سۆز و خۆشه‌ویستی و له‌سه‌رخۆییی پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وامان (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) له‌گه‌ڵ منداڵاندا

دانراوه له‌لایه‌ن: عەلی هەولێری فێرگە

سۆز و خۆشه‌ویستی و له‌سه‌رخۆییی پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وامان (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) له‌گه‌ڵ منداڵاندا
با هەموو پێکه‌وه‌‌ بچینه‌وه‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویست و ئازیزمان، نووری چاومان، پێشه‌وا و ڕابه‌ری مرؤڤایه‌تی (صلى الله عليه وسلم). له‌ خزمه‌تی دابنیشین و فێری سۆز و خۆشه‌ویستی و نه‌رمونیانی بین. كان رسول الله صلى الله عليه وسلم يصلي، فإذا سجد وثب الحسن والحسين على ظهره، فإذا أرادوا أن يمنعوها، أشار إليهم أن دعوهما! وذلك في المسجد، فلما قضى الصلاة وضعها في حجره وقال: من أحبني فليحب هذين. أخرجه أبو يعلى وإسناده حسن. واتە: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مزگەوت نوێژی دەكرد، كاتێك كە سوجدەی دەبرد، حەسەن و حوسەین دەچوونە سەر پشتی پێغەمبەر دادەنیشتن. هاوەڵەكانی پێغەمبەر ویستیان قەدەغەیان بكەن، بەڵام پێغەمبەر ئاماژەی بۆ كردن وازیان لێبێنن. جا كە پێغەمبەر نوێژەكەی ئەنجام دا، هەردووكیانی لەسەر كۆشی دانا و فەرمووی: هەركەسێك منی خۆش دەوێت، با ئەم دووەی خۆش بوێت. 

ئه‌بووته‌ڵحه ‌و ئوم سوله‌یم كوڕێكیان هه‌بوو، كه‌ مناڵێكی زۆر ڕۆحسووك بوو. باوك و دایكی چاویان پێی ڕوون بووه‌وه ‌و زیادله‌ڕاده‌ دڵیان به‌ قسه‌ شیرینه‌كانی و ئیشه‌ سه‌یره‌كانی خۆش بوو. پێیانده‌وت ئه‌بووعومه‌یر. ئه‌بووعومه‌یریش باڵنده‌یه‌كی هه‌بوو ناوی نابوو نوغه‌یر و هه‌میشه‌ یاری له‌گه‌ڵ ده‌كرد. ڕۆژێكیان باڵنده‌كه‌ی مرد و ئه‌وبوعومه‌یر زۆر بۆی گریا. پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌و سلم) له‌وكاته‌دا هاته‌ ماڵیان و ئه‌حواڵی ئه‌بووعومه‌یری پرسی و فه‌رمووی: بۆچی ئه‌بووعومه‌یر ئاوا غه‌مباره‌‌؟ ئه‌وانیش باسی باڵنده‌كه‌یان بۆ كرد. پێغه‌مبه‌ریش (صلی الله‌ علیه‌و سلم) پێیوت: ئه‌ی ئه‌بووعومه‌یر، نوغه‌یر چی لێ به‌سه‌رهاتووه‌‌؟ به‌و شێوه‌یه‌ دڵنه‌وایی كرد ‌و له‌باره‌ی باڵنده‌كه‌یه‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ كرد. 

جاء أعرابي الى الرسول صلى الله عليه وسلم فرآه يقبل الحسن أو الحسين فقال: أتقبلون الصبيان؟! فما نقبلهم. فقال النبي (صلى الله عليه وسلم): أو أملك أن نزع الله من قلبك الرحمة؟! رواه البخاري ومسلم. واتە: پیاوێكی دەشتەكی هاتە خزمەت پێغەمبەر، بینی پێغەمبەر حەسەن یان حوسەین ماچ دەكات. دەشتەكییەكە گوتی: ئێوە منداڵ ماچ دەكەن؟! ئێمە منداڵ ماچ ناكەین. پێغەمبەر فەرمووی: من چ بكەم خوای گەورە ڕەحم و بەزەیی لە دڵتدا داماڵیوە؟! 

ئەبووهورەیرە گوتوویەتی: قبّل النبي صلى الله عليه وسلم الحسن بن علي رضي الله عنه وعنده الأقرع بن حابس التميمي جالساً، فقال الأقرع: إن لي عشرة من الولد ما قبلت منهم أحداً فنظر إليه رسول الله صلى الله عليه وسلم ثم قال: من لا يرحم لا يرحم. رواه البخاري ومسلم. واتە: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەسەنی كوڕی عەلیی ماچ كرد، لەوكاتە ئەقرەعی كوڕی حابسی تەمیمی لەلا بوو. ئەقرەع گوتی: من (١٠) منداڵم هەیە، تا ئێستا یەكێكیانم ماچ نەكردووە. پێغەمبەر تەماشای ئەقرەعی كرد و فەرمووی: "هەركەسێك بەبەزەیی و بەڕەحم نەبێت، ڕەحم و بەزەیی پێناكرێت." 

هه‌روەها له‌ فه‌رمووده‌یه‌کی تردا كه‌ له‌ ئه‌بووهوره‌یرە -خوا لێی‌ ڕازی بێت- ده‌گێڕنه‌وه‌ و‌ دیار ده‌كه‌وێت، كه‌ ده‌فه‌رموێت: كان الناس إذا رأوا أول الثمر جاءوا به رسول الله صلى الله عليه وسلم، فإذا أخذه قال: "اللهم بارك لنا في ثمرنا وبارك لنا في مدينتنا." ثم يدعو أصغر وليد يراه فيعطيه ذلك الثمر. واته‌: خه‌ڵكی كاتێك بیانبینیایه‌ كه‌ میوه‌كانیان به‌ری گرتووه‌، (هێندێكیان) لێی ده‌هێنا بۆ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) و ئه‌ویش وه‌ریده‌گرت و دوعای له‌سه‌ر ده‌خوێند و ده‌یفه‌رموو: "خودایه‌ به‌ره‌كه‌ت بخه‌یته‌ نێو به‌ركانمانه‌وه‌، خودایه‌ به‌ره‌كه‌ت بخه‌یته‌ شاره‌كه‌مانه‌وه‌." پاشان بانگی بچووكترین منداڵی ده‌كرد كه‌ بیبینیایه‌ و له‌ به‌ره‌كه‌ی پێده‌دا. 

لێرەدا لەبارەی بەسۆز جووڵانەوە و ڕەفتاركردن لەگەڵ منداڵدا، دەبینین زۆربەی باوكان گەمە و یاریكردنیان لەگەڵ منداڵەكانیان فەرامۆش دەكەن. بەپێچەوانەشەوە زۆر بەدڵڕەقانە ڕەفتاریان لەگەڵ دەكەن و دەیانترسێنن و قەدەغەیان دەكەن لە جووڵە و یاریكردن و گەمەكردن. نایەڵن بەسەربەستی بجووڵێنەوە و وا لەو منداڵانە دەكەن ژیانیان ببێتە دۆزەخ. ئەم جۆرە باوكانە بەو شێوە پەروەردە هەڵەیە وا لە منداڵەكانیان دەكەن، كە ڕق و قینە بەرامبەر بە باوكیان هەڵگرن و هەوڵ بدەن لە ماڵ ڕزگاریان ببێت. پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) لە ژیانیدا چەند نموونەیەكمان سەبارەت بە گەمە و یاریكردن لەگەڵ منداڵ و بەلوتف ڕەفتاركردن دەداتێ. لەبەر ئەوە پێویستە لەگەڵ منداڵەكانماندا بەو شێوەیە بین، كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ڕەفتاری كردووە. هەروەها لەگەڵ منداڵەكان بچین بۆ دەرەوە بۆ پیاسە و ژیانیان بەختەوەر و شاد بكەین. 

لەسەر ڕیوایەتەكەی، كە ئەبوویەعلا دەریهێناوە، كە حەسەن و حوسەین لەكاتی سوجدەدا چوونەتە سەر پشتی پێغەمبەر، دەڵێین: ئەم كارەی پێغەمبەر لەكوێ و ئەوەی ئێستا لەكوێ، كە زۆربەی بێئاگایان لە دین دەیكەن؟! دڵڕەقانە ڕەفتار دەكەن لەگەڵ ئەو منداڵانەی ده‌چن بۆ مزگەوت، بەتایبەتی كاتێك كەمێك یاری و گەمە دەكەن!!! جا دەست دەكەن بە هاوارکردن عاجزكردنیان و دەركردنیان لە ماڵی خوا!!! ئەوەش زەرەرێكی زۆرە بۆ دین. هاوەڵە بەڕێزەكانی پێغەمبەر لقەخورمایان هەڵدەواسی بۆ ئەوەی منداڵ و گەورەش لە مزگەوت بیخۆن. لەبەر ئەوە گەر شتێكم بەدەست بوایە، بۆ هەر مزگەوتێك شوێنێکم بۆ مندالان تایبه‌ت ده‌کرد و فێرگه‌ی نیشانهاویشتنم تێدا دەكردەوە، كە لە پێداویستییەكانی ئیسلامن و پێغەمبەر داوای فێربوونی كردووە و دەبێتە هۆی بەهێزكردنی جەستە و لەشی منداڵ و خۆشەویستكردنی ماڵی خوا لەلایان. پێویستە مزگەوت لە چەند نهۆمێك دروست بكرێت، بۆئەوەى هەموو جۆرە چالاكییەكانی كۆمەڵایەتی و ئیسلامی و پەروەردەیی بۆ گەورە و بچووكى تێدا ئەنجام بدرێت. 

هەندێك نەفام و تێنەگەیشتوو بە بەڵگەی ئەو فەرموودە لاوازه‌ منداڵ لە مزگەوت دەردەكەن كە دەڵێت: جنبوا مساجدكم صبيانكم ومجانينكم. واتە: منداڵەكانتان و شێتەكانتان لە مزگەوت دوور بخەنەوە. كەچی فەرموودەی (صحيح) بەپێچەوانەی ئەوە هەیە. ئه‌مجا هه‌موولایه‌کمان زۆر پێویسته وه‌ك پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)‌ به‌سۆز و ئارام و له‌سه‌ر‌خۆ بین له‌گه‌ڵ منداڵان، بۆئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئیسلام و خۆشه‌و‌یستی ڕایانبێنین بۆئه‌وه‌ی ببنه‌ گوڵێکی بۆنخۆش بۆ دەو‌روبه‌ریان.

سەردان:  1893