سەرەتا   |    دەربارە   |    پەیوەندی   |    دەستەی نوسەران   |    من نحن   |    اتصل بنا
       
  فەزڵی مانگی ڕەجەب.؟
فەزڵ و پیرۆزی مانگی ڕەجەب.!
گۆڕینی فۆنت
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3901

فەزڵ و پیرۆزی مانگی ڕەجەب.!

لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بە ویستی الله تعالی هەندێ لە رۆژو مانگەكان پیرۆزی خۆیانیان هەیه، خوای پەروەردگار لەناو مانگەكاندا چوار مانگی هەڵبژاردووە كە بە مانگە پیرۆزو حەرامكراوەكان ناو زەد كراون، وەك خودا (جل جلاله) دەفەرموێ: (بێگومان هەر ئەو ڕۆژە کە خودا دونیاى داهێناو، ئاسمانەکان و زەویى دروستکرد، ژمارەى مانگەکانیشى لە (لەوحولمەحفوظ)دا بە دوازدە مانگ دانا، وە ئەم چوارەیان: (زیقەعەدە، زیحەججە، موحەڕەم، رەجەب) رێزى تایبەتییان هەیەو جەنگیان تێدا حەرامە، ئەمە بڕیارى راستەقینەى خوایە، ئاڵ و گۆڕ ناکرێ و، نابێ لە خۆتانەوە بچن جەنگیان تیا بکەن). سوورەی تەوبە ئایەی 36. تەفسیری ڕامان.

وە ئەم مانگە كۆچییانه بە شێوازو ئەندازەگیری مانگ و هەڵهاتنی مانگ پەیوەستن، نەك بە هەڵهاتنی خۆرو جێگۆڕكێی خۆرەوە، بۆیە ئوممەتی ئیسلام كار بە مانگی كۆچی دەكات و لەسەر ئەو رۆژژمێرە كۆچییە دەڕوات.

ڕەجەب واتای چییە.؟

لە فەرهەنگی زمانەوانی عەرەبیدا (رجب) بەواتای: پشتگیری شتێك بۆ شتێكی دی و بەهێزكردنی هاتووه، بۆیە ئەم مانگە ناونراوە ڕەجەب لەبەر ئەوەی عەرەبەكان بەگەورەو پیرۆز تەماشایان كردووە.
ئیمامی بەیهەقی دەڵێت: سەردەمی نەفامی پێش ئیسلام ئەم چوارمانگەیان بە گەورەو پیرۆز ڕا دەگرت، بەتایبەت مانگی ڕەجەب كە جەنگ و كوشتنیان تێدا ئەنجام نە دەدا.

 مانگی ڕەجەب لە مانگە پیرۆزو قەدەغەكراوەكانە.

مانگە قەدەغە كراوەكان (زیلقەعەدە، زیلحەججە، موحەڕەم، رەجەب) پێگەو پیرۆزی خۆیانیان هەیەو قورئانی پیرۆز ئەو فەزڵ و گەورەییان پێ بەخشیوون، وە الله سبحانه وتعالی دەفەرموێ: (يا أيها الذين آمنوا لا تحلوا شعائر الله ولا الشهر الحرام). واتە: ئەى ئەوکەسانەى بڕواتان هێناوە! (ئەمر) و (نەهى) و دروشمەکانى خوا - بەتایبەتى دروشمەکانى حەج وعومرە - دەسکارى مەکەن و، پشتگوێیان مەخەن، وە لە مانگە قەدەغەکراوەکانیشدا، شەڕ "ڕەوا" مەکەن. سوورەی مائیدە ئایەی 2. تەفسیری ڕامان.


سەبارەت بە تایبەتمەندی و بەندایەتی تایبەت لەم مانگەدا مانگی (ڕەجەب)، ئیمامی ئیبن حەجەری عەسقەلانی (رحمه الله) دەفەرموێ: هیچ فەرموودەیەكمان پینەگەشتووە لە پێغەمبەرى خواوە ﷺ سەبارەت بە چاكەكردنى تایبەت بە مانگى ڕەجەب، وە سەبارەت بە چاكەى ڕۆژووگرتنەكەشى، وە سەبارەت بە بەشێكى دیارى كراوى، وە سەبارەت بە ڕۆژووى ڕۆژێكى تایبەت لەو مانگەدا، هیچ فەرموودەیەكى (صحيح) نەهاتووە كە بشێت بكرێت بە بەڵگە.
 سەرچاوە: (تبيين العجب بما ورد في فضل رجب: 21).

بەڵام هەركەسێك بیەوێ ڕۆژوو یان كاری باش و ڕەوشت بەرزی ئەنجام بدات لە مانگی ڕەجەبدا هیچ گرفتێكی تێدا نییە، مەگەر تایبەتی بكات بە مانگەكەوەو بڵێ لەبەر ڕەجەب، رۆژوو یان كاری باشە ئەنجام دەدەم.!


ئا: عیرفان ئەحمەد كاكه مەحموود.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

  ژمارەی بینین 180

  • زۆرترین بینراو
  • نوێترین بابەت
Top
Facebook YouTube Twitter Instagram