ئایە دەستدان لە عەورەت دەستنوێژ دەشکێنێ ؟. یەکێک لەو بابەتە پێویستانەی زۆر کات پرسیاری لەسەر دەکرێت لە لایەن خوشکانی بەڕێزەوە کە زۆر کات دەستنوێژیان هەیەو لە کاتی پاک کردنەوە منداڵی ساوادا توشی ئەو حاڵەتە ئەبن و دەستیان بەر شەرمەگەی منداڵەکەیان ئەکەوێت پاشان دەستنوێژ ئەگرنەوە، یاخود کەسانێک لە کاتی خۆ وشک کردنەوەی دوای خۆشۆردن توشی ئەو حاڵەتە ئەبن، لێرەدا بە پشتیوانی خوای گەورە بۆچونی جیاوازی زانایان ئەخەمە ڕوو پاشان بۆچونی دروست دیاری ئەکەم بە تێگەشتن لە دەقەکان و هەڵسەنگاندنیان لە ڕوی بەهێزی و بێ هێزیەوە. زانایان و شەرع زانان بۆچونیان جیاوازە لە بابەتی شکاندنی دەستنوێژ بۆ کەسێک دەست لە (العورة) شەرمگەی بدات، یان لە شەرمگەی کەسێکی تر بدات، سەرتا ئەبێ ئەوە بزانین دەستدان لە شەرمەگەی منداڵ لە کاتی پاک کردنەوەیدا یاخود سوننەت کردنیدا، یاخود هەر کاتێکی تری پێویستدا، دەستنوێژ ناشکێنێت لە سەر بۆچونی دروستی ئیمامی مالیک و ئیمامی ئەوزاعی و ئیمامی زوهریدا، چونکە ئەم بابەتە گەر دەستنوێژی پێ بشکێت خوشکانی پێوە گیرۆدە دەبن و توشی زۆر ترین ناڕەحەتی دبن. پاشان بابەتی دەستدانی مرۆڤ لە (العورة) شەرمگەی خۆی قسەی زۆری زانایانی لەسەرەو کورتەی بۆچونەکانیان چوار بۆچونن: #یەکەم: مرۆڤ دەستنوێژی پێ بەتاڵ ئەبێتەوە هەرچۆن بێت دەستلێدانەکە، واتە بە ئەنقەست بێت یان نەزانین، ئەم بۆچونە قسەی هەریەک لە مەزهەبی ئیمامی مالیک و ئیمامی شافعی و ئیمانی ئەحمەدو ئیمامی ئیبن و حەزمە لەگەڵ زۆرێک لە هاوەڵانی بەڕێزدا، بەڵگەیان بۆ ئەم بۆچونەیان ئەم چەند فەرموودەیە: 1_ بوسرەی کچی سوفیان بۆمان ئەگێڕێتەوە کە پێغەمبەر فەرموویەتی" مَن مسَّ ذكره فلا يصل حتى يتوضأ". واتە: هەرکەس دەستی لە عەورەتی دا با نوێژ نەکات تا دەستنوێژ ئەگرێتەوە. ئیمامی تورمزی و ئیمامی مالیک ئەیگێڕنەوە. 2_ عبداللەی کوڕی عەمر بۆمان ئەگێڕێتەوە کە پێغەمبەر فەرموویەتی" أيُّما رَجلٍ مسَّ فَرجَه، فلْيتوضَّأ، وأيُّما امرأةٍ مسَّت فرجَها، فلْتتوضَّأْ" واتە: هەر پیاوێک دەستی دا لە عەورەتی با دەستنوێژ بگرێت، وەهەر ئافرەتێک دەستی لە شەرمگەی خۆیدا با دەستنوێژ بگرێتەوە". ئەم فەرموودە ئیمامی ئەحمەد ئەیگێڕێتەوە. 3_ ئەبوو هورەیرە بۆمان ئەگێڕێتەوە کە پێغەمبەر فەرموویەتی" إذا أفضى أحدكم بيده إلى فَرْجه ليس دونها حجابٌ، فقد وجَب عليه الوضوء". واتە: هەرکەس لە ئێوە دەستی لە عەورەتی بدات بەبێ پەردە، دەستنوێژ گرتنەوەی لەسەر پێویستە. ئیمامی بەیهەقی و دارەقوتنی ئین و حیبان ئەیگێڕنەوە. 4_ ئوم حەبیبە ئەگێڕێتەوە کە گوێی لە پێغەمبەر بوە درودی خوای لەسەر کە فەرمویەتی" مَن مسَّ فرجه، فليتوضَّأ" واتە: هەر کەس دەستی دا لە عەورەتی با دەستنوێژ بگرێت. ئەم فەرموودە ئین و ماجە و تەبەرانی و بەیهەقی و جگە لەوانیش ئەیگێڕنەوە. #دووەم: دەستنوێژی بەتاڵ نابیتەوە هەرچۆن دەستی لێبدات، ئەم بۆچونەش قسەی هەر یەک لە عبداللەی کوڕی عباس و حذيفەی کوڕی يمان وعمران کوڕی حصين و أبي الدرداء و سعد کوڕی أبي وقاص و سفيان الثوري و ابن المنذر، ئیمامی ئەبوو حنيفە و قسەی هەندێ لە پەیڕەوانی مەزهەبی ئیمامی مالیک و ڕیوایەتێک لە مەزهەبی ئیمامی ئەحمەدە. ئیمامی تورمزیش لە سونەنەکەیدا ئەفەرموێت"وقد روي عن غير واحد من أصحاب النبي -صلى الله عليه وسلم- وبعض التابعين أنهم لم يروا الوضوء من مس الذكر، وهو قول أهل الكوفة وابن المبارك". واتە: گێڕدراوەتەوە لە زیاتر لە هاوەڵێکی پێغەمبەرەوەو هەندێک لە تابعین، کە پێیان وابوە بە دەستدان لە شەرمگە دەستنوێژ بەتاڵ نابێتەوە، ئەمە قسەی خەڵکی کوفەو عبداللەی کوڕی موبارەکیشە. بۆ ئەم بۆچونەیان چەند بەڵگەیەکیان بەدەستەوەیە کە گرنگترینیان ئەمانەن: 1_ فەرموودەکەی تەڵقە کە لە باوکیەوە ئەیگێڕێتەوە، پیاوێک پرسیاری لە پێغەمبەر کرد کە ئایە پیاوێک دەست لە عەورەتی بدات دوای ئەبێ دەستنوێژ بگرێتەوە؟ فەرمووی " هل هو إلا بضعة منك" واتە: ئەویش بەشێکە لە خۆت و پێویست بە گرتنەوەی دەستنوێژ ناکات. ئەم فەرموودە ئیمامی تورمزی و نەسائی و ئەبووداود جگە لەوانیش ئەیگێڕنەوە. 2_ فەرموودەکەی ئەبی لیلا کە ئەفەرموێت" كنا عند النبي - صلى الله عليه وسلم - فجاء الحسن بن عليٍّ فجعل يتمرَّغ عليه، فرفع مقدم قميصه فقبل زُبَيْبە" واتە: ئێمە لە خزمەت پێغەمبەردا بووین حەسەنی کوڕی ئیمامی علی منداڵ بوو هات بۆ لای، پێغەمبەریش جلەکەی بەرز کردەوە ماچی عەورەتی کرد" ئەم فەرموودە ئیمامی تەبەرانی و بەیهەقی و جگە لەوانیش ئەیگێڕنەوە، بەڵام کێشە لەسەنەدی ئەم فەرموودە هەیە بۆیە زۆرێک لە زانایان بە لاوازیان داناوە. بەڵام ئەم فەرموودە ئەگەر لاوازیش نەبێت بەڵگەی ئەوەی تێدا نیە کە دوای ئەو ماچە نوێژی ئەنجامدابێت، یاخود ڕاستەوخۆ دەستنوێژی گرتبێتەوە. 3_ تێکڕای زانایان بەبێ جیاوازی لەسەر ئەوە یەکدەنگن کە هەرکات مرۆڤ ڕانی بەر عەورەتی بکەوێ دەستنوێژی ناشکێت، لە کاتێکدا هیچ جیاوازی لە نیوان دەست و ڕانەکانیدا نیە. #سێهەم: ئەگەر بە ئارەزوەوە(الشهوه) بوو ئەوە دەستنوێژی پێ بەتاڵ ئەبێتەوە بەڵام بە بەرکەوتنێکی ئاسای دەستنوێژ بەتاڵ ناکاتەوە، ئەم بۆچونی سێهەمە هاتوە هەردوو بۆچونکەی تری پێشوی کۆکردۆتەوە بێ ئەوەی هیچیان وەرنەگرێت قسەیەکی تری کردوە کە ئەویش دەست لێدانەکەیە لە کاتی جوڵانی ئارەزویدا یاخود بێ ئارەزوو، پێیان وایە ئەو فەرموودانەی باسی بەتاڵ بونەوەی دەستنوێژ ئەکەن بە دەست لێدان لە شەرمگە ئەوکاتەیە کە مرۆڤ بە ئارەزوی جنسیەوە ئەوکارە بکات، وە ئەو فەرموودانەش باسی ئەوە دەکەن دەستنوێژی پێ بەتاڵ نابێتەوە باسی ئەوکاتانە دەکەن کە مرۆڤ بێ ویستی خۆی دەستی بەری ئەکەوێت وەک خۆ وشک کردنەوەی دوای خۆشۆردن..... ئەم بۆچونەش ڕیوایەتێکە لە مەزهەبی ئیمامی مالیک لە کۆنداو شێخی ئەلبانی لە نوێدایە. #چوارەم: کەسێک دەستی بدات لە شەرمگەی سوننەتە دەستنوێژ بگرێتەوە بەڵام واجب و پێویست نیە لەسەری، ئەم قسەش ڕیوایەتێکە لە مەزهەبی ئیمامی ئەحمەدو ئیمامی مالیکدا، وە ئیمامی ئین و تەیمیەش ئەم بوچونەی بە دروست زانیوەو شێخ عوسەیمینیش هەمان بۆچونی بە پەسەند داناوە. #بۆچونی_پەسەند بۆچونی دروست لەم بابەتەدا، ئەگەر بە وردی تەماشای بەڵگەکان بکەین و لێیان بکۆلینەوە لە ڕوی سەنەدەوە بۆمان ڕوون ئەبێتەوە کە ئەوە فەرموودەی تەڵق باسی ئەوەی کرد بە دەستدان لە شەرمگە دەستنوێژ بەتاڵ نابێتەوە فەرموودەکە بەشێکی زۆری زانایان بە لاوازیان داناوە، تەنانەت ئیمامی نەوەی لە مەجموعدا(42/2) کۆدەنگی زانایانی هێناوە لەسەر لاوازی فەرموودەکە، کە من پێم وایە هیچ کات ئەو کۆدەنگیە نەبوەو ئەوە تێپەڕاندنە لەو بابەتە، چونکە جگە لە شێخی ئەلبانی چەندین زانای تر بە سەحیحیان داناوە، وە ئەگەر تەماشای ئەو قسەیان بکەین کە بۆ گەر عەورەت بەر ڕانی کەسەکە بکەوێت یان پشتی دەستی بەری بکەوێت دەستنوێژی بەتاڵ نابێتەوە، ئەوەمان بۆ ڕون ئەبێتەوە بابەتی بەتاڵ بونەوەی دەستنوێژەکە لە کاتی دەستدان لە عەورەت پەیوەندی بە لایەنی وروژاندنی ئارەزوەوەیە نەک تەنها دەست لێدانێکی ئاسای، چونکە دەست و قاج هیچ جیاوازیان نیە لە مرۆڤدا بۆ قاچت بەری بکەوێ دەستنوێژت بەتاڵ نابێتەوە؟ بەڵام دەستت بەری بکەوێ بەتاڵ ئەبێتەوە! کەواتە قسەی دروست ئەوەیە لە کاتێکدا دەستنوێژی پێ بەتاڵ ئەبێتەوە بە ئارەزوەوە دەستی لێ بدیت نەک هەموو دەست لێدانێک، وەئەگەر مرۆڤ وەک خۆپارستنێک لەوکاتەدا دەستنوێژ بگرێتەوە باشترە، بەڵام ئەو دەستنوێژە بە واجب نەزانێت لەسەری. د. شاخوان سيامنصوري