سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  دروستە خوێندكار لە پۆلدا بۆ مامۆستا هەستن؟
ئایا درووستە خوێندكاران لەناو پۆلدا بۆ مامۆستا هەڵسن؟
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3804


ئایا درووستە خوێندكاران لەناو پۆلدا بۆ مامۆستا هەڵسن؟

پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (من أحبَّ أن يتمثَّلَ له النَّاسُ قيامًا ، فليتبوَّأْ مقعدَه من النَّارِ) أبو داود (5229)، والترمذي (2755)، وأحمد (16830). واتە: ھەركەسێك حەزی بەوە بێت خەڵكی بۆی هەڵسنە سەر پێ و بەگەورەی بزانن، ئەوا با شوێنێك بۆ خۆی لەئاگری دۆزەخدا ئامادە بكات.
لە ڕاستیدا ئەو كەسەی كە كەیفی بەوە بێتەوە هەر كاتێك چووە نێو كۆڕو مەجلیسێك خەڵكی هەستنە سەرپێ بۆی و كە دەرچوو بە هەمان شێوە، ئەگەریش وایان بۆ نەكرد هەست بە بێ تاقەتی و نوقسانی بكات و دلی لە خۆی بمێنیتەوە كە ڕیزی وەكو پێویستی لێ نەگیراوە! ئەوە كیبر و خۆ بەزلزانین لەناو دڵ و دەروونیدا دیارە جێگیر بووە بۆیە حاڵ وڕواڵەتی دەرەوەشی بەو شێوەیە.
لەم بارەوە هەندێك لە زانایان دەڵێن ئەگەر كەسێك چووە ناو كۆڕێكەوە و بەبێ تەوقە كردن لە گەڵ دانیشتوانی ئەو كۆڕو كۆبوونەوەیە دانیشت، ئەوە هیچ پێویست ناكات كەس لەبەردەمیدا یان بە هاتنی هەڵسێت، بەڵكو دێتە ژوورەوە و لە جێگەیەكدا دادەنیشێت، پێغەمبەریش صلی الله علیه و سلم هەروای دەكرد، دەچووە ژوورەوە و دەردەچوو كەس هەڵنەدەسا چونكە خۆی ئەوانی وا فێركردبوو.
بەڵام ئەگەر كەسەكە كە دێت ویستی تەوقە لەگەڵ ئامادەبواندا بكات، هەندێ لە زانایان دەڵێن نەك بۆ ئەو كەسەی تەوقەی لەگەڵ دەكرێت درووستە هەڵسێت، بەڵكو لەوانەیە جوانتر وباشتریش بێت هەڵبسێت، لەبەر ئەوەی یەكسانی لە نێوان هەردوكیاندا درووست بێت، واتە هەردوكیان بە ڕاوەستان و بەپێوە تەوقە لەگەڵ یەكتر بكەن، نەك ئەوەی دێتە ژوورەوە بە پێوە بێت و ئەوەی تەوقەی لەگەڵدا دەكرێت دانیشتبێت.
لەم بارەشەوە چەند بەڵگەیەك هاتووە لە سوننەتدا، وەكو هەڵسانی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم بۆ فاتیمەی كچی ڕەزای پەروەردگاری لێبێت و فەرمان كردنی بە هاوەڵان الله لێیان ڕازی بێت كە لەبەردەم (سعد بن معاذ) دا هەڵسن كاتێك هات بۆ حوكم كردن لە كێشەی (بني قریظة)دا، هەروەها تەڵحەی كوڕی عوبەیدوڵڵا بە ئاگاداری پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم هەستایە سەر پێ بۆ كەعبی كوڕی مالیك كاتێك تەوبەكەی لێ وەرگیرا، ئەوانە هەمووی وەكو زانایان فەرموویانە نیشانەی ڕەوشت بەرزی و ئاكار جوانییە، پێشوازی كردن لە میوان و هەڵسانیش لەبەردەمیدا بە هەمان شێوە درووستە و ئەوە ناگرێتەوە و ڕەوشتێكی جوانە كە كەسێك میوانی هات هەڵسێتە سەرپێ لەبەردەمیدا  بە مەبەستی  ڕێزلێگرتنی.
ئەوەی كە حەرامە و دەبێتە خۆ بەزلزانین و تەكەبور ئەوەیە كەسەكە پێی خۆش بێت و چاوی لەوە بێت و گرنگ بێت بەلایەوە خەڵكی لەبەر پێی هەڵسن و ئەگەر هەڵنەستن بێزار بێت وپێی ناخۆش بێت و وا بزانێت ڕێزی پێویستی لێ نەگیراوە و لە شانی كەم بووەتەوە!
سەبارەت بە هەڵسانی قوتابیان لەبەردەم مامۆستادا كە هەمو جارێك دەچێتە ناو پۆلەوە، ئەم پرسیارە لە زۆرێك لە زانایانی ئەم سەردەمە كراوە و پوختەی وەڵامەكانیش ئەوەیە ئەو هەڵسانە بە شێوەیەكی بەردەوام مەترسی ئەوەی لێ دەكرێت هەڕەشەی فەرموودەكە بیگرێتەوە و چاكتر وایە مامۆستایان ڕێگە نەدەن خوێندكارەكانیان هەموو جارێك بەو شێوە لەبەردەمیاندا هەڵبسن، چونكە پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم هاوەڵانی وا فێر كردبوو كاتێك دەچووە ناو كۆڕو كۆمەڵەكانیان لەبەردەمی هەڵنەدەسان، بۆیە ئەگەرچی هەندێ لە زانایان دەڵێن ئەگەر مەبەست بەو هەڵسانە ڕیكخستنی تەلەبەكان بێت و فێركردنی ڕێزگرتنی مامۆستا بێت رەنگە درووست بێت و هاوكات وتوویشیانە هەر نەكرێت باشترە، سەرەڕای ئەوەش خویندكار لەبەردەم مامۆستادا  بەو شیوە بەبەردەوامی هەلنەسێت چاكترە و شەرعیترە و لە خۆبەزلزانینەوە دوورترە، 
بە كورتی مامۆستا ڕازی نەبێت خوێندكارەكانی هەموو جارێك هەڵسنە سەر پێ لەكاتی چوونە ناو پۆلەوە و لەجێگای خۆیان دابنیشن باشترە و ڕێگای تر زۆرە خوێندكار فێری ڕێزگرتنی مامۆستاكەی بكرێت، جگە لەوەش ئەوە عادەتێكی ڕۆژئاواییە و تەقلید و لاساییكردنەوەیەكی باش نییە لە ئەوروپاوە بۆمان هاتووە.
سەبارەت بەم پرسە بە شێوەیەكی گشتی، زانایان فەرموونە هەڵسان سێ جۆرە:
یەكەم: هەڵسان و بە پێوە ڕاوەستانی  كەسێك بەسەر كەسێكی ترەوە كە ئەو دانیشتبێت، بە مەبەستی مەزن ڕاگرتن و بە گەورە تەماشاكردنی، ئەمەش حەرامە و جۆرێكە لە كیبر وخۆبەزلزانین، تەنانەت پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم كاتێك جارێكیان بە هۆی نەخۆشییەوە پێشنوێژی بە دانیشتنەوە بۆ هاوەڵان كرد، داوای كرد ئەوانیش دابنیشن بۆ ئەوەی وەكو كرداری عەجەمەكان نەبێت بەرانبەر پادشاكانیان.
دووەم: هەڵسان بۆ كەسێك لە كاتی هاتنە ژوورەوەو چوونە دەرەوەیدا بەبێ ئەوەی تەوقەشی لەگەڵ بكات تەنها بە مەبەستی مەزن راگرتنی، چونكە وەكو وتمان ئەگەر تەوقە كردنی تێدا بێت لەو حاڵەتە درووستە، بەڵام  ئەمەیان درووست نییە و بەلای كەمەوە كارێكی نەگونجاو ومەكروهە و ئەنجامدانی باش نییە، كە ئەمەیان هەڵسانی قوتابیان لەبەردەم مامۆستادا دەگرێتەوە.
(یادگارییەك: لە بیرمە لەسەرەتای نەوەدەكاندا تازە پۆلی شەشی ئامادەییم تەواو كردبوو، چووینە  ماڵی سەركردەیەكی ئیسلامی ناسراو و لە ژووری میوانەكەی دانیشتین كە خەڵكێكی زۆری لێ بوو، جا زوو زوو یان لە ماڵەوە یان بە هۆی وەڵامدانەوەی تەلیفۆن بانگیان دەكردە دەرەوەی ژوورەكە، ئەوەی سەرنجی ڕاكێشام و پێی قەڵس بووم ئەوەبوو، هەمو جارێك ئەم سەركردە ناودارە كە دەردەچوو و بەتایبەتی كە دەگەڕایەوە ناو مەجلیس دەبوو هەموان لەبەردەمیدا هەڵسن و بەپێوە ڕاوەستن تاكو جەنابیان دادەنیشتن و ئیزنی ئەفەرموو كە میوانەكان دانیشنەوە، ئەم حاڵەتە ناشیرینە لەو شەوەدا چەندین جار  دوبارە بوویەوە و بۆ جارێكیش نەمبینی بڵێت هەڵمەسن پێویست ناكات یان هیچ تواضع ێك نیشان بدات، دانیشتوانیش  -جگە لە من نەبێت - وا دیار بوو مەسەلەكە زۆر  بەلایانەوە نۆرماڵ بوو و لەسەری ڕاهاتبوون!).
سێیەم: هەڵسان لەبەردەم ئەو كەسەی كە دێت و تەوقەی لەگەڵ دەكەیت و ڕیزی لی دەگریت بۆ نموونە وەكو میوان، ئەوەیان سوننەتە و بەڵگەی لەسەر هاتووە لە زۆر فەرموودەی صحیح دا...والله أعلم.

نووسينى: إحسان برهان الدین

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org

  ژمارەی بینین 483

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram