|
به‌رنامه‌كانی نالیا (NRT) له‌سه‌ر ئایین به‌ره‌و كوێمان ده‌بات؟
دانراوه له‌لایه‌ن: مه‌لا یاسین وه‌رتی
به‌رنامه‌كانی نالیا (NRT) له‌سه‌ر ئایین به‌ره‌و كوێمان ده‌بات؟
ماوه‌یه‌كه كه‌ناڵی ئاسمانیی نالیا (NRT) به‌رنامه‌یه‌كی هه‌فتانه پێشكه‌ش ده‌كات به ناوی (به‌بوێری). هه‌رجاره و میوانداریی مامۆستایه‌كی ئایینی یان كه‌سێكی شاره‌زا له بواری ئایینی ئیسلام ده‌كات و كۆمه‌ڵێك پرسیار و ڕه‌خنه ده‌خاته به‌رده‌می بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵامیان بداته‌وه.
ئه‌وه‌ی من لێره‌دا ده‌مه‌وێت باسی بكه‌م چه‌ند خاڵێكه له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی به‌رنامه‌كه له‌ڕووی شێوازی گفتوگۆكان و ئه‌گه‌ری ڕه‌وایه‌تی و ناڕه‌وایه‌تیی ئه‌و جۆره له گفتوگۆ (حوار)، پاشان ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی لێی چاوه‌روان ده‌كرێت له حاڵی به‌رده‌وامبوونی به‌رنامه‌كه به‌و شێوازه.
به ڕای من به‌ده‌ر له باسی بوون یا نه‌بوونی ڕه‌وایه‌تیی ئه‌و به‌رنامه‌یه له‌ڕوانگه‌ی ئایینی ئیسلامه‌وه، به‌رنامه‌كه كۆمه‌ڵێك ناهاوسه‌نگی تێدایه، كه ده‌كرێت ناویان بنێین ناڕه‌وایی ده‌رهه‌ق به ئیسلام:
١- یه‌كه‌م ناڕه‌وایی ئه‌وه‌یه به‌رنامه‌كه كار له‌سه‌ر دروستكردنی گومان و گه‌ڕان به‌دوای هه‌ڵه و ناته‌واوییه‌كان ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات ئه‌وه‌ی وه‌ك ڕه‌خنه یان تۆمه‌ت به‌رامبه‌ر قورئانی پیرۆز و كه‌سایه‌تیی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام گوتراوه، هه‌مووی كۆ بكاته‌وه و بیدات به ڕووی كه‌سی میواندا. واته به‌رنامه‌كه هه‌وڵ ده‌دات كار له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی هه‌ڵه و كه‌موكووڕی بكات له قورئانی پیرۆز و بیروباوه‌ڕی موسڵماناندا، نه‌ك هه‌وڵی گه‌یشتن به ڕاستییه‌كان بدات یان بابه‌تێك ته‌مومژی له‌سه‌ر بێت و جێی گومان بێت، هه‌وڵی ڕه‌واندنه‌وه‌ی بدات؛ به‌پێچه‌وانه‌وه به‌رنامه‌كه هه‌وڵی دروستكردنی گومان ده‌دات به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر قورئانی پیرۆز.
له‌وانه‌یه بوترێت ئه‌ركی ڕۆشنبیر گوماندروستكردنه له‌سه‌ر بابه‌ته جۆراوجۆره‌كان چونكه گومان سه‌ره‌تایه‌كه بۆ گه‌یشتن به حه‌قیقه‌ت، به‌ڵام له‌ڕاستیدا وا نییه. چونكه ڕۆشنبیر و داناكان خۆیان گومان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ن به حه‌قیقه‌تی شته‌كان، نه‌ك گومان بۆ خه‌ڵك دروست بكه‌ن بێ ئه‌وه‌ى وه‌ڵامی ته‌واویان پێبێت بۆیان. چونكه گوماندروستكردن له‌سه‌ر سه‌لمێنراوێك به‌بێ بوونی وه‌ڵامێكی تری باوه‌ڕپێكراو، جگه له سه‌رلێشێواندن و گومڕاکردن به‌رهه‌مێكی تری نابێت.
٢- ئه‌و ڕه‌خنه و گومان و تۆمه‌تانه‌ی له‌سه‌ر زاری پێشكه‌شكاره‌وه ئاراسته ده‌كرێن، بێخاوه‌نن؛ كه‌سایه‌تیی ته‌ره‌فی به‌رامبه‌ر له‌ڕووی ئایین و بیروباوه‌ڕه‌وه تێیدا ونه، واته باوه‌ڕ و ئایدیۆلۆژیایه‌كه‌ی ئاشكرا نییه!!! ئایا خاوه‌نی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه سه‌ربه ئایینێكی تره یان ئه‌گه‌ر باوه‌ری به هیچ ئایینێك نییه سه‌ربه چ قوتابخانەیەکی هزرییە؟ ئایا چه‌په، لیبراڵه، وجوودییه، عه‌به‌سییه؟ ئه‌وه‌ش نادادپه‌ره‌ری و نه‌بوونی هاوسه‌نگی له‌به‌رنامه‌كه‌دا دروست كردووه. ته‌ره‌فێك ته‌نها پرسیار و ڕه‌خنه ئاراسته ده‌كات و به‌رامبه‌ره‌كه‌ی مه‌حكووم ده‌كات، ته‌ره‌فی به‌رامبه‌ریش ته‌نها ده‌بێ وه‌ڵام بداته‌وه و به‌رگری بكات بێ ئه‌وه‌ی بزانێت (خێم)ه‌كه‌ی كێیه!! بێ گومان ئه‌وه كێبه‌ركێیه‌كی عادیلانه نییه. نموونه‌ى ئه‌وه ده‌توانم بڵێم وه‌ك ئه‌وه وایه دوو كه‌س تۆپێن بكه‌ن، یه‌كیان به‌به‌رده‌وامی هه‌ر گۆلچی بێت و ئه‌وه‌ی تریش تۆپ ئاراسته‌ی گۆڵه‌كه‌ی بكات!! بێ گومان گۆڵچییه‌كه هه‌ر ده‌بێت له خه‌می ئه‌وه‌دا بێت گۆلی لێنه‌كرێت و به كه‌مترین زه‌ره‌ر بێته ده‌ره‌وه، به‌ڵام به‌رامبه‌ره‌كه‌ی به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵ ده‌دات گۆڵ تۆمار بكات. ئه‌گه‌ر توانیی، ئه‌وه خۆی به سه‌ركه‌وتوو ده‌زانێت؛ ئه‌گه‌ر نه‌شیتوانیی، ئه‌وه هیچ زه‌ره‌ری نه‌كردووه و خۆی به دۆڕاو نازانێت. ئه‌و شێوازه له گفتوگۆش به هه‌مان شێوه‌یه، به‌تایبه‌ت كه پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه خۆی ناكاته خاوه‌نی ڕه‌خنه و پرسیاره‌كان و وای پیشان ده‌دات كه ته‌نها قسه‌ى ڕه‌خنه‌گره‌كان نه‌قڵ ده‌كات!!! ڕه‌خنه‌گره‌كانیش ناسنامه‌ی فیكری و ئایینیان دیار نیه!!!
زانینی ئینتیمای ئایینی و هزریی به‌رامبه‌ر بۆ ئه‌وه پێویسته تاكوو بزانین ئه‌وانه كه قورئانی پیرۆز و ته‌واوی ئیسلام ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه، ئایا ته‌فسیر و لێكدانه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ "بوون"، "ژیان"، "مردن"، "مرۆڤ" و تێكڕای گه‌ردوون و بوونه‌وه‌ر چییه. چونكه ئه‌و به‌رنامه‌یه نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ر ڕاستیی قورئان و هاتنی له‌لایه‌ن خواوه داده‌نێت، بێ گومان ئه‌و جۆره پرسیاره لاى موسلمان دروست نابێت، چونكه باوه‌ڕهێنان به‌وه‌ی قورئان له‌لایه‌ن خواوه هاتووه و هه‌مووی ڕاسته و ده‌ستكاری مرۆڤ نییه سه‌ره‌كیترین پایه‌ی موسڵمانێتییه. ئه‌گه‌ر كه‌سێك باوه‌ری به‌وه نه‌بوو، هیچ مانایه‌ك بۆ موسڵمانێتییه‌كه‌ى نامێنێته‌وه هه‌تا ئه‌گه‌ر ئیدیعاشی بكات. له مێژووی ئیسلامیشدا ئه‌و كه‌سانه‌ی گومانى له‌و جۆره‌یان به‌ناو خه‌لكدا بڵاو كردبێته‌وه به (زه‌ندیق) ناسراون، واته به موسڵمان دانانرێن. كه‌وابوو خاوه‌نی ئه‌و ڕه‌خنه و گومانه ده‌بێت بیروباوه‌رێكی تری هه‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه ئه‌و به‌رنامانه چی ئه‌نجامێكیان ده‌بێت و به‌ره‌و كوێمان ده‌به‌ن، چه‌ند خالێك ده‌خه‌مه ڕوو:
١- بێ گومان ئیسلام وه‌كوو ئایین زۆر له‌وه به‌هێزتر و ڕه‌گداكوتاوتره كه چه‌ند به‌رنامه‌یه‌ك یان چه‌ند كه‌ناڵێكی ڕاگه‌یاندن پاشه‌كشێی پێبكه‌ن. ئه‌مه‌ش وه‌ك سۆز و حه‌ماسه‌تێكی ئایینی ناڵێم به‌ڵكو به گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژووی دوور و نزیكی ئیسلام و واقیعی ئێستا ئه‌و قسه‌یه ده‌كه‌م. بینیمان له‌سه‌ده‌ى ڕابردوودا ماركسیزم چه‌ند به‌هێز بوو، وه‌ك ده‌سه‌ڵات هێزێكی سه‌ره‌كیی دنیا بوو. هه‌روه‌ها خاوه‌ن ئایدیۆلۆجیایه‌كی سه‌رنجراكێش و ئوممه‌میش بوو، به‌ڵام له به‌ربه‌ره‌كانێی له‌گه‌ل ئایینی ئیسلامدا نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانیی بیباته‌وه، به‌ڵكوو شكستێكی مێژوویی تۆمار كرد.
٢- له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگای كوردیش، به ڕای من ئه‌و به‌رنامه‌یه و هاوشێوه‌كانی كه ڕاسته‌وخۆ ده‌ست بۆ ئایینی خه‌ڵك و پیرۆزییه‌كانیان ده‌به‌ن، ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ تووڕه‌ییی خه‌ڵك زیاتر ده‌كه‌ن و چاوه‌ڕێی شتی باشی لێناكرێت. هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه دڵبرینداره‌یه كه ناوبه‌ناو ده‌بینین لێره‌وله‌وێ ڕق و تووڕه‌ییی خۆی به‌سه‌ر مه‌یخانه‌یه‌ك یان شوێنیكی گه‌شتیاری یان زۆرجار به‌سه‌ر حیزبێك یان ده‌زگایه‌كی حكوومه‌تدا هه‌ڵده‌رێژێت، كه ئه‌وه‌ش كارێكه كه‌س نابێت حه‌ز به ڕوودانی بكات یان ببێته هۆكاری دروستبوونی.
٣- ڕه‌نگه ئه‌وانه‌ى له‌پشت ئه‌و جۆره به‌رنامانه‌وه‌ن، دڵی خۆیان به‌وه خۆش بكه‌ن كه خه‌ڵكێك به‌هۆی ئه‌وانه‌وه واز له ئیسلام بێنێت. به‌و جۆره ورده‌ورده ناسنامه‌ی ئیسلامی له میلله‌تی كورد بكه‌نه‌وه و بیكه‌نه ئه‌وه‌ى خۆیان ده‌یانه‌وێت!!!
به‌ڵام من دڵنیای هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه ده‌كه‌مه‌وه كه خۆماندووكردنیان بێسووده، چونكه ئیسلام میّژوویه‌كی درێژی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و هێرشه هزری و جه‌نگه ده‌روونییه‌ی به‌رامبه‌ر شوێنكه‌وتووانی په‌یڕه‌و كراوه و ده‌كرێت. هه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی ئیستا پێشكه‌شی ده‌كه‌ن چه‌ندین ساڵه له كه‌ناڵه عه‌ره‌بییه نه‌سرانییه‌كان پێشكه‌ش ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت ناوی به‌رنامه‌كه‌ش كۆپیكراوی به‌رنامه‌ی یه‌كێك له‌و كه‌ناڵانه‌یه!!! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بینین له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا ده‌نگی زاڵ و به‌هێز هه‌ر هی موسڵمانان و خه‌ڵكی دینداره. پاشان ئه‌وانه‌ی به‌گژ قورئان و ئیسلامدا ده‌چنه‌وه ئه‌گه‌ر ئامانجه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه له ئیسلامه‌وه بمانخه‌نه سه‌ر دینێكی تر، ئه‌وه من هیچ حیكمه‌تێكی تێدا نابینم. ئه‌گه‌ر بشیانه‌وێت به‌ره‌و ئیلحاد و بێباوه‌ڕیمان ببه‌ن، ئه‌وه‌ش جگه له گومڕابوون و پچڕانی شیرازه‌ى كۆمه‌ڵگا هیچ سوودێكی ترمان پێناگه‌یه‌نێت. ئه‌گه‌ر ته‌نها خۆژیاندن و كاسبیش بێت، ئه‌وه به‌ڕاستی كه‌سابه‌تێكی شه‌ریف نییه.
|