سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ( ئیسرا) و (میعراج) چۆن و کەی ڕوویدا.؟
( ئیسرا) و (میعراج) چۆن و کەی ڕوویدا.؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 2587


( ئیسرا) و (میعراج) چۆن و کەی ڕوویدا.؟

نووسینی : شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود

( ئیسرا) و (میعراج) لە قۆناغێکی زۆر ناسک و مەترسییدار لە ژیانی پێغەمبەردا ﷺ بوو، ئەو دەمە کە زۆر ماندو و خەستە بوو، بەڵام بەم رووداوە گرنگە مێژووییە ئاسۆی ئاسمانی لێدرەو شایەوەو، ھیواو ئومێدێکی بەخۆی و بەیارانی بەخشی، (نەوەویی) و (قورتوبی) دەڵێن: ئەو رووداوەیە پێنج ساڵ پاش پێغەمبەرێتی بوو، خاوەنی کتێبی (الرحیق المختوم) دەڵێ: لە (٢٧/ی (ڕەجەب )ی ساڵی (١٠ )ی پێغەمبەراێتیدا بوو، لەگەڵ ھەندێ ڕاو بۆچوونی بڕێ لەزاناکانی تر. (ئیبنولقەییم)یش دەڵێ: قسەی راست ئەوەیە کە ئەو شەوڕەویە بە (جەستە)ی پیرۆزی بوو، وە لە مزگەوتی (حەرام)ـەوە بۆ مزگەوتی (قودس) بەسواری (بوراق) و ھاوڕێتی (جبریل) بوو، جا لە قودس دابەزیی و پێش نوێژی بۆ پێغەمبەرەکان (علیھم الصلاة والسلام) کرد و ھەر لەوێش (بوراق)ی بە ئەڵقەیەکی دەرگای مزگەوتەکەوە بەستەوە، پاشان ھەر ئەو شەوە لە (بیت المقدس)ـەوە بەرز کرایەوە بۆ ئاسمانی دنیاو، دەرگای بۆ کرایەوەو ھەر لەوێ (بابە گەورە)ی گشتمانی (ئادەم) دیت "سڵاوی لەسەر بێت" بابەیشمان خۆشحاڵی خۆی بەدیتنی دەربڕیی و ددانی نا بە پێغەمبەرێتیدا، ھەر لەوێیش خوای خاوەن توانا ڕۆحی گشت شەھیدەکانی ئامادەکردو لەلای راستیەوە نیشاندان، لە چەپیشیەوە ڕۆحانیەتی سەرجەم بەدبەختانی نیشاندا، ئەوسا سەرخرا بۆ ئاسمانی دووەم و لەوێ (یەحیا)و (عیسا)ی دیتن (سڵاویان لەسەر بێت)، ئەوانیش پێغەمبەرێتییان سەلماندو، پاشان بۆ ئاسمانی سێیەم بەڕێکەوت و لەوێش (یوسف)ی دیت (سڵاوی لەسەر بێت)، ئەویش بە خێری ھێناو ددانی بە پێغەمبەرێتییدا نا، بۆ دوایی بەرەو ژورووتر سەرخرا بۆ ئاسمانی چوارەم، لەوێش (ئیدریس) پێغەمبەری دیت و خۆشحاڵ بووو پێغەمبەرێتی سەلماند، لە پاشا سەرخرا بۆ ئاسمانی (پێنجەم) و لەوێش (ھارون)ی کوڕی (عیمران)ی دیت، ئەویش پاش بەخێر ھێنانی پێخۆشبوونی خۆی دەربڕی و ئیقراری بەپێغەمبەرێتی کرد، لە ئاسمانی (شەشەم)یشدا بە (موسا) گەیشت و، ئەویش ھەر وەکو پێغەمبەرەکانی تر پێشوازی لێکرد، جا کاتێ لەوێ تێپەڕی مووسا گریا ! گوتیان بۆچی دەگریت؟ گوتی: چونکە لەبەھەشتدا ئوممەتی ئەم پێغەمبەرە، لە ئوممەتی من زیاترە، وە لە ئاسمانی (حەوتەم)یشدا بە (ئیبراھیم) شاد بوو، پاش بەخێرھێنان و خۆشحاڵی و دداننان بەپێغەمبەرێتییدا لە لایەن ئەویشەوە ( سەڵاویان لەسەر بێت) چوویە (سدرة المنتھی)، پاش ئەو ( بیت المعمور)، ئەوجا بەرزتر چوو تا بەدیداری خوای گەورە شاد دەبێ و لێیەوە نزیک دەبێتەوە، ھەر بەقەد دوو (کەوانی) ما، یان نزیکتر، لەوێ ھەرچی پێویست بوو بۆ ئەو قۆناغە وەحیی بۆکردو تێیگەیاند، لەوانە (٥٠) ڕکات نوێژی لەسەر ئوممەتەکەی فەرز کرد، پاشان بەتەگبیرو راوێژی موسا تکای لەخوای میھرەبان کرد ھەتا بۆی کەمکردەوەو کردی بەم پێنج (٥) نوێژەی ئێستا. 
جا لەم سۆنگەیەوە (ئیبن تەیمییە) دەڵێ: ھیچ ھاوەڵێکی پێغەمبەر ﷺ نەیگوتووە پێغەمبەر ﷺ خوای گەورەی دیتووە، (ئیبن عەباس) نەبێ، ئەویش (خاتوو عائیشە) بەر ھەڵستی دەوەستێ. (ئیبنولقەییم) دەڵێ: ئەو نزیکبوونەوەیە کە لەسوورەتی (نەجم)دا باسکراوە، مەبەست پێی نزیکبوونەوەی (جبریل)ـە ، وەکو خاتوو (عائیشە)و (ئیبن مەسعود) دەڵێن. ئەم باسەیە لە سوورەتی (نەجم)دا بەروونتر رۆشن کراوەتەوە.
خوێنەری ھێژا ! باسی (ئیسرا) لە یەک ئایەتداو، پاشان باسی تاوانەکانی (بەنی ئیسرائیل) بەدوای ئەوداو، دواتر کە دەڵێ: ئەم قورئانە باشترین رێباز دەست نیشان دەکا.. ئەمانە ھەموو ھێماو ئاماژەن کە (یەھوود) لەسەرکردایەتی دەردەکرێن و، دەدرێتە دەستی ئەم پێغەمبەرە تازەیەو قورئانیش بەرنامەی دەبێت، چونکە (یەھوود) ئەوەندە تاوانی کرد، کەڵکی رابەرایەتییان نەماو، خوای گەورەیش لێی سەندنەوەو تەسلیمی (موحەممەد)ی ﷺ کرد، کەوابوو پێویستە رابەرایەتی کردنی ھەر ئوممەتێک پڕ بێت لە دادگەریی و دادپەروەریی و، ئەخلاق و قییەم و داوێن پاکی و دەستپاکیی و، ھەوڵ و تێکۆشان و جیھادو لێبڕان و، لێبوردن و جورئەت و ئازایەتی و، بێ خیانەت و گزیی و فرت و فێڵ لەگەڵ گەلەکەیدا. ئەگینە خوای گەورە قبوڵی ناکاو دیزەو گۆزەی سەر نخون دەکا، ئەگەرچی زۆریشی پێ بچێت، ھیوادارم ئەم ئوممەتی ئیسلامە بەھۆی ئەم سیفەتە پڕشکۆدارانەوە بتوانێ قیادەی دنیا بکات. بۆ نووسینی ئەم کورتەیە سوودم لەکتێبی (الرحیق المختوم)ی (صفی الرحمن المبارکفوری) وەرگرت.

وەرگیراوە لە تەفسیری رامان || www.ahmadkaka.org



  ژمارەی بینین 749

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram