سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایا دروستە بەو كەسەی حەجى كردوە بوترێت:(حاجی)؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 2645


ئایا درووستە بەو كەسەی حەجى كردووە بوترێت:(حاجی) ؟

لای خۆمان و لە زۆر جێگەی تر، ئەو كەسەی فەریزەی حەج بە جێ دەهێنیت نازناوی حاجی پێ دەدرێت، جا ئایا بەڵگەیەكی شەرعی لەسەر پێدانی ئەو نازناوە هەیە؟
لە راستیدا ئەنجامدانی حەج وەكو ئەنجامدانی نوێژ و زەكات و ڕۆژووە، هیچ جیاوازیەكیان نییە، چەند درووستە بە ئەنجامدەری ڕۆژوو بوترێت ڕۆژووگر، یان بە ئەنجامدەری زەكات بوترێت زەكاتدەر، هەر ئەوەندەش درووستە وبەڵگەی شەرعی لە سەرە بە كەسێك كە فەریزەی حەجی ئەنجام داوە بوترێت حاجی.

ئەو ئایەتەی قورئانی پیرۆزیش كە الله فەرموویەتی: (أَجَعَلْتُمْ سِقَايَةَ الْحَاجِّ وَعِمَارَةَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ...) لە ڕاستیدا ئەوە هیچ پەیوەندییەكی بەم باسەوە نییە، (الحاج) لەو ئایەتەدا ئیسمی فاعیلە بۆ ئەو كەسەی لە حاڵی حەجكردندا شەعیرەكانی حەج ئەنجام ئەدات، نەك بەڵگەی نازناوێك بێت كە بە ئەنجامدەری حەج ببەخشرێت!

لە ڕاستیدا ئیماندار كە كردەوەیەكی چاكە دەكات یان عیبادەتیك ئەنجام دەدات دڵی دەترسێت و زۆر خەمی ڕەتكرانەوەی كارەكەی دایدەگرێت، ئیتر چۆن دەگونجێت عیبادەتێكی گەورەی وەكو حەج ئەنجام بدات، مناڵ و گەورە بە كاك حاجی وبە مام حاجی بانگی بكەن؟

نازناوی حاجی لە سەردەمانێكی زۆر درەنگ لە مێژووی موسوڵماناندا سەری هەڵداوە، ئەگینا زیاتر لە سەد هەزار لە هاوەڵان كە لە حەجی ماڵ ئاواییدا لەگەڵ پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم حەجیان كرد، كەسیان پێیان نەوتراوە حاجی فڵان، نە لە سەدەكانی دوای ئەوانیشدا بە هیچ ئەنجامدەرێكی حەج وتراوە حاجی، بۆیە لەڕاستیدا لە ڕووی شەرعەوە نەوتنی ئەو وشەیە زۆر باشترە لە وتنی لەبەر ئەوەی:

1- چوار فەرزەكانی ئیسلام عیبادەتگەلێگن لە سەرمان فەرز كراون، نازناومان پێ نابەخشن، بۆیە نابێت لە خۆمانەوە بەبێ ئیزنی شەرع نازناو بۆ خۆمان دابتاشین.

2- بەڵگەیەك لەبەردەستماندا نییە لە ئایەت و فەرموودە و كرداری سەلەف پشتی پێ ببەستین بۆ وتنی ئەو زاراوەیە.
3- هیچ هاوەڵ و تابیعی و كەسێكی تر لە دوای ئەوان بۆ چەندین سەدە پێی نەوتراوە حاجی لە كاتێكدا هەموویان حەجیشیان كردووە.
4- نازناوی حاجی مەترسی ڕیایی لێ دەكرێت بۆ خاوەنەكەی، چونكە وەكو وتمان چەند ئاساییە و پێویست دەكات لەبەر ئەوەی ڕۆژوو دەگرم بە ڕۆژووگر بانگ بكرێم، هەر ئەوەندەش ئاساییە و درووستە لەبەر ئەوەی حەجم كردووە بە حاجی بانگ بكرێم.
5- حەج عیبادەتێكە و فەرزێكە پاداشتی پەروەردگاری لەسەرە ئەگەر وەرگیروابێت، چی پێویستییەك هەیە عالەم پێت بڵێن ئەی ئەو كەسەی حەجت كردووە! و بەردەوام ئەم عیبادەتەت ئاشكرا بێت و بانگەوازی پێوە بكرێت؟
6- نابێت موسوڵمان دڵی ببەسرێت بەو جۆرە نازناوانەوە نەوەك پاداشتی كەم بكاتەوەو ببێتە ناوبانگ وشوهرەتیك بۆی كە مەترسی ڕوپامایی لێ بكرێت.
7- واقیعی بازاڕەكان پێمان دەڵێن - لەلایەن هەندێكەوە كە بەراورد بە باشەكان كەمن - وشەی حاجی یان قۆستووەتەوە و بەخراپی بەكاریان هیناوە ولە ژێر پەردەی ئەو وشەدا لەوانەیە فرت و فێڵ وزیادكردنی نرخ ئەنجام بدەن و سوود لە متمانەی خەلكی بە كەسی حاجی بكەن، ئەمەش تەنها لەبازاڕەكاندا نییە، بەڵكو لە جێگەی تریشدا بوونی هەیە و دواجاریش دەبێتە جۆرێك لە ناشیرینكردن بۆ هەموو ئەوانەی ئەو فەریزە مەزنە ئەنجام دەدەن.

زۆربەی زانایانی ئەم سەردەمە كە قسەیان ئیعتیباری زانستی هەیە، ئەگەر نەیاوتبێت بیدعەیە وەكو ئەلبانی، یان هەڵەیە وەكو ابن عثیمین، یان ئەسڵی نییە وەكو مصطفی العدوي، ئەوا بەلای كەمەوە وەكو هەندی لە دەستەكانی فەتوای زانایان وتوویانە وشەی حاجی نەوترێت زۆر باشترە چونكە بەدەر نییە لە مەترسی ڕوپامایی .

بەڵام شایانی باسە لە بەرانبەریشدا هەندێ لە زانایانی دێرین وەكو النووي لە المجموع و هەروەها لە زانایانی ئەم سەردەمە ش كێشەیان نەبینیوە لە بەكارهێنانی وشەی (حاجی) بەو كەسەی حەجی كردووە ئەگەر مەترسی شوهرەت و ڕۆپامایی درووست نەكات، زانایانی ئەزهەریش هەمان بۆچوونیان هەیە.

بۆیە منیش لە ڕوانگەی نەبوونی هیچ بەڵگەیەك لە كیتاب و سوننەت بۆ پاڵپشتی بەكاربردنی ئەو وشەیە، هەروەها لە ڕۆشنایی قسەی زۆرێك لە زانایانی موعتەبەری ئەم سەردەمە، پێم باشترە وشەرعیترە بە هیچ ئەنجامدەرێكی حەج نەوترێت حاجی، چونكە ئەوە هیچ نەبێت لەڕووی وەرەع و خۆ بەدوور گرتن لە روپامایی باشترە.
ئینجا لەسەر بۆچوونی ئەو زانایانەی كە وشەی حاجیان بە بیدعە زانیوە، یان بە ناپەسەندیان ناساندووە، ئەگەر یەك جار وشەی (حاجی) درووست نەبێت یان باش و پەسەند نەبێت بە ئەنجامدەری حەج بوترێت، ئەوا دوو جار بۆ ئەو كەسەی حەجی نەكردووەو تەنها عومرەی كردووە، یان بگرە زۆر جار عومرەشی نەكردووەو پێی دەوترێت حاجی، چونكە جگە لەوانەی كە باسمان كرد ئەوە پێچەوانەی واقیعیشە، لەوانەش خراپتر لەناو خۆماندا جاری وا هەیە بە كەسانێك دەوترێت (حاجی) كە هەر باوەڕیان بەحەج كردن نییە و ئەوەی الله پێی ناخۆشە ئەنجامی دەدەن، من وای لێ تێگەیشتووم ...والله اعلم.

إحسان برهان الدين
6 ذو القعدة 1441
27 حزيران 2020

  ژمارەی بینین 715

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram