|
تاوانی هاوەڵدانان بۆ خودای گەورە. (15).
زنجیرەی تاوانی هاوەڵدانان بۆ خودای گەورە.
زنجیرەی پازدەیەم:
بەشی حەوتەم:
بسم اللە الرحمن الرحيم
پوچەڵکردنەوەی بەڵگەی دروستی تەبەروک بە گۆڕی پیاوچاکان.
لە زنجیرەکانی پێشوو باسی تەبەروکی شافیعی بە کراسی ئیمام ئەحمەدو گۆڕیئەبو حەنیفەمان کرد، ئێستا باسی چەند بەڵگەیەکی تری سۆفیەکان دەکەین بۆ دروستی تەبەروک و وەڵامیشیان دەدەینەوە تا بەرچاوتان رۆشنبێ و بەو قسانە نەخەڵەتێن.
1 - دەڵێن (الحافظ ابن الجوزي الحنبلي) لە کتێبی (صفة الصفوة (2/410) لەسەر ژیانی ئبراهیم، حەربیدا وتویەتی: لە ساڵی ٢٨٥ لەبەغدا مردووەو گۆڕەکەی ئاشکرایەو خەڵک تەبەروکی پێ دەکەن.
ئێمەش دەڵێین بێگومان ئەم قسەی ئیبن جەوزی نابێتە بەڵگەی دروستی تەبەروک، چونکە ئیبن جەوزی باسی ژیانی ئەو زانا خواناسە دەکات، و دەڵێ خەڵک تەبەروکی پێ دەکەن و خۆ باسی دروستی تەبەروک بەگۆڕی ئیبراهیم حەربی ناکات، ئێستا هەرکەسێک لە ئێمە باسی زانایایەک یا ئەولیایەکی خوا بکات و بڵێ گۆڕەکەی لە فڵان شوێنە بەردەوام خەڵک دەچێت لەسەر گۆڕەکەی لێی دەپاڕێنەوە، مانای ئەوەیە کاری ئەو خەڵکە نەفام و سەر لێشێواوانە بەدروست دەزانێ نەخێر، بێگومان ئەو قسەی ئیبن جەوزیش ئاوایە، ئەنجا بەلامەوە سەیرە کەسانێک بێن بۆ پشتگیری کاری جەهالەتی خۆیان پشت بە قسەیەکی ئیبن جەوزی ببەستن لەکاتێکدا دەزانن ئین جەوزی قوتابی ئیبن تەیمیەیەو زۆر دژی چونە سەر گۆڕی پیاوچاکانە بە مەبەستی تەبەروک و پاڕانەوە لێیان.
2 - دەڵێن: (شمس الدين محمد الجزري) لە کتێبی (تصحيح المصابيح)ەکەیدا دەڵێ: من سەردانی گۆڕی ئیمام موسلیمم کردووە هەندێک لە سەحیحەکەیم لای گۆڕەکەی خوێندەوە، بە ئومێدی باش و تەبەروک، شوێنەوارو کاریگەری بەرەکەتەکەییم بینی،
بێگومان قسەو کرداری هیچ زانایەک نابێتە بەڵگە، هەر زانایەک هەر قسەو کردارێکی پێچەوانەی قوڕئان و فەرموودەبێ لێی وەرناگیرێ و دەدرێتەوە بەسەریدا، ئیمام مالیکی کوڕی ئەنەس دەفەرموێ: (كُلُّ أَحَدٍ يُؤْخَذُ مِنْهُ وَيُرَدُّ عَلَيْهِ إِلاَّ صَاحِبُ هَذَا القَبْرِ) هەموو کەس قسەی لێ وەردەگیرێ و قسەیشی رەد دەکرێتەوە تەنها خاوەنی ئەم گۆڕە نەبێ - مەبەستی پێغەمبەرە صلی الله علیه وسلم
3 - دەڵێن لە کتێبی (سير أعلام النبلاء)دا لەکاتی باسی نەفیسە خاتوون لە (ب، ل 10/107) ئیمامی زەهەبی دەڵێ: دەوترێ (قيل) لەو ئافرەتە خواناسانەیە کە پاڕانەوە لای گۆڕەکەی گیرایە، بەڵکو پاڕانەوە لای گۆڕی پێغەمبەران پیاوچاکانیش وەرگیراوە،
لە وەڵامدا دەڵێین: باشە بۆچی هەندێک لە سۆفی و گۆڕ پەرستان بۆ سەلماندنی قسەو بۆچونێک کە خەرافیاتەو هاوەڵان و تابیعین نەیان کردووەو بە دروستیشیان نەزانیوە، پێچەوانەی چەندین فەرموودەی سەحیحە، بەدوای شتی لاوازو زەعیفدا دەگەڕێن، وەک دەوترێ ئەگەر چڵە پوشێکیان دەستکەوێ دەستی بۆ دەبەن، لێرەدا ئیمامی زەهەبی خۆی ناڵێ لای گۆڕی نەفیسەو ... دوعاکردن گیرایە، ئەو قسەش لە سەرچاوەیەکی دیارو باوەڕ پێکراو نەی گواستۆتەوە، بەڵکو دەڵێ (قیل) بێگومان بەکارهێنانی قیل لای هەمووکەس رۆشنە واتە ئەو سەرچاوەی ئەو قسەی کردووە لاوازە، کەواتە قسەکەش لاوازەو بۆ پشت پێ بەستن نابێ.
4 - دەڵێن: خەتیبی بەغدادی لە ( تاريخِ بغدادَ)دا لە (ٲحمد بن جعفر بن حمدان القطيعي) دەگێڕێتەوە کە حەسەنی کوڕی ئیبراهیمی خەلال وتویەتی: هەرکارێک ناڕەحەت بوبێ لەسەرم و چوبمە لای گۆڕی موسای جەعفەرو تەوەسولم پێکردبێ، خوای گەورە لەسەرمی ئاسان کردووە بەو شێوەی خۆم پێم خۆش بووە.
لەوەڵامدا دەڵێین:
٭ - گۆڕی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم بەرێزترو گەورەترە لە گۆڕی موسای کوڕی جەعفەر، کاتی بێبارانی بوو عومەری کوڕی خەتاب خوا لێی رازی بێ لەبەردەم هەموو هاوەڵاندا تەوەسولی بە گۆڕی پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم نەکرد (رواە البخاري)
٭ - ئیبن حەجەر دەڵێ: ئیمام مالیک رێگری کردووە کە بوترێ زیارەتی گۆڕی پێغەمبەرم صلی الله علیه وسلم کرد [فتح الباري 3 / 66) (الذخيرة للقرافي 3/375] چۆن دروستە کەسێک بڵێ دەچم بۆ سەر گۆڕی فڵان کەس تا پێویستیەکانم بۆ جێ بەجێ بکرێ.
٭ - ئەم گێڕانەوەی چونی حەسەن بۆلای گۆڕی موسای کوڕی جەعفەر، ئەحمەدی کوڕی جەعفەری کوڕی حەمدانی قەتیعی لە سەندەکەدایە، کە گێڕانەوەکانی تێکەڵ کردنی تیایە، وەک (ابن الصلاح) لە زانیازی فەرموودەدا لە باسی (من رمي بالاختلاط 1/52 وكتاب المختلطين 1/6) باسی دەکات.
لێرەدا رۆشنمان کردەوە کە هەندێک لە زانایان ئەم گێڕانەوە بەلاواز دەزانن چونکە ئەحمەدی کوڕی جەعفەر لە کۆتایی ژیانیدا توشی تێکەڵکردن بووە. ئەگەر قسەکەش راستبێ کرداری ئەم زانا بەڕێزە نابێتە بەڵگەی دروستی چونە سەرگۆڕ بە مەبەستی تەبەڕوک.
نوسینی : مامۆستا مظفر پێنجوێنی.
پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org
|