سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  حوكمى ئافرەتی سكپڕ یان شیردەر ئەگەر ڕۆژو بشكێنن.؟
حوكمى ئافرەتی سكپڕ یان شیردەر ئەگەر ڕۆژو بشكێنن.؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 2613


حوكمى ئافرەتی سكپڕ یان شیردەر ئەگەر ڕۆژو بشكێنن.؟

زۆر کات پرسیاری ئەم بابەتە مێشکی هەندێکمانی سەرقاڵ کردوەو چەندین جار پرسیارمان کردوەو نەگەشتوین بە ئەنجام، بۆیە لێرەدا بە گرنگی ئەزانم تۆزێ بە وردی ئەم باسە بخەمە خزمەت خوێنەرانی خۆشەویستم.

سەرەتا ئەبێ ئەوە بزانین هەرکات ئافرەتی سک پڕو شیر دەر بەهۆی بەڕۆژوو بونەوە هیچ زیان بە خۆیان یان بە کۆرپەلەکەیان نەگەشت ئەوە ئەبێ بەڕۆژوو بن و بیانویان نامێنێ بۆ بەڕۆژوو نەبوون.

بەڵام هەرکات زاندرا بەهۆی بەڕۆژوو بونەوە زیان بە خۆیان یاخود کۆرپەکەیان یاخود هەردوکیان گەشت ئەوە کۆدەنگی زانایان لەسەر ئەوەیە دروستە بەڕۆژوو نەبن.
دیارە هەرکاتیش بە ڕۆژوو نەبن لەم سێ حاڵەتە دەرناچێت:

یەکەم: کاتێک ترسا زیان بە خۆی و منداڵەکەی بگەیەنێت.

دووەم: کاتێک ترسا زیان تەنها بە منداڵەکەی بگەیەنێت جا لە سکیدا بێت یاخود شیرە خۆر بێت، بەوەی شیری کەم بکات.

سێهەم: ئەگەر ترسا لە خۆی بەتەنها کە بەهۆی ڕۆژووەوە توشی زیان بێت.

جا من لێرەدا باس و خواس لەو سێ بڕگە دەکەم و قسەی دروستی زانایان لەو بارەوە ئەخمە ڕوو.

یەکەم: کاتێک ترسا زیان بە خۆی و منداڵەکەی بگەیەنێت:
واتە هەرکات دایک ترسا بەهۆێ بەڕۆژوو بونەوە زیان بە تەندرستی خۆی ئەگات و یاخود منداڵەکەی، بەوەی لە سکیدا بمرێ بەهۆی ئەو ڕۆژووەوە، یاخود شیری کەم بکات منداڵەکە زیانی پێ بگات لەگەڵ دایکەکەی، لەم کاتەدا دروستە بەڕۆژوو نەبێت، بەڵام لەسەر گردنەوەی ڕۆژووەکەی کە ئایە تەنها ڕۆژووەکە بگرێتەوە یاخود ئەبێ بیگرێتەوەو فیدیەش بدات؟، پاش ئەوەی پیویست و واجبە ڕۆژوەکە بگرێتەوە لە پاش لاچونی بیانوەکەی، بەڵام دەربارەی ئەوەی ئەبێ فیدیەش بدات زانایان دوو بۆچونیان هەیە:

1- ئەبێ ڕۆژووەکە بگریتەوەو فیدیەی لەسەر نیە:
ئەمە بۆچونی زۆربەی زانایانە لە حەنەفەیەکان و مالیکیەکان شافعیەکان و حەنبەلیەکانە، واتە هەر چوار مەزهەبەکە ئەو بۆچونەیان هەیە.
2- ئەبێ بیگریتەوەو فیدیەش بدات:
ئەم بۆچونە بەشێک لە پەیڕەوانی مەزهەبی ئیمامی ئەحمەد کاریان پێ کردوە.
قسەی زۆربەی زانایان کە ئەفەرموون ڕۆژوەکە ئەگرێتەوە بەتەنها ، بەهێزەو بەڵگەکانیان زیاترو بەهێز ترە، بەلام لێرەدا بەڵگەکان باس ناکەین لەبەر درێژ نەبوونەوەی بابەتەکە.
دووەم: کاتێک ترسا زیان بەتەنها بە منداڵەکەی بگەیەنێت جا لە سکیدا بێت بەوەی لە باری بچێت بە هۆی برسێتیەوە یاخود شیرە خۆر بێت، بەوەی شیری کەم بکات ممداڵەکە تێر نەکات.
ئەم بەشی دووەمە هەر لە سەردەمی هاوەڵان و دوای هاوەلانیشەوە جێگەی مشت و مڕ بوەو ڕاجیایی لەسەر بوە تا ئەم سەردەمەش هەر ئەو ڕاجیایە ماوەتەوە، جا ئەگەر بە وردی تەماشای قسەی زانایان و کۆی بەڵگەکانیان بکەین ئەبینین ئەم بابەتە پێنج قسەی لەسەرە کە بەم شیوەیە:

۱- ئەبێ تەنها رۆژوەکە بگریتەوەو فیدیەی ناوێت:
ئەمە قسە بۆچونی ئیمامی ئەبوو حنیفە و هەندێک لە پەیڕەوانی مەزهەبی ئیمامی شافعی و قسەیەکی واش لە ئیمامی مالیکەوە گێڕداوەتەوە.

٢- گردنەوەو فیدیەشی لەسەر واجبە:
ئەم قسەش بۆچونی مەزهەبی ئیمامی شافعی و ئیمامی ئەحمەدو هەندێک لە پەیڕەوانی ئیمامی مالیکە.

٣- بۆ هەموو ڕۆژێک فیدیە ئەدات و پێویست ناکات بیگرێتەوە:
ئەم بۆچونە هەرچەند بۆچونێکی لاوازە ، بەڵام هەریەک لە سەعیدی کوڕی جوبەیرو سەعیدی کوڕی موسەیەب و اسحاقی کوڕی راهەویە، پشتیان پێ بەستوەو کاریان پێ کردوە. ئەوەی جێگەی باسە لیرەدا بیخەمە ڕوو ئەوەیە ئەم بۆچونی سێهەمە کە بەداخەوە هەندێک ئەمڕۆ فەتوای پێ ئەدەن و کاری لەسەر ئەکەن! لە کاتێکدا هەموو بەڵگەکانیان کە نزیکی (١١) بەڵگەن ڕوون نین لەو بارەوە یان لاوازن. وە بەهێز ترینیان ئەم ئایەتەیە کە خوای گەورە ئەفەرمووێت( وعلى الذين يطيقونه فدية طعام مسكين). واتە: ئەوانەی کە لەبەر ناڕەحەتی ناتوانن بەڕۆژوو بن ئەوە پێویستە لەسەریان کە خۆراکی هەژارێک بدەن. واتە فیدیە.
بەڵام خۆ ئافرەتی سک پڕ یان شیر دەر ئەتوانێ بە ڕۆژوو بێت کاتیک عوزرەکەی کۆتایی هات، وەک ئەو ئافرەتە وایە کە مندالی بوە یان کەتۆتە سوڕی مانگانەوە٠ بۆیە ئەم ئایەتە پیرۆزە ناکرێت بە بەڵگەی ئەوە بهێنریتەوە ، وەک زانایان فەرموویانە. وەپاشان ئەم بۆچونە لە لەگەڵ چەندین بەڵگەی تر تێ ئەگیرێ .

٤- ئافرەتی سك پڕ فیدیەی لەسەر نیەو تەنها ڕۆژوەکە ئەگریتەوە، بەڵام شیردەر ئەیگرێتەوەو فیدیەش ئەدات:
ئەم قسەش بۆچونی ئیمامی لەیس و بەشیکی ترە لە زانایان.

٥- نە ڕۆژوو گردنەوەی لەسەرە نە فیدیەش.
ئەمە بۆچونی ئیمامی ئین حزمی زاهیریە، وەک لە کتێبی (المحلی) ئاماژەی پێ کردوە.
قسەی ڕاست و دروست لەم پێنج بۆچونەی باسم کرد، ئەوەیە واجب و پێویستە ڕۆژوەکە بگریتەوە و نابێت واز لە ڕۆژوەکە بێنێت، چونکە بەڵگەی ڕوونی قورئانی پیرۆزی لەسەرەو هەر ئەوەش ئەسڵە لە بابەتی ڕۆژوودا، بەڵام بابەتی فیدیە کە لە هاوەڵانەوە گێڕدراوەتەوە مرۆڤ ئازادە و هیچ واجب و پێویست نیەو ناکەوێتە بری ڕۆژوەکە.
سێهەم: ئەگەر ترسا لە خۆی کە بەهۆی ڕۆژووەوە توشی زیان بێت.
ئەم جۆری سیهەمە لە ڕووی حوکمەوە هەر وەک جۆری یەکەم وایە، چونکە دایک لێرەدا سەنتەری بابەتەکەیەو زۆربەی زانایان ئەفەرموون: ڕۆژووەکە ئەگریتەوەو فیدەی لەسەر نیە.

کورتەی قسە:

قسەی ڕاست و دروستی زۆربەی زانایان ئەوەیە هەرکات ئافرەت بە هۆی سک پڕیەوە یا خود بەهۆی شیر پیدانەوە بە ڕۆژوو نەبوو، ئەوە گرتنەوەی هەر لەسەرەو نابێ گرتنەوەی ڕۆژوەکەی فەرامۆش بکات و پێی وابێت تەنها بە فیدیە لە کۆڵی دەبێتەوە.
چونکە دەقی ئایەتی قورئانمان هەیە کە نەخۆش دوای لاچونی نەخۆشیەکەی ڕۆژوەکە ئەگریتەوە، ئافرەتی سک پڕیش بە نەخۆش لەقەڵە ئەدرێت. وەفەرموودەی راست و دروسمان لەبەردەستدایە کە شیردەریش ئەتوانێ بە ڕۆژوو نەبێت وەک سک پڕ، پاش تەواو بوونی شیر پیدانەکەی ئەیگریتەوە.
بۆیە لە هەموو حاڵێکدا ئەبێ ڕۆژوەکە بگرێتەوە، وە ئەگەر خۆی ویستی و ئارەزوی لێ بوو فیدیەش بات بە هەژاران ئەوە کارێکی باشی کردوە، بەڵام پێویست و واجب نیە لەسەری تەنانەت ئەگەر ساڵیشی بەسەردا بڕوات و نەیگریتەوە.

وەڵامدانەوەی: د. شاخوان سيامنصوري.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.


  ژمارەی بینین 1211

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram