|
تاوانی هاوەڵدانان بۆ خوای گەورە. (20).
زنجیرەی تاوانی هاوەڵدانان بۆ خوای گەورە.
زنجیرەی بیستەم.
بەشی یەکەم:
بسم الله الرحمن الرحیم
جۆری دووەم: لە جۆرەکانی تەبەروک:
هەندێک شوێن هەیە پیرۆزن، پیرۆزیەکەیان پەیوەستە بە عیبادەت و پاداشتەوە، شەرع رێی نەداوە تەبەروکی پێ بکرێ، بەو شێوەی خەڵک دەیکات.
ئەو شوێنانەی کە پیرۆزن:
ئەو شوێنانەی خوای گەورە بە پیرۆزی داناون:
٭ -- مزگەوتەکان پیرۆزترین شوێنن بە تایبەتی ئەو سێ مزگەوتەی لە فەرموودەدا هاتووە کە پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم دەفەرموێ:
(لا تشد الرحال إلا إلى ثلاثة مساجد، المسجد الحرام، ومسجدي هذا، والمسجد الأقصى) واتە: سەفەری تایبەت مەکەن بۆ هیچ شوێنێک بۆ نوێژو عیبادەت تەنها بۆ سێ مزگەوت نەبێ، مسجد الحرام و ئەم مزگەوتەی من (المسجد النبوی) و مزگەوتی ئەقسا.
٭ - یەکێکی تر لەو مزگەوتانەی پیرۆزن بۆ عیبادەت کردن تێیدا مزگەوتی قوبایە، وەک لە فەرموودەدا هاتووە: (من تطَهَّرَ في بيتِهِ, ثمَّ أتى مسجدَ قباءٍ، فصلَّى فيهِ صلاةً، كانَ لَهُ كأجرِ عمرةٍ) رواه أحمد والترمذي وصححه السيوطي، والالباني
زانایان دەفەرموون: ئەگەر کەسێک لە مەدینەبێ و رۆژی شەممە دەست نوێژ بگرێ و بچێ بۆ مزگەوتی قوبا لەوێ دوو رکات نوێژ بکات ئەو پاداشتە گەورەی دەست دەکەوێ.
برا ئازیزو بەڕێزەکانم، تەبەروکی ئەم مزگەوتانە هەڵگرتنی گل، و دەست و دەم و چاو هێنان نیە بەگڵ و دارو بەردو دیواری ئەم مزگەوتانە، بێگومان تەبەروک کردن بەشت عیبادەتە عیبادەتیش دەبێ بە گوێرەی شەریعەت و شوێنکەوتنی پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم بێ، بەدەست هێنانی بەرەکەت لەم مزگەوتانە بە مانەوەو نوێژو چاوەڕێی نوێژی داهاتوو نوێژی بە کۆمەڵ و ئامادە بوونی دەورەی دەرس و ئامۆژگاری و زیکر دەبێ تیایاندا، خوای بەرزو بێ هاوتا دەفەرموێ: [فيبُيُوتٍ أَذِنَ اللَّهُ أَن تُرْفَعَ وَيُذْكَرَ فِيهَا اسْمُهُ يُسَبِّحُ لَهُ فِيهَا بِالْغُدُوِّ وَالْآصَالِ ٭ رِجَالٌ لَّا تُلْهِيهِمْ تِجَارَةٌ وَلَا بَيْعٌ عَن ذِكْرِ اللَّهِ وَإِقَامِ الصَّلَاةِ وَإِيتَاءِ الزَّكَاةِ ۙ يَخَافُونَ يَوْمًا تَتَقَلَّبُ فِيهِ الْقُلُوبُ وَالْأَبْصَارُ]
لە ئایەت و فەرموودەکاندا باسی تەبەروک بە گڵ و دیوارو بەردی ئەم مزگەوتانە نەکراوە، بەڵکو تەبەروک بەو مزگەوتانە بریتیە لە عیبادەت و نوێژکردنی زۆر تێیاندا، هەندێک کە دەچن بۆ حەج یا عەمرە دەچن گەنمی بەردەم کۆترەکانی (بیت الحرام) وەک تەبەروک کۆدەکەنەوەو دەی هێننەوە بۆ ماڵەوە دەرخواردی کەسی خۆیانی دەدەن، بۆ چاک بونەوە لە نەخۆشی یا بۆ منداڵ بوون، ئەوە کارێکی حەرام و ناشەرعی و ناڕەوای ئەنجام داوە، بەراستی تەنها لە کەعبەدا بەردە رەشەکە دروستە ماچ بکرێت دەستی لێ بدرێ و روکنی یەمانی دەستی لێ درێ، ئاوی زەمزەمیش پیرۆزە بۆ خواردنەوە دەبێ بۆ هەر نێتێکبێ، جگە لەمانە هیچی پیرۆزی تیانیە لەگەڵ خۆت بیهێنیتەوەو بەناوی موفەڕک و پیرۆزی دەرخواردی کەسی بدەی، جاران کاتێک حاجی دەهاتەوە ناودەستی دەگرت بۆ ئەوەی خەڵک ماچی بکات گوایە دەستی لەبەردە رەشەکە داوەو پیرۆزی بەردە رەشە بەدەستیەوە ماوە، لە کاتێکدا بە هیچ شێوەیەک دەست و هیچ شتێکی تر بە بەرکەوتنی بەردە رەشەکە پیرۆزنابێ، جگەوە لەوە ئەم حاجیە تا گەشتۆتە ماڵەوە چەندین جار دەستی بە ئاو گەیاندبوو، چەندین جار شۆردبوی، بێگومان دەتوانم بڵێم لە سەدا نەوەدو نۆشی دەستی لەو بەردە نەدرابوو، بەڵام بوبووە عادەت کە دەچووی بۆلای حاجی هەندێجار ماچ کردنی ناودەستی بوبووە ئیجباری، گوایە دەستی لەبەردە رەشەکە داوە.
٭ - لەو شوێنانەی گەورەو بەڕێزە لای خوای گەورە شاری مەککەیە، ئیبراهیم پێغەمبەر علیه السلام پاڕایەوە لە خوا تا بەرەکەت بخاتە ئەو شارەوە، مەککە کەعبەی تیایە کە خۆشەویسترین و بەڕێزترین شوێنە لەسەر زەوی، نوێژ لەو مزگەوتەدا خێری سەد هەزار نوێژی مزگەوتی تری هەیە.
نووسینی: مامۆستا مظفر پێنجوێنی
پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org
|