|
قۆناغی هەڵبژاردنی ئەو کەسانەی کە بانگەواز لەئەستۆ دەگرن
دانراوه لهلایهن: ماکوان عەلی
حەزم كرد چەند لێكوڵینەوەیەك لەمەڕ بانگەواز و چاككردنەوە بەخۆداچوونەوەمان بکەم. بێ گومان پێغيمبەرانی خوا-سەلامی خوایان لێبێت- كاتێك كە پەیامی پەروەردەگاریان بە هۆزەكانیان دەگەیاند، خەڵكانێكیان بۆبانگەوازەكەیان هەڵدەبژارد كە بەدەم بانگەوازەكەیانەوە هاتبن ومانا ئیمانی و ڕەوشتە خوایییەكانیان لەناخیاندا چاندبێت، هەتاوەكوو بتوانن ئەم بانگەوازەی پەروەردگار بە خەڵكی بگەیەنن. ئەوەتا پێغەمبەری خوا مووسا-سڵاوی خوای لێبێت- هەستا بەم ئەركە گرانە و بە هەمان شێوە عیساش حەوارییە پشتیوانەكانی هەڵبژارد. ئەوانیش بانگەواز و پەیامەكەیان لەدوای خۆی لەئەستۆ گرت، ئەگەرچی هەندێكیان لەو ڕێبازە ڕاستە خوایییە لایان دا. لە ژیاننامەی پێغەمبەریشدا دەبینین كە ئەم قۆناغە ڕوخسارەكانی ڕوونە لە هەڵبژاردنی ئەو ڕەگەزانەی كە ئامادەییی هەڵگرتنی ئەرك وقورسایی ومەینەتییەكانی بانگەوازكردن بۆلای پەروەردگاریان تێدایە .
زۆرێك لە بانگخوازان بۆلای پەروەردگار گرنگی و بایەخێكی تایبەتییان بەم قۆناغە داوە لە هەموو سەردەمەكاندا. تا ئێستاش خەڵكانی خەمخۆری بانگەواز و ئەوانەی كە هەوڵی جێبەجێكردنی شەرعی خوا دەدەن زۆرینەی كات و هەوڵەكانیان لەم قۆناغەدا دەخەنە گەڕ. قورئانی پیرۆزیش ئوممەتی ڕێنمایی كردووە بۆ گرنگیدان بە خۆئامادە كردن لە فەرمایشتی: وَأَعِدُّواْ لَهُم مَّا اسْتَطَعْتُم مِّن قُوَّةٍ وَمِن رِّبَاطِ الْخَيْلِ تُرْهِبُونَ بِهِ عَدْوَّ اللّهِ وَعَدُوَّكُمْ وَآخَرِينَ مِن دُونِهِمْ لاَ تَعْلَمُونَهُمُ اللّهُ يَعْلَمُهُمْ وَمَا تُنفِقُواْ مِن شَيْءٍ فِي سَبِيلِ اللّهِ يُوَفَّ إِلَيْكُمْ وَأَنتُمْ لاَ تُظْلَمُونَ. (الأنفال: ٦٠). واتە: ئهی ئیمانداران، ئامادهی بکهن بۆیان ئهوهی له توانستاندا ههیه له هێز و له ئهسپی دابهستراو تا بترسێنن پێی دوژمنی خوا و دوژمنی خۆتان و کهسانێکی تریش بێجگه لهوان ئێوه نایانناسن، خوا دهیانناسێت و ههرشتێك ببهخشن لهڕێی خوادا (پاداشتهکهی) بهتهواوی دهدرێتهوه پێتان و ئێوه هیچ ستهمتان لێناکرێت. دیارە خۆئامادەكردن لەم ئایەتە پیرۆزەدا وشەیەكی گشتییە و بە خۆئامادەكردنی دەروونی دەست پێدەكات و بە هەموو جۆرە خۆئامادەكردنێكی ماددی كۆتایی پێدێت كە جەنگ پێویستی پێیەتی. موسڵمانیش دەبێت بە شێوەیەكی تایبەت خۆی لەم قۆناغەدا ئامادە بكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمانی خوا و هەموو جۆرە هۆكارێكی هێز لەئەستۆ بگرێت و خۆی لە هەموو شێواز و هۆكارێك دوور بخاتەوە، كە بەرەو لاوازیی دەبات و هەمیشە چاوەڕێی ئەو ڕۆژە بێت كە تیایدا جیهاد دەكات لەپێناو خوادا و ڕووبەڕووی دوژمنانی خوا دەبێتەوە و هەوڵ دەدات بۆ نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی كە دەبنە ڕێگر لەبەردەم هاتنی خەڵكیدا بۆ ناو ئیسلام و ڕێگرن لە حوكمكردن بە شەرعی پەروەردگار (١) .
لەڕاستیدا قۆناغی هەڵبژاردنی ئەو ڕەگەزانەی كە پێویستن بۆهەڵگرتنی بانگەوازو پەروەردەكردنیان لەسەر قورئان وسوننەت یەكێكە لە گرنگترینی ئەو قۆناغانەی كە پێویستن بۆ چەسپاندنی ئایینی پەروەردگار، هەروەك ئامانجەكانیشی وردترن لە ئامانجەكانی قۆناغی پێش خۆی.
یەكەم: گرنگترین ئامانجەكانی ئەم قۆناغە
ئامانجی یەكەم: هەڵبژاردن؛ بریتییە لە هەڵبژاردن و دیاریكردنی ئەو كەسانەی كە بەسەركەوتوویی قۆناغی ناساندنیان تەواو كردووە، هەتاوەكوو ئامادە بن بۆ هەڵگرتنی ئەركەكانی جیهاد و تێكۆشان لە قۆناغی ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەدا و چەسپاندنی دەسەڵاتی ئیسلام لەڕێی دەوڵەتێكی تۆكمە (٢). ئەم هەڵبژاردنەش چەند پێوەرێكی هەیە كە گرنگترینیان ئەمانەن:
١. توانای ڕۆحی: كەسی هەڵبژێردراو لەم قۆناغەدا ئامادەیی لە لایەنی ڕۆحییەوە تێدایە، ئەگەر هات و چەند سیفەتێكی تێدا بوو، كە گرنگترینیان پاكێتیی ڕۆح و هەستكردن بە چاودێریی خوایی و ڕەنگدانەوەی خۆشەویستیی خوا لە ڕەفتاریدا و پەیوەندیی بەهێزی بە پەروەردگارەوە.
٢. توانای ئەقڵی: لە گرنگترینی ئەو سیفەتانەش كەوا لە كەسێك دەكات لەڕووی ئەقڵییەوە ئامادە بێت، بریتییە لەو زیرەكییەی كە یارمەتیی فیربوون و وەرگرتنی زانست دەدات و ڕەتكردنەوەی ئەوشتانەی كە لەسەر گومان و خەیاڵ بنیات نراون: وَمَا يَتَّبِعُ أَكْثَرُهُمْ إِلاَّ ظَنّاً إَنَّ الظَّنَّ لاَ يُغْنِي مِنَ الْحَقِّ شَيْئاً إِنَّ اللّهَ عَلَيمٌ بِمَا يَفْعَلُونَ. (يونس: ٣٦). واتە: زۆربەیان شوێنی هیچ شتێك ناكەون تەنها گومان نەبێت، بەڕاستی گومانیش هیچ سوودێك بە خاوەنەكەی ناگەیەنێت لەبارەی حەق و ڕاستییەوە. بەڕستی خوا زانایە بە هەموو ئەو كار و كردەوانەی كە ئەنجامی دەدەن. هەروەها لە حوكمدان بەسەر كەس و شتەكاندا لەسەرخۆ بێت و دوای دڵنیابوون لە ڕاستیی شتەكان، بڕیار بدات، چونكە پەلەكردن زۆرجار مرۆڤ دەخاتە هەڵەوە و زۆر هەلیش لەكیس مرۆڤ دەدات بۆ ناسینی خەڵكی. خوای گەورە دەفەرموێت: يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَأٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْماً بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَى مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ. (الحجرات: ٦). واتە: ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە، ئەگەر كەسێكی متمانەپێنەكراو هەواڵێكی گرنگی بۆهێنان، خێرا بڕوای پێمەكەن! بەڵكوو سەرنج بدەن، لێیبكۆڵنەوە تا بۆتان ڕوون دەبێتەوە، نەوەكوو ئازار و ناخۆشی وگیروگرفت بۆ خەڵكی دروست بكەن بەنەزانی، جا دوایی پەشیمان ببنەوە لەو كارەی كە کردووتانە.
٣. هێزی جەستەیی: لەبەرئەوەی ئەم قۆناغە قۆناغی خۆئامادەكردنە بۆ قۆناغی جیهاد و تێكۆشان، بۆیە تەنها كەسانێك بەسوودن بۆی كە خاوەنی جەستەیەكی ساغ و هەستێكی تەندروست بن ودوور بن لە هەر نەخۆشی و دەردێك. جا هەركەسێك بتوانێت پارێزگاری لە هۆكارەكانی بەهێزیی جەستەی بكات و خۆی لە هۆكارەكانی لاوازی بپارێزێت، ئەوە كەسێكی پێویست و خوازراوە .
٤. چوستوچالاكی وتوانستی جموجۆڵ: توانای جمووجۆڵ و حەرەكیبوون لە كەسێكدا بەدی دێت، ئەگەر چەند سیفەتێكی تێددا بوو، وەك كۆمەڵایەتیبوون و حەزكردن لە تێكەڵاویكردنی خەڵك و توانستی ڕاكێشانی خەڵك و كاریگەریدانان لەسەر خەڵك و پۆلێنكردنیان. ئەم سیفەتانەش لە تایبەتمەندییەكانی كەسایەتیی هەڵبژێردراو و خواراوە .
٥. توانای بەرهەمهینان: بەوەی كە بتوانێت خەڵكانی تر بێنیتە ڕیزی بانگەوازەوە لە هەر بوارێكدا بێت و بە ئەرێنییەکی كارا (الایجابیة الفعالة) ناسرابێت، كە توانستی كار و بەرهەمی هەبێت و دڵگەرم بێت بۆ كاركردن و بەچاكی ئەنجامی بدات و پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەریدا باش بێت و بەباشی لە مانای بانگكردن بۆلای خوا تێگەیشتبێت. بەڵام ئەگەر ئەو تایبەتمەندی ومەرجانەی تێدا نەبوو، ئەوە وا باشترە كە پێگەیەكی تری لە كاری ئیسلامیدا هەبێت، كە زیاتر لەگەڵ توانستەكانیدا بگونجێت. چونكە یەكێك لەوهۆكارانەی كە كاربە ئاقارێكی خراپدا و بە ئاراستەی فەوتاندا دەبات، ئەوەیە كە ئەو كارە بسپێردرێت بەكەسێكی نەشیاو.
سەرچاوە:
----------------------------------------------
١. فقە الدعوة الی اللە (١/٤٤٧)
٢. هەمان سەرچاوە لە فیقهی تەمكین
تێبینی: ئەم بابەتە چەند ئامانجێكی تری ماوە. بە ئیزنی خودا ئەوانیش دەخەمە پێش چاوتان.
|