حوکمی بەڕۆژوو بونی ڕۆژی شەممان.؟ بسم الله الحمد للە و الصلاة و السلام علی رسول الله و علی آله و صحبه ٲجمعین. فەرموودەیەك هاتووە دەربارەی ئەوەی "ڕۆژوو نەگیرێ لە ڕۆژانی شەممان مەگەر واجب بێت لەسەرتان " ① (واجب : ڕەمەزان یان قەرز یان کەفارەت یان نەزر هتد.... ) دەربارەی ڕاست و درووستی ئەم فەرموودەیە زانایانی ڕاجیاوازیان هەیە : بەشێك لە زانایان پێیان وایە کە فەرموودەکە ڕاست و درووستە ② بەڵام بەشێکی هەرە زۆری زانایان پێیان وایە کە فەرموودە لاوازە وکاری پێ ناکرێت ③ بەڵگەشیان : لەبەر ئەم فەرموودانەی کە هاتوون و باسی ئاسایی بوونی ڕۆژی شەممان دەکەن 1/ یەکێك لەو ڕۆژانەی کە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) تێدا زۆر بە ڕۆژوو دەبوو ڕۆژانی شەممە و یەک شەممە بوو ④ 2/ پێغەمبەری خوا (صلی الله عليه وسلم) فەرموویەتی (خۆشەویسترین ڕۆژوو لە لای خوا ڕۆژووی داود پێغەمبەر بوو -علیه السلام- کە ڕۆژ نا ڕۆژێ بە ڕۆژوو دەبوو) ⑤ - ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەگەر کەسێك ڕۆژ ناڕۆژێ بە ڕۆژوو بێت بێگومان شەممەشی بەردەکەوێت ! - 3/ پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) فەرموویەتی هیچ یەکێك لە ئێوە بەڕۆژوو نەبێت لە ڕۆژی جومعە مەگەر ڕۆژێك لە پێشی یان پاشی بگرن ⑥ -ڕۆژێك دوای جومعەش بێگومان شەممەیە- 4/ پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) بینی یەکێك لە خێزانەکانی بەڕۆژووە لە ڕۆژی جومعە پێغەمبەری خواش (صلی الله علیه وسلم) پێی فەرموو ئایا دوێنێ بەڕۆژوو بووی خێزانەکەشی فەرمووی نەخێر ئەویش فەرمووی ئەی ئایە دەتەوێ سبەی بەڕۆژوو بیت ئەویش فەرمووی نەخێر ئەویش فەرمووی دە مادەم ڕۆژووەکەت بشکێنە ....⑦ (ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوە ئەگەر خێزانەکەی بیفەرموایە سبەی بەڕۆژوو دەبم ئەوە نەیدەفەرموو بیشکێنە کە ڕۆژێ دوای جومعەش دەکاتە شەممە !) وە (ابن عثيمين) فەرموویەتی : 1- هەر ڕۆژوویەك قەرز بێت یان کەفارەت بێت یان نەزر بێت ئەوە ئاساییە لە شەممە بێت 2- ڕۆژووە سوننەتەکان وەك شەشەڵان و عاشورا و عەرەفە نۆ ڕۆژی ذي الحجة ئەوە ئاساییە لە شەممە بێت 3- ئەگەر کەسێك لە پێشیەوە جومعەی گرتبێت ئەوە ئاساییە لە شەممە بێت 4- ئەگەر کەسێك عادەتی کردبێت ڕۆژ ناڕۆژێ بە ڕۆژوو بێت ئەوە هەر درووستە لە شەممە بێت - واتە جومعە بە ڕۆژوونەبووبێت و لە شەممە بیگێت - ⑧ بۆیە لەهەموو حالەتەکان ئاساییە ان شاء الله #واللە_تعالی_اعلم_وباللە_التوفیق _ _ _ _ _ __ _ _ _ _ _ _ _ _ _ _ _ _ _ _ سەرچاوەکان / ① : (📗 سنن ابي داود - 2421) (📗 سنن الترمذي - 744) (📗 سنن ابن ماجە - 1726) (📗 سنن الدارمي - 1790) (📗 مسند احمد - 27075) ② : ئەمە ڕای زانایانی وەك (ئەلبانی) یە لە (📗 ٳرواء الغليل - 960) و (سیوطي)ە لە (📗جامع الصغير - 9799) و (ابن حبان) لە (📗 صحيح ابن حبان 3615) و هەندێکی تر ... -ڕەحمەتی خوایان لێبێت- ③ : ئەمەش زۆرینەی زانایانی وەك پێشەوا (مالك)ە لە (📗تنقيح تحقيق التعليق 2/360) و هەروەها (ابوداود) ە لە (📗سنن ابي داود 2/806) و (نسائي) ە و (ابن حجر العسقلاني)یە لە (📗 التلخیص الحبير 2/216) و (طحاوی) یە لە (📗 شرح المعانی و الآثار 2/80) و ابن(تيمية) ە لە (📗 اقتضاء الصراط المستقيم - 263) ە و (ابن القيم) ە لە (📗تهذيب السنن - 7/67) و (زوهری) یە لە ( 📗 سنن الکبری للبیهقی - 4/302) و (ابن الملقن) لە (📗 البدر المنیر - 5/760) و (شوکانی) لە (📗 نیل الٲوطار - 4/339) (ابن باز) لە ە (📗 حاشية بلوغ المرام لابن باز - 424) و (ابن عثيمين) لە (📗 شرح بلوغ المرام لابن عثيمين - 3/283) وە هەروەها لە (📗 مجموع الفتاوی و رسائل ابن عثيمين - 36/20) -ڕەحمەتی خوایان لێبێت - ④ : (📗الترغیب والترهیب للمنذري - 2/142) (📗صحيح ابن حبان - 3646) ⑤ : (📗صحيح البخاري - 3420) (📗 صحيح مسلم - 1159) ⑥ : (📗صحيح البخاري - 1849) (📗 صحيح مسلم - 1929) ⑦ : (📗صحيح البخاري - 1986) ⑧ : (📗مجموع فتاوى ورسائل ابن عثيمين - 20/57)