سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  نوێژكردن بەنیەتی تاك لە نوێژی جەماعەتدا.؟
حوكمی نوێژكردن بەنیەتی تاك لە نوێژی جەماعەتدا.؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3743


حوكمی نوێژكردن بەنیەتی تاك لە نوێژی جەماعەتدا.؟

لە بنچینەدا كەسێك چووە ناو نوێژی جەماعەتەوە پێویستە لەگەڵ پێش نوێژدا  بەردەوام بێت تاكو سەلامدانەوە، مەگەر پاساوێك هەبێت بۆ جیابوونەوە لەو پێشنویژە، وەكو لە فەرموودەی سەحیحدا هاتووە: (إنما جعل الإمام ليؤتم به فلا تختلفوا عليه... ) رواه البخاري ومسلم. واتە: پێشنوێژ بۆ ئەوەیە كە شوێنی بكەون لە نوێژدا بۆیە جیاوازی مەكەن لەگەڵیدا.
بە پێی هەندێ فەرموودەی سەحیحیش درووستە كەسێك لە ناو نوێژی جەماعەتدا بە نیەت لە پێشنوێژ جیابێتەوەو تەنها خۆی نوێژ ەكەی تەواو بكات و جەماعەتەكە بەجێبهێڵێت، بۆ نموونە:
 - ئەگەر پێشنوێژەكە نوێژەكەی زۆر درێژ كردەوە و ئەو كەسە لەبەر هەر هۆكارێك نەیتوانی لەگەڵیدا بەردەوام بێت، یان زەرورەتێك ناچاری كرد نەتوانێت چاوەڕوانی تەواو بوونی جەماعەتەكە بكات، دەتوانێت بەنیەت ئەو جەماعەتە بەجێ بهێڵێت و خۆی نوێژەكە بۆ خۆی تەواو بكات.
- یان لە هەندێ حاڵەتی تر وەكو ئەوەی پێشنوێژ لەناو نوێژدا بۆی دەركەوێت دەستنوێژی نییە و نوێژەكە بەجێبهێڵێت، مەئمومیش پێویستە بەنیەت لە جەماعەتەكە جیا بێتەوە و بۆ خۆی نوێژەكە تەواو بكات.
بەڵام لەم ڕۆژگارەی خۆماندا حاڵەتی تر درووست بووە كە ئەویش پاساوە بۆ جەماعەت بە جێهێشتن، یان جیابوونەوە بەنیەت لە جەماعەت و بە تاك تەواو كردنی نوێژەكە، وەكو  ئەوەی پێشنوێژەكە ئەهلییەتی پێشنوێژی نەبێت و مەرجەكانی پێشنوێژی تێدانەبێت، جا ئەگەر لە دوو ڕووەوە ئەو پێشنوێژە ئەهلییەتی پێشنوێژیكردنی نەبوو لە ڕوی شەرعیەوە شایان نەبوو، ئەو كەسەش لەبەر هەر هۆكارێك نەیتوانی بە بەرچاو هەموو نوێژخوێنانەوە لە مزگەوتەكە دەربچێت و نوێژ لە پشتی ئەو پێشنوێژەوە نەكات، دەتوانێت تا كۆتایی لە نوێژی جەماعەتەكەدا لەگەڵیان بێت، بەڵام بەنیەت لێیان جیابێتەوەو بۆ خۆی وەكو تاك نوێژەكەی تەواو بكات، ئەگەرچی وەكو ئەوان تاكو سەلامدانەوە بەردەوام ئەبێت، ئیتر جووڵەكانی لە ركوع و لە سجود موافەقەی ئەوان بكات یان نەكات وەكو زانایان دەفەرموون كێشە نییە،
دیارترین دوو پاساوی شەرعی كە كەسێك بتوانێت نیەتی لە نوێژی جەماعەت جیابكاتەوەو بەتەنها نوێژەكەی تەواو بكات:
1- ئەگەر پێشنوێژ نەزانێت قورئان بە ڕێكوپێكی و بە جوانی بخوێنیتەوە و هەڵەی جۆری ئاشكرای هەبوو كە پێی دەوترێت ( الخطأ الجلي)، بۆ نموونە پیتی بە پیتێكی تر گۆڕی، یان سەروبۆر و ژێر ( الفتحة و الضمة والكسرة) ی بە یەكتری گۆڕی و و زمانی توانای نوتقی پیتەكانی عەرەبی بە ڕێكی نەبوو، زۆربەی مەزهەبە فیقهییەكان لەسەر ئەوەن كە هەڵەی پێشنوێژ لە سوڕەتی (الفاتحة)دا ئەگەر واتاكە بگۆڕێت درووست نییە نویژكردن لە پشتی ئەو پێشنوێژەوە، بۆ نموونە پیتی (ض) بگۆڕێت بۆ پیتی (ظ) لە (ولا الضالین)، ئەگەر هەلەكەی واتاكەش نەگۆڕێت هەر مەكروهە نوێژكردن لە پشتی و باشتر وایە نوێژی لەپشتەوە نەكرێت. جا لەم حاڵەتە ئەسڵ وایە نوێژ نەكرێت لە پشتی ئەو پێشنوێژەوە ، جا ئەگەر لەبەر هەر هۆكارێك نەیتوانی لە مزگەوت دەربچێت یان بە ئاشكرا بڵێت من لە پشتی ئەو كەسەوە نوێژ ناكەم، لەو حاڵەتەدا دەتوانێت نوێژەكەی بەنییەتی تاك لە گەڵ جەماعەتەكەدا بكات.
2- هەروەها پاساوێكی شەرعی تر ئەوەیە ئەگەر ئەو پێشنوێژە عەقیدەو بیروباوەڕی هەڵەی ئاشكرا و گەورەی تێدا بوو لە بوارەكانی: تەوحید بە هەموو جۆرەكانی، یان یەكێك لە هەلوەشێنەرەوەكانی ( لا إله إلا الله) ی تێدابوو، یان یەكێك لە شێوازە هاوچەرخەكانی لادانی عەقیدی تێدا بوو كە ئیمان و ئیسلامەتی پێشنوێژەكە بخاتە ژێر پرسیارەوە، یان دژە سوننەت بوو لەوانەی پێیان دەوترێت قورئانی و نكۆڵی لە سوننەت یان بەشێك لە سوننەت دەكرد...هتد. ئەگەر ڕێگرێك هەبوو لە ئاشكرا كردنی نوێژ نەكردن لە پشتی ئەو كەسەوە، دەتوانێت یان نوێژ لە پشتی بكات و دواتر دووبارەی بكاتەوە، یان  بەنیەتی جیاواز و تاك لەگەڵ جەماعەتدا بەردەوام بێت و وەكو ئەوەیە بەتەنها خۆی نوێژی كردبیێت، چونكە نوێژ نەكردن لە پشتی كەسێكەوە كە نەزانێت بە ڕاست و درووستی قورئان بخوێنیتەوە، یان عەقیدەی مونحەریف و لادەری هەبێت بەیەقین درووست نییە، دانان و لادانی ئەو كەسەش بە دەستی تۆ نییە و لێی بەرپرس نیت، بۆیە هەر ئەوەندەت پی دەكرێت لە پشتی نوێژ نەكەیت.
بەڵگەی جیابوونەوەی مەئمووم لە ئیمام لە نوێژی جەماعەتدا فەرموودەكەی (معاذ بن جبل) ە الله لێی ڕازی بێت، كە لە هەردوو سەحیحی بوخاری و مسلم دا هاتووە، كاتیك نوێژەكەی درێژكردەوە و سوڕەتی (البقرة) ی تێدا خوێند، یەكێك لەوانەی لە پشتی نوێژیان دەكرد و پێشنوێژەكەی بەجێهێشت و خۆی بۆ خۆی نوێژەكەی بەتەنها تەواو كرد، كاتێك چوونە لای پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم  لە كاری ئەو هاوەڵە ڕازی نەبوو و پێی فەرموو: (يا مُعاذُ، أفتَّانٌ أنت؟! أفتَّانٌ أنت؟!) البخاري (701)، ومسلم (465). واتە: داوای لێ كرد نوێژەكەی بەو شیوە درێژ نەكاتەوەو بەو كەسەش كە بەو پاساوە نوێژەكەی بەجێ هێشتبوو نەیوفەرموو نوێژەكەت درووست نییە كە جەماعەتت بەجێهێشتووە و تەنها خۆت نوێژت نەكردووە، بەڵكو بەبێ دەنگی خۆی پشتگیری كارەكەی كرد و ئەوەش بەڵگەیە.
ابن قدامة المقدسي لە كتێبی (المغني) دا فەرموویەتی: (وَإِذَا أُقِيمَتْ الصَّلَاةُ وَالْإِنْسَانُ فِي الْمَسْجِدِ ، وَالْإِمَامُ مِمَّنْ لَا يَصْلُحُ لِلْإِمَامَةِ ، فَإِنْ شَاءَ صَلَّى خَلْفَهُ ، وَأَعَادَ وَإِنْ نَوَى الصَّلَاةَ وَحْدَهُ ، وَوَافَقَ الْإِمَامَ فِي الرُّكُوعِ وَالسُّجُودِ وَالْقِيَامِ وَالْقُعُودِ ، فَصَلَاتُهُ صَحِيحَةٌ ؛ لِأَنَّهُ أَتَى بِأَفْعَالِ الصَّلَاةِ وَشُرُوطِهَا عَلَى الْكَمَالِ ، فَلَا تَفْسُدُ بِمُوَافَقَتِهِ غَيْرَهُ فِي الْأَفْعَالِ ، كَمَا لَوْ لَمْ يَقْصِدْ الْمُوَافَقَةَ)كتاب المغني لابن قدامة - فصل إذا أقيمت الصلاة والإنسان في المسجد والإمام ممن لا يصلح للإمامة  . واتە: ئەگەر كەسێك لە مزگەوتدا بوو و قامەت كرا. پێشنوێژەكەش مەرجی پێشنوێژی تێدا نەبوو، دەتوانێت لە پشتی نوێژ بكات و دواتر نوێژەكەی دووبارە بكاتەوە، یان نیەتی نوێژی تاكی لێ بهێنێت و و لە هەموو جووڵەكاندا هاوشێوەی پێشنوێژ بێت نوێژەكەی درووستە لەبەر ئەوەی هەموو مەرجەكانی نوێژی ئەنجام داوە و جیاوازی نیەتەكەی لە گەڵ ئەو ئیمامەدا زیانی بۆ نوێژەكەی نابێت.
هەروەها (عبدالباقي الزرقاني) كە سەرگەورەی زانایانی سەردەمی خۆی بووە لە ڕێڕەوی مالیكی  لە میسر، سەبارەت بە جۆرەكانی ئیقتیدا كردنی مەئموم بە ئیمامەوە دەڵێت: ( أن يتابعه في أفعاله ولا يتحمل الإمام عنه شيئًا من السهو، ويأتي في صلاته بما تتوقف صحتها عليه، فهو إنما يتابعه صورة لا حقيقة، وهذه لا يشترط فيها نية الاقتداء، وصلاته صحيحة بدونها. وإنما يلجأ لهذه الحالة غالبًا من يعلم من حال الإمام ما يقدح في صحة صلاته ويخشى ضررًا لو صلى منفردًا عنه) واتە: هەندێ حاڵەتی تر هەیە لە نوێژكردنی جەماعەتدا،  مەئموم لە هەموو جووڵەكانی نوێژی جەماعەتدا بەردەوام دەبێت بێ وابەستە بوون بە مەرجەكانی شوێنكەوتنی ئیمام لە نوێژی جەماعەتدا و نوێژەكەشی درووستە، ئەم حاڵەتەش زیاتر كەسانێك دەیكەن كە سیفەتێكی لەكەداركەر لە پێشنویژەكەدا دەبینن و لە نوێژنەكردنیان لە پشتییەوە دەترسن تووشی زیانێك بن. ئەڵبەت بەڵگەی تر زۆرن بەڵام بۆ ئەم جێگەیە ئەمەندەم پێ بەس بوو.
تێبینی/ ئەو دوو پاساوەی باسكران بۆ نوێژ نەكردن لە پشتی ئەو جۆرە پێشنوێژانەوە، ئەبێت بە گومان نەبێت و بە یەقین ئەو پێشنوێژانە بەو شێوە بن، واتە بە شێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا لە خاڵی یەكەمدا هەڵەی گەوەری لە قورئانخوێندندا هەبێت، نەك ئەوەی زانایان پێی دەڵێن: (الأخطاء الخفیة) كە تەنها مامۆستایانی جوانخوێندنەوەی قورئان  پێی دەزانن، بۆ نموونە درێژنەكردنەوەی مینگە وكورتكردنەوەی مەددێك لە مەددەكان زیاتر لە ئاستی زانستی خۆی، یان نەبر دەرنەبڕین و زۆر شتی تری هاوشێوە.
سەبارەت بە خاڵی دووەمیش ئەوەی دەبێتە پاساو بۆ نوێژنەكردن لە دوای كەسێكەوە عەقیدەی ناتەواو بێت ئەوەیە بیدعەیەكی لە عەقیدەدا هەبێت زیان لە تەوحید و ئیمانی بدات، یان  لە ئەسڵێك لە ئوسوڵی عەقیدەی ئیسلامی لایدابێت كە لای ئەهلی سوننەت جێگای ئیختیلاف نەبێت و بەڕوونی لە قورئان و سوننەتدا هاتبێت، چونكە هەر مەسەلەیەك سەلەف ناكۆكیكیان لەسەری هەبووبێت، ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئیجماعیان نەكردووە لەسەری و نابێتە ئەسڵێكی مولزیم لە عەقیدەدا بۆ هەموو موسوڵمانان و بە بنچینەیەكی بنەڕەتی بیروباوەڕ دانانرێت ..والله أعلم. 
بەداوای لێبوردنەوە، سەبارەت بەم پۆستە وەڵامی پرسیار نادەمەوە، ئەوەی كە پێی گەیشتووم و بە پێویستم زانیوە ئەوەیە كە بۆ بەڕێزتانم خستوەتە ڕوو.

إحسان برهان الدین
5 محرّم 1443
13 آب 2021

  ژمارەی بینین 579

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram