سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  ژیاننامەی جەنابی دکتۆر موستەفا پێنجوێنى.!
ژیاننامەی جەنابی دکتۆر موستەفا پێنجوێنى.!
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3830


 ژیاننامەی جەنابی دکتۆر موستەفا پێنجوێنى.!

ژیاننامەکەی مامۆستا:
عەللامە دکتۆر موستەفای پێنجوێنی 
٭ ناوی تەواوی موستەفای کوڕی مەحموودی کوڕی موستەفای کوڕی ئەحمەدە ، لــە ساڵی (۱۹۳۰) لـە قەزای (پێنجوێن) لـە دایک بووە ، لە تەمەنی منداڵیەوە دەچێتە قوتابخانەو لە پۆلی سێدا واز دەهێنێ و بە تەواوی دەچێتە خوێندنی حوجرەو سەرەتا لە خزمەت (مامۆستا مەلا ئیسماعیل بانەیی)دا زۆرێک لە کتێبەکانی (نەحو ، سەرف) دەخوێنێ تا دەگاتە کتێبی (جامی) ، زۆر لە حزمەت ئەم زاتەدا ماوەتەوەو وەکوو مامۆستا خۆیی دەگێڕێــتەوە :
لەو یادگاریانەی لە خزمەت مامۆستا مەلا ئیسماعیلدا هەمە کـە (أَنَّــەُ مُضْحِکْ) ڕۆژێک هاتینە مزگەوت و ویستمـان زۆپای مزگەوتەکە هــەڵبکەین ، مامۆستا فەرمووی مـن قاخەزێک هەڵەکەم و تۆش نەوتی پیاکە ، سەری برده پێشەوەو منیش نەوتم پیاکرد یەک گرمەی کردوو مامۆستایی چەند مەترێک فڕێدا و خوا ڕەحمی کرد نەسووتا !! . 
پاشان هەر لە (پێنجوێن)لــە خزمەت مامۆستا (مەلا موحەمەد ئەمین) کتێبی (منهاج)دەخوێــنێت ..
دوایی ئەوە ڕۆشـتووە بەرەو شاری (مەریوان) و لــە گوندی (ئەسراوا) لەخزمەت مامۆستا (مەلا فایەقی بالک)یدا کە موجازی (مامۆستا مەلا باقر) بـووە جێگیر دەبـێت ، نزیکی ساڵێک دەمێـنێتەوەو پاشان دەچێتە گوندی (ڕەشەدێ)لە خزمەت موستەعیدێکی (مامۆستا مەلا سەعید)دا بەناو (مەلا عەلی خانم) مــودەتێک کتێبی (سیوطی) دەخوێنێت و پاشان دەچێـــتەوە بۆ پێــــنجوێن ..

٭ پــاشان لە پێنجـوێنەوە لــە ڕۆژێکی بەفردا سەر لە بەیانیەکەی  بەڕێدەکەوێت بەرەو قزڵجە و ئێوارە دەگاتە ئەوێ و شەو لەوێ دەمێـنێتەوە و پاشان بەرەو (شێخەڵمارێن) و دەچێتە خزمەت مامۆستـا (مەلا موحەمەدی شێخەڵمارێن) و ماوەی دوو ساڵ دەمێـنێتەوە ئەوەی دیوێتی وەکوو یادگاریەک لە خزمەت ئەم زاتەدا دەگــێڕێـتەوە : کە مامۆستای شێخەڵمارێن زاتێکی زۆر پاک زۆر صاڵح و ڕۆحانی بوو ، زۆرجار کە دەچوینە سەر قەبرستان ئیشارەتی دەکرد بۆ قەبرێک و دەیوت ئەمە ئێستا موعەزەبە با دۆعای بۆ بکەین ، زۆریش ڕاستگۆ و حەق گۆ بوو سڵی لە هیچ شتێک نەدەکردەوە.
پاشان مـن نەخۆشیەکی زۆر ناخۆش و قورسم گرت و کەوتم ! ئینتزاری مردم ئەکرد ، فەقێیەکی سوختەیشم هەبوو ، جا خەوێـکم دینی لە خەوما جەماعەتێک کۆببونەوە وتم : ئەو جەماعەتە کێـن ؟  وتیان ئەو جەماعەتە لـە خزمەت پێغـەمبەر کۆبوونەتەوە ، منیش ئەو فەقێیەم نارد وتم بچۆ عەرزی پێغەمبەر بـکە صلی اللە علیە وسلم با ئەویش عەرزی خوا بـکات تا کەی من ئاوا نەخۆش ئەبـم و ئەکەوم.
بۆ نوێژی بەیانی مامۆستای شێخەڵمارێن کە هات بۆ مزگەوت پێش ئەوەی دەست نوێژ بشۆرێ وتی بە من مەلا موستەفا وتم : بەڵێ  وتی : بەرقیەکەت گەیشت ، ئیتر ئەو نەخۆشیە لە مندا باری کرد و ڕۆشت ، قەت ئەو نەخۆشیەشم نەدیوەتەوە !!. 

٭ پـاشان گەڕاوەتەوە شاری (سلێمانی) ئیتر چـۆتە گوندی (چنگیان) بۆ خزمەت (مامۆستا مەلا عارفی چنگیانی) لە خزمەت (مەلا حەسەنی هیندی) کە ئەو کات موستەعید بووە دەخوێنێـت ، ئیتر کاتێک لە چنگیان بووە بیستویەتی کە دایکم نەخۆشە لە (سلێمانی)ە و لە خزمەت مامۆستا (مەلا حەسەن) دا ڕێدەکەوێ و بزەرەو سلێمانی و سەردانی دایکی دەکات ، هەر ئەو ڕۆژە دایکی لەگەڵ باوکیدا دەکەڕێتەوە بەرەو پێنجوێن و لە ڕێگادا وەفات دەکات .

٭  دووبارە چووتەوە (شێخەڵمارێن) و دوای مودەتێ ڕوویکردۆتەوە پێنجوێن و لەخزمەت (مەلا نجم الدین) کوڕی مامۆستا (مەلا قادری میشاو) بەرەو (میشاو) بەڕێکەوتووە و کتێبی (حسام کاتی) لە خزمەتا دەخوێند ، پاشان چۆتە خزمەت مامۆستا (مەلا عبداللە) بۆ گوندی (وێنە) و کتێبی (فەنناری) دەخوێنـێت ..

٭ پاشان دەچێتە گوندی (دارۆخان) و لـە خزمەت (مامۆستا مەلا ڕەحیمی قازی) کە موجازی خواهرزاد (مەلا موحەمەدی قازی) بوو ، کتێبەکانی (آداب البحث والمناظرە) و (العقائد النسفیە) دەخوێنـێت بە حاشیەکانی (عبدالحکیم و خەیاڵی)وە ، پاشان بەرەو (بۆکان) دەڕوا و لە گوندی (حاجی کەند) لـە خزمەت مامۆستا (مەلا موحەمەدی کوڕی مەلا عەلی حەمامیان ) دادەمەزرێ و کتێبی (گلنبوی بورهان) دەخوێــنێت .. 

٭ پاشان دەچێتە ناوچەی (بانە) و لە گوندی (نجنێ) لە خزمەت مامۆستا (مەلا عبداللە کەشێنی) دا کتێبە گرانەکانی وەک (تهذیب الکلام ، آداب البحث والمناظرە) دەخوێـنێت و وەکوو خۆیی دەگێڕێتەوە : لە ژیانمدا وێنەی وەک مامۆستای کەشێنەییم نەدیوە لە زانست و خوێنەواریدا.
پاشان لە ساڵی (۱۹٥٦)دا دەگەڕێـتەوە بۆ (هەڵەبجە) بۆ گوندی (پریس) بۆ خزمەت مامۆستا (مەلا عوسمان عبدالعزیز) و مودەتێک دەمێـنێتەوە وەکوو خۆیی دەگێڕێـتەوە : ڕۆژێک دەرسمان دەخوێند من ڕیشم زۆرتر و درێژ بوو خەڵکی هانەسورە کە بەوناوەدا دەڕۆشتنەوە بۆ (هانەسوورە) وایان دەزانی من دەرس بەو ئــەڵێـم ، منیش جارێک وتم : هـۆ خەڵکی (هانەسورە) ئاگادار بن ئەو پیاوە مامۆستای منەو ئەو دەرس بە من دەڵێــت پاشان ڕوومکردە مامۆستاو وتم دڵت مورتاح بوووو ؟!. 

٭ پاشان لە ساڵەکانی (۱۹٥۹ــ ۱۹٦۰) دەچێـتە بەغداد و بۆ بارەگایی گەیلانی وەکوو خۆیی دەگێڕێتەوە : بەرگێکی کتێبی (توحفەی ابن حجر )م پێبوو بە دەستمەوەو چوومە خزمەت مامۆستا عبدولکریمی مودەڕیس و کتێبەکەم دانا و کەوتیـنە گفت و گۆ مامۆستای مودەڕیس شەرح و تەفسیری عیبارەتێکی کرد و منیش بە ئەدەبێکەوە وتم : مامۆستا ئەمە ناگونجێ ، من ئەمویست حوجەتێکم دەست بکەوێت کە قانیع بێت و ئیجازەم بداتێ وتی : ئادەی بیخوێـنەرەوە ، خوێندمەوەو وەری گرت دوو وشەی لەسەر نوسی دیسان وتم : مامۆستا گیان ئەمەش هەر ناگونجێ تەماشای کردو وتی ڕاست دەکەیت ، تۆ تامی یەکێک دەدەیت کە کاتی خۆیی لە بیارە دەرسم پێدەوت زۆر زیرەک بوو !! 
منیش وتم مامۆستا گیان دەی من هاتووم و ئیجازەیەکم پێ بدە ، وتی : باشە بەڵام سبەینێ بێرەوە !
بۆ سبەی کە چوومەوە ئیجازەکەی حازر کردبوو بە دەست و خەتی خۆیی هەمووی بۆ نوسیبوومەوە و پێی دام.

٭ پاشان چۆتە شاری (موسڵ) لە مزگەوتی نەجیب جادر بۆتە ئیمام ، پاشان ساڵی (۱۹٥۹) بۆ تەواوکردنی خوێندن چۆتە وڵاتی (میسر)و لە لە کۆلێجی شەریعە و قانون لە زانکۆی (ئەزهەر) و لە ساڵی (۱۹٦۱) دەستی پێکردووەو لە ساڵی (۱۹٦٥) تەواوی کردووە پاشان گەڕاوەتەوە (موسڵ) و پاشان چۆتەوە بۆ (ئەزهەر) بۆ خوێندنی ماستەر و تا ساڵی (۱۹۷۸) هەر لەوێ دکتۆراکەیشی تەواو کردووە ناونیشانی ڕیسالەی دکتۆراکەی (مختصر من قواعد العلانی وکلام الأسنوی) کە پێک هاتووە لە دوو بەرگ و (۱۳۰٦) لاپەڕەیە له ساڵی (۱۹۸٤) لە موسڵ چاپ کراوە. 

٭ زاتێکی تەواو شارەزاو خوێنەوار و خواناس و بە هیمەتە و خاوەنی چەندین نوسین و شەرح و پەراوێزی سەر کتێبە قورسەکانـی وەکوو (جمع الجوامع) و (گلنبوی آداب) و چەندینی تر ، وە مامۆستا لە خێزانێک بەنـــاوی (عەتیەخان)خـاوەنی یەک کوڕ و چوار کـــچە.

* لە دواى تەمەنێکى پڕ لە خێرو بەرەکەت، ڕۆژى چوار شەممە (١٣/٧/٢٠٢٢) لە شارى سلێمانى کۆچى دوایی کردوو لە گۆڕستانى نوێی سلێمانى بە خاکسپێرا.
خواى گەورە لێى خۆشبێت.

ئامادەکردنی:مامۆستا نورى فارس.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org



  ژمارەی بینین 518

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram