سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  نوێژی تەروایح لە سەردەمی داخرانی مزگەوتەكاندا.؟
نوێژی تەروایح لە سەردەمی داخرانی مزگەوتەكاندا.؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 2600


نوێژی تەروایح لە سەردەمی داخرانی مزگەوتەكاندا.؟

جێگای داخە كە مزگەوتەكان داخراون و موسوڵمانان لە نوێژی جەماعەت و ئەنجامدانی سوننەتی تەراویح لەم رەمەزانەدا بێ بەش كراون، داواكارین لە الله تعالی ئەم خەم و پەژارە لە سەر موسوڵمانان لابدات وجارێكی تر دەرگای مزگەوتەكان بكرێنەوە.

دەربارەی نوێژی تەراویح پێم باش بوو لە یەكەم شەوی ئەم ڕەمەزانەی كە یەكەم جارە لە ژیانماندا بەم شێوە ناخۆشە بەسەرماندا تێپەڕێت، ئەم چەند تێبینییە ئاڕاستەی براوخوشكانم بكەم:

1- نوێژی تەراویح سوننەتیكی جەخت لەسەر كراوە و شەعیرەیەكی ئیسلامییە، فەرز و واجب نییە بەو مەعنای ئەگەر موسوڵمان ئەنجامی نەدات گوناهبار ببێت، بەڵام ئەنجامدانی خێرێكی گەورەیەو سوننەتێكی ئاشكرایە، باش وایە هیچ موسوڵمانێك كە توانای كردنی هەیە ئەو خێرە لە دەستی خۆی دەرنەكات ، هۆكاری ناونانیشی بە تەراویح ئەوەیە دوای هەموو چوار ڕكاتێك پشوویان داوەو بۆ ماوەیەك لە نوێژكردن ڕاوەستاون.

2- تا ئەو كاتەی مزگەوتەكان دەكرێنەوە و لە ئەگەری ئەوەی ئەم ڕەمەزانە هەر نەكرێتەوە ئاساییەو درووستە لە جیاتی مزگەوت لە ماڵەكاندا نوێژی تەراویح بكرێت و بەهەمان ئەو شێوازەی كە لە زنجیرە باسەكانی نوێژی جەماعەت لە سەردەمی كۆرۆنا باسمان كردووە خێزانەكان خۆیان لەماڵەوە ئەو سوننەتە ئەنجام بدەن.

3- بەڵگەی ئەوەی كە تەراویح سونەتە و بە ئەنجام نەدانی لە مزگەوت بە جەماعەت بەڵكو هەر بە نەكردنیشی موسوڵمان گوناهبار نابێت لە فەرموودەی صحیحدا هاتووە كە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم چەند شەوێك لە كۆتایی رەمەزاندا ئەو نوێژەی ئەنجامداوەو دواتر كە بینی هاوەڵان بۆی كۆ دەبنەوە، ئیتر دواكەوت و نەهات بۆ ئەوەی لەسەریان فەرز نەبێت و ئەوانیش خۆیان كۆمەل كۆمەل ئەو نوێژەیان دەكرد، تاكو عومەر رضي الله عنه لەسەردەمی خۆیدا كۆیانی كردەوە لە یەك جێگەدا بۆ ئەنجامدانی ئەو نوێژە "أنَّ رسول الله صلى الله عليه وسلم صلى في المسجد ذات ليلة فصلى بصلاته أناس، ثم صلى في القابلة فكثر الناس، ثم اجتمعوا من الثالثة أو الرابعة فلم يخرج إليهم رسول الله صلى الله عليه وسلم، فلما أصبح قال: "قد رأيتُ الذي صنعتم فلم يمنعني من الخروج إليكم إلا أني خشيت أن تفرض عليكم" متفق عليه.

4- ئاساییەو دروستە لە ماڵەكاندا تەراویح بكرێت، چی بە تاك واتە كەسەكان تەنها خۆیان بیكەن، یان بە جەماعەت واتە خاوەن ماڵ هاوسەر ومنالەكانی و ئەوانەی لەماڵدان جەماعەتیان پێ بكات، یان كەسێكیان كە لەبەركردنی قورئانی باش بێت و دەنگی خۆش بێت پێشنوێژییان بۆ بكات و تەراویح بە كۆمەڵ بكەن.

5- ئەگەر ئەو كەسەی پێش دەكەوێت بۆ نوێژی تەراویح قورئانی زۆر لەبەر نەبێت و بیەوێت نوێژەكەی درێژ بێت، دروستە موسحەفێك لەبەرانبەری خۆی دابنێت و لێی بخوێنێتەوە، یان مۆبایلێكی بە دەستەوە بێت قورئانی لێوە بخوێنیت ،زانایانی هاوچەرخ فەتوایان لەو بارەوە هەیە و ڕێگرێكیان نەبینیوە لەسەر ئەو مەسەلە، ئەوەی بەباش نەزانراوە لە موسحەف بخوینرێت بۆ نوێژە فەرزەكانە.

6- ئەسڵ لە شەو نوێژدا ئەم فەرموودە سەحیحەیە: صلاة اللیل مثنی مثنی، واتە شەو نوێژ دوو دوو دەبێت ئەنجام بدرێت، تەرواویحیش بێگومان شەو نوێژە، بۆیە گرنگ ئەوەیە كە دوو ڕكات دوو ڕكات بكرێت، ڕیوایەتی تریش لەو بارەوە هاتووە.

7- سەبارەت بە ژمارەی ركاتەكانی ئەوەی كە لەسەلەفەوە جێگیر بووە بە نوێژی ویترەوە بووە بیست وسێ و سی و شەش و ژمارەی تریش باس كراوە، بەڵام لەبەر فەرموودەكەی عائشة رضي الله عنها (( كان لا يزيد في رمضان ولا غيره على إحدى عشرة ركعة ) واتە نە لە ڕەمەزان و نە لە غەیری ڕەمەزان لە یانزە ڕكات زیاتر شەونوێژی نەدەكرد، بۆیە زۆروێك لە زانایان هەشت ڕكاتی تەراویح و سێی ویتریان پی باشتر بووە، هەركەسیش بیست و سێ ڕكات بكات بە ویترەكەوە هیچ لۆمەیەكی لەسەر نییە و لە درێژایی سەدەكانیشدا هەمیشە هەردوو حەرەمەینی مەككەو مەدینە كەمتر لە بیست و سێ ڕكاتی تێدا نەكراوە.

8- بەڵام جێگای تێرامانە كە شەونوێژی پیغەمبەر صلی الله علیه و سلم زۆر درێژ بووە و لەتوانای زۆربەی ئێمەدا نییە ئەو نوێژە بكەین، جاری وا بووە لە یەك ڕكاتدا سوڕەتەكانی البقرة و آل عمران و النساء ی خوێندوە و ڕكوع و سەجدەكانیشی نزیك بووە لەو ماوەی كە لە قیامدا تییدا وەستاوە، بەڵام ئەوە واجب نییە و ئیمە بۆمان هەیە ئەوەندەی كە لەتواناماندا هەیە نوێژ درێژ بكەینەوە.

9- ئەسڵ ئەوەیە كێ قورئانی لەبەرە و جوان دەیخوێنێتەوە و دەنگی خۆشە ئەو كەسە پێش بكەوێت، ئەگەریش قورئانی هەمووی لەبەر نەبێت و بیەوێت لە تەراویحدا قورئان خەتم بكات دەتوانێت لە موسحەف بخوێنێتەوە، ئەگەرنا چەندی پێكرا ئەوەندە ئەخوێنیتەوە و مەرج نییە قورئان خەتم بكرێت.

10- ئەگەر كەسێك یان خێزانێك كە پێكەوە نوێژی تەراویح بە جەماعەت دەكەن ، ئەتوانن یەكسەر بەدوایدا ویتریش بكەن و ئەوەش باشترە، ئەگەر دواتر شەو نوێژی تریان كرد ئیتر پێویست ناكات ویتر بكەن.

11- ئەگەر لە كۆتایی ڕەمەزاندا لە نوێژی تەراویحدا قورئانیان خەتم كرد ئەسڵی نییە لە ناو نوێژدا دوعای خەتمی قورئان بخوێنن، بەڵام لە كۆتایی ئەو خەتمەی كە لە دەرەوەی نوێژ ئەیكەیت بەڵگە هەیە كە هەندێ لەسەلەف دوعایان خویندووە بە بۆنەی تەواو كردنی خەتمی قورئانەوە، نەشكرێت هەر ئاساییە.

12- ئەگەر كەسێك لەبەر هۆكارێك وەكو ماندوویی بۆ نمووونە تەنها چەند ڕكاتێك بكات و تەراویحەكە تەواو نەكات، چی بەتەنیا بێت یان لە پشت ئیمامەوە بێت، ئەو كارەی درووستەو گوناهبار نابێت، بەڵام ئەگەر بتوانێت باشترە تا كۆتایی نویژەكە بە ویتریشەوە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی لەو خێرە بێ بەش نەبێت وەكو لە فەرموودەی صحح دا هاتووە: (مَنْ قَامَ مَعَ الْإِمَامِ حَتَّى يَنْصَرِفَ كَتَبَ اللَّهُ لَهُ قِيَامَ لَيْلَةٍ) واتە: هەركەسێك تاكۆتایی لەگەل پێشنوێژدا بەردەوام بوو وەكو ئەوەیە درێژایی شەو شەونوێژی كردبێت..

13- بە ئاسایی دەزانم لە هەرشوێنێكدا كۆمەڵێك كۆببنەوە و تەراویح بكەن بەمەرجێك ڕێوشوێنی تەندروستی پێویست بگرنەبەر و هەروەها كۆبوونەوەكەشیان كێشەی ئەمنی لێ نەكەوێتەوە بەهۆی ئەوەی ئێستا بەبڕیاری حكومەت مزگەوتەكان داخراون، ئەگەرنا هەركەسەو لەماڵی خۆی بەتەنها بێت یان لەگەڵ خێزان و كەسە نزیكەكانی خۆی تەراویح بكات درووستەو گوناهبار نابێت و ئۆباڵی داخستنی مزگەوتەكان دەخرێتە ئەستۆی ئەوانەی كە دایانخستووە و تۆ گوناهبار نابیت، چونكە بڕیارەكە حكومەت دەری كردووە و نەپرس بەتۆ كراوەو نە ڕەزامەند بوویتە لەسەری.

14- ئەوانەی كە گومانی ئەوە لەناو موسوڵماننادا دەوروژێنن كە تەراویح سوننەت نییەو بیدعەیە! ئەوە بانگەشەیەكی نابەجێ دەكەن و تەراویح بێگومان سونەتە و پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم وەكو لە هەردوو سەحیحی بوخاری و موسلیمدا هاتووە ئەو نوێژەی ئەنجامداوە: ( قام بأصحابه ثلاث ليال وفي الثالثة أوفي الرابعة لم يُصلّ ، وقال : إني خشيت أن تُفرض عليكم ) رواه البخاري (872)، واتە بۆ ماوەی سێ شەو یان چوار شەو تەراویحی كردووە بەڵام دوای ئەوە بەزەیی بەهاوەڵانیدا هاتووەتەوە نەوەك لەسەریان فەرز بێت و ئیتر نەیكردووە، وەكو لە موسلیمیشدا هاتووە: ( ولكني خشيت أن تُفرض عليكم صلاة الليل فتعجزوا عنها ) واتە بەڵام من ترسان فەرز بكریت لەسەرتان و نەتوانن ئەنجامی بدەن.
دوعای خێرمان بۆ بكەن و الله تعالی ڕۆژوو تەراویح و عیبادەتی ڕەمەزان بۆ هەموو كەسێك بنووسێت كە مەبەستی ڕەزامەندی پەروەردگارەو پەرۆشە دینداری وەكو ئەوەی داوامان لێكراوە ئەنجام بدات..ئامین.

إحسان برهان الدين

1 رمضان 1441
2020/4/23



  ژمارەی بینین 38

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram Google Plus