سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایە دروستە سەرفیترە بە پارە بدرێ.؟
ئایە دروستە سەرفیترە بە پارە بدرێ.؟ دیارە هەموو ساڵ کە لە نیوەی ڕەمەزان نزیک ئەبینەوە، ئەم بابەتە مشت و مڕی زۆری لێ ئەکەوێتەوەو بەشێک پێیان وایە بەهیچ جۆرێک نابێ پارە بدرێ بە سەرفیترە، لە بەرانبەریشدا هەندێکی تر لە موسڵمانان پێیان وایە نابێ جگە لە پارە بدرێ چونکە لە قازانجی هەژار نیە.
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3718


ئایە دروستە سەرفیترە بە پارە بدرێ.؟

دیارە هەموو ساڵ کە لە نیوەی ڕەمەزان نزیک ئەبینەوە، ئەم بابەتە مشت و مڕی زۆری لێ ئەکەوێتەوەو بەشێک پێیان وایە بەهیچ جۆرێک نابێ پارە بدرێ بە سەرفیترە، لە بەرانبەریشدا هەندێکی تر لە موسڵمانان پێیان وایە نابێ جگە لە پارە بدرێ چونکە لە قازانجی هەژار نیە.
من لێرەدا ئەمەوێ زۆر بە کورتی قسەی هەردوو لا بهێنم و پاشان ئەوەی کە بەلامەوە دروستە بۆ ئەمڕۆی براواداران بیخەمە ڕوو.
وەک ئاشکرایە بابەتی دەرکردنی سەرفیترە بە پارە  جێگەی مشت و مڕی زانایان بوە هەر لە سەرەتاوە تا ئێستە، کە دوو بۆچونی جیازازی لەسەرەو هەوڵ ئەدەم هەردوکی بخەمە ڕوو:

#یەکەم: دروست نیە پارە بدرێ بە سەرفیترە.
ئەم بۆچونە جەماوەری زانایانی لەسەرە وەک(ئیمامی مالیک و ئیمامی شافعی و ئیمامی ئەحمەد و ابن حزمی زاهیری) و جگە لەوانیش زۆرێکی تر لە زانایان ئەفەرموون پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم باسی قوتی کردوە کە خواردنەو گەر پارە دروست بوایە لە دەرکردنی باسی ئەکرد، لە کاتێکدا پارە بونی هەبووە لەو کاتەدا، بەڵکو لە باسی سەرفیترەدا فەرمووی( وطعمة للمساكين). وە ئیمامی ئەبوو سعیدی خودری فەرمووی ئێمە لە سەردەمی پێغەمبەردا صلى الله عليه وسلم بۆ سەرفیترە، مەنێک لە خواردن یان مەنێک لە خورما، یان مەنێک لە جۆ، یاخود مەنێک لە مێوژمان ئەدا بە هەژاران. 
وە ئەوەی لە فەرمودەدا هاتوە هەمووی باسی خواردن ئەکات بە جیاوازی جۆرو هیچ دەقێکمان نیە کە باسی جگە لە خواردن بکات. 
#دووەم: دروستە پارە بدرێ لە بری خواردن بۆ سەرفیترە. 
دیارە ئەم بۆچونەش بەشێک لە زانایان کاریان پێکردوەو پێیان وایە ئەم سەرفیترە بۆ پێداویستی هەژارەو هەرکات هەژارەکە پێویستی بە پارە بوو ئەوە دەرکردنی پارە دروستە، جا من لێرەدا پێم خۆشە بەشێک لە قسەو ناوی ئەو زانایانە بهێنم چونکە خەڵکانێک پێیان وایە تەنها ئیمامی ئەبوو حنیفە ئەم بۆچونەی هەبوە!.

* لە هاوەڵانی بەڕێز:
(ئیمامی عومەر، عبداللەی کوڕی ئیمامی عومەر، عبداللەی کوڕی مسعود، عبداللەی کوڕی عەباس، معازی کوڕی جبل). هەر بۆیە ئیمامی ئەبوو ئیسحاقی سەبیعی ئەفەرمووێت( من بە هاوەڵان گەشتووم کە پارەیان دەر ئەکرد لە سەرفیترەدا). المصنف: ابن أبي شيبه: ٣ / ٦٥. ئەم زانا بەڕێزە وەک ئیمامی ئەحمەدی عیجلی ئەفەرموێت لە کتێبی(الثقات: ١/ ٣٦٦) کە لە (38) هاوەڵەوە فەرمودەی گێڕاوەتەوە. 
وەلە سەحیحی بوخاریدا هاتوە کە عبداللەی کوڕی عومەر فەرمووی(أمرَ النبي صلى الله عليه وسلم، بزَكاةِ الفطرِ صاعًا من تمرٍ ، أو صاعًا من شعيرٍ. قالَ عبدُ اللَّهِ : فجعلَ النَّاسُ عدلَهُ مدَّينِ من حِنطةٍ). واتە:  پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم فەرمانی کرد سەرفیترە دەربکەین بە مەنێک لە خورما، یاخود مەنێک لە جۆ. عبداللە فەرمووی: هاوەڵان تەماشای نرخی نیو مەنیان کرد لە گەنم کە نرخەکەی بەرانبەرە لە گەڵ مەنێک لە خورما یان جۆ. 
ئیمامی ابن حجر لە شەرحی بوخاریدا(الفتح الباري:٣ /٣٧٣) ئەفەرمووێت(جاء عن عثمان بن عفان، وعلي بن أبي طالب، وأبي هريرة، وجابر بن عبدالله، وابن عباس، وابن الزبير، وأسماء بنت أبي بكر رضي الله عنهم، أنهم رأوا أن في زكاة الفطر نصف صاع من القمح). واتە: ئەو هاوەڵە بەڕێزانە نرخیان لەبەرچاو گرتوە بۆیە پێیان وابوو کە ئەبێ نیو مەن لە گەنم بدرێ بۆ سەرفیترە چونکە ئەو نیو مەنە نرخەکەی هێندەی مەنێکی خورمایە. 
هەر بۆیە ئیمامی ابن المنذر ئەفەرموێ (إن فعل الصحابة النظر إلى قيمة الصاع لا إلى الحجم والكيل) واتە: کردوەی هاوەڵانی بەڕێز ئەو ڕاستیەمان بۆ دەرئەخات کە ئەوان تەماشای نرخی مەنیان کردوە نەک تەماشای ئەوەی ئەو مەنە چەند ئەگرێ لە قەبارەیا.

* لە تابعین:
دیارە بەشێکیش لە زانایانی تابعین پێیان دروست بوە پارە بدرێ لە سەرفیترە  لەوانە:
(عمر بن عبدالعزيز،  الحسن البصري، طاووس بن كيسان، سفيان الثوري) 
قوڕەی کوڕی عبدالرحمن بۆمان ئەگێڕێتەوە کە عومەری کوڕی عبدالعزیز فەرمانی پاشایی دەرکرد تێیدا هاتبوو(نصف صاع عن كل إنسان أو قيمته نصف درهم). واتە: بۆ سەرفیترە بۆ هەموو مرۆڤێکی موسڵمان نیو مەن خواردن وەربگرن یاخود نیو درهەم لە جیاتی. 
ئیمامی حەسەنی بەسری ئەفەرموێ( لا بأس أن تعطي الدراهم في صدقة الفطر). واتە: دروستە لە سەرفیترەدا نرخەکەی بدرێ.

* لە شەرع زانان و فەرمودەناسانی هەر چوار مەزهەبەکە.
( الأوزاعي، أبو حنيفة و شوێن کەواتوانی، أحمد بن حنبل ڕیوایەتێکی وای لێ ئەگێڕنەوە، البخاري، يحيى ين معين، ابن زنجوية،  شمس الدين الرملي، ابن حبيب، أصبغ بن فرج، ابن أبي حازم، ابن وهب، وابن أبي شيية، والقرطبي) 
ئیمامی بوخاری لە سەحیحەکەیدا سەرباسێکی داناوە بەناو نیشانی( باب العرض في الزكاة) هەر بۆیە ابن حجر(٣/ ٣١٢) لە ابن ڕەشیدە ئەگێڕێتەوە کە(وافق البخاري في هذه المسألة الحنفية مع كثرة مخالفته لهم، لكن قاده إلى ذلك الدليل) واتە: لەم بابەتەدا ئیمامی بوخاری لەگەڵ حەنەفیەکاندا یەک بۆچونی هەیە لەگەڵ ئەوەی لە زۆرێک لە بابەتەکاندا لێیان جیاوازە، بەڵام بەڵگە وای لێ کردوە بۆچونی وەک ئەوان بێت. 
وە ابن أبي شيبە لە کتێبی(المصنف) دا ناونیشانێکی داناوە( باب إعطاء الدراهم في زكاة الفطر) لەوێدا قسەی زۆری زانایانی هێناوە لەسەر دروستی. 

 پوختەی قسە:
ئەوەی باسمان کرد بۆچونی هەردولا بوو لەسەر دروستی و نادروستی پارەدان لە زەکاتی فیتر، ئەوەی بۆمان ڕوون بویەوە ئەوەیە کە:
هەرکات ئەوکەسەی تۆ سەرفیترەی بۆ ئەبەی گەر خواردنەکەی پێویست بوو ئەوە بنچینەی سوننەت و شوێن کەوتنی پێغەمبەرە تۆش خواردنی بۆ بەری، چونکە تۆ ئەوەت بۆ بردوە کە ئەو پێویستێتی، پاشان ئەبێ ئەوەش بزانین ئەو زانا بەڕێزانە کە ئەفەرموون دروسەتە پارە بدرێ هەموو زانای پایەبەرزی ئیسلامن و هیچیان بە ئارەزوی نەفسیان قسەیان نەکردوە بەڵکو بەڵگەی سەردەمی رەسول اللەیان بە دەستەوەیەو نابێ هیچ کەس پێی وابێ ئەوان شوێنی سوننەت نەکەوتون. 
پاشان ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە ئایە ئەو کەسەی تۆ سەرفیترەی بۆ دەبەی خواردن بۆ ئەو باشە یاخود پارە؟ ئەگەر خواردن بۆی باشە ئەوە بێ دودڵی ئەوەی بۆ بەرە، بەڵام ئەگەر پارە بۆ ئەو باشە کرێچیە یاخود پارەی پێ نیە جلی جەژن بکات  یاخود قەرزارە یاخود هەر پێویستیەکی تر کە تەنها بە پارە چارە ئەکرێ ئەوە بێ دودڵی پارە دەربکە چونکە تۆ خواردنیشی بدەیتێ ئەو بە هەرزانتر ئەیکاتەوە بەپارە بۆ پێداویستیەکانی، وە ئیمامی ابن تيمیەش لەگەڵ ئەوەی پێی وایە کە ئەبێ خواردن بدرێ بەڵام بۆ ناچاری و پێویستی هەژارەکە بە دروستی داناوە کە پارە بدرێ، چونکە ئەوەش لەگەڵ ڕوحی شەریعەتدا یەک ئەگرێتەوە کە جێبەجێ کردنی پێداویستی هەژارانە. 
لە کۆتایدا ئەوە ئەڵێم ئەم بابەتە لە بابەتی لاوەکی(الفروع) ە و هەر لە کۆنەوە ئەم ڕاجیایەی لەسەرەو نابێ مرۆڤی ژیر ئەوەی خۆی بەلاوە دروست بێت و پێچەوانەکەی پێ ناشەرعی کوفر  بێت و ئەم خیلافە بکاتە هۆی ناکۆکی نێو موسڵمانان. 

✍️ شاخوان سيامنصورى.



  ژمارەی بینین 48

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram Google Plus