سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  حوكمی نوسینی توێژینەوە بۆ خوێندكاران بە پارە.؟
حوكمی نووسینی توێژینەوە بۆ خوێندكاران بە پارە!
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3746


حوكمی نووسینی توێژینەوە بۆ خوێندكاران بە پارە!

ساڵانێكە لە زۆر لە وڵاتە عەرەبییەكان بە گشتی و، لە عێراق و لە كوردستانیشدا بە تایبەتی، بەداخەوە بە شێوەیەكی بەربڵاو  دیاردەی نووسینی توێژینەوەو فرۆشتنی بە خوێندكاران لە هەموو ئاستەكانی خوێندندا تەشەنەی كردووە، ئەمەش نیشانەی پاشەكشە و لاوازبوونی بەها ئایینی و ڕەوشتیی و كۆمەڵایەتییە جوانەكانە و ، ئاماژەیەكیشە بۆ ئەوەی نەوەیەك بەڕێوەن ناویان هەیە و ناوەڕۆكیان نییە، لەوانەشە سەرەتاكانی ئەو نەوەیە ئێستا لە سەر زەمینەی واقیعدا لە كوردستان بەركار بن .
جا ئێمە لێرەدا لە چەند ڕوویەكەوە تیشك دەخەینە سەر ئەم دیاردەیەو حوكمی شەرعی لەسەر  ئەو بابەتە لە وتەی زانایانەوە و لە ڕۆشنایی كیتاب و سوننەتەوە - إن شاء الله - ڕوون دەكەینەوە :
1- لە بنچینەدا خوێندكار چی لە ئاستی بەكەلۆریۆس بێت، یان ماستەر و دوكتۆرا، ئەركی خۆیەتی  هەڵسێت بە دۆزینەوەی ناونیشان و دانانی پلان و نووسینی تەواوی توێژینەوەكەی، بەڵام سەبارەت بە بوارە ڕواڵەتییەكان ئاساییە و درووستە داوای یارمەتی لە كەسانی شارەزا و پسپۆڕ بكات، سەبارەت بە ناونیشان و شیوازی دانانی پلان (خطة) و كۆكردنەوەو دەستخستنی سەرچاوەو چاپكردنی توێژینەوەكە  و هەر مەسەلەیەكی تر كە نەچێتە بابەتی فێڵ و غەش كردنەوە كە پەیوەندی بە لایەنی زانستی و ناوەڕۆكی نووسینەكەوە هەبێت.
2- بۆیە بە پێی خالی یەكەم پێشكەشكردنی هەر یارمەتییەكی ڕواڵەتی كە زانایان بە ( جهد شكلي) دەربڕینی لێ دەكەن وەكو چاپكردن و ڕیكخستنی پێڕستەكان و بەرگ و كۆكردنەوەی سەرچاوەكان، كارێكی درووستە بۆ توێژەر بكرێت بە بەرانبەری مادی بێت یان بە خۆڕایی. بە پێچەوانەی ئەوەی كە بە (جهد أصلي) ناویان بردووە كە ئەوە دەبێت تەنها توێژەر خۆی بیكات كە بریتییە لە ناوەڕۆك و لایەنی زانستی و هەڵێنجان و ئەو دەرەنجامانەی كە پێی دەگات و، ئەمەیان هەركەسێك لە جیاتی توێژەر بە پارە یان بەبێ پارە ئەنجامی بدات كارێكی حەرام و نادرووستە بۆ هەردوو لایان.
3- ئەگەر توێژەر لەلایەن كەسێكەوە توێژینەوەی بۆ نووسرا و ناوی خۆی لەسەر نووسی و نمرەی دەرچوونی لەو بوارەدا بەدەستهێنا، پاشان هەر سوودێكی مادی لەسەر بنەمای ئەو دەرچوونە دەستكەوت، هەمووی دەبێتە حەرام، چونكە ئەوەی لە ڕیگەی حەرامەوە ەست بكەوێت ئەویش هەر حەرامە و، ئەوەش بنەمایەكی شەرعی بەناوباگە لە ئیسلامدا:  ( ما بُني على حرام فهو حرام) چونكە ئەو هەڵسەنگاندن و نمرەی كە بەدەستی دەهێنێت شاییستەی نییە و بە هۆی نووسەری ئەو بابەتەوە بەدەستی هێناوە و ئەوەش درۆیەكی بەردەوامە تا لە ژیاندا ماوە دووبارەی دەكاتەوە!
 هەم غەش و فێڵیشە چونكە لەسەر بنەمای ئەوە توێژینەوە پێی دەوترێت مامۆستا یان هەر پسپۆڕییەكی تر، كە توێژینەوەیەكی نووسیوە و شاییستەی دەرچوون و وەرگرتنی بڕوانامەكە بووە بە هۆیەوە، خۆیشی وا نییە و كەسێكی تر بۆی نووسیوە.. 
الله تعالی فەرمووویەتی: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَكُونُوا مَعَ الصَّادِقِينَ)  التوبة/119
پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی:( الْمُتَشَبِّعُ بِمَا لَمْ يُعْطَ كَلاَبِسِ ثَوْبَىْ زُورٍ ) متفق عليه. واتە: ئەو كەسەی بانگەشەی شتێك بۆ خۆی بكات كە هی خۆی نییە، وەكو ئەوەیە جلێك لەبەر بكات وای دەربخات كە ماڵی خۆیەتی و لە ڕاستیشدا ماڵی خەڵكی تر بێت!
4- ئینجا -وەكو هەندێ لە زانایان فەرموویانە -  نووسینی توێژینەوە و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە بری خوێندكارێك بەرانبەر بڕێك پارە ، جۆرێكە لە خیانەت، چونكە بڕوانامەیەك بەدەست دێت بەبێ لێهاتوویی و شاییستەبوونی خاوەنەكەی و، سبەی پرسیاری لێ بكرێت دەربارەی ناوەڕۆكی ئەو نوێژینەوەیە هیچی لێ نازانێت و بێ ئاگایە لێی. 
جگە لەوانەش نووسینی توێژینەوە لە جیاتی كەسێك دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی خاوەن بڕوانامە و بەناو پسپۆڕێكی فاشیل و بێ كەڵك و ئەندامێكی بێ سوود ، بەڵكو زیانبەخش لەناو كۆمەڵگادا. سبەی چاوەروانكراویشە - بۆ نموونە - كە لە ئاییندەدا بە ناحەق بوو بە مامۆستا، ئەو جۆرە مەسەلانە لە غەش و لە نووسینی تویژینەوە بە پارە لە بری خوێندكار بە كارێكی ئاسایی بزانێت و كەسانێكی هاوشێوەی خۆی لە ژێر دەستی دەربچن.
5- ئەگەر بێت و ئەو كەسەی كە توێژینەوە بۆ خویندكارەكە دەنووسێت، بڵێت من پارە وەرناگرم و تەنها بە مەبەستی هاوكاری و یارمەتی و بەبێ بەرانبەر ئەو كارەی بۆ دەكەم! ئەوە هیچ لە حوكمی حەرامی مەسەلەكە ناگۆڕێت و هەموو سەرپێچییە شەرعیەكانی حاڵەتی یەكەم كە پارەی تێدا وەردەگیرێت وەكو درۆ و فێڵ و خیانەتی زانستی، هەمووی لەم حاڵەتەشدا بە هەمان شێوە بوونی هەیە، چونكە ئەمە كۆمەك كردنی كەسێكە لەسەر كاری خراپە نەك كاری چاكە، بۆیە لەسەر ئاستی نووسەری تویژینەوەو ئەوەشی كە بۆی دەنووسرێت تاوانبارن، الله تعالی لەم بارەوە فەرموویەتی: (وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَىٰ ۖ وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ) المائدة/2.
6 - مەسەلەی داوای یارمەتیش نابێت وەكو بابەتێكی رەها تەماشا بكرێت و كارێكی باش نییە خویندكار لە هەموو ورد و درشتێكی توێژینەوەكەیدا پرسیار بكات، چونكە ئەوە نیشانەی لاوازی ئەو و نەتوانینێتی بە گەیشتن بە وەڵامەكان لە ڕیگەی بەدواداچوون و گەڕان و خوێندنەوەی خۆیەوە، هەروەها ئەو كارەی كاریگەری لەسەر كەسایەتی زانستی دەبێت و دواڕۆژ ڕەنگە جۆرێك لە ئیحراجی بۆ درووست بكات، بۆیە باشترە خویندكار خۆی بەدوای وەڵامی پرسیارەكانیدا لە ڕێگەی خوێندنەوەو بەدواداچوونی زانستی بگەڕێت، ئەگەر بە دەرەنجام نەگەیشت، دوای ئەوە پرسیار بكات و لە سنوورێكدا پرسیارەكانی دیاری بكات نەك بۆ هەموو شتێك هەر پرسیار بكات.
7 - بەداخەوە لە كوردستاندا ئەم دیاردەیە پەرەی سەندووە و خەڵكانێك هەن ئەوەیان كردووەتە بەشێك لە پیشەی خۆیان كە زۆرجار لەپاڵ پیشەیەكی تردا ئەنجامی دەدەن وەكو پیشەی مامۆستایی، یان خاوەن كتێبخانە و دوكانی كۆپیكردن فرۆشتنی قرتاسیەی نزیك زانكۆكان، تەنانەت كار بەوە گەیشتووە كە خوێندكاران لەو بارەوە هەست بە هیچ گوناه و  شەرمێك ناكەن وتاكە كێشەیەك هەیانبێت ئەو برە پارەیە كە لێیان وەردەگیرێت لەبەرانبەر نووسینی توێژینەوەكە!
 بەڵكو جاری وا هەیە خوێندكاران لە مامۆستاكانی خۆیان پرسیار دەكەن ئایا كەسێك ناناسێت بەحسیان بە پارە بۆ بنووسێنت! ئەوەش حاڵەتێكی ترسناكە لەڕووی زانستی و ئایینی و ئاكارەوە و دەرەنجامەكانی لە داهاتودا لەناو زانكۆ و قوتابخانە و فەرمانگەكاندا بەچاو دەبینرێت.
8 - ئامۆژگاری هەموو قوتابییەكی ئازیز و مامۆستاو هەركەسێكی بە توانا لە بواری نووسینی توێژینەوەدا دەكەم كە بە هەموو شێوەیەك خۆیان لەو كارە بەدوور بگرن، چونكە هەم وەكو لایەنی شەرعی بەبێ هیچ گومانێك حەرامە و ئەو پارەیش كە لەسەر ئەنجامی ئەو توێژینەوە بەدەست بێت حەرامە، هەم وەكو وەكو لایەنی دونیایی لەناو كۆمەڵگادا دەبێتە مایەی شەرمەزاری و تا ماون بەچاوتاندا دەدرێتەوە، چی وەكو ئەوكەسەی نووسیوێتی و وەكو ئەو كەسەش كە بۆی نووسراوە، وەكو كارێكی ناشیرین و ناپەسەند وێنا دەكرێت.
9 - پێویستە لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی پەروەردە و خویێدنی باڵا، لەم بارەوە زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و ڕێنمایی توند لەم بارەوە دەربكەن بۆ سزادانی ئەو جۆرە كەسانە و ئالییەتی گونجاویان هەبێت بۆ بەدواداچوونی ئەم جۆرە حاڵەتانە و روبەڕوبوونەوەیان، كە بەداخەوە هەڵگری ئەو جۆرە بڕوانامانەی ماستەر و دوكتۆرایش زۆر بوونە و تەنانەت خەڵكی دەزانن ماستەرنامەكە، یان تێزی دوكتۆراكەی بەچەند بۆ نووسراوە، چونكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا پەیجی تایبەت لە ژێر ناوی خزمەتگوزاری خوێندكاران هەیە و كێ بیەوێت لەگەڵیاندا ڕێكدەكەوێت و پێكدێت، ئەوەش نیشانەی ئەوپەڕی گەندەڵییە لە بواری زانستیدا كە كاریگەرییە نەرێنییەكانی لە ئاییندەدا بە خراپترین شێوەدا دەردەكەوێت. 
10 - وەرگرتنی بەحسێكی ئامادە لە ئینتەرنێت بە بێ ئاماژە كردن بەناوی كتێب و نووسەرەكەی و خوێندكار ناوی خۆی لەسەر بنووسێت گوایە خۆی نووسیوێتی و نمرەو نیشانەی پێویستی دەرچوونی لەسەر بەدەست بهێنێت،  ئەویش بە هەمان شێوە جۆرێكە لە دزی زانستی و كارێكی حەرامە و پێویستە خوێندكاران خۆیان لەو كارە بەدوور بگرن و خۆیان تاوانبار نەكەن و حەڵاڵی دەسكەوتی مادیان لە پاشە ڕۆژدا نەخەن ژێر پرسیارەوە، بەڵكو پێویستە خۆیان كۆشش بكەن و نزاو پاڕانەوە بكەن كە الله تعالی كاریان بۆ ئاسان بكات و لە كوێیش بابەتێكی زانستیان لێ گیربوو پرسیار لە پسپۆڕان و شارەزایان بكەن، بەو شێوەیش دڵیان بە بڕوانامەكەیان خۆش دەبێت و بەرەكەتی تێدا دەبێت و بەسەربەرزییەوە دەتوانن باسی بە دەستهێنانی بڕوانامەكەیان بكەن، نەك هەست بەشەرمەزاری بكەن و ویژدانیان ئازاریان بدات.
10- تێگەیشتنم بۆ ئەم سەرپێچییە شەرعییە، لە ڕووی ئەندازەی تاوانباری لەم كارەدا،  ئەوەیە كە هەموو ئەوانەی ئەم كارە دەكەن لەسەر ئاستی نووسەرەكە و بۆ نوسراوەكەش،  وەكو یەك بە یەكسانی  تاوانبار نین، بۆ نمونە ئەو خوێندكارەی كە لە پسپۆڕی سەرەتاییدایە و لە قۆناغی بەكەلۆریوسە و توێژینەوەی دەرچوونی بریتییە لە یەك بابەت یان یەك وانەیە لە ئەسڵی دە یان هەشت وانەدا،  ئەمە تاوانی كەمترە لە تاوانی خوێندكارێكی ماستەر كە بەلای كەمەوە نیوەی نمرەی دەرچوونەكە لەسەر ماستەرنامەكەیەتی، تاوانی ئەم خوێندكاری ماستەرەش لە تاوانی خوێندكارێكی دوكتۆرا كەمترە كە زۆربەی نمرە و هەڵسەنگاندنی دەرچوونی لەسەر تێزی دوكتۆراكەیەتی و سەرباری ئەوەش نازناوی دوكتۆریشی لەسەر وەردەگرێت، كەواتە تاوانی  شوێنەواری تاوانی كڕینی تێزی دوكتۆرا لە ماستەر گەورەترە و ماستەریش لە بەكەلۆریۆس گەوەترە و هەموویشی هەر سەپێچی شەرعە و تاوانبارییە و كاریگەری لەسەر مووچە و دەسكەوتی مادی پاشەرۆژی خوێندكارەكە  دەبێت، چونكە وەكو وتمان ئەوەی لەسەر حەرام بونیات بنرێت حەرامە.

إحسان برهان الدین
27 ذو الحجة 1442
6 آب 2021



  ژمارەی بینین 578

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram