پرسیار: سلام علیكم مامۆستای بەڕێز ... من كۆمەڵێك منداڵم هەیە سارد و سڕن لە نوێژەكانیاندا، نوێژێك ئەكەن و دووان ناكەن، نوێژەكان لە كاتی خۆیدا ناكەن، چۆن وایان لێبكەم زیاتر پابەند بن بە نوێژەكانیانەوە ؟!!! وەڵام: بێگومان نوێژ یەكێكە لە پایە گەورەكانی ئیسلام و فەرزە لەسەر مرۆڤی موسوڵمان كە پابەند بێ پێیەوە لە كات و شوێنی خۆیدا. وە ئیسلام واجبی كردووە لەسەر دایكان و باوكان كە منداڵەكانیان ڕابهێنن لەسەر نوێژ كردن و وایان لێبكەن كە پابەند بن پێیەوە، وەكو خوای پەروەردگار لە قورئاندا دەفەرموێت: ( وَأْمُرْ أَهْلَكَ بِالصَّلَاةِ وَاصْطَبِرْ عَلَيْهَا ) طه / 132 واتە: "ئەی محمد، فەرمان بكە بە ماڵ و منداڵت كە نوێژ بكەن و خۆڕاگر و بەردەوام بن لەسەری" وە لە وەسفی پێغەمبەر اسماعیل (علیه السلام)دا دەفەرموێت: " وَكَانَ يَأْمُرُ أَهْلَهُ بِالصَّلَاةِ وَالزَّكَاةِ وَكَانَ عِنْدَ رَبِّهِ مَرْضِيًّا " (مريم / 55) واتە: " (پێغەمبەر ئیسماعیل –علیه السلام-) ههمیسشهو بهردهوام، فهرمانی دهدا به خێزانی و خزمانی، که نوێژهکانیان (به ڕێک و پێکی و له کاتی خۆیدا) ئهنجام بدهن و زهکاتیش فهرامۆش نهکهن، بەڕاستی ئهو لای پهروهردگاری شیایستهی ڕێزو ڕهزامهندی بوو". وە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە فەرموودەیەكدا دەفەرموێت: " مُرُوا أَوْلَادَكُمْ بِالصَّلَاةِ وَهُمْ أَبْنَاءُ سَبْعِ سِنِينَ ، وَاضْرِبُوهُمْ عَلَيْهَا وَهُمْ أَبْنَاءُ عَشْرٍ". (صححه الألباني في الإرواء /247) واتە : "لە حەوت ساڵیدا فەرمان بكەن بە منداڵەكانتان كە نوێژ بكەن، وە لە 10 ساڵێدا لێیان بدەن لەسەر نوێژ نەكردن" تێبینی: 1- لێدان لە منداڵ لەسەر نوێژ نەكردن دەبێت لێدانی پەروەردەكردن بێت، نەك شكاندنی كەسایەتی، وە پێویستە لێدانێكی سووك بێت و ئاسەواری بە جەستەیەوە دیار نەبێت، وە نابێت بە هیچ شێوەیەك لە دەم و چاو بدرێت. 2- لێدان كۆتا چارەسەرە، واتە هەتنا بكرێت پێش لێدان بە ئامۆژگاری و قسەی نەرم ونیان و هەوڵدانی تەواو حەكیمانە هەوڵی لەگەڵ بدرێت. بۆیە دایكان و باوكان دەبێت بزانن كە بەرپرسیارن لە پەروەردەی منداڵەكانیان و واجبە لەسەریان فێری نوێژیان بكەن و وایان لێبكەن كە پابەند بن بە نوێژەكانیانەوە. بەڵام بەداخەوە بەشێك لە دایكان و باوكانی ئێستا زۆر ئیهمال و لاوازن لە پەروەردەی منداڵەكانیان. ئایا لە ڕۆژێك ناترسن كە خوای گەورە لە قیامەتدا ڕاتانبگرێت و لێپرسینەوەتان لەگەڵ بكات لەسەریان ؟؟ بۆیە بۆ چارەسەری كێشەی سستی منداڵەكان لە نوێژ و عیبادەتەكان ئەم چەند خاڵە جێبەجێ بكەن: 1- پێویستە دایك و باوك خۆیان ببنە نمونەیەكی جوان لە ماڵەكەدا و پابەند بن بە نوێژەكانیانەوە، هەتا منداڵەكانیش چاویان لێ بكەن و پابەند بن. 2- باوك هاتوچۆی مزگەوت بكات و منداڵە كوڕەكانی لەگەڵ خۆی ببات، وە دایكەكەش لە ماڵەوە لەگەڵ منداڵە كچەكانی نوێژەكانی بەجێ بگەیەنێت لە كاتی خۆیدا. 3- پێویستە هاوڕیی نوێژكەر بۆ منداڵەكانت بدۆزیتەوە و دووریان بخەیتەوە لەو هاوڕێ و خێزانانەی كە نوێژ ناكەن. 4- هەمیشە دەست خۆشی و پیاهەڵدانیان بۆ بكە لەسەر ئەوەی كە نوێژەكانیان لە كاتی خۆیدا دەكەن. 5- هەندێك جار دیاری و بەخششیان بدەرێ لەسەر نوێژ كردنەكەیان. 6- ئەگەر لە تەمەنێكدان كە بتوانن گوێ لە وتار و وانەی ئاینی بگرن، ئەوە پێكەوە دابنیشن و سەیری هەندێ وانە و وتار بكەن لەسەر گەورەیی نوێژ و مەترسی وازهێنان لە نوێژ. 7- دایك و باوك خۆیان عاجز بكەن لێیان كاتێك كە نوێژەكان دوادەخەن یان دەیفەوتێنن، تا هەست بكەن كە پێتان ناخۆشە نوێژەكانیان دوادەخەن. 8- لە كۆتاییدا و گرنگترین شت بریتیە لە دوعا كردن بۆیان، هەمیشە دوعای خێریان بۆ بكەن و داوای ئیستیقامە و جێگیریان بۆ بكەن لەسەر نوێژ كردن. لیژنەی وەڵامدانەوەی پرسیارە شەرعییەکان لە ماڵپەری دەنگی ئیسلام