سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ناسنامەو ژيانى مەنشاوى.؟
كورتەيەك لە ژيان و بەسەرهاتى شێخى قورئانخوێنان. بەرەحمەت بێت. مەنشاوی دەنگێك لە ئاسمانەوە بۆ ناخی دڵەكان.! 52 ساڵە دەنگێك لەناو دڵەكاندا زيندووە.
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3734


مەنشاوی دەنگێك لە ئاسمانەوە بۆ ناخی دڵەكان.!

52 ساڵە دەنگێك لەناو دڵەكاندا زيندووە.

كورتەيەك لە ژيان و بەسەرهاتى شێخى قورئانخوێنان. بەرەحمەت بێت.

لەدایكبوونی:
مەنشاوی لە ڕۆژی 20 شوباتی ساڵی 1920 لەدایك بووە، لە گوندی مەنشا لە پارێزگای سوهاج لە وڵاتی میسر ،بنەماڵەی مەنشاوی وەك خوێندگەیەك وابووە ، لە خزمەتی قورئانی پیرۆز لەڕووی ژیان لەگەڵ قورئان و خوێندنی قورئان و ناوبانگیان بووە بەدەنگ خۆشی.

مەنشاوی لە تەمەنی هەشت ساڵیدا تێكڕای قورئانی پیرۆزی لەبەركردووە بە ئەحكامەكانی تەجوید و جوان خوێندنەوەی قورئانەوە. مەنشاوی لە پێناو گەیاندنی پەیامی قورئاندا گەلێك وڵاتی ئیسلامی گەڕاوەو لە ڕادیۆكانی ئەو وڵاتانەدا قورئانی خوێندووە، ئەمە جگە لە مزگەوتەكان و چەندان كاسێتی دەنگی تۆماركراوی هەیەو لە ڕادیۆی میسر تێكڕای قورئانی پیرۆزی بەدەنگی خۆی تۆمار كردووە . سەرەتای دەركەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1952.

ژیانی كەسیەتی مەنشاوی:
مەنشاوی دووجار ژیانی هاوسەرگیری پێك هێناوە و لە خێزانی یەكەمی دوو كوڕو دوو كچی هەبووە ،لە خێزانی دووەمیش چوار كچ و یەك كوڕی هەبووە ،خێزانی دووەمی ساڵێك پێش وەفاتی خۆی لەسەفەری حەج كردندا وەفاتی كردووە. مەنشاوی كەسێكی زۆر بەتەوازع و دڵنەرم و سینە ساف بووە و زۆر بەسۆزو بەڕەحم بووە لەگەڵ هەژاراندا و حەزی لەدەنگی شێخ موحەممەد ڕەفعەت بووە ، شارەزای تەوای موقامات بووە.

مەنشاوی و هەوڵی شەهیدكردنی:
مەنشاوی بەهۆی دەنگە خۆشەكەیەوە ، زۆرێك لەكەسانی قین لەدڵ و بێباوەڕ بەقورئان هەوڵی لەناوبردنیان داوە ، بەڵام خوای گەورە پاراستویەتی و وەك خۆی باسی كردووە و ئەڵێ: لەدوای خوێندنی قورئان لە ئاهەنگێكی شەوانەی قورئان خوێندن لەماڵێ بانگهێشت كرام بۆ نانخواردن و لەكاتی بەخێر هاتن و سەرگەمی میوانەكاندا، چێشت لێنەری ماڵەكە هات و چرپاندی بەگوێمدا و وتی خوانێكی تایبەتی ڕازێنراوەتەوە بۆ تۆ ، نەكەی لێی بخۆیت چونكە پارەیان داوە بەمن كە ژەهری تێبكەم بۆت و بەڵام تكام وایە بەئەسپایی مەجلیس و نان خواردنەكە بەجێ بهێڵەو ناوی منیش مەهێنە با ئاشكرا نەبم لەسەر ئەو نهێنیەو من ناچار كراوم بەمە، ئیتر كاتێك نان دادەنرێت مەنشاوی دەست دەبات پارچەیەك نان ئەكات بەدوو لەتەوەو بەشێكی ئەخوات و دەڵێت: بۆ ئەوەی كەفارەتی سوێندەكەتان نەكەوێتە سەرو من ناتوانم نان بخۆم بەم شێوە ئەو مەجلیسە بەجێ دەهێڵێت و خوای گەورە لەو پیلانە پیسە ڕزگاری دەكات و شێخ ئەمەی بۆ باوك وبراكانی گێڕاوەتەوەو بەڵام بەهیچ شێوەیەك باسی ناوی ئەو چێشت لێنەرەی نەكردووە.

مەنشاوی و جەمال عەبدول ناسر:
لەسەر بانگهێشتی یەكێك لە وەزیرەكانی دەوڵەتی میسرو لەسەردەمی جەمال عەبول ناسر، شێخ مەنشاوی بانگ دەكرێت بۆ ئەو ئاهەنگەو پێی دەڵێن ناسر زۆر شەرەفمەند دەبێت ئەگەر بفەرمووی قورئانی بۆ بخوێنی، مەنشاویش ئەو بانگهێشتە ئەداتە دواوە و ئەڵێت ئەگەر سەرۆك كۆمار حەزی لەدەنگی منە بابڕوات گوێی بۆ بگرێت و من ناتوانم ئامادەی ئەو ئاهەنگە بم.

كۆچی دوایی:
لە ڕۆژی هەینی بەرواری 20 حوزەیرانی ساڵی 1969 لەتەمەنی چل و نۆ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی دەوالی سورێنچكەوە كۆچی دوایيكردووەو باوكی بەمردنی ئەم كوڕە خۆشەویستەی زۆر دڵگران بووە . هەزاران لەڕحمەتی خوای بڕژێ بەسەرتداو گۆڕت پڕ نور بێت .

نووسين و ئامادەكردنى: مامۆستا ناسيح مەجيد
www.ahmadkaka.org



  ژمارەی بینین 578

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram