|
ڕۆژێك له ماڵی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)، به‌شی حه‌وته‌م
دانراوه له‌لایه‌ن: خدرنه‌ژاد کوردستانی
ڕۆژێك له ماڵی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)، به‌شی حه‌وته‌م
پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) و فره‌ژنی
پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم) یازده ژنی هێناوه، ئه‌و ژنانه ناوی (دایكانی ئیمانداران) یان لێنراوه، كاتێك وه‌فاتیشی كرد نۆ ژنی له دوای خۆی به‌جێهێشت، ئای چه‌نده مه‌زنه ئه‌و شه‌ره‌فه و چه‌نده به‌رزه ئه‌و پێگه‌یه‌ی كه ئه‌و ژنه به‌ڕێزانه پێی به‌هره‌مه‌ند بوون، پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم)، ژنی گه‌وره‌ساڵ، مێردمردوو، تهڵاقدارو و لانهوازیشی ده‌هێنا، له‌و ئه‌و ژنانه‌ش هه‌موویان جگه له عائیشه هیچكامێكیان كچ نه‌بوون.
پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم) دایكانی ئیماندارانی هێنابوون و پێكه‌وه‌ش هه‌یبوون؛ كه‌چی نموونه‌ی دادپه‌روه‌ردی و یه‌كسانی بوو، عائیشه ـ خودا لێی ڕازی بێت ـ ده‌فه‌رموێت: ((پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم) كه ده‌یویست سه‌فه‌رێك بكات؛ تیروپشكی له نێوان ژنهكانییدا ده‌كرد، جا بۆ هه‌ركامێكیان ده‌رچووبایه ئه‌وه ده‌یبرد له‌گه‌ڵ خۆی، هه‌روه‌ها بۆ هه‌موو ژنێكی ڕۆژ و شه‌وی خۆی به یه‌كسانی دانابوو))(١).
هه‌ر له وێنه‌كانی دادپه‌روه‌ری؛ ئه‌وه‌یه كه ئه‌نه‌سی كوڕی مالیك ـ خودا لێی ڕای بێت ـ ده‌فه‌رموێت: ((پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم) نۆ ژنی هه‌بوون، جا كاتێك كه ڕۆژ و شه‌وه‌كانی دابه‌ش ده‌كرد به سه‌ریاندا؛ نه‌ده‌هاته‌وه بۆلای ژنی یه‌كه‌م له نۆیه‌م ڕۆژدا نه‌بێت، جا هه‌موو شه‌وێك هه‌موویان له ماڵی ئه‌وه‌یاندا كۆده‌بوونه‌وه كه پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) له‌وێ ده‌بوو، جارێك له ماڵی عائیشه بوو، زه‌ینه‌بیش هات بۆ ئه‌وێ، پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ده‌ستی ڕ‌اكێشا بۆ زه‌ینه‌ب، عائیشه فه‌رمووی ئه‌وه زه‌ینه‌به، ئیدی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) ده‌ستی گێڕایه‌وه))(٢).
ئه‌م ماڵه پڕشكۆیه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم)؛ ئه‌گه‌ر به تۆفیق و پێبه‌خشینی خودای په‌روه‌ردگاری نه‌بووایه، وا نه‌ده‌بوو.
ئه‌وه‌تا پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) سوپاسی په‌روه‌ردگاری ده‌كات، به گوتار و به كرداریش، وه هاوسه‌ره‌كانی هانده‌دا بۆ خوداپه‌رستی و یارمه‌تیشیان ده‌دات له‌سه‌ری، ئه‌مه‌ش بۆ به‌جێگه‌یاندنی فه‌رمانی خودای گه‌وره كه فه‌رموویه‌تی: وَأْمُرْ أَهْلَكَ بِالصَّلاةِ وَاصْطَبِرْ عَلَيْهَا لا نَسْأَلُكَ رِزْقًا نَحْنُ نَرْزُقُكَ وَالْعَاقِبَةُ لِلتَّقْوَى [طه:١٣٢]، واته: " وه فه‌رمان بده به خانه‌واده‌كه‌ت به نوێژ و خۆڕاگریش له‌سه‌ری، داوای ڕۆزیت لێناكه‌ین، به‌ڵكوو ئێمه ڕۆزیی تۆش ده‌ده‌ین، سه‌ره‌نجامیش بۆ ته‌قوایه".
عائیشه (خودا لێی ڕازی بێت) ده‌گێڕێته‌وه و ده‌فه‌رموێت: "پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) شه‌ونوێژی ده‌كرد و منیش له سه‌ر جێگاكه‌ی له به‌رده‌میدا ده‌خه‌وتم، جا كه ده‌یویست نوێژی ویتر بكات بێداری ده‌كردمه‌وه و منیش ویترم ده‌كرد"(٣).
وه پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) هانی موسوڵمانانی داوه بۆ شه‌ونوێژ و یارمه‌تیدانی ژن و مێرد بۆ یه‌كتری له‌سه‌ری، تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی كه ئاو بكه‌ن به ده‌موچاوی یه‌كتریدا، ئه‌بوهوره‌یره (خودا لێی ڕای بێت) ده‌گێڕێته‌وه كه پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم) فه‌رموویه‌تی: ((رحم الله رجلاً قام من الليل فصلى وأيقظ امرأته فصلت فإن أبت نضح في وجهها الما‌ء، ورحم الله امرأة قامت من الليل فصلت وأيقظت زوجها فصلى فإن أبى نضحت في وجهه الما‌ء)) (٤) "ڕه‌حمه‌تی خودا له‌و پیاوه بێت كه شه‌و هه‌ڵده‌سێت نوێژ ده‌كات و ژنه‌كه‌شی بێ‌دار ده‌كاته‌وه تا ئه‌ویش نوێژ بكات، ئه‌گه‌ریش هه‌ڵنه‌سا ئاو ده‌كات به ده‌موچاویدا، وه ڕه‌حمه‌تی خودا له‌و ژنه‌ش بێت كه شه‌و هه‌ڵده‌سێت نوێژ ده‌كات و مێرده‌كه‌شی بێ‌دار ده‌كاته‌وه تا ئه‌ویش نوێژ بكات، ئه‌گه‌ریش هه‌ڵنه‌سا ئاو ده‌كات به ده‌موچاویدا".
وه ئه‌وه‌ش له ته‌واویی موسوڵمان و پابه‌ندییه‌تی به دینه‌كه‌یه‌وه؛ كه خه‌ریكی ڕواڵه‌تی ده‌ره‌كی خۆی ببێت تا ته‌واوكه‌ر بێت بۆ پاك و خاوێنیی دڵ و ده‌روونی.
پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) دڵی پاك و جه‌سته‌ی خاوێن و بۆنی خۆش بوو، وه فه‌رمانیشی به‌مانه ده‌كرد، فه‌رموویه‌تی: «لو لا أن أشق على أمتي لأمرتهم بالسواك عند كل صلاة»(٥)، واته: "ئه‌گه‌ر به سختم نه‌زانیبا له‌سه‌ریان، فه‌رمانم ده‌دا به ئۆمه‌ته‌كه‌م به به‌كاربردنی سیواك له كاتی هه‌موو نوێژێكدا".
وه حوزه‌یفه (خودا لێی ڕازی بێت) ده‌فه‌رموێت: "پێغه‌مبه‌ری خودا (صلى الله عليه وسلم) كه له خه‌و هه‌ڵده‌سا سیواكی ده‌دا له ده‌می"(٦).
وه شوره‌یحی كوڕی هانی پرسیاری كرد له عائیشه (خودا لێی ڕازی بێت) كه هه‌ر كاتێك پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم) له ده‌ره‌وه ده‌هاته‌وه ماڵێ یه‌كه‌م كارێك ده‌یكرد چی بوو؟ له وه‌ڵامدا فه‌رمووی: "سیواكی به‌كارده‌برد"(٧).
جا چه‌نده جوانه ئه‌م پاكژی و خۆئاماده‌كردنه بۆ پێشوازیی خانه‌واده!
وه كاتێك ده‌چووه ماڵه‌وه ده‌یفه‌رموو: ((بسم الله ولجنا وبسم الله خرجنا وعلى الله ربنا توكلنا))، واته: "به ناوی خودا دێینه‌وه ماڵه‌وه و به‌ناوی خودا‌ش چوینه ده‌ره‌وه، پشتیش به خودای په‌روه‌ردگارمان ده‌به‌ستین" پاش ئه‌م زیكره ئینجا سڵاوی ده‌كرد له خانه‌واده‌كه‌ی(٨).
جا با خانهوهادهكهی تۆش ئاسووده بن به چوونهوهماڵت به پاك و خاوێنی و سڵاوكردن، نه‌كه‌ی برای موسوڵمان ئه‌م ئه‌م ڕه‌وشته جوانه بگۆڕیته‌وه به گله‌یی و گازنده و سه‌رزه‌نشت كردن.
به‌نده‌ی هه‌ژار خدرنه‌ژاد كوردستانی
[email protected]
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
په‌راوێز
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(١) بوخاری گێڕاوێتییه‌وه.
(٢) موسلیم گێڕاوێتییه‌وه.
(٣) بوخاری و موسلیم گێڕاویانه‌ته‌وه.
(٤) بوخاری و موسلیم گێڕاویانه‌ته‌وه.
(٥) بوخاری و موسلیم گێڕاویانه‌ته‌وه.
(٦) موسلیم گێڕاوێتییه‌وه.
(٧) موسلیم گێڕاوێتییه‌وه.
(٨) ئه‌بوداود گێڕاوێتییه‌وه، شێخ ئه‌لبانی (ڕه‌حمه‌تی خودای لێبێت) سه‌ره‌تا ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ی به سه‌حیح ده‌زانی، به‌ڵام دواتر كه بۆی ده‌ركه‌وت سه‌نه‌ده‌كه‌ی لێكپچڕان (إنقطاع) ی تێدایه به لاوازی دانا، بڕوانه: (سلسلة الأحاديث الضعيفة والموضوعة) ف ژ: (٥٨٣٢)، هه‌روه‌ها: (ضعيف سنن أبي داود) ف ژ: (٥٠٩٦).
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
چاوه‌ڕوانی به‌شی هه‌شته‌م بن (إن شا‌ء الله).
|