سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  حوکمی خۆکوشتن چییە.؟!
حوکمی خۆکوشتن چییە ؟! ئایا لە دین پێی دەردەچێت ؟! ئایا نوێژی لەسەر دەکرێت ؟! ئایا هەتا هەتایی لە ئاگردا دەبێت ؟! ئایا درووستە دوعای خێری بۆ بکرێت ؟!
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3710


حوکمی خۆکوشتن چییە ؟! 
ئایا لە دین پێی دەردەچێت ؟!
ئایا نوێژی لەسەر دەکرێت ؟!
ئایا هەتا هەتایی لە ئاگردا دەبێت ؟!
ئایا درووستە دوعای خێری بۆ بکرێت ؟!

بسم اللە الحمد لله والصلاة و السلام علی رسول الله و علی آله وصحبه أجمعين

پرسیارەکە 5 بەشە:

یەکەم / 
[ حوکمی خۆکوشتن ]
گەورەترین تاوان لەدوای شیرك و هاوەڵدانان بۆ خوای پەروەردگار کوشتنی نەفسێکە کە لەلایەن خوداوە پێی پێمان دراوە و زانایان بە دووەم گەورەترین تاوان لە ئیسلامدا هەژماریان کردووە هەروەك پێشەوا ذهبي لە کتێبەی بەناوی (الکبائر) باسی کردووە (1) وە هەرکەسێک بە هەرشتێك خۆی بکوژێت خوای پەروەردگار بەوە سزای دەدات لەو دنیا (2)

دووەم / 
[ ئایا لە دین پێی دەردەچێت ؟! ]
بێگومان نەخێر بەڕای جمهوری زانایان و پێشەوایانی اهل السنة بەهیچ جۆرێك موسوڵمان بە تاوانە گەورەکان لە دین دەرناچێت ئەگەر چەندێك گەورەش بن (جگە لە شیرك و کوفر - کە خاوەنەکەی لەبازنەی ئیسلام پێی دەردەچێت ) جگە لەوە هەر چ تاوانێکی تر کە هەبێت خاوەنەکەی لە دین پێی دەرناچێت مادەم بەحەرامی زانیبوبێ و حەڵاڵی نەکردبێ و یاسای خوای نەگۆڕیبێت (حەڵاڵ کردنی تاوانێك کە خودا بەحەرام لەقەڵەمی داوە هاوەڵدانانە بۆ خودا لە یاسا و تەشریعەکەیدا بۆیە ئەچێتە بواری شیركەوە ) 

سێیەم /
[ ئایا نوێژی لەسەر دەکرێت ؟! ]
لە سەردەمی پێغەمبەری خوادا ﷺ کابرایەك خۆی کوشت و پێغەمبەری خواش ﷺ نوێژی لەسەر نەکرد (3)

ئیمامی نەوەوی لە شیکردنەوەی فەرموودەکەدا دەفەرموێت : ڕای جمهوری زانایان ئەوەیە کە نوێژی لەسەردەکرێت چونکە لەو فەرمووودەیەدا پێغەمبەری خواش ﷺ خۆی نوێژی لەسەر نەکرد و دواتر بەهاوەڵەکانی فەرموو نوێژی لەسەر بکەن و ئەوان نوێژیان لەسەرکرد (4) 

[[ کەواتە درووست نییە بە ڕەهایی نوێژی لەسەر نەکرێت مادەم موسوڵمانە بەڵکو درووستە تەنها ئیمامەکە نوێژی لەسەر نەکات و پێشنوێژیەکە بدات بە کەسێکی تر لەبەر دوو هۆکار 1- وەك شوێنەکەوتنێك بۆ پێغەمبەری خوا ﷺ 2- تا خەڵك بزانێت تاوانەکەی چەندە گەورەیە  ]] 

چوارەم /
[ ئایا هەتا هەتایی لە ئاگردا دەبێت ؟! ]
لەم بارەیەشەوە دوو فەرموودەمان هەیە
یەکەم - 
پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی :
 هەرکەسێك خۆی بکوژێت بە ئاسانێك ئەوە بەو ئاسنە سزا دەدرێت لە دۆزەخدا هەتا هەتایە ...  (5)
دووەم - 
پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی :
لە پێش  ئەوە پیاوێك هەبوو برینێکی سەختی هەبوو و بەرگەی نەگرت و خۆی کوشت دواتر خوای پەروەردگارٓ ﷻ فەرمووی : پەلەی کرد بەنەدەکەم بۆیە بەهەشتی لەسەر حەرام بوو (6)

زانایان لە ڕاڤە و شیکردنەوەی ئەم دوو فەرموودەیە فەرموویانە :
یاسایەکی گشتگیر و نەگۆڕە ئەوەیە ئەگەر کەسەکە لەسەر شیرك و کوفر خۆی کوشت یان یاسای خوای گۆڕی بەحەڵاڵی زانی و هاوەڵی بۆخوا دانا لە تەشریعەکەیدا و بەوحاڵەوە سەری نایەوە ئەوە بێگومان هەتا هەتایە لە دۆزەخدایە هاتنە دەرەەوەی نییە فەرموودەی یەکەم کە دەفەرموێت هەتا هەتایە مەبەست پێی ئەوەیە

فەرموودەی دووەمیش :  بەهەشت حەرام بوون دووجۆرە کاتی (مؤقت) / هەتاهەتایی(مؤبد)
جا ئەوەی خۆی کوشت بەهەشتی لەسەر حەرامە 
ئەگەر مسوڵمان بێت (کاتی - مؤقت) شمولی دەکات ئەوەی بێ باوەڕ بوو (هەتا هەتایی - مؤبد) شمولی دەکات (7)

بۆیە ئەوکەسەی موسوڵمانە و خۆی دەکوژێت دەچێتە ئاگرەوە و تا خودا پاکی دەکاتەوە لەتاوانەکەی دواتر دەری دەهێنێت  بە فەزڵ و میهرەبانی و مەشیئەتی خۆی لەگەڵدا دەکات

( ئەمەش بیر و باوەڕی تێکڕایی زانایانی اهل السنة و الجماعة یە کە ئەوەی بەئیمانەوەڕۆشتبێت لە ئاگردا دێتە دەرەوە بۆ بەهەشت مادەم شیرك و کوفری نەبووبێت )

[ نموونەی لەوشێوەمان هەیە کە خودا ڕەحمی بە موسوڵمانێكی خۆکوژ کردووە پێغەمبەری خوا ﷺ دوعای خێری بۆ کردووە !!! ]

( کاتێك پێغەمبەری خوا ﷺ کۆچ دەکات بۆ مەدینە  هاوەڵێکی لەگەڵ ئەبێ ناوی توفەیلی کوڕی عەمر دەبێت ئەم توفەیلەش هاوڕێیەکی لەگەڵ دەبێ لە قەومەکەی خۆی کە دەگەنە مەدینە هاوڕێکەی توفەیل نەخۆش دەکەوێت و زۆر گران دەبێت لەسەری نەخۆشیەکە بۆیە خۆی دەکوژێت بەرگە ناگرێت، شەوێکیان توفەیل خەوی پێوە دەبینێ دەبینێ هاوڕێکەی لە شوێنێکی خۆشە و ڕوخسارێکی جوانی هەیە توفەیلیشی لێی دەپرسێت ئەوە تۆ چۆن گەیشتی بەو پلەیە خۆ تۆ خۆتت کوشت ئەویش لەخەوەکەدا پێی دەڵێ خودا بە میهرەبانی خۆی لێم خۆش بوو چونکە لەگەڵ پێغەمبەری خوا ﷺ کۆچم کردبوو بۆ مەدینە بۆ ڕۆژی دواتر توفەیل خەوە دەگێڕێتەوە بۆ پێغەمبەری خوا ﷺ ئەویش دوعای خێری بۆ دەکات بە لێخۆشبوون ) (8)

پێنجەم /
[ ئایا درووستە دوعای خێری بۆبکرێت ؟! ]
هەر لە بەشی پێشوو لە فەرموودەکەی توفەیل بەڵگەیە لەسەر درووسبوونی دوعای خێربۆی
 خودی پێغەمبەری خوا ﷺ دوعای کردووە بۆ موسوڵمانێك کە خۆی کوشتووە 
بەداخەوە خەڵکانێك کە ئەبیستن کەسێك خۆی کوشتووە یەکسەر بێ بیرکردنەوە ئەڵێن دوعای بۆ مەکەن تازە دین و دنیاشی ڕۆی پەنا بەخوا ئەمەش پێچەوانەی ئیسلامە ! یەکێکیش لە هۆکارەکانی چوونە ناو دۆزەخ بڕیاردانە لەسەر کەسێك لەجیاتی خودا  !

[[ پوختەی هەموو بابەتەکە ]] /
1- گەورەترین تاوان دوای شیرك خۆکۆشتنە
2- کەسێك کە موسوڵمان بوو خۆی بکوژێت لەدین پێی دەرناچێت و هەتاهەتاییش لە دۆزەخدا نامێنێتەوە
3- نوێژی لەسەردەکرێت
4- دوعای خێریشی بۆ دەکرێت

خوای پەرەوەردگاریش خۆی زاناترینە بەهەموو شتێك 
وبالله التوفیق.

وەڵامدانەوەى: ليژنەى تايبەتى ماڵپەرى دەنگى ئيسلام.


- - - - - - - - - - - - - - -  -  
(1) : (📗 الکبائر للذهبي -  ص 94)
(2) : (📗صحيح البخاري - 3276 ، 📗 صحيح مسلم - 113)
(3) : (📗 صحيح مسلم -  978)
(4) : (📗المنهاج  للنووي - 7/47)
(5) : (📗 صحيح مسلم -  109) 
(6) : (📗صحيح البخاري - 3463)
(7) : (📗إحكام الأحكام شرح عمدة الأحكام  - ص 437)
(8) : (📗 صحيح مسلم -  116).


  ژمارەی بینین 846

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram