سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایە بۆن (العطر) بۆ ئافرەت حەرامە؟
ئایە بۆن (العطر) بۆ ئافرەت حەرامە؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3680


ئایە بۆن (العطر) بۆ ئافرەت حەرامە؟

بابەتی بەکار هێنانی بۆن بۆ ئافرەتان، یەکێکە لەو باسانەی قسەو باسی زۆری لەسەر کراوە لە نێوان زانایاندا، کە لە دوو حاڵەت بەدەر نیە، یەکەم لە ماڵەوە بەکاری بێنێت کە ئەمە هیچ کێشەی لەسەر نیەو بگرە خێریشی دەستگیر دەبێت چونکە بەشێکە لە دڵخۆش کردنی ماڵ و مێردی و سروشتی ئافرەتیش وایە گرنگی بە جوانی خۆی ئەدات، وە یەکێک لە جۆرەکانی جوانی بۆنخۆشکرنی خۆیەتی. دووەم بەکار هێنانی بۆنە لە کاتێکدا بچێتە دەرەوەو تێکەڵی پیاوی نامەحرەم بێت، وە ئەگەر چوە دەرەوەو تەنها تێکەڵی ئافرەتان بوو ئەوە هیچ کێشەی تێدا نیە، بەڵام هەرکات تێکەڵی پیاوی نامەحرەم بوو لە کاتی بەکار هێنانی بۆندا ئەو جێگەی قسەو باسێکی زۆرە کە من لێرەدا بە پشتیوانی خوای گەورە ڕونی ئەکەمەوە.
ئیمامی ابن حجری هەیتەمی لە کتێبی(الزواجر) دا، ئەفەرموێت دەرچونی ئافرەتان لە ماڵ لە کاتی بۆنخۆشکردنی خۆیدا لەم سێ جۆرە بەدەر نیە:
#یەکەم: دڵنیایە بە بێ گومان کە چوە دەرەوەو بۆنی لە خۆیداو پیاوان توشی گوناه ئەکات بە ڕاکێشانی سەرنجیان و خۆشی هەر بۆ ئەوە ئەچێتە دەرەوە! لەم کاتەدا گوناهێکی گەورەی کردوە. 
#دووەم: گومانی زیاتر بەلای ئەوەدا بچێت بەهۆی ئەو بۆنخۆشکردنەیەوە کە پێوەی ئەچێتە دەر سەرنجی پیاوان ڕادەکێشێ بۆلای خۆی! لێرەدا کارەکە حەرامەو تاوانێکی کردوە، بەڵام گوناهی گەورە نیە، چونکە دڵنیا نیە کە ئەو کارە ڕوو ئەدات. 
#سێهەم: بۆن بەکار دێنێت و ئەچێتە دەرەوە،  بۆ ئەوە بەکاری ناهێنێت سەرنجی پیاوان ڕاکێشێ، تەنها ترسی ئەوەی هەیە پیاوان بۆنی بکەن. وەک زۆرێک لەو خوشکانەی ئەمڕۆ بۆن لە خۆیان ئەدەن و ئەچنە دەرەوەو بۆن لە خۆدانەکەش بوەتە شتێکی ئاسای لای زۆربەی خەڵکی، جا ئەوەی جێگەی ڕاجیایە لە نێوان زانایاندا جۆرێ سێهەمیانە، ئەگینا هەردوو جۆرەکەی تر گوناه و تاوانە. 

زانایانیش لەم جۆری سێهەمە بوون بە دوو مەزهەبەوە کە هەردوکیان پێیان وایە نەشیاو بێزراوە(مكروه) بەڵام بەشێکیان ئەڵێن (المکروە تحریما) بەشێکی تریان ئەڵێن( المکروە تنزیها) جا بەگشتی ئەو شتانەی کە مکروهن نەکردنی مایەی پاداشتەو کردنی سزای لەسەر نیە بەڵام ئەگونجێ گلەی لۆمەی لەسەر بێت، جا ئەو کارانەی کە نەشیاو(المکروە) ن، لای حەنەفیەکان ئەبن بە دوو بەشەوە، بەو شێوەی ئاماژەم پێکرد، جا زانایان ئەفەرمون(المکروە تحریما) بەکارێک ئەوترێ شاریع(خودا یان پێغەمبەر) بە دەقێکی زەننی فەرموبێتی ئەو کارە نابێت بکرێت بەهیچ شێوەیەک. پاشان جۆری دووەم(المکروە تنزیها) ئەوەیە ئەگەر شاریع بە داوای نەکردنی کارێکی کرد بەڵام نەک بە شێوەیەکی حەتمی بەڵکو فەرمووی باشترە نەکرێت. 
جا لەسەر بەکار هێنانی بۆن بۆ حاڵەتی سێهەم وتمان زانایان دوو بۆچونیان هەیە کە بەم شێوەیە:
#یەکەم: دەرچونی ئافرەت لە ماڵ بە بۆن خۆشیەوە ناپەسەندێکە باش نیە بکرێ(المکروە تنزیها). 
ئەم بۆچونە هەرسێ مەزهەبی ئیمامی شافعی و ئیمامی مالیک و ئیمامی ئەحمەدی لەسەرە. 
#دووەم: بەکار هێنانی بۆن لەم کاتەدا ناپەسەندی قەدەغەکراوە( المکروە تحریما). 
ئەم بۆچونەش مەزەهەبی ئیمامی ئەبوو حەنیفەیە.

بەڵگەکانیان:
ئەوەی سەرنجم دابێت هەردولایان بەڵگەکانیان هەر یەکە، بەڵام تێڕوانین و لێکدانەوەیان بۆ بەڵگەکان جیاوازە، هەریەکەیان بەو شێوە لێکی ئەداتەوە کە لێی تێگەشتوە. 
#بەڵگەی_یەکەم: پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ئەفەرموێت( أيما امرأة استعطرت، فمرت على ليجدوا ريحها فهي زانية) واتە: هەر ئافرەتێک بۆن لە خۆی بدات و بڕوات بەلای پیاواندا بۆ ئەوەی بۆنی بکەن، ئەوە تاوانی زینای بۆنەکەی بۆ ئەنوسرێت. رواه النسائي. 
#بەڵگەی_دووەم: پێغەمبەرصلى الله عليه وسلم ئەفەرموێت(لا تمنعوا إماء الله مساجد الله وليخرجن إذا خرجن تفلات) واتە: ڕێگری مەکەن لە چونی ئافرەتان بۆ مزگەوت، با بچن بەڵام کە چون بۆ مزگەوت با خۆیان بۆنخۆش نەکەن. رواه ابن خزيمة. 
#بەڵگەی_سێهەم: پێغەمبەرصلى الله عليه وسلم ئەفەرموێت( كل عين زانية، والمرأة إذا استعطرت فمرت بالمجلس فهي كذا وكذا يعني زانية) واتە: هەموو تاماشایەکی نامەحرەم زینای چاوە، وەئافرەت هەرکات بۆنی بەکار هێناو چوو بەلای کۆمەڵێک پیاودا ئەوە زینای بۆنی بۆ ئەنوسرێت. رواه الترمذي. 
وشەی زینا لەم فەرمودانە بەواتای زینای داوێن نیە ئەبێ هەموو لایەک وریای ئەم بابەتە بێت. 
#بەڵگەی_چوارەم: عائیشەی دایکی ئیمانداران ئەفەرموێت( لەگەڵ پێغەمبەر دەرچوین بۆ شاری مەکە، لە کاتی ئیحرامدا بۆنی میسکمان ئەدا لە نێو چاوانمان، جا کاتێ ئارەقمان ئەکرد لەگەرما بۆنی میسکەکە بە دەم وچاوماندا ئەهاتە خوارەوەو پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ئەیبینی و لێی قەدغە نەئەکردین. رواه أبوداود. 
#بەڵگەی_پێنجەم: ئیمامی ابن خزیمە بۆمان ئەگێڕێتەوە کە ئافرەتێک تێپەڕی بەلای ئەبوو هورەیرەدا بۆنی خۆشی دەوری تەنیبوو، پێی فەرموو: ئەوە بۆ کۆی ئەچیت ئەی بەندەی خودا؟ وتی: بۆ مزگەوت، فەرمووی: خۆت بۆنخۆش کردوە؟ وتی: بەڵێ، فەرمووی: بگەڕێوە بۆ ماڵەوەو خۆت بشۆ تا بۆنەکەت لێ ئەبێتەوە، چونکە من گوێم لە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بوو فورمووی(لا يقبل الله من امرأة صلاة خرجت الى المسجد وريحها تعصف حتى ترجع فتغتسل)واتە: خوای گەورە نوێژی ئافرەتێک وەرناگرێ بچێت بۆ مزگەوت و خۆی بۆنخۆش کردبێت و دەوروبوری هەستی پێ بکەن، تا ئەگەڕێتەوە خۆی ئەشوات. 

پوختەی قسە:
ئەوەی بۆمان ڕوون بویەوە هەرکات ئافرەت چوە دەرەوەو بۆنی بەکارهێناو یەقینی هەبوو کە پیاوانێک بەهۆی ئەو بۆنەی کە بەکاری دێنێت توشی گوناه ئەبن و ڕایان ئەکێشێ بەرەو تاوانی تر، ئەوە بەکار نەهێنانی باشترە، بەڵام ئەبێ ئەوەش بزانین هیچ ئەقڵ و لۆژیکێک لەگەڵ ئەوە نیە کە ئافرەتان خزمەتی خۆیان نەکەن و بۆن لە خۆیان نەدەن و خەڵکی لە بۆنی ناخۆشیان ڕابکەن! وە ئەو فەرمودەش کە لە بەڵگەی یەکەمدا باسمان کرد، بەهێزترین بەڵگەی ئەو کەسانەیە کە پێیان وایە ئافرەت نابێ خۆی بۆنخۆشکات بۆ دەرەوەی ماڵی خۆی، بەڵام ئەو فەرموودە زۆر بەڕونی هۆکارەکە باس دەکات کە لە چ کاتێکدا حەرامەو ئەفەرموێ (لیجدوا) واتە ئەو ئافرەتە کاتێک ئەو بۆنە بەکار دێنێ لە بنەڕەتدا نیەتی ئەوە بێت پیاوانی بێگانە بۆنی بکەن و سەرنجیان ڕاکێشێت بۆلای خۆی، کەواتە بابەتەکە ئەوە نیە بەڵکو ئەو بۆنەی لە خۆی داوە بۆ ئەوەی بۆنی ناخۆش نەبێت و خەڵک لێی بێزار نەبن، کە هەموو سروشتێکی تەندروست ئەوەی ئەوێت. بۆیە واتای (لام)ەکە هۆکارەکەمان بۆ ڕوون ئەکاتەوە کە ئەبێتە هۆی حەرامی بەکار هێنانی بۆن لەو کاتەدا، کە سەرنج ڕاکێشانی پیاوانی نامەحرەمە. بەڵام خۆ ئەگەر بەکاری هێناو نیەتی ئەوەی نەبوو سەرنجی پیاوان ڕاکێشێ بۆ دوور خستنەوەی بۆنی ناخۆشی خۆی بێت، هیچ گوناهی ناگات. چونکە هۆکارەکە وەک باسمان کرد ڕاکێشانی سەرنجەکەیە جا ئەگەر پیاویش بۆن بەکار بێنێت بۆ لەخشتە بردنی ئافرەتان هەمان تاوانی بۆ ئەنوسرێت چونکە نیەتەکەی باش نیە لە بەکار هێنانی بۆنی حەڵاڵدا. 

م. شاخوان سيامنصوري



  ژمارەی بینین 1016

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram