بزانە كچ لەچی ماڵێك دەخوازیت!


 بزانە كچ لەچی ماڵێك دەخوازیت!


هەڵبژاردنی هاوسەری ژیان یەکێکە لە بڕیارە هەستیارو گرنگەکانی ژیان، و پێویستی بە بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ورد هەیە، دەخوازێت بزانین لەدەرگای چی ماڵێك دەدەین لەكاتی هەڵبژاردنی هاوسەری ژیاندا، كێ دەكەین بە (باپیر، نەنك، خاڵ، پوری) منداڵەكانمان بۆ ئەم مەبەستە ئاماژە بەچەند سەرەقەڵەمێك دەدەین بەئومێدی پەندو سوود لێوەرگرتن:

- کاتێک دەچیتە داوای کچێک و دەبینیت باوکی بێدەنگە و دایکی كوێخایەو قسە دەکات، بزانە کە ماڵەکەت پێشوازی لە کچێکی سەرکەش دەکات کە لە دایکییەوە فێری یاخی بوون بووە. 
- کاتێک دەچیتە پێشەوە بۆ کچێک و دەبینیت خوشکە بەشوودراوەکەی زۆر دەست وەردان لە كاروو باری خانەواكەیدا دەكات، بزانە کە دەرگای ماڵەکەت بۆ هەمووان کراوە دەبێت.
- کاتێک دەچیتە داوای کچێک و دەبینیت براکانی (نیوە پیاون) ، بزانە کە کوڕەکانت بەئاسانی فێری پیاوەتی نابن.
- کاتێک دەچیتە پێشەوە بۆ داوای کچێک و دەبینیت خوشکەکانی باڵاپۆش و دامەزراو و پابەندنین، بزانە کە لە پەروەردەکردنی کچەکانتدا ماندوو دەبیت.
- کاتێک دەچیتە پێشەوە بۆ کچێک و دەبینیت دایکی بەدەنگە بەرزەكەی قیژە و بۆڵەبۆڵیەتی، بزانە ئازار دەچێژیت و هاوسەرەكەت بەئاسانی رێزت لێناگرێت.
- کاتێک دەچیتە پێشەوە بۆ کچێک و دەبینیت زۆر كەسی كردووە بەبرای خۆی (کوڕی خاڵم برامە، ئامۆزام برامە، پوورزام برامە، هاوڕێی براکەم برامە)، بزانە کە بە داخ و خەفەتەوە سەردەنێیتەوە، یان ناچار دەبیت وەک بێ غیرەتێک بژیت، یان بەرگە ناگریت و وازی لێ دەهێنیت.
- کاتێک دەچیتە پێشەوە بۆ کچێک و دەبینیت ئالودەیەو مۆبایلەکەی لە دەست نابێتەوە، بزانە کە بە درێژایی ژیانت بەدەست گومانەوە دەناڵێنیت.
- کاتێک دەچیتە پێشەوە بۆ کچێک و دەبینیت لە مۆبایلەکەیدا تایبەتمەندییەکانی ژیانی وەک (ستۆری) بڵاو دەکاتەوە، بزانە کە لە داهاتوودا هیچ نهێنی و تایبەتمەندییەکت لە ماڵەکەتدا نابێت.
- کاتێک دەچیتە پێشەوە بۆ کچێک کە خزمی نزیکتە و خانەوادەکەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، بزانە کە منداڵەکانت بەدەست نەخۆشییە بۆماوەییەکانەوە دەناڵێنن.
لە پایاندا دەڵێین: هاوسەرگیری یان دەبێتە مایەی ئاسوودەیی و بەختەوەری یان شكست و کارەسات، خۆشی و شادی یان خەم و پەژارە، خەندەو پێکەنین یان گریان و ناسۆر. كاكی بەڕێزلە پرۆسەی هاوسەرگیریدا هەرگیز پەلە مەکە، تا هاوسەرێکی چاك و پێگەیشتوو میهرەبان و دیندار هەڵدەبژێریت، ئەگەر وات نەكرد كورد وتەنی كاڵەك بەئەژنۆ دەشكێنیت.

ئامادەکردنی : یاسین ئەحمەد زەنگەنە

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

سەردان:  240