|
وانەیەكی عەقیدە لەسەرەمەرگدا !
وانەیەكی عەقیدە لەسەرەمەرگدا !
ڕاست نییە كە هەندێك وا دەزانن ئەگەر بەشێك لە زانیارییەكانیان زۆر دوبارە بكەنەوە ئەوە نیشانەی لاوازی و پڕنەبوونی كەسەكەیە لە ڕووی زانیارییەوە، بە پێچەوانەوە بەڵكو هەندێ بابەت هەیە وەكو بابەتەكانی تەوحید وبیروباوەڕ بە شێوەیەكی گشتی، بەردەوام دەبێت بە شێوازی جیا جیا دوبارەیان بكەیتەوە تا ئەو كاتەی لە دونیا دەردەچیت.
یەعقوب علیه السلام لەسەرمەرەگدا بوو، وەكو الله تعالی بەسەرهاتەكەیمان بۆ دەگێرێتەوە، كوڕەكانی بانگ دەكات و دەیەوێت لە لایەنی عەقیدەكەیان بكۆڵێتەوە و دڵنیا بێتەوە، پرسیارێكیان لێ دەكات لە كاتێكدا كە خۆی بە درێژایی تەمەنی خەریكی فێركردنی توحید بووە بۆ ئەوان و بۆ خەڵكی ، پێیان دەفەرموێت: (مَا تَعْبُدُونَ مِنْ بَعْدِي) لە پاش مردنی من چی دەپرستن؟ لەو ساتە سەختەدا كە ڕوبەڕووی مردن بووەتەوە بیری لەلای عەقیدەی نەوەكانێتی و دەیەوێت و وەكو خۆمان دەڵێین بە ئاسوودەیی سەربنێتەوە و دڵنیابێت كە ڕۆڵەكانی لە دوای خۆی هاوبەش بۆ الله تعالی بڕیار نادەن و ئیتر گوێی لە وەڵامە ئارام هێنەرەكەیان دەبێت: (قَالُوا نَعْبُدُ إِلَٰهَكَ وَإِلَٰهَ آبَائِكَ إِبْرَاهِيمَ وَإِسْمَاعِيلَ وَإِسْحَاقَ إِلَٰهًا وَاحِدًا وَنَحْنُ لَهُ مُسْلِمُونَ) كوڕەكانیشی دڵنیایان كردەوە كە ئەوان لەسەر هەمان ڕێبازی تەوحیدی یعقوبی باوكیان و ئیبراهیم و ئیسحاقی باپیرە موەحیدەكانیانن علیهما السلام، دڵی باوكیان ئاسوودە كرد كە وەكو موسوڵمانێكی موةحيد بەردەوام دەبن.
ئەوە سەبارەت بە تەوحید، كە بابەتێك نییە بڵێی خوێندمان و فێری بووین، یان بڵێین تەوامان كرد و بیخەین بەلاوە، بەڵكو بەردەوام دەبێت لەگەڵی بین و دووپاتی بكەینەوە و شێوازەكانی وتنەوەی بگۆڕین و داهێنانی تێدا بكەین! تاكو لەسەر بنەمای تەوحید لە دونیادا هەمیشە دامەزراو بین و لەسەریشی بمرین.
بەڵام دووبارە كردنەوەی زانست بە شێوەیەكی گشتی كارێكی بە سوود و داواكراوە، ئەهلی عیلمیش لەو بارەوە وتەی جوانیان هەیە، وەكو: ( ما تَكَرّرَ تَقَرّرَ) واتە: ئەوەی دووبارە كرایەوە دەچەسپێت! یان فەرموویانە: (السبق حرف والتكرار ألف) و زۆر وتەی جوانی تریش لەو بارەوە هەیە كە هەڵقوڵای زانست و ئەزمونی ئەوانە و لە دونیای فێركردن و پەروەردەدا پێویستە كاری پێ بكرێت.
ساڵانێكە ئەو خەڵكە زانست و زانیاری زؤر دەبیسن و ئامادەی وتاری هەینی دەبن و گوێ لە وانە و موحازەرە دەگرن و كەچی هیچیش نازانن و وەكو ئەوەیە لەم لاوە وەریانگرتبێت و لەو لاوە لە دەستیان دابێت!
بە گونجاوی دەزانم لێرەدا باسی ئەوە بكەم كە لەوانەیەكی زاناو فەرموودە ناسی بەتوانا شیخ أبو إسحق الحویني دا گوێم لێ بوو دەیفەرموو: لەسەرەتای گەنجیمدا هەوڵمدا زانیاری دووبارە نەكەمەوە و هەموو جارێك بابەتەكانم نوێ بن، دەڵێت بەڵام لەگەڵ زیاد بوونی ئەزموون و تێپەڕبوونی ڕۆژگاردا ، بۆم دەركەوت مەسەلەكە وا نییە، دەڵێت بابەت و مەسەلەی وابوو شەش حەوت جار لە دەرسەكانمدا وەكو خۆی دوبارەم كردبوویەوە ، كەچی هەندێك لەوانەی هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی وانەكانم دادەنیشتن و گوایە بە جوانی گوێ بیستی قسەكانم دەبوون دوای دەرسەكە دەهاتن بۆ لام و دەستخۆشییان لەو زانیاریە لێ دەكردم كە بە ئامادەبوونی ئەوان چەندین جار دووبارەم كردبوویەوە، بەڵام ئەوان وایان دەزانی یەكەم جارە دەیبیسن!
بۆیە بابەتە زانستییەكان و بەتایبەتی بابەتەكانی تەوحید و قورئان و فەرموودەكان و جۆرەكانی شیرك و ئیمان و بیدعە و هەڵوەشێنەرەوەكانی ئیسلام و مەسەلەی وەلائوبەرائو زۆر باسی زانستی و مەنهەجی تر، هیچ لە دووبارەكردنەوەیان دوو دڵ مەبە وهەست بە ئیحراج بوون مەكە، كەسمان لە یەعقوب علیه السلام باشتری لێ نازانین كە لەسەرەمەرگدا پرسیارێكی زۆر ئاسایی لە كوڕەكانی كرد كە سەدان جار پێشتر بۆی باس كردبوون و بە شێوەیەكی كردەییش بۆی ڕوون كردبوونەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كورتە وانەی لە كاتی سەرەمەرگدا دیسان بۆ دووبارە كردنەوە.
إحسان برهان الدین
13 جمادى الأول 1443
2021-12-17
|