ئایا درووستە لە ئیسلامدا ئافرەت داوای هاوسەرگیری لە پیاو بکات ؟ بسم الله الحمد لله والصلاة والسلام علی خير خلق الله محمد وعلی آله وصحبە أجمعین. بەداخەوە وەك بینیمان ئەم ماوەیە لە سۆشیاڵ میدیا ئەم بابەتە بەشێوەیەکی تەنز ئامێز قسەی لەبارەوە کرا ! لەکاتێكدا لە ئیسلامدا ئەم کارە درووستەو ئاساییە کە ئافرەت پیاوێکی بەدڵ بوو داوای هاوسەرگیری لێ بکات.. کچەکە باوکی یان وەلی ئەمرەکەی یان برایەکی لێ ئاگادار بکاتەوە بڵێت فڵان کوڕم بەدڵە و مۆڵەتی لێ بخوازە بۆم تا مارەم بکات ئەمە بێگومان کارێکی درووستە. لە نموونەی ئەم باسە خوای گەورە لە قورئان باسی کردووە کە خێزانی پێغەمبەر موسی - علیە السلام - موسیی بەدڵ ئەبێت و داوا لە باوکی ئەکات کە مۆڵەتی لێ بخوازێت، باوکیشی وا دەکات و موسی ش - علیە السلام - ڕازی دەبێت و دەبێتە شوانی ئەو ماڵە و کچەکە دەخوازێت. ( قَالَتْ إِحْدَاهُمَا يَا أَبَتِ اسْتَأْجِرْهُ إِنَّ خَيْرَ مَنِ اسْتَأْجَرْتَ الْقَوِيُّ الْأَمِينُ، قَالَ إِنِّي أُرِيدُ أَنْ أُنْكِحَكَ إِحْدَى ابْنَتَيَّ هَاتَيْنِ عَلَى أَنْ تَأْجُرَنِي ثَمَانِيَ حِجَجٍ فَإِنْ أَتْمَمْتَ عَشْرًا فَمِنْ عِنْدِكَ وَمَا أُرِيدُ أَنْ أَشُقَّ عَلَيْكَ سَتَجِدُنِي إِنْ شَاءَ اللَّهُ مِنَ الصَّالِحِينَ، قَالَ ذَلِكَ بَيْنِي وَبَيْنَكَ أَيَّمَا الْأَجَلَيْنِ قَضَيْتُ فَلَا عُدْوَانَ عَلَيَّ وَاللَّهُ عَلَى مَا نَقُولُ وَكِيلٌ ) ①بەڵکو فەرموودەمان هەیە لەسەردەمی پێغەمبەری خوا ﷺ ئافرەت هەبووە بەوپەڕی شەرم و حەیاوە خۆی داوای هاوسەرگیری لە پێغەمبەری خوا کردووە ﷺ ! ②وە هاوەڵی بەڕێز عمری کوڕی خەتاب خۆی بە ئەبوبەکری صديقی فەرمووە ئەگەر حەفسەی کچمت دەوێت لێت مارە دەکەم و خۆی داوای لێ کردووە ! ③ - خوا لێیان ڕازی بێت بۆیە لە ڕووانگەی ئەم بەڵگانەوە بۆمان دەرەکەوێت کە ئەم کارە کارێکی درووستە.. وە ئەمە مافێکی گەورە و تایبەتی ئافرەتە لە ئیسلام کە مافی خۆیەتی ئەگەر پیاوێکی بینی و بەدڵی بوو داوای هاوسەرگیریی لێ بکات و ژیانی لەگەڵ پێکبهێنێت، بەهیچ شێوازێك نە عەیبەیە نە لەنرخی ئافرەت کەم ئەبێتەوە نە لە نرخی خانەوادەکەشی. وە بەڵکو دووبارە چارەسەری کێشەیەکی گەورەیەی کۆمەڵگایە تا ئافرەتەکان تەمەنیان بەسەرنەچێت بۆ زەواج و دوانەکەون، کە چەندەها کەیس و کێشەی لەو جۆرەی ئافرەتان هەن کە تەمەنی گەورەبووە و پڕبەدڵ حەزی کردووە لەگەڵ کوڕێك زەواج بکات بەڵام قسەی نەکردووە تا کوڕەکە ئاگاداربکەنەوە جا ئیتر بەهۆی شەرمەوە یان عورفی کۆمەڵگاوە بووبێت یان ترسا بێت بەچاوێکی ترەوە لێی بڕوانن ! (( لەوانەیە بەشێك بڵێن دواجار پیاوەکە لەوەچێ هەر ڕۆژێك بێت بیداتەوە بەناوچاویا و بڵێت پێی خۆت هاتیت و داوات کردم! )) ئەم سپڵەیی ەی پیاو لێرەدا حەرامە و پێچەوانەی ڕێزی هاوسەرانە لە ئیسلام دا، تەنانەت خوای گەورە ڕێگای نەداوە دوای تەڵاق و جیابوونەوەش چاکەی پێشووی هاوسەرێتی لەبیربکەن ! وەك فەرموویەتی : (وَلَا تَنْسَوُا الْفَضْلَ بَيْنَكُمْ) ④چ جای ئەوەی کە هێشتا هاوسەرتە لەبیری بکەیت! وە باش بزانە ئەی کوڕ تۆش کە ڕازی بویت ببیت بە هاوسەری ئەو کچە ئاڵتونت بۆ کردووە تەنازولت بۆ کردووە دەستت ماچ کردووە تا داویانە پێت! بۆیە بەهیچ شێوازێك درووست نییە هیچ کام لایەك بێ وەفایی بنوێنن. - لە کۆتایدا دەڵێین ئەم کارە (ڕوخسەتێکی شەرعی) ەو خوای پەروەردگار ﷻ دایناوە، وە درووست نییە هیچ کەسێك بەهیچ شێوەیەك تانەی لێ بدات. هەر کچێك ویستی درووستە جێبەجێی بکات، وە تۆی باوك یان وەلی ئەمر درووست نییەو بۆت ستەم لە کچەکەت بکەیت و کەسێکی بەدڵ بوو نەچیت بەدەمیەوە بۆی! وە هەرکچێك ئەگەر نەیویست ئەم ڕوخسەتە ئەنجام بدات و خۆی چاوەڕوانی کوڕێکی کرد تا بێتە داوای ئەوە لە مافی خۆیەتی و ئاساییە - واللە_تعالی_اعلم_وباللە_التوفیق ①: (📗القرآن الكريم - سورة القصص - آيات : 26,27,28). ②: متفق علیە (📗صحيح البخاري - 2310) (📗صحيح مسلم - 1425). ③: (📗صحيح البخاري - 5145). ④: (📗القرآن الكريم - سورة البقرة - آية : 237). (📗إعانة الطالبين للبكري - 3/315) (📗 شرح النووي على مسلم - 9/212) (📗الأوسط - 8/335) (📗 تفسير القرطبي - 13/271) (📗إحكام الأحكام شرح عمدة الأحكام ص- 400) (📗سبل السلام - 2/168) (📗الموسوعة الفقهية - 30 / 50) (📗فتح الباري لإبن حجر العسقلاني - 9/175). پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محموود رحمه الله.