سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایە مەسح كردن لە سەر گۆرەوی دروستە؟
ئایه‌ ڕاسته‌ مه‌سح كردن له‌سه‌ر گوێره‌ویه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ دروست نیه‌.؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3756

ئایە مەسح كردن لە سەر گۆرەوی دروستە؟

دیارە بابەتی مەسح کردن لەسەر گۆرەوی ڕاوبۆچونی جیاوازی لەسەرە لای زانایان، هۆکاری ئەو جیاوازییەش سەحیحی و وەرگرتنی ئەو فەرموودانەیە کە لە پێغەمبەرەوە ﷺ دەربارەی مەسح کردن لە سەر گۆرەوی بۆمان ڕیوایەت کراوە، وە هەروەها ئایا مەسح کردن لە سەر گۆرەوی ئەتوانرێ قیاس بکرێ لە سەر (خوف) کە بە پێستەو هاوێنەکانی دروستکراون، یان گۆرەی بابەتێکی سەربەخۆیەو جیایە لە خووف.؟!

هەر بۆیە زانایان سێ بوچونیان لەم بارەوە هەیە لە سەر دروستی یان نادروستی مەسح کردن لە سەر گۆرەوی کە بەم شێوەیە:

یەکەم: دروست نیە مەسح کردن لە سەر گۆرەوی.!

ئەمە بۆچونی ئیمامی ئەبوو حەنیفەیە (هەرچەند لەم بۆچونە پەشیمان بوەتەوە)، وە ئیمامی مالیک و ئیمامی شافیعی ئەفەرموون: هیچ فەرمودەیەکی سەحیح لە پێغەمبەرەوە ﷺ لە سەر مەسح کردن لە سەر گۆرەوە بە ئێمە نەگەیشتوەو قیاسیش ناکرێ لەسەر (خوف) و حوکمی ئەوەی نیە.

بەڵگەکانیان:
 ١- پێغەمبەر ﷺ ئەفەرموێت " (يمسح المسافر على الخفين ثلاث ليال، والمقيم يوماً وليلة)" رواه مسلم (٢٧٦).
لێرەدا پێغەمبەر ﷺ بە ڕونی ناوی خووفی بەکار هێناوە بۆیە ناکرێ گۆرەوی قیاس بکرێ لە سەری. 
٢- گۆرەوی تەنکەو ناتوانرێ لە سەری بڕوات ئەوەی لە پێی دەکات. 
٣- دروستی مەسح کردن لە سەر (خوف) دەقی سەحیحی لە سەرە بە پێچەوانەی گۆڕەویەوە، وە هەر شتێکیش وەک (خوف) بە هێز نەبێ ناتوانرێ حوکمی خوفی بەسەردا بدرێ. 

دووەم: دروستە مەسح کردن لە سەر گۆرەوی بە مەرجێ ئەستور بێت و پێست بە تەواوی دابپۆشێ و بتوانرێ لەسەری بڕوات.!

ئەم مەزهەبە بۆچونی ئەبو یوسف و محەممەدە لە مەزهەبی ئەبوو حەنیفەو پاشان مامۆستاکەشیان (ئەبوو حەنیفە) هاتە سەر بۆچونەکەیان، قسەیەکی ئیمامی شافیعیەو مەزهەبەکەشی ئەم بۆچانەیان پەسەند کردووە، مەزهەبی ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حەنبەلە.

بەڵگەکانیان:
١- موغیرەی کوڕی شوعبە بۆمان دەگێڕێتەوەو دەڵێ" (أن النبي صلى الله عليه وسلم مسح على الجوربين والنعلين)" رواه الترمذي(99) وقال: حسن صحيح. 
لە پاش هێنانی ئەم فەرموودە ئیمامی تیرمزی ئەڵێ: "وهو قَوْلُ غَيْرِ وَاحِدٍ من أَهْلِ الْعِلْمِ وَبِهِ يقول سُفْيَانُ الثَّوْرِيُّ وبن الْمُبَارَكِ وَالشَّافِعِيُّ وَأَحْمَدُ وإسحاق قالوا يَمْسَحُ على الْجَوْرَبَيْنِ وَإِنْ لم تَكُنْ نَعْلَيْنِ إذا كَانَا ثَخِينَيْنِ... وقال: سَمِعْت صَالِحَ بن مُحَمَّدٍ التِّرْمِذِيَّ قَال سمعت أَبَا مُقَاتِلٍ السَّمَرْقَنْدِيَّ يقول دَخَلْتُ على أبي حَنِيفَةَ في مَرَضِهِ الذي مَاتَ فيه فَدَعَا بِمَاءٍ فَتَوَضَّأَ وَعَلَيْهِ جَوْرَبَانِ فَمَسْحَ عَلَيْهِمَا ثُمَّ قال فَعَلْتُ الْيَوْمَ شيئا لم أَكُنْ أَفْعَلُهُ مَسَحْتُ على الْجَوْرَبَيْنِ وَهُمَا غَيْرُ مُنَعَّلَيْنِ". 
وە ئیمامی شیرازی لە کتێبی (المهذب:1/46)دا دەڵێ: " وَإِنْ لَبِسَ جَوْرَبًا جَازَ الْمَسْحُ عَلَيْهِ بِشَرْطَيْنِ أَحَدُهُمَا أَنْ يَكُونَ صَفِيقًا لَا يَشِفُّ وَالثَّانِي أَنْ يَكُونَ مُنَعَّلًا".
وە ئیمامی نەوەوی لە شەرحی ئەم قسەدا لە کتێبی (المجموع:1/449) دەڵێ: " وَهَكَذَا قَطَعَ بِهِ جَمَاعَةٌ مِنْهُمْ الشَّيْخُ أَبُو حَامِدٍ وَالْمَحَامِلِيُّ وَابْنُ الصَّبَّاغِ وَالْمُتَوَلِّي وَغَيْرُهُمْ وَنَقَلَ الْمُزَنِيّ أَنَّهُ لَا يُمْسَحُ عَلَى الْجَوْرَبَيْنِ إلَّا أَنْ يَكُونَا مُجَلَّدَيْ الْقَدَمَيْنِ....... وَالصَّحِيحُ بَلْ الصَّوَابُ مَا ذَكَرَهُ الْقَاضِي أَبُو الطَّيِّبِ وَالْقَفَّالُ وَجَمَاعَاتٌ مِنْ الْمُحَقِّقِينَ أَنَّهُ إنْ أَمْكَنَ مُتَابَعَةُ الْمَشْيِ عَلَيْهِ جَازَ كَيْفَ كَانَ وَإِلَّا فَلَا." پاشان ناوی ئەو هاوەڵانەی هێناوە مەسحیان لە سەر گۆرەوی کردووە. 

بەشێک لە زانایان قسەیان لە سەر  ئەم فەرمودەیە کردووەو دەڵێن: (الشاذ)ه، هەر چەندە وەڵامی زۆر هەیە بۆ ئەم وتەیە لەبەر درێژ نەبوونەوەی باسەکە لێی ئەگەڕێم، بەڵام ئەڵێم ئەوەی ئیمامی تیرمزی بە سەحیحی داناوە پێش بە زەعیف دانانی زانایانی تر ئەکەوێت. 

٢- فەرموودەکەی سەوبان (ثوبان) کە ئەڵێ: " بعث رسول الله ﷺ سرية فأصابهم البرد، فلما قدموا على النبي ﷺ شكوا إليه ما أصابهم من البرد، فأمرهم أن يمسحوا على العصائب والتساخين" رواه أحمد (٢٢٤٣٧)، والحاكم في المستدرك (٦٠٢)، و قال صحيح على شرط مسلم ولم يخرجاه ووافقه الذهبي. 

هەندێک ڕەخنە لەم فەرموودە دەگرن و دەڵێن: ڕاویەکەی کە ناوی (راشد بن سعد) ئەم فەرمودەی لە ( ثوبان) نەبیستوە! بەلام ئیمامی بوخاری لە کتێبی (التأريخ الكبير٣/ ٢٩٢). بۆی دەرکەوت کە ئەم فەرموودە پچڕاوی تێدا نیە.
ئیمامی خەتابی لە كتێبی(معالم السنن:١/ ٥٦)دا ئەڵێ: (العصائب) مێزەرە، یان هەر شتێ بکرێتە سەر، وە (التساخين) هەموو شتێکە پێی پێ گەرم بێتەوە لە خوف یان گۆرەوی.

٣- فەرموودەکەی ئەبوموسای ئەشعەری ئەفەرموێت: " (أن رسول الله توضأ ومسح على الجوربين والنعلين)". رواه ابن ماجه (٥٦٠).
ئەم فەرموودەش بەشێک لە زانایان دوو نەخۆشییان لێ دۆزیوەتەوە، یەکەم دەڵێن: ڕاویەکی کە ناوی (عيسى بن سنان الفلسطيني)ه لاوازەو بەڵام ئیمامی ئیبنوحیبان لە کتێبی (الثقات:٧/ ٢٢٥) هێناویەتی، وە هەروەها ئیمامی بوخاریش لە کتێبی ( التأريخ الكبير: ٦/ ٣٩٦)دا باسی کردووە و لێی بێدەنگ بووە، خۆ گەر لاواز بوایە باسی ئەکرد. 
دووەم نەخۆشی کە لێیان دۆزیوەتەوە دەڵێن: ( ضحاك بن عثمان) لە ئەبوو موسای گوێ لێ نەبووە، بەڵام ئیمامی بوخاری لە کتێبی ( التأريخ الكبير:٢/ ٣٣٤)دا دەڵێ گوێی لێ بووە. 
کەواتە ئەو دوو کێشەش کە باسی ئەکەن وەرگیراو نیە. 

٤- هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ مەسحیان لە سەر گۆرەوی کردوەو، ئیمامی ئیبنو ئەبی شەیبە بە سەنەدێکی باش لە یەحیای بەککائەوە ئەیگێڕێتە ئەڵێ: سمعت ابن عمر يقول" المسح على الجوربين كالمسح على الخفين" رواه ابن أبي شيبة (٢٠٠٦).

٥- کرداری ئەنەسی کوڕی مالیک کە سەحیحەو هیچ کاتێکیش ئەو هاوەڵە پێچەوانەی پێغەمبەر ﷺ کار ناکات، ئەزرەقی کوڕی قەیس ئەڵێ: "رَأَيْتُ أَنَسَ بْنَ مَالِكٍ أَحْدَثَ فَغَسَلَ وَجْهَهُ وَيَدَيْهِ وَمَسَحَ بِرَأْسِهِ، وَمَسَحَ عَلَى جَوْرَبَيْنِ مِنْ صُوفٍ فَقُلْتُ: أَتَمْسَحُ عَلَيْهِمَا؟ فَقَالَ: إِنَّهُمَا خُفَّانِ وَلَكِنَّهُمَا مِنْ صُوفٍ " أخرجه الدولابي في الكنى والأسماء(١٠٠٩) صحيح.

سێیەم: دروستە مەسح کردن لە سەر گۆرەوی بە هەموو شێوەیەک گەر تەنکیش بێت.

 ئەم بۆچونە ڕیوایەتی دووەمە لە ئیمامی مالیکەوە، وە مەزهەبی ئیمامی ئیبنو حەزمی زاهیری و بۆچونی ئیبنو تەیمیە و ئیبنو عوسەیمین و شەنقیتیە خاوەنی تەفسیری (أضواء البيان).

بەڵگەکانیان:
بە گشتی خاوەنی ئەم بۆچونە ئەلێن بە سەحیحی لە پێغەمبەرەوە ﷺ پێمان گەیشتووە کە مەسح کردن لە سەر گۆرەوی دروستەو هیچ مەرجێکێش بۆ گۆرەویەکە دانەنراوە.

پوختەی قسە:
ئەوەی باسمان کرد دەربارەی مەسح کردن لە سەر گۆرەوی سێ قسەی جیاوازی زانایان بوو، بەشێک لە زانایان بە هەموو جۆرێ پێیان نادروست بووە، بەشێکی تریان بەهەموو شێوەیەک پێیان دروست بوو مەسح کردن لە سەر گۆرەوی، بەشێکی تری زانایان پێیان وایە دروستە بەڵام بە مەرجی ئەوەی گۆرەویەکە تەنک نەبێ و بتوانرێ لە سەری بڕۆیت.
ئەوەی من بە سەحیح و دروستی دەزانم لە پاش دیراسەی هەموو بەڵگەکان ئەوەیە مەسح کردن لەسەر گۆرەوی دروستە بەڵام بە مەرجێ پێستی پێ دابپۆشێت و تەنک نەبێت. چونکە جگە لە زانایانی مەزهەبەکان، (16) شانزە سەحابەی پێغەمبەر ﷺ بەلایانەوە دروست بووە مەسح لە سەر گۆرەوی کە ئەمانەن ( علي بن أبي طالب، البراء بن عازب، أنس بن مالك، أبو أُمامة، سهل بن سعد، عمرو ين حريث، عمر بن الخطاب، عبدالله بن عباس، أبو مسعود البدري، عبدالله بن عمر، سعد بن أبي وقاص، عمار بن ياسر، بلال الحبشي، إبن أبي أوفى، أبو موسى الاشعري، مغيرة بن شعبة، رضي الله عنهم أجمعين). ئیمامی ئیبنو ئەبی شەیبە لە کتێبی (المصنف : المسح على الجوربين ١/ ٢٧٤- ٢٧٨) بیست و دوو ئەسەری هێناوە کە بەشێکی قسەی ئەم هاوەڵانەیە. وە ئیمامی ئیبنوحەزم لە کتێبی (المحلى: ٣/ ٥٩ - ٦٥) نزیکی پانزە ئەسەری هێناوە لە هاوەڵان و تابعینەوە کە بە دروستیان زانیوە.

بۆیە من پێم وایە قسەی هاوەڵان لە پێش هەموو کەسەوەیە کە وەربگیرێت. هەر بۆیە ئیمامی شافیعی لە باسی گەورەیی هاوەڵاندا ئەفەرموێت "وَهُمْ فَوْقَنَا فِي كُلِّ عِلْمٍ وَاجْتِهَادٍ وَ وَرَعٍ وَ عَقْلٍ وَ أَمْرٍ اسْتَدْرَكَ بِهِ عَلَيْهِمْ، وَآرَاؤُهُمْ لَنَا أَحْمَدُ وَأَوْلَى بِنَا مِنْ رَأْيِنَا". إعلام الموقعين عن رب العالمين : ابن القيم، ٢/ ١٨٥.

بەشێکی بەرچاویش لە تابعین مەسح لە سەر گۆرەویان بەلاوە دروست بووە لەوانە: ( أبو قتادة، سعيد بن المسيب، عطا، إبراهيم النخعي، الأعمش، خِلاس تين عمرو، الحسن،  سعيد بن جبير، نافع، رحمة الله عليهم أجمعين). 
وە ئیمامی ئیبنو تەیمیە لە کتێبی( مجموع فتاوى: ١/ ١٧٢) وردەکاریەکی زۆر باشی لەم بابەتەدا کردوەو و بەڵگەیەکی زۆری هێناوەتەوە لە سەر ئەوەی کە مەسح کردن لە سەر گۆرەوه دروستە جا گۆرەویەکە لە هەر شتێ دروست کرابێ، بە مەرجێ قولە پێی مرۆڤ داپۆشێت.

بۆیە ئەم بۆچونەوەم بەلاوە پەسەندە چونکە دەقەکان لەسەری سەحیح و سەریحن، وە قسەی ئەو هاوەڵە بەڕێزانە لە سەر کردنی بەڵگەیەکی دیکەیە چونکە بەشێک لە کردارو گوفتاری هاوەڵان حوکمی (مرفوع) یان هەیە لای زانایانی فەرموودە، واتە: لە خۆوە نەیانکردوە، چونکە ئەوان هیچ کارێ ناکەن پێچەوانەی فەرمایشتی ئازیزمان بێت ﷺ بەتایبەت گەر پەیوەندی بە یاسا شەرعیەکانەوە هەبێت. وە پاشان  تابعینیش  بە ڕوونی وشەی گۆرەویان بەکار هێناوە. 

لە کۆتاییدا ئەڵێم ڕێز گرتن لە هەموو بۆچوونەکان داواکاریەکی شەرعیانەیەو پێویستیەکی سەردەمە، وە هەرکەسیش هەر بۆچونێک لەوانە هەڵبژێرێت نابێ سەرزەنشت بکرێت، چونکە هەمووی لە ژێر چەتری شەریعەتدا جێیان ئەبێتەوە، وە هەر شتێکیش خیلافی لەسەر بێت، دیارە جائیز بونێک هەیە بۆیە خیلافەکە هەیە. 

وەڵامدانەوەی: مامۆستا مەلا شاخەوان سیامەنسووری.

سەرچاوەکان:
١- بدائع الصنائع في ترتيب الشرائع: علاء الدين الكاساني. 
٢-المهذب: أبو إسحاق الشرازي، وشرحه المجموع للنووي. 
٣-المغني: ابن القدامة. 
٤- المحلى: ابن الحزم. 
٥- صحيح فقه السنة: كمال بن السيد سالم. 
٦-الموسوعة الفقهية الميسرة:د. حسين بن عودة العوايشة. 
٧-اختيارات شيخ الاسلام ابن تيمية: د. عايض بن فدغوش. 
٨-الموسوعة الفقهية الكويتية: وزارة الأوقاف للدولة الكويت. 
٩- المصنف:ابن أبي شيية. 
١٠- التأريخ الكبير: البخاري. 
١١- الأسماء والكنى: الدولابي. 
١٢- الثقات: ابن حبان. 
١٣- مجموع فتاوى: ابن تيمية.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org

  ژمارەی بینین 555

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram