تاوانی هاوەڵدانان بۆ خوای گەورە. (26).


تاوانی هاوەڵدانان بۆ خوای گەورە.

زنجیرەی بیست و شەشەم.

بەشی سێیەم: لە خاڵە گرنگەکانی تەبەروک

بسم الله الرحمن الرحیم
۱۰ - بەڕێزان و خۆشەویستان یەکێک لەو فەرموودانەی کە هەندێک لە مامۆستایانی سۆفی و دەروێش زۆر باسی دەکەن و دەیکەنە بەڵگەی بیدعەو شیرک و کارە ناڕەواکانیان ئەو فەرموودەیە کە گوایە کاتێک معاز لە شام گەڕاوەتەوە سوجدەی بۆ پێغەمبەر بردوەو، دەڵێن: کاتێک معاز سوجدەی برد بۆ پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم پێی نەفەرموو تۆ موشریکی، لەوەڵامدا دەڵێین: ئەگەر فەرموودەکە راست و سەحیحبێ نابێتە بەڵگە بۆ دروستی کارێکی ناشەرعی، چونکە پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم نەرەزامەندی بۆ کارەکەی دەربڕی و نە بێدەنگ بوو بەڵکو ناڕەزایی دەربڕی، ئەوە لەلایەکەوە، لەلایەکی ترەوە ئەو فەرموودە دەبێتە بەڵگەی پاکانە بۆ کەسێک کە شتێکی ناشەرعی بکات و نەزانێ ناشەرعیە تاوانبار نابێ، لەگەڵ ئەوانە ئەو فەرموودە کە ئەمە دەقەیەتی (لما قدم معاذ من الشام, سجد للنبي صلى الله عليه وسلم، قال: ما هذا يا معاذ ؟ قال: أتيت الشام, فوافقتهم يسجدون لأساقفتهم وبطارقتهم، فوددت في نفسي أن نفعل ذلك بك، فقال رسول الله صلى الله عليه وسلم: فلا تفعلوا،  .... ) ئەم فەرموودە زۆر لاوازەو راست نیە معاز سوجدەی بۆ پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم نەبردووە، یەکەم: سابت نەبووە معاز لەکاتی پێغەمبەردا صلی الله عليه وسلم چوبێ بۆ شام، ئەوەی بە سابتی هاتووە معاز لەکاتی خەلافەتی عومەر چووە بۆشام لەوێ بە تاعون مردووە، لە کۆتایی تەمەنی پێغەمبەردا صلی الله عليه وسلم معاز چووە بۆ یەمەن، کاتێک پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم وەفاتی کردووە ئەو لەیەمەن بووە، لەکاتی خەلافەتی ئەبوبەکر گەڕاوەتەوە.
دووەم: معاز لە گەورە هاوەڵ و شەرعزانانی پێغەمبەر بووە صلی الله عليه وسلم زۆر لەو دوورە ئەوەندە نەزانبێ کارێکی وابکات.
سێیەم: ئەو فەرموودە چەند لاوازیەکی تیایە
٭ - لاوازی قاسمی کوڕی عەوفی شەیبانی
٭ - جیاوازی زۆر لە گێڕانەوەکاندا.
٭  - جیاوازی لە مەتنەکەدا، لە شوێنێکدا دەڵێ لە شام گەڕایەوە، لایەکی تر دەڵێ لە یەمەن
٭ پچڕانی سەنەدەکە لە نێوان أبي ظبيان و معازدا. پوختەی قسە: ئەم فەرموودە نابێتە بەڵگەو پشتی پێ نابەسترێ.
۱۱ - یەکێک لەو کارە نەگریس و دوور لە شەرع و دین و ئینسانیەتە کە بەناو شێخەکان دەیکەن و  مریدەکانیانی پێ سوک و زەلیل و زەبوون دەکەن سوجدە بردنی موریدەکانە بۆ شێخەکانیان، بەراستی ئەوکارە، جگە لەوە کە تاوانێکی زۆر گەورەیەو حەرامە، ئەگەر بۆ رێزبێ و بۆ پەرستن نەبێ، ئەگەر بۆ پەرستن بێ شیرکی گەورەیە، زەلیل کردن و سوک سەیر کردنی ئەو خەڵکە داماو کەم عەقڵانەیە، هەر کەسێک بیکات و بە هەر بڕو بیانویەکەوە بکرێ، خوای گەورە دەفەرموێ: [وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ وَحَمَلْنَاهُمْ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ وَرَزَقْنَاهُم مِّنَ الطَّيِّبَاتِ وَفَضَّلْنَاهُمْ عَلَىٰ كَثِيرٍ مِّمَّنْ خَلَقْنَا تَفْضِيلًا] خوای گەورە رێزی لەو ئینسانانە ناوە، چۆن دەکرێ کەسانێک بەناوی دینەوە لەژێر سێبەری ئیسلامدا ئاوا بکەن لە خەڵک، زانایان و مامۆستایانیش کەڕو بێدەنگ بن، بەڵکو هەندێکیان سەردانیان دەکەن و لە کۆڕی زیکرە ناشەرعیەکان دادەنیشن و رێزی گەورەیان لێ دەگرن.
بەراستی هیچ بەڵگەیەک نیە بۆ دروستی کارێکی ئاوا، بەڵێ لە قوڕئاندا باسی سوجدەی رێزی مەلائیکەتەکان بۆ ئادەم کراوە، کە خوای گەورە فەمانی پێکردوون، دووەم سوجدەی رێزی یعقوب و خێزانی و کوڕەکانی یەعقوب پێغەمبەر علیه السلام بۆ یوسف باسکراوە، ئەوە دوو رووداوی تایبەت بوون و بۆ کەس نیە ئەوانە بکاتە بەڵگەی  دوستی کارێکی ئاوا، ئەگەر سوجدە بردن بۆ رێزیش دروستبوایە، شیاوترین کەس بۆ ئەو رێزە پێغەمبەرە صلی الله عليه وسلم هاوەڵان دەیانکرد، نازانم ئەوکەسانەی دەڵێن دروستە سوجدە بۆ شێخ و کەسی گەورە ببرێ چۆن لە خوا ناترسن فەتوای ئاوا بێ شەرعی و حەرام دەدەن.

نووسینی: مامۆستا مظفر پێنجوێنی

تايبەت بە پەيجى شێخ ئەحمەد كاكه مەحموود.

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org

سەردان:  1028