سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ئایا گێڕانەوەی نوێژی فەوتاو دروستە؟
ئایا گێڕانەوەی نوێژی فەوتاو دروستە؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3711

ئایا گێڕانەوەی نوێژی  فەوتاو دروستە؟

بسم الله الرحمن الرحيم.

پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکە بزانین دوو بابەت زۆر گرنگە کە هەموو لایەک بیزانین. یەک: ئەو کەسەی کافری ئەسڵیە و دێتە ناو بازنەی ئیسلامەوە نوێژ گێڕانەوەی لەسەر نیە. دوو: ئەو کەسەی بیری چوە لە کاتی خۆیدا نوێژ بکات یاخود خەوتوە هەرکات بیری هاتەوە یان خەبەری بویەوە پێویستە لەسەری دەستبەجێ نوێژەکە بکات. 
پاشان لە سەر بابەتی پێویست بوون یان پێویست نەبوونی گێڕانەوەی نوێژی فەرزی فەوتاو، زانایانی ئیسلام بە گشتی دوو بۆچونیان هەیە کە بەم شێوەیە:
#یەکەم: پێویست نیە هەرکەس بە ئەنقەست نوێژی  ڕۆشتوە نوێژەکە بگێڕێتەوە. 
بەشێکی بەرچاو لە زانایانی ئیسلام ئەم بۆچونەیان هەیە لەوانە( حەسەنی بەسری، ئیمامی حومەیدی، زاهیریەکان، بەشێک لە پەیڕەوانی مەزهەبی ئیمامی شافعی و ئیمامی ئەحمەد و ئیمامی مالیک، ئیمامی ابن قەیم و مامۆستاکەی ابن تیمیە هەمان بۆچونیان هەبوە، لە زانایانی هاوچەرخ شێخ بن بازو عوسەیمین هەمان بۆچونیان پەسەند کردوە. 

 بەڵگەکانیان:
١-  خوای گەورە ئەفەرموێت(فَوَيْلٌ لِلْمُصَلِّينَ  الَّذِينَ هُمْ عَنْ صَلَاتِهِمْ سَاهُونَ) واتە: جا هاوارو واوه‌یلا بۆ نوێژگه‌رانێك، ئه‌و نوێژگه‌رانه‌ی گوێ ناده‌ن به نوێژه‌کانیان و کارکردی نیه له‌سه‌ریان و دڵی ناده‌نێ و لێی غافڵن.
٢- یاخود فەرمووی( فَخَلَفَ مِن بَعدِهِم خَلفٌ أَضاعُوا الصَّلاةَ وَاتَّبَعُوا الشَّهَواتِ ۖ فَسَوفَ يَلقَونَ غَيًّا) واتە: له دوای ئه‌وان که‌سانێک له نه‌وه‌کانیان بوونه جێنشین، که نوێژه‌کانیان به‌زایه داو شوێنی ئاره‌زووه‌کانی نه‌فسیان که‌وتن، ئه‌وانه تووشی گومڕای و سه‌رگه‌ردانی و سزا ده‌بن (له دنیاو قیامه‌تدا).
ئەفەرموون ئەم دوو ئایەتە پیرۆزە ئەوە ڕون ئەکەنەوە کە هەر کەس نوێژی دواخست لە کاتی خۆی، ئەوە وەک چواندنی وایە، خوای گەورە هەڕەشەی لێ دەکات و ئەگەر دروست بوایە گێڕانەوەی خوای گەورە ئەو هەڕەشەی نەدەکرد.
٣- لە سەحیحی ئیمامی بوخاریدا هاتوە کە پێغەمبەر ئەفەرموێت( من ترك صلاة العصر فقد حبط عمله) واتە: هەر کەس نوێژی عەسری واز لێ هێنا کردەوەکانی پوچ دەبێتەوە.
٤-  لە سەحیحی بوخاری و موسلمدا هاتوە کە پێغەمبەر ئەفەرموێت( مَن عَمِلَ عَمَلًا ليسَ عليه أمْرُنا فَهو رَدٌّ) واتە: هەر کەس بەندایەتیەک بکات و فەرمانی ئێمەی لەسەر نەبێت، ئەوە وەرناگیرێ.
ئەڵێن ئەم نوێژ گێڕانەوەش بە فەرموودەی پێغەمبەر نەهاتوە بۆ ئێمە! بەڵام وانیە پێغەمبەر نوێژی گێڕاوەتەوە کە بیری چوە یان خەوتوە.
٥- بەڵگەیەکی تر لەسەر نادروستی گێڕنەوەی نوێژ قیاس کردنە، کە چۆن دروست نیە پێش هاتنی کاتی نوێژ بکرێ، ئاواش دروست نیە پاش تەواو بونی کاتی خۆی ئەنجام بدرێ، چونکە هیچ جیاوازی نیە لە نێوان ئەو دوو کاتە.
٦-نوێژ نەکردن و وازهێنان لێی بە ئەنقەس مرۆڤی پێ کافر و هەڵگەڕاوە(المرتد) ئەبێ، کافریش نوێژ گێڕانەوەی لەسەر نیە.
٧- قسەو فەتوای هاوەڵان لەسەر ئەوەیە کە گێڕانەوە دروست نیە، لەوانە:
 ئیمامی ئەبوبکر ئەفەرموێت( إن لله حقاً بالليل لا يقبله بالنهار، وحقاً بالنهار لا يقبله بالليل) یان قسەکەی ئیمامی عومەر کە بە پیاوێکی فەرموو( يا هذا إنه لا صلاة لمن لم يصل الصلاة لوقتها فصل ثم اقرأ ما بدا لك). بەڵام ئەم دوو قسە بە سەنەدی سەحیح بە دەستمان نەگەشتوون، لەو دوو ئیمامەوە، وە ئەگەر سەحیحیش بن ئەو واتایەی نیە.
دووەم: واجب و پێویستە گێڕانەوەی نوێژە لە دەست چوەکان، بەهەر هۆکارێک لە دەست چوبن. 
ئەم بۆچونە زۆربەی زانایانی لەسەرە بەهەر چوار ئیمامە بەڕێزەکەوە.

  بەڵگەکانیان:
١- خوای گەورە ئەفەرموێت( إِنَّني أَنَا اللَّهُ لا إِلٰهَ إِلّا أَنا فَاعبُدني وَأَقِمِ الصَّلاةَ لِذِكري). واتە: به‌ڕاستی هه‌ر من (الله‌) م، من خوام، هیچ خوایه‌ک نیه جگه له من، که‌واته هه‌ر من بپه‌ر‌سته و نوێژه‌کانیشت به‌چاکی ئه‌نجام بده‌، تا هه‌میشه منت له یاد بێت.
یان ئەفەرموێت( وَأَقِيمُوا الصَّلَاةَ وَآتُوا الزَّكَاةَ) واتە: نوێژه‌كانتان به‌چاكی ئه‌نجام بده‌ن و زه‌كاتیش بده‌ن.
ئەم دوو ئایەتە پیرۆزە بەڵگەن لەسەر ئەوەی نەکردنی نوێژ بە هیچ جۆرێک دروست نیەو نابێ بیفەوتێنین، گەر فەوتاش بە هۆکارێک ئەبێ بیانگێڕینەوە.
٢- لە سەحیحی ئیمامی بوخاری و موسلمدا هاتوە کە پێغەمبەر ئەفەرموێت( مَن نَسِيَ صَلاةً أو نام عنها فكفَّارتُها أن يُصلِّيَها إذا ذَكرَها). واتە: هەر کەس کردنی نوێژی لە بیر کرد یاخود بە هۆی خەوەوە نەیکرد، قەرەبوو کردنەوەی بەوە دەبێت هەرکات بیری کەوتەوە ئەنجامی بدات.
٣- لە سەحیحی موسلمدا هاتوە کە پێغەمبەرو هاوەڵان لە یەکێک لە جەنگەکاندا بۆ نوێژی بەیانی خەویان لێ کەوت و خەبەریان نەبویەوە تا گەرمی خۆر لێیدان، ئەبوو قەتادە ئەفەرموێت( أذن بلال بالصلاة ، فصلى رسول الله صلى الله عليه وسلم ركعتين..) واتە: بیلال بانگی فەرموو پاشان پێغەمبەر نوێژی بەیانی بۆ کردین بە دوو ڕکعات.
٤- لە جەنگی ئەحزابدا بەهۆی سەرقاڵی پێغەمبەرو هاوەڵانەوە نەیان توانی نوێژی عەسر بکەن تا خۆر ئاوا بوو، لە دوای خۆر ئاوا بوون نوێژی عەسریان قەزا کردەوەو پێغەمبەر فەرمووی(مَلأَ اللَّهُ بُيُوتَهُمْ وَقُبُورَهُمْ نَارًا كَمَا شَغَلُونَا عَنِ الصَّلاَةِ الْوُسْطَى) رواه مسلم. واتە: خوای گەورە ماڵ و گۆڕیان پڕ کات لە ئاگر، سەرقاڵیان کردین لە ئەنجامدانی نوێژی عەسر.
٥- بەڵگەیەکی تر لە سەر دروستی گێڕانەوەی نوێژ، چیرۆکی هاوەڵانە کە چوون بۆ بەنی قورەزەو بەشێکایان نوێژی عەسریان لە ڕێگە نەکردو دوایان خست تا دوای مەغریب گەشتنە ئەو جێگەی ئەنجامیاندا، چونکە پێغەمبەر پێی فەرموون(لا يُصَلِّيَنَّ أحَدٌ العَصْرَ إلَّا في بَنِي قُرَيْظَةَ) رواه مسلم. کاتێک بەشێک لە هاوەڵان نوێژەکەیان دواخست و بۆ پێغەمبەریان گێڕایەوە سەر زەنشت نەکران لە سەر کارەکەیان.
ئەم چەند فەرموودە بەڵگەن لەسەر ئەوەی دروستە گێڕانەوەی نوێژ کە لە دەست چوە و کاتەکەی تێپەڕیوە.
٦- لە فەرمودەدا هاتوە کە پێغەمبەر فەرمانی کردوە هەرکەس ڕۆژو ڕەمزانی شکاند بە جووت بوون(الجماع) لەگەڵ خێزانی بە ئەنقەست، ئەوە قەزای ئەکاتەوە بە ڕۆژێک پاش ڕەمەزان. هەرچەند ئەم فەرمودە ئیمامی ابن قەیم بە لاوازی داناوە لە کتێبی(تهذيب السنن) بەڵام ابن حجر العسقلاني لە کتێبی (التلخیص) دا هەموو ڕێگاکانی ئەم فەرمودەی هێناوە بەڵام حوکمی لەسەر نەداوە.
وە ئیمامی دارەقوتنی هێناوێتی، کە سەعیدی کوڕی موسەیەب ئەفەرموێت(جَاءَ رَجُلٌ إلَى النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَقَالَ يَا رَسُولَ اللَّهِ إنِّي أَصَبْت امْرَأَتِي فِي رَمَضَانَ فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ "تُبْ إلَى اللَّهِ وَاسْتَغْفِرْهُ وَتَصَدَّقْ وَاقْضِ يَوْمًا مَكَانَهُ). واتە: پیاوێک هاتە خزمەتی پێغەمبەرو وتی: بە ڕۆژی ڕەمەزان لەگەڵ خێزانم جووت بووم. پێی فەرموو: تەوبە بکەو داوای لێخۆش بوون لە خوای گەورە بکەو خێرێک بکەو ڕۆژێک لە جیاتی ئەو ڕۆژە بگرەوە. 
پێیان وایە هەرکەس بە ئەنقەست نوێژی لە دەست چوو، هەمان حوکمی ڕۆژوی هەیەو ئەیگرێتەوە بە قیاس کردن.

 پوختەی قسە:
ئەوە بۆمان ڕوون بویەوە جیاوازی بۆچونی زانایان بوو لەسەر بابەتەکە، کە بوبون بە دوو بەشەوە، بەشێکیان بە پێویستیان  نەزانیوە، زۆربەشیان بە واجبیان داناوە هەرکەس نوێژی فەرزی لە دەست چوو بە نەزانین بێت یان بە ئەنقەس ئەوە ئەبێ بیگێڕنەوە.
پاشان من پێم وایە بەڵگەی هەردوو لایان لەگەڵ ئەوەی سەحیحن، بەڵام سەریح نین بۆ قەدەغە کردن یان ڕێگە پێدان، بەڵکوو هەردوو بەڵگەکان ئەوەیان لێ ئەخوێندرێتەوە کە باسمان کرد. پاشان هەردوو لا قسەیان لەسەر ئەبوو کە گێڕانەوەی واجبە یان واجب نیە، هیچ زانایەکیان نەیان فەرموە کە ئەگەر کەسێ نوێژی لە دەست چوو بگێڕێتەوە گوناه بار ئەبێ.
بۆیە پێم وایە نوێژە لە سەدەست چوەکان دوو جۆرن، جۆرێکیان ژمارەکەیان زانراوە وەک ئەوەی کەسێ نوێژی ڕۆژێک یان هەفتەیەک یان مانگێک.... هتد. لە دەست چوبێ. جۆرێکی تریان نازاندرێ چەند نوێژی فەوتاوە تا بیگێڕێتەوە. بۆیە هەرکەس زانی چەند نوێژی لە دەست چوە ئەبێ بیگێڕێتەوە، بەڵام گەر ژمارەی نوێژەکان نەزاندراو بوو ئەوە باشترین کار بیکات کردنی نوێژی زۆری سوننەتە چونکە لە فەرمودەی سەحیحدا هاتوە لە قیامەتدا سوننەتەکان ئەخرێنە جێگەی فەرز بۆیان.
پاشان دەربارەی چۆنێتی گێڕانەوەیان واباشترە لەگەڵ هەر نوێژێکدا نوێژێک بگێڕێتەوە، بۆ نمونە گەر یەک هەفتەی نوێژ چواندبوو با یەک هەفتە لەگەڵ هەموو نوێژێک، نوێژێک قەزا بکاتەوە.
والله أعلم.

وەڵامدانەوەى: مامۆستا شاخەوان سيامەنصورى.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

  ژمارەی بینین 787

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram