سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایا دروستە قەسرو جەمعی عەسر لە گەڵ نوێژی هەینی؟
ئایا دروستە قەسرو جەمعی عەسر لە گەڵ نوێژی هەینی؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 2578


ئایا دروستە قەسرو جەمعی عەسر لە گەڵ نوێژی هەینی؟

بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان

زۆر جار بیستومانە ئەڵێن لە ڕۆژی هەینی نابێ نوێژی عەسر بهێنرێ بۆلای نوێژی نیوەرۆ ئایە بۆچونی شەرع چیە لەو بابەتەدا؟

ئەم بابەتی کورت کردنەوەو کۆکردنەوەی نوێژی عەسر لەگەڵ نێوەرۆدا بۆ کەسی موسافیر لە ڕۆژی هەینیدا، یاخود کۆکردنەوەی نویژی عەسر لەگەڵ نێوەڕۆ لە ڕۆژانی هەینیدا بۆ کاتی باران بارین، بابەتێکە وەک بابەت گەلێکی تر جێگەی مشت و مڕە لە نە نیوان زانایانداو ئەمەی لە خزمەتاندا باسی دەکەم کورتەی ئەو بابەتەیە بە بۆچونی دروستەوە لەسەری.
سەرەتا ئەبێ ئەوە بزانین مرۆڤ ئەگەر لە سەفەر بوو ئایەتی قورئانی پێرۆزمان لەبەر دەستە کە بۆی هەیە نوێژەکان کورت کاتەوە، وەک خوای گەورە ئەفەرموێ:(وَإِذَا ضَرَبْتُمْ فِي الْأَرْضِ فَلَيْسَ عَلَيْكُمْ جُنَاحٌ أَن تَقْصُرُوا مِنَ الصَّلَاةِ إِنْ خِفْتُمْ أَن يَفْتِنَكُمُ الَّذِينَ كَفَرُوا)٠ وەفەرموودەی سەحیحمان هەیە کە ئەتوانی کۆیشی بکەیتەوە واتە لە نێوان نوێژی نیوەرۆ و عەسر، یاخود مغریب و عیشا، ئەو دەقانەی باسی ئەم بابەتە ئەکەن جیاوازیان لە نێوان ڕۆژانی هەینی ڕۆژەکانی تردا نەکردوە بۆیە هیچ بەڵگەیەک نیە لەسەر جیاکردنەوەی ڕۆژی هەینی لە ڕۆژەکانی تری هەفتە. جگە لەوە نەبێت لە ڕۆژی هەینیدا ناوترێ نوێژی نیوەڕۆ بەڵکو ئەوترێ نوێژی هەینی.
هەر لەبەر ئەو جیاوازی ناوە زانایان بونەتە دوو بەشەوە لە دروستی کورت کردنەوەو کۆکردنەوەی نوێژی عەسر لەگەڵ نوێژی نێوەڕۆ لە ڕۆژی هەینیدا بۆ کەسێک کە نوێژی هەینی کردبێت، ئەگەر نا کەسێک لە سەفەرە بەلام نویژی هەینی نەکردوە ئەوە بۆی دروستە چونکە نوێژی نێوەرۆی ئەنجامداوە جا بە چواری بێت یاخود بە کورت کردنەوە بێت بەهۆی سەفەرەوە. کەواتە خیلافەکە لیرەدا ئەوەیە کەسێک نوێژی هەینی کردبێ بۆی هەیە عەسریش بێنێت بۆلای نێوەڕۆ؟

زانایان بەکورتی دوو بۆچونیان هەیە لەو بارەوە:

یەکەم: بۆچونی حەنبەلیەکانە ئەڵێن بۆی نیە نوێژی عەسەر بهێنێ بۆلای نوێژی هەینی چونکە ئەو نوێژی نێوەڕۆی نەکردوە بەڵکو نوێژی هەینی ئەنجامداوە، بەڵگەشیان ئەوەیە ئەڵێن پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت لەگەڵ ئەوەی سەفەری زۆر کردوە لە ڕۆژانی هەینی و جگە لە هەینیش ئەو کارەی نەکردوە لە سەفەردا!٠ وە ئەفەرموون بۆی دروستە ئەگەر لە وتاری هەینی ئامادە بوو لە گەڵ ئیمام نوێژ دابەستێ بەڵام نیەتی کورت کردنەوەی نویژی نیوەڕۆ بێنێت نەک نوێژی هەینی.

دووەم: بۆچونی زۆربەی زانایانە ئەلێن هیچ جیاوازی لە نێوان ڕۆژەکاندا نیەو دروستە بۆ موسافیر لە هەموو ڕۆژەکانی هەفتەدا نوێژی عەسر کورت بکاتەوە لەگەڵ نێوڕۆدا جا نوێژی نیوەڕۆ بکات یاخود نوێژی هەینی، وەڵامیشیان بۆ ئەو زانایانەی ئەنجام نەدانی پێغەمبەریان درودی خوای لێ بێت کردۆتە بەڵگە ئەوەیە ئەفەرموون: بەهیچ شیوازێک نەهاتوە کە پێغەمبەر لە سەفەرەکانیدا نوێژی هەینی ئەنجامدابێت و هیچ کات لە دەرەوەی شارەی مەدینە جومعەی نەکردوە، وەکاتێک ئەو کارەی ئەنجام نەدابێت چۆن ئەیکەنە بەڵگە!٠ بەڵکو پێغەمبەر درودی خوای لێ بێت نوێژەکانی کورت و کۆکردۆتەوە لە سەفەرەکانیدا جا هەینی بوبێت یان هەر ڕۆژێکی تر بێت٠ کەواتە ئەوەمان بۆ ڕوون بویەوە ڕاجیایەکە بۆ کەسێکە کە نوێژی هەینی کردبێ، جا موسافیر بێت یان لە شاری خۆیدا بێت.
ئەوەی بۆم دەرکەوتوە لەم بابەتە لە دوای دراسە کردنی ئەوەیە، ئەو زانایانەی ئەفەرموون دروست نیە لە ڕۆژی هەینیدا نوێژی عەسر بهێنرێ بۆلای نوێژی هەینی هیچ بەڵگەیەکەی سەریحیان بەدەستەوە نیە کە ڕوون و ڕاشکاوانە ڕێگر بێت لە ئەنجامدانی.
وەئەو زانایانەی ئەفەرموون دروستە بەڵگەیا گشتیان پێیە کە دروستە کۆکردنەوەو کورت کردنەوەی نوێژە لە هەموو کاتێکدا. جا ئەمە یەکسانە بۆ کەسێک موسافیر بێت نوێژی عەسر بهێنێ بۆلای نوێژی هەینی، یاخود کەسانێک لە مزگەوتدان و موسافیر نین بەڵام بەهۆی باران یان سەرمایەکی زۆرەوە یان هەر بیانویەکی تری شەرعی نوێژی عەسر دێنن بۆلای هەینی.

د. شاخوان سیامنصوري  

  ژمارەی بینین 756

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram