|
سەرەنجامی_کچێك..! کچی خەونەکان..
سەرەنجامی_کچێك..! کچی خەونەکان ..
فرمێسکی پەشیمانی بەچاوەکانیدا هاتە خوارێ و گوتی: سەرەتا تەنها پەیوەندیەکی تەلەفۆنی بێ مەبەست بوو، دواتر سەری کێشا بۆ خۆشەویستیەکی وەهمی، ئەو وای تێگەیاندم گوایە خۆشی دەوێم و دێتە داوام، داوای کرد بمبینێت، من ڕەتم کردەوە، هەڕەشەی بچڕاندنی پەیوەندی لێکردم!
منیش لاواز بووم، خەونى ئەوەم بوو کە بمخوازێت بۆیە پێم خۆش نەبوو پەیوەندیەکە ببچڕێت، وێنەیەکی خۆم لەگەڵ گوڵێک بۆ نارد، نامە گۆڕینەوە بەردەوام بوو، دواتر داوای لێکردم لەگەڵی بچمە دەرەوە، منیش زۆر بەتوندی ڕەتم کردەوە، بەوێنەکان و نامەکان هەڕەشەی لێکردم، منیش لەگەڵی دەرچووم بەنیەتی ئەوەی لەزووترین کاتدا بگەڕێمەوە، گەڕامەوە بەڵام چۆن گەڕانەوەیەک، گەڕامەوە بەڵام بەکۆڵێک غەم وخەفەت وعەیبەوە، پێم گوت: زەواج، بەگاڵتە پێکردنێکەوە پێی گوتم: من ئافرەتی فاجر و خراپەکارم ناوێت!
خوشکی بەڕێزم
بۆت دەرکەوت سەرەنجامی پەیوەندی حەرام چۆنە؟ بۆیە زۆر ئاگاداربەو وشیاربە نەکەویتە داوی ئەم جۆرە پەیوەندیانەوە، ئاگاداربە نەکەویتە داوی هەندێ هاوڕێی خراپەوە، ڕاتبکیشێت بۆ ئەم جۆرە پەیوەندیانە، بۆت جوان بکات و لەبەر چاوت بیڕازێنێتەوە، وە وا نیشان بدات تۆ تووشی ئەو ئابڕوو چوونە نابیت کە کەسانی پێش تۆ گیرۆدەی بوون.
ئامان ئامان نەکەی ئەو جۆرە قسانە بەڕاست بزانیت، هەموو ئەوانە فێڵ و تەڵەکەی شەیتانن، سەرەنجامی هەموو پەیوەندیەکی حەرام هاوشێوەی ئەم جۆرە لەسەرەنجامەی هەیە بەڵکوو ڕەنگە خراپتریش بێت.
وە هەروەها ئاگاداربە نەکەی قسەی ئەو خراپەکار و موجریمانە بەڕاست بزانی کەیاری بەنامووسی خەڵک دەکەن، ئەوانە کەسانی بەدفەڕ و ناپاکن هەرچەند خۆیان بەئامۆژگاریکار و دڵسۆز پیشان بدەن بەڵام بەداخەوە زۆرجار کچان پەند وەرناگرن و هەمان هەڵە دووبارە دەکەنەوەو دەکەونە هەمان داوەوە کە کچانی پێش ئەوان تێی کەوتوون و بەهۆیەوە تووشی ئابڕووچوون و پەشیمانی و دەردەسەری دەبنەوە بەڵام پەشیمانی چ کاتێک؟ کاتێ کەپەشیمانی دادیان نادات، دەی بۆ پەند وەرناگرن ؟!
ئەم کچە گەر لەیەکەم هەنگاوەوە عاقڵ و ژیر بوایە نەدەکەوتە داوی ئەو گورگەوە، بۆیە کچان ئاگادار بن و زۆر هۆشیار بن، پەند لەکچانی پێش خۆتان وەرگرن و مەبنە نێچیری کەسانی هەرزەو هیچ و پووچەوە.
خوشکی بەڕێزم
باوەڕت وا نەبێت کە دەکرێت زەواج لە ڕێگاى پەیوەندی تەلەفۆنی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بێت، گەر ڕووش بدات زۆر جار سەرکەوتوو نابێت و فەشەل دێنێت و کۆتایەکەى تەڵاق و جیابوونەوەیە چونکە هەمیشە ئەو ژن و مێردە لەیەکتر بە گومانن و ترسی ئەوەیان هەیە هەر یەکەیان لەگەڵ کەسی تریش پەیوەندی ناشەرعى ببەستێت و خیانەت لەیەکتر بکەن، وە هەروەها هەمووان دەزانین دونیای سۆشیاڵ میدیا زیاتر وەهمیە تا حەقیقی.
خوشکی بەڕێزم
گەر خۆشگوزەرانی دونیاو دواڕۆژت دەوێت، دەتەوێت لەتوڕەیی خودا ڕزگارت بێت، بەهەشتەکەی بەدەست بخەیت، بەسەربەرزی بژیت، گوێ لەم ئامۆژگاریانە بگرەو جێ بەجێی بکە:
یەکەم: ئاگاداری پەیوەندی تەلەفۆنی بە، ئەو پەیوەندیانە تۆمار دەکرێن لە لای خودا، وە هەروەها مرۆڤە شەیتان ئاکارەکانیش تەسجیلی دەکەن و لەدژت بەکارى دێنن بۆ گوشار خستنە سەرت "ئەوانەی کە بانگەشەی خۆشەویستی دەکەن".
دووھەم: ئاگاداری تەسویر بە بەهەموو جۆرەکانیەوە چونکە بەڕاستی تەسویر ترسناکترین چەکە کە مرۆڤە ئاکار گورگەکان بۆ ڕاوکردنی نێچیرەکانیان بەکاری دێنن.
سێیەم: ئاگاداری نامەی عەشق و غەرامیات بە، ئەمەش ڕێگایەکە بۆ ڕاو کردن و گوشار خستنە سەر ئافرەتان.
چوارەم: ئاگاداری فیلم و دراما فاسدەکان بە، ئەوانەی کە زۆر جار دەبنە هۆکار بۆ لەخشتە بردنی کچان.
پێنجەم: ئاگاداری سفووری و جلی نەشیاو بە چونکە بەڕاستی سفووری ئافرەت بەڵگەیە لەسەر نەزانی و لاوازی ئیمانی، لاوازی کەسایەتی وە بانگشەشە بۆ فەساد وخراپەکاری و دوورە لەڕەوشت و ئاکاری ئیسلامی.
شەشەم: پارێزگاری لەحیجابەکەت بکە، بەڕاستی حیجاب پاکی و سەلامەتیە، ڕێزێکە بۆت، نەک گوشار و ناڕەحەتی بێت بۆت، هەروەک دوژمنانی ئیسلام و مونافیقان وێنای دەکەن، وە گەورەترین بەڵگەیە لەسەر باوەڕ و بەرزی ڕەوشتت و جیاکەرەوەتە لەگەڵ کەسانی خراپ.
حەوتەم: ئاگاداری هەموو جۆرە گوناه و تاوانێک بە، هەمیشە هەست بە چاودێری خواى گەورەو شەرم لە خواى گەورە بکەو خۆت لە تاوان بپارێزە چونکە سوێند بەخوا تاوان هۆکارە بۆ ئەوەى تووشی ناخۆشی و بەدبەختى ببیت لە دونیاو دواڕۆژدا.
لەکۆتاییدا
بیرکەرەوە ـ خوشکی بەڕێزم ـ بەم نزیکانە دونیا بەجێدێڵیت و دەبیتە میوانى گۆڕێکی تەنگ و تاریک خۆ ئەگەر تووشی تاوانێک بووی ئێستا کات ماوەو پەله بکە لەتەوبە کردن پێش ئەوەی ببیتە لاشەیەکی بێ گیان و نەتوانى زمانت بجوڵێنیت و یەکجار أستغفرالله بکەىت، سوێند بەخوا ئامۆژگاریکارتم و بەزەیم پێتدا دێتەوە.
پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود رحمه الله.
www.ahmadkaka.org - www.dangiislam.org
|