوێژی مەغریب و عیشاش پێکەوە، لەسەر ئەم کارە پرسیاریان لێ کرد، فەرمووی: ئەو کارەم بۆیە کرد، تا گەلەکەم توشی تەنگانەو ناڕوحەتی نەبن.
خاوەنی ئەم بۆچونە ئەڵێن: پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت نوێژی کۆکردۆتەوە لەبەر ئەوەی گەلەکەی توشی ناڕەحەتی نەبن، ناڕەحەتیش پەیوەندی بە کات و ساتەوە نیە، هەندێ جار مرۆڤ بە ڕۆژ توشی ئەو ناڕەحەتیە ئەبێت بە بونی باران، یاخود ترس یان نەخۆشی و سەرقاڵی و هەتا دوای. بۆیە بارانیش بەشێکە لە ناڕەحەتی جا چ بە ڕۆژ بێت یان بەشەو.

پوختەی قسە:
بۆمان دەرکەوت زانایان دوو بۆچونیان هەبوو لەم بابەتەدا، وە بەڵگەی ئەو زانایانەشمان ئاماژە پێ کرد کە فەرموویان دروست نیە بە ڕۆژ نۆێژ کۆبکرێتەوە بە هۆی باران، بەڵام ئەوەی من سەرنجم داوە بە هیچ جۆرێک سەریح نەبوون لەوەی قەدەغە کرابێت کردنەکەی، پاشان بەڵگەی ئەو زانایانەی ئەفەرموون دروستە زۆر سەحیح و سەریحە و هیچ جۆرە گومانێکی لێ ناکرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ڕەچاو بکرێ بە تایبەت مامۆستایانی مزگەوت ئەوەیە کە نابێ ئەو بابەتە زۆر ئاسان بکەنەوەو بە بارانێکی کەم خەڵکی فێری ئەو کۆکردنەوە بکەن، کە بەداخەوە هەندێ خەلک نوێژ کۆدەکەنەوە لەبەر ئەوەی توشی تەنگانە نەبن، بەڵام تا ئێوارە خەریکی شت و مەک فرۆشتنن و زۆریش ئاسایە بەلایانەوە، بۆیە دروست نیە ئەم بابەتە ئەوەنە بە سوکی تەماشا بکرێت، لەگەڵ ئەوەی کردنەکەی ڕێگە پێدراوە لە ڕۆژ و شەودا.

✍️ وەڵامدانەوەی مامۆستا مەلا شاخوان سيامنصوري.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org

  ژمارەی بینین 828

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram