سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
   سزای ھەڵگەڕاوە له دين.؟
پیاچوونەوەی فیقھی بە تێگەیشتنی ھاوەڵان و ئەوانەی بە دوایاندا ھاتوون. بەشی یەکەم: سزای ھەڵگەڕاوە || نووسینی: شێخ محەممەد طاھیر بەرزنجی || بابه‌تێكی‌ زۆر زۆر گرنگ و به‌هێز تكایه‌ به‌ وردی‌ و سه‌رنجه‌وه‌ بیخوێننه‌وه‌..
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 2565


پیاچوونەوەی فیقھی بە تێگەیشتنی ھاوەڵان و ئەوانەی بە دوایاندا ھاتوون

بەشی یەکەم: سزای ھەڵگەڕاوە

نووسینی: شێخ محەممەد طاھیر بەرزنجی

سوپاس و ستاییش بۆ خودای دلۆڤان، وە دروودو سەلام لە سەر نێردراوی خودا (دروودی خوای لەسەر)

 بۆ گەورە زانایان و شێخە ڕێزدارەکانمان
 
سڵاوو ڕەحمەتی خوای پەروەردگارتان لێبێت.

ئەمە چەند پیاچوونەوەیەکی فیقھیە لە بەردەم ئێوەی بەرێزدا پێشکەشی ئەکەم، تکا کارم سینەو کاتتان فراوان بێت بۆ خوێندنەوەی، وە چاوەڕوانی قسەی زانستی بایەخداری ئێوەین.
ئەم پیاچوونانەوەش چەند بابەتێکی لە خۆ گرتووە و بە گرنگترینیان دەست پێدەکەم، کە (سزای ھەڵگەڕاوەیە لە دین)، کە بەردەوام پەیوەندیدارانی سەرقاڵکردووە لە وڵاتانی موسڵمانان و بە درێژایی زەمەن ھەندێ لایەن بەکاریان ھێناوە بۆ لە ناوبردنی نەیارەکانیان ، لەبەر ئەوەی پەیوەندیدارە بە حەرامی خوێن و بابەتێکی گرنگە لای پەوەردگار و پێغەمبەرەکەی، بۆیە خوای گەورە دەفەرموێت: (مَنْ قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا) ئەوەی کەسێک بەناحەق بکوژێت و لە جیاتی کوژراوێک نەبێت، یان گوناھو تاوانی گەورەی ئەنجام نەدابێت لەزەویدا، وەکو: (جەردەیی و دەستدرێژی و... ھتد)، ئەوە وەک ئەوە وایە ھەر ھەموو خەڵکی کوشتبێت.
وە پێغەمبەر  دەفەرموێت وەک لە صەحیحدا ھاتووە: ((یەکەم قەزاوەت لە نێوان خەڵکیدا لە ڕۆژی دواییدا لە سەر خوێن دەبێت)) وە لە صەحیحدا ھاتووە لە (عەبداللە ی کوری عومەر) دەفەرموێ (وێرانبونی دونیا لای خودا ئاسانترە لە کوشتنی مرۆڤێکی موسوڵمان). بۆیە من دەڵێم نەھی کردن لە کوشتنی نا موسڵمانیش کەمتر نییە بە ترساندن و سزادان، وەک لە بوخاریداو لە صەحیحەکەیدا بەرزکراوەتەوە بۆ پێغەمبەر  دەفەرموێ: ((ھەر کەسێک کەسێکی خاوەن پەیمان و عەھد بکوژێت بۆنی بەھەشت ناکات).

پاش ئەو پێشەکییە بە پیشتوانی خوای گەورە دەڵێم: 

گومان نییە ھەڵگەڕاوە لە دین تاوانێکی گەورەیەو شایەنی دەرچونە لە میھرەبانی پەروەردگار لە ڕۆژی دواییدا، وەک چۆن لە قورئانی پیرۆزدا ھاتووە، وەک دەفەرموێت: (بەڕاستی ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە و دوایی پاشگەز بوونەتەوە، دووبارە ئیمانیان ھێنایەوە و دوایی پاشگەز بوونەوە، لەوەودوا زیاتر لە بێ دینی و کافریدا ڕۆچوون، ھیچ کات خوا لەوانە خۆشنابێت و ڕێنمووییان ناکات بۆ ڕێبازێکی سوود بەخش) سورەی نیسا، ئایەتی ١٣٧.
ئەم ئایەتە مەدەنییەو ڕوونەو نەسخ نەکراوەتەوەو باس لە سزادانی رۆژی دوایی دەکات و باس لە سزای کوشتن ناکات.!
پاشان ئێمە دەڵێین: سوننەتی پێغەمبەر  ڕوونکەرەوەی کتێبی خودایە، بەڵام فەرمایشتێکی پیرۆزی پیغەمبەر  ھەیە کە دەفەرموێت: (( ئەوەی دینی خۆی گۆڕی، ئەوا بیکوژن )) وەک لە صەحیحی بوخاریدا ھاتووە، ئەم دەقە بەڕەھایی ھاتووە ، وە ڕووی دەرەوەی دەقەکە حوکمی کوشتنە بۆ کەسی ھەڵگەڕاوە لە دونیادا، زۆریش لە زانایان لە کۆن و نوێ لە سەر ئەم حوکمەن، بەڵام ئەم دەقە ڕەھایە وەک ئاماژەمان پێدا ، دەقی تر سنورداری دەکەن لە صەحیحداو لە سەرچاوەکانی دیکەدا ، ھەموشی بە یەک مانایە، ڕونیشە وشە جیاوازەکانی دەقەکانی پێغەمبەر  بە کۆی گشتی یەکتر بۆ یەکتر ڕاڤە دەکەن، ئەگەر ھەموو لە ھەمان بابەت باس کرا بێت، ئیمامی بوخاری کە ئەم فەرمودەی گێڕاوەتەوە بەم دەقە ڕەھایە (ئەوەی دینی خۆی گۆڕی، ئەوا بیکوژن) ھەر ئەویش دەقێکی تری گێڕاوەتەوە کە ئەم دەقە ڕەھایە سنوردار دار دەکات، بە وشەی (دەرچوو لە دین و واز ھێنانی لە کۆمەڵی موسوڵمانان و شەرەنگێزی لەناو کۆمەڵگەی موسوڵماناندا) – صەحیحی بوخاری، بەشی خوێن پێدان، فەرمودەی: (٦١٤٤٨).
ھەروەھا ئیمامی نەسائی بەم ڕیوایەتە فەرموودەکەی بوخاری سنوودار دەکات، کە دەفەرموێ: (پیاوێک لە ئیسلام دەردەچێت و شەڕ لەگەڵ خوداو پێغەمبەرەکەی دەکات، ئەوا دەکوژرێت، یان لە شارو وڵاتی خۆی دوور ده‌خرێته‌وه‌......). سونەنی نەسائی، کیتابی شەڕکردن، بەشی صوڵحکردن، فەرمودەی: (٣٧٠٠). ھەروەھا ئیمامی حاکم ئەم فەرمودەیان ھێناوەو بە صەحیحیان داناوە.
دەقەکانی نەسائی و حاکم لە تیشکی خۆر ڕوونترە کە تاوانی ھەڵگەڕاوە و تاوانی پشتکردن لە ئیسلام بەیەکتر دەبەستێتەوە کە مەبەست پێی جەنگ کردن و ئاژاوە گێڕییە لەناو کۆمەڵگەی موسوڵماناندا.
وە زۆرێک لە پێشەوایانی ئیسلام باسیان کردووە، وەک ئیبن تەیمیە، کە پێغەمبەر  تۆبەی کەسانی ھەڵگەڕاوەیان قەبوڵ کردووەو، فەرمانیشی کردووە بە کوشتی ھەندێکی تر کە شتی تریان لەگەڵ ھەڵگەڕانەوەکەیان ئەنجامدا، وەک: کوشتن و ئەزیەت دان و زەرەر دان لە ئیسلام و موسڵمانان، بۆ نموونە: فەرماندان بە کوشتنی (مەقیس کوری حەباب) لە ڕۆژی فەتحی مەککە کە جگە لە ھەڵگەڕانەوە موسڵمانێکی کوشت و پارەکەشی بردبوو، وە فەرمانکردن بە کوشتنی (عیینیە) کە جگە لە ھەڵگەڕانەوە کوشتن و تاڵانکردنی بەم شێوەیە ئەنجام داوە .
وە بۆ پشت ڕاستکردنەوەی وتەکانی ئیبن تەیمیە دەڵێین: بە بەڵگە سەلمێنراوە کە پیاوێک لە ئیسلام ھەڵگەڕاوەتەوە لە سەردەمی پێغەمبەر ، وە ئەویش نەیکوشتووە، وە فەرمانی بە ھاوەڵانیش نەکردووە کە بیکوژن، لە (جابری کوڕی عەبدواللە) ڕەزای خوای لەسەر بێت، دەفەرمون: ( عەرەبێکی کۆچەری بەیعەتی بە پێغەمبەردا ، ئەم کەسەش توشی نەخۆشیەک ھات لە شاری مەدینەو ھاتە لای پێغەمبەر  وتی: گەردنم ئازاد بکە لە بەیعەتەکە، پێغەمبەریش  ڕەتی کردەوە، پاشان ھاتەوە لای پێغەمبەر  داوای کردەوە گەردنم لە بەیعەتەکە ئازاد بکە، پێغەمبەریش  ڕەتی کردەوە، پاشان ئەم عەرەبە کۆچەرییە لە شار دەرچوو، وە پێغەمبەر  فەرمووی: شاری مەدینە وەک دەمەی ئاسنگەر وایە، پیسیەکانی فرێ دەدات و چاکیەکەشی ڕەونەق دەداتەوە). صەحیحی بوخاری، کتابی ئەحکام، فەرموودەی ژمارە: (٦٧٨٦).
ئەم فەرموودە بە ڕوونی ئەوە دەگەیەنێت کە: ئەم پیاوە ھەڵگەڕاوەتەوە و نەکوژراوە، واتە: جگە لە ھەڵگەڕانەوە ھیچ تاوانی تری لەگەڵ کۆنەکردۆتەوە، وەک کوشتن، بۆیە پێغەمبەر  فەرمانی بە کوشتنی نەداوە. بەڵام لە صەحیحی بوخاریدا ھاتووە کە پێغەمبەر  فەرمانی بە کوشتنی وەفدێک لە (عەرینەو عکل) داوە، بۆچی.؟ چونکە پاش ھەڵگەڕانەوە ئەوان شوانێکیان کوشت و حوشترەکانیان بە تاڵان برد، واتە: لەگەڵ ھەڵگەڕانەوە کوشتن و دزیان ئەنجام داوە.
بۆیە من بە دوای گێڕانەوە مێژووییەکاندا ڕۆشتووم کە باس لە فەرمان بە کوشتنی ھەندێ ھەڵگەڕاوە دەکەن پاش فەتحکردنی شاری مەککە، بۆم دەرکەوت کە: پێغەمبەر  فەرمانی بە کوشتنی ھیچ ھەڵگەڕاوەیەک نەداوە، ئیللا لەگەڵ ھەڵگەڕانەوەکەی تاوانێکی تری ئەنجام دابێت، وەک: کوشتن و خیانەتی گەورە، یان ھاوشێوەی.
تێگەیشتن لەم دەقانە بەو شێوەی ڕوونمانکردەوە، (دەقی ڕەھا سنوردار دەکرێت)، واتە: ئەو ھەڵگەڕاوە دەکوژرێت کە لەگەڵ ھەڵگەڕانەوەکەی کوشتن کۆ دەکاتەوەو خەڵکی دەکوژێت، پاش ئەوەی ھەڵدەگەڕێتەوە، ئەم تێگەیشتنە بۆ دەقەکان بۆچوون و ڕای گەورەمانە عومەری کوڕی خەتاب (ڕەزای خوای لەسەر بێت)، وە پێشەوامان (عومەر) خاوەنی زانستێکی فراوان بووەو لە زۆر شوێندا بیروبۆچوونەکانی لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا ھاتووەتەوە، وە ھەروەھا لەگەڵ گەورە فەقیھەکانی ھاوەڵاندا ھاوڕاو لێک نزیکبوون، تەنانەت سەرەتا لەگەڵ بۆچوونی پێشەوا ئەبوبەکری سدیق نەبوو لەسەر جەنگ کردن لەگەڵ ھەڵگەڕاوەکان ، بەڵام دواتر ڕازی بوو، پاش ئەوەی بۆی ڕوون بوویەوە کە زۆرینەی ھاوەڵان لەسەر ئەو ڕایەن کە ھەڵگەڕاوەکان دوای ئەوەی دەستیان کرد بە کوشتن و بە جەنگکردن لەگەڵ خواو پەیامبەرەکەی، وە زۆرێک لە موسڵمانانیان کوشت و بە توندیش دژی دانی زەکات وەستانەوەو لە دەوڵەت و یاسای گشتی جیابوونەوە و لە کردارێکی کودەتای سەربازی و ئابوری و سیاسی و بیروباوەری لە دژی فەرمان ڕەوایەتیەک کە گەل بە ئازادی ھەڵیبژاردووە وەستانەوە.! 
وە ڕای پەسەندیش (خواش زاناترە) لەسەر ڕاوبۆچوونی ئەو ھاوەڵانەی وەک: پێشەوایان (عوسمان و عەلی و ئیبن مەسعود) ڕەزای خوایان لەسەر بێت، کە فەرموویانە: ھەڵگەڕاوەکان دەکوژرێن ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخ و سەردەمەی کەدەسەڵاتی ئیسلامی پیایدا تێدەپەڕی، ئەو کات خەڵکی نوێ بوون بە ڕوداوەکانی ھەڵگەرانەوە، وە ھێشتا ترس و نا ئارامی بوونی ھەبوو لەسەر ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی، وە یاسای دەوڵەت و سەقامگیریەکەی..
 وە ئەوەی ورد ببێتەوە لە ڕووداوەکانی ئاژاوەگێڕی لە کۆتایی سەردەمی ڕاشیدین، دەبینێ عەرەبە کۆچەریەکانی ھەڵگەڕاوە کە تۆبەی خۆیان ڕاگەیاندو ملکەچ بوونەوە پاش تێکشکانیان لە جەنگی ھەڵگەڕاوەکان ھەر ئەوان بوون بەشدار بوون لەگەڵ خەواریجەکان لەسەر ئابڵوقەدانی پێشەوا عوسمان، تا شەھیدیان کردو، دواتریش لەدژی پێشەوا عەلی (ڕەزای خوای لەسەر بێت) دەرچوون و تاوانباریان کرد بە کافربوون و خەڵکیان لەدژی ھانداو بە شەھیدیش کوشتیان.
ئەمرۆش پاش گۆڕانی کات و شوێن و بارودۆخەکان، دەبێ جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ دەقەکان و تێگەیشتن لێیان، پاشان حوکمی دەقەکان بەسەر واقیعی کۆمەڵگاکانماندا بدەین، وە یەکێک لەو دەقانەی کە بە بناغەو مەبەستەکان دادەنرێت لای فوقەھایانی موسڵمانان و ڕاڤەکاران ئەوەیە کە کاتێک فەتوا دەدەن، ئایەتی خوای گەورەیان لەبەرچاوبێت کە دەفەرموێت: (لا إکراە فی الدین). واتە: لە دینی ئیسلامەدا داسەپاندن و ناچارکردن و زەبرو زەنگ نیە بۆدینداریی و وەرگرتنی ئایینی ئیسلام. (تەفسیری ڕامان).
 شێخی ئیسلام ئیبن تەیمیە (ڕەحمەتی خوای لێبێت) ئاماژەیەکی وردو گرنگی ھەیە کە باس لە بابەتێکی دی دەکات کە ئەویش ئەوەیە: پێی ڕەوا نیە جەنگاندن لەگەڵ بێ باوەڕانێک کە شەڕکەرو دەستدرێژیکار نین، بۆیە لەسەر ئایەتی: (لاَ إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ قَدْ تَبَيَّنَ الرُّشْدُ مِنْ الغَيِّ) واتە: بەھیچ جۆرێک زۆرکردن نیە لە وەرگرتنی بیروباوەڕی ئیسلامیدا، چونکە بەڕاستی ڕێبازی چاک و دروست ڕوون و ئاشکرا بووە و جیابۆتەوە لە گومڕایی و سەرکەشی).
 ئیبن تەیمیە دەفەرموێ: (ئەم دەقە گشتییەو ئێمە ناتوانین بە زۆر ھیچ کەس ملکەچ بکەین لەسەر دین، وە ئەگەر کافرێک بکوژرێ لەسەر ئەوەی کە موسڵمان نابێت، ئەوە گەورەترین زۆرلێکردنە لەسەر دین.!
وە عبدالرزاق لە موصەنیفەکەی و بەیھەقی و ئیبن حەزم لە کتێبی (موحەلا) گێڕاویانەتەوە کە: ئەنەس (ڕەزای خوای لەسەر بێت) لە (توستەر) گەڕایەوەو ڕۆیشتە خزمەت پێشەوا عومەر (ڕەزای خوای لەسەر بێت) ئەویش پرسیاری لێکرد لەو شەش کەسەی ھۆزی (بەکری کوڕی وائیل) کە ھەڵگەڕابوونەوە لە ئیسلام و لەگەڵ ھاوبەشدانەرەکاندا بوون، ئەنەس لە وەڵامدا وتی: ( ئەی ئەمیری باوەڕداران خەڵکانێک لە ئیسلام ھەڵگەڕانەوەو بە داوی ھاوبەشدانەراندا ڕۆشتن و، لە جەنگیشدا لەگەڵ موسوڵمانان کوژران، پێشەاو عومەریش فەرمووی: (إنا للە وإنا إلیە راجعون)، ئەنەسیش فەرمووی: جا ھیچ رێگای تر ھەبوو جگە لە کوشتنیان.؟ ئەویش فەرمووی بەڵێ، ئیسلامم نیشان دەدان، جا ئەگەر ڕەتیان کردەوە، دەمخستنە بەندینخانەوە) واتە: باسی سزای کوشتنی نەکرد.! عبدالرزاق لە موصەنەفەکەیدا گێراویەتیەوە، ١٠/١٦٥، ژمارەی دەقەکە ١٨٦٩٦، وە بەیھەقی لە سونەنەکان، بەرگی ھەشت ٢٠٧ گێڕاویەتیەوە، وەھەروەھا سەعیدی کوری مەنسور، لاپەرە سێ، ژمارە ٢٥٧٣، وە ئیبن حەزم لە موحەلا ١١/٢٢١.
وە ئیبن حەزم لە کتێبی (موحەلا) لە بابی ئەوکەسەی تۆبەی پێ دەکرێت و ھەرگیز ناکوژرێت، دەڵێ: کە ئەبو موسای ئەشعەری جوھەینەی درۆزن و ھاورێکانی کوشت، ئەنەس دەڵێ ھاتمە لای پێشەوا عومەر (ڕەزای خوای لەسەر بێت) فەرمووی: جوھەینەو ھاورێکانی چیان کردبوو.؟ ئەنەسیش دەڵێ منیش خۆم لێبێ ئاگا کرد تا سێ جار دووبارەی کردەوە، پاشان فەرمووی: ئەی ئەمیری باوەڕداران ئایا ھیچ رێگای تر ھەبوو جگە لە کوشتنیان؟ پێشەوا عومەریش فەرمووی: ئەگەر بھێنرایەنە لای من ئەوا ئیسلامم پێ نیشان دەدان، ئەگەرنا دەمخستنە بەندینخانەوە، واتە: باسی سزای کوشتنی نەکرد.
وە من بە دواداچونی وردم بۆ ئەو ناوانە کرد کە پێغەمبەر  فەرمانی کوشتنی بۆ داون  لە سەردەمی دوای دەسەڵاتی مەدینە، بۆم دەرکەوت کە گێرانەوە ڕاست و دروستەکان ھەموو لەسەر ئەوە پێداگیری دەکەن کە ئەوانەی فەرمانی کوشتنیان بۆ دەرکراوە ھەموو لەگەڵ ھەڵگەڕانەوەکەیان تاوانی تریان ئەنجامداوە، وەک: کوشتن و خیانەتی گەورە، یان ھاندان بۆ دژایەتی کردنی موسڵمانان و پێغەمبەرەکەی .
وە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ قورئانی پیرۆز سەبارەت بەو بابەتانەی پەیوەستن بە بابەسەکەمانەوە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە تێگەیشتنی پێشەوا عومەر (ڕەزای خوای لەسەر بێت) بۆ دەقەکان پەیوەستن بەپاراستن و تێگەیشتنی ئەو ئایەتانەی کە (موحکەم)ن، وەک: (لا إکراە في الدین) وە ئایەتی: (فَذَكِّرْ إِنَّمَا أَنْتَ مُذَكِّرٌ، لَسْتَ عَلَيْهِمْ بِمُسَيْطِرٍ) واتە: تۆ ئەی پێغەمبەر  ئەم شتانە بخەرەوە یادیان و ئامۆژگاریان بکە، بەڕاستی تۆ ھەر یادخەرەوەیت، ھیچ دەسەڵاتێکت نیە بەسەر دڵ و دەروونیاندا (تا بە زۆر باوەڕداریان بکەیت)! یان ئایەتی (وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ لاَمَنَ مَنْ فِي الأَرْضِ كُلُّهُمْ جَمِيعًا أَفَأَنْتَ تُكْرِهُ النَّاسَ حَتَّى يَكُونُوا مُؤْمِنِينَ) یونس ٩٩. واتە: خۆ ئەگەر پەروەردگارت بیویستایە (دەیتوانی بەزۆرو بەناچاری) ھەر ھەموو دانیشتوانی سەر زەوی باوەڕ بھێنن (بەڵام پەروەردگاری مەزن ڕێزی بۆ ئادەمیزاد داناوەو سەرپشکی کردووە)، جا ئایا تۆ (ئەی پێغەمبەر ، ئەی ئیماندار) دەتەوێ زۆر لەخەڵکی بکەی بۆ ئەوەی بڕواداربن.؟! 
یان ئایەتی: (مَنْ قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا).. واتە ئەوەی کەسێک بەناحەق بکوژێت و لە جیاتی کوژراوێک نەبێت، یان گوناھو تاوانی گەورەی ئەنجام نەدابێت لەزەویدا (وەکوجەردەیی و دەستدرێژی و.. ھتد)، ئەوە وەک ئەوە وایە ھەر ھەموو خەڵکی کوشتبێت). مائیدە: ٣٢. 
وە ھەروەھا تێگەیشتنی گەورەمان پێشەوا عومەر (ڕەزای خوای لەسەر بێت) یەک دەگرێتەوە لەگەڵ دەقی ئیمامی بوخاری لە سوننەتی کرداری، لە فەرموودەی (جابیر) کە باسمانکرد پێغەمبەر  فەرمانی بەکوشتنی کۆچەریە عەرەبەکە نەکرد، وە کەس لەوان ئەویان نەکوشت، چونکە کۆچەریە عەرەبەکە لەگەڵ ھەڵگەڕانەوەی لە ئیسلام ھیچ جۆرە کوشتنێکی ئەنجام نەدا.
بێگومان پاش گەورەمان پێشەوا عومەریش (ڕەزای خوایی لەسەر بێت) ئەم بۆچوونە بیروبۆچونی ئیمامی (سەوری)یش بوو، کە ئەو لە بەدواھاتووەکانی ھاوەڵانی پێغەمبەریش (تابعین) بوو ،  وە ھەروەھا ئەبوحەنیفەی زاناو ئیمام و لە تەمەن بچوکەکانی بە دواھاتووی ھاوەڵان بوو (تابعین)، کە ئیبن تەیمیە لە ئەبوحەنیفەوە بۆچوونێک دەگێڕێتەوەو دەفەرموێت: سەبارەت بە ڕێچکەی ئەبو حەنیفەی نەعمان لەسەر کوشتنی کەسی ھەڵگەڕاوە، ئەو دژی ئەوەبوو کە نابێ کەس بکوژرێت لەسەر واز ھێنانی لە باوەڕ، جگە لە شەڕکەرەکان نەبێ، ئەو کات سزای شەڕکەری لەسەر دەدرێ، وە ئەو کەسە وەک کافر سەیر دەکرێت یان یەکێک کوفری بەسەردا ھاتبێت، بۆیە ھەڵگەڕاوە ناکوژرێت لەبەر نەبونی شەڕەنگێزی لەو کەسەوە، تا کۆتایی، بۆیە ئەبو حەنیفە دەفەرموێت بۆچوون ئاوایە کە کافری ڕەھا ناکوژرێت، بەڵکو لەبەر شەڕکردن و دژایەتیکردنیەوە دەکوژرێت، جا ئەگەر شەڕەنگێز نەبوو ئەوا ناکوژرێت. 
ڕەنگە ھەندێ زانای بەرێز ڕەخنە بگرن و بڵین: ئەی چ دەڵێیت لەسەر ڕێچکەی زۆرینەی فەقیھەکان لە بەدواھاتووەکانی ھاوەڵان (تابعین)، کە فەرموویانە بە کوشتنی ھەڵگەڕاوە، منیش دەڵێم: حاشا لە من خۆم بخەمە ئاست ئەو کەڵەپیاوانە لە لەبەرکردن و تێگەیشتن، من چیم لە ئاست زانایی ئەواندا ؟! بەڵام بەڕای من (خواش زاناترە) کە ھۆکاری ئەوان بۆ ھەڵبژاردنی ئەو رێچکەیە ئەوەیە: کە ئەوان دڵیان سوتاوە بۆ ئوممەت لە دروستبوونی کەلێن لە ڕیزەکانی ئەھلی ئیسلام و خوێن ڕشتن و پرژو بڵاوی کۆمەڵگای موسڵمانان و ونبوونی ئاساییش لە ناویاندا بەتایبەت پاش درووستبوونی تاقمی ژێر بەژێری و کوشتن و خوێن ڕشتنی ئەوانەی پشتیان دەکردە ئەوتاقمانەو سنوری شەرەف و ناموسیان دەبەزاند، بۆیە زانایان لەسەر ئەو رێچکەیە مانەوەو گردبوونەوە بە ڕاوبۆچوونی ئەو ھاوەڵ و بە دواداھاتوانەی (تابعین)، کە ھەڵگەڕانەوە لە دین، بەستراوەتەوە لە سەردەمی ئەوان بە خوێن ڕشتن و دژایەتیکردنی خواو پێغەمبەرەکەی .
جا لە ڕوانگەی نوێکاری لە کاروباری دیندا من وای دەبینم (خواش زاناترە) کە لەسەرمان پێویستە بگەرێینەوە سەر بناغەی دەقەکان بە تێگەیشتنی گەورە زانایان لە ھاوەڵان، وەک گەورەمان پێشەوا عومەر (ڕەزای خوای لەسەر بێت) وە ئەوانەی بە دوای داھاتوون، وە ھەروەھا چوار پێشەواکە کە زۆرینەی خەڵک بەدوایان کەوتوون لە کاروباری دینداریاندا.
 وە نوێکاری لە دیندا بە مانای گۆڕینی دەقە پیرۆزەکان نایەت، حاشا..! وە مانای ئەوە نیە بەدرۆخستنەوەی ئیمامی بوخاری و ئەوانی دیکە بێت لە گێڕەوانانی فەرموودە ڕاستەکان، بەڵکو نوێکاری لە دیندا بە مانای پیاچوونەوەیە بۆ تێگەیشتنمان بۆ ئەو دەقانە.! 

کورتەی باس ئەوەیە : کە حوکمی کوشتنی ھەڵگەڕاوە لە دین تەنھا لە یەک کاتدا درووستە، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر ھەڵگەڕاوە لە دین ئاژاوەگێڕیی و کوشتن و نا سەقامگیری لەناو کۆمەڵگەدا ئەنجام بدات، تەنانەت لەو کاتەیشدا دەسەڵاتی سەردەم بۆی ھەیە کەسی ھەڵگەڕاوە نەکوژێ ، بۆی ھەیە لە شارو وڵاتی خۆی دووری بخاتەوە.

من ئاوا دەڵێم، جا ئەگەر ڕاست بووم، ئەوا ته‌وفیق لە لایەن خواوەیە، گەر ھەڵەش بووم، ئەوا لە لای منەوەیەو داوای لێخۆشبوون دەکەم.

وەڕگێرانی: باوکی ئەیوب.

پێداچوونەوەی دەق و ھەڵەچنی: عیرفان ئەحمەد کاکە مەحموود.



  ژمارەی بینین 52

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram Google Plus