|
ڕۆژێك له ماڵی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)، به‌شی یه‌كه‌م: (پێشه‌كی)
دانراوه له‌لایه‌ن: خدرنه‌ژاد کوردستانی
ڕۆژێك له ماڵی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله عليه وسلم)، به‌شی یه‌كه‌م: (پێشه‌كی)
پێشه‌كیی وه‌رگێڕ
بسم الله الرحمن الرحيم
الحمد لله، والصلاة والسلام على رسول الله، وعلى آله وأصحابه ومن والاه.
خوێنه‌ری به‌ڕێز! بۆ خستنه‌ڕووی ژیانی پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم؛ هه‌ر له سه‌رده‌می سه‌له‌فی ساڵحه‌وه تا گه‌یشتووه‌ته ئه‌مڕۆ؛ به سه‌دان - ئه‌گه‌ر هه‌زاران نه‌بێت – په‌ڕتووك و بڵاوكراوه نووسراوه، هه‌ندێكی به ورد و درێژی، هه‌ندێكی به كورتی، هه‌ندێكی دیكه‌ی به مامناوه‌ندی، هه‌ر یه‌كه و به شێوازێك نووسراوه، ڕۆژ له دوای ڕۆژ به‌رده‌وام زیاتریش ده‌نووسرێت، له نێو ئه‌و گه‌نجینه فراوانه‌ی په‌ڕتووكان كه له‌و باره‌یه‌وه نووسراوه؛ په‌ڕتووكێكی به‌پێزی شێخ عه‌بدولمه‌لیك ئه‌لقاسمه به ناوی (يوم في بيت الرسول صلى الله عليه وسلم) واته (ڕۆژێك له ماڵی پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم)، كه به ڕاستی به شێوازێكی زۆر جوان و دڵڕفێن نووسیوێتی، ئاگاداریشم كه پاچڤه كراوه بۆ چه‌ندین زمانی دیكه، هه‌ربۆیه به‌نده‌ش پشت به‌خودا هه‌وڵ ده‌ده‌م هه‌ر جاره‌و به‌شێكی لێ وه‌رگێڕمه سه‌ر زمانی كوردی (به ده‌ستكارییه‌كی پێویست و نهڕووشێنهرهوه) و له‌م پێگه هێژایه (ده‌نگی ئیسلام) دا بڵاوی بكه‌مه‌وه، تا ده‌گه‌مه كۆتایی، بۆ ئه‌وه‌ی موسوڵمانانی كوردیش كه‌ڵك و چێژی لێوه‌رگرن، جا هیوادارم ئێوه‌ی ئازیزیش به پێشنیار و ڕه‌خنه‌كانتان له‌مه‌ڕ پاچڤهكه بێبه‌شم نه‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به شێوازێكی جوانتر و باشتر ده‌رچێت، داواشتان لێده‌كه‌م دوعام بۆ بكه‌ن كه هه‌رچی زووتره بتوانم ئه‌م كاره به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نم.
سه‌رنجێك: ده‌بێت ئاماژه به‌وه‌ش بده‌م، كه هه‌ر فه‌رمووده‌یه‌ك جگه له بوخاری و موسلیم ڕیوایه‌تیان كردبێت، ئه‌وه بۆ زانینی پله‌كه‌ی؛ هه‌ستاوم به خستنه‌ڕووی بڕیاری شێخی فه‌رمووده‌ناسی بلیمه‌ت موحه‌ممه‌د ناسرهددینی ئه‌لبانی (ڕه‌حمه‌تی خودای لێبێت)، له‌گه‌ڵ ئاماژه‌دان به سه‌رچاوه‌كه‌ی.وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.
وه‌رگێڕ: خدرنه‌ژاد كوردستانی
فه‌رموون ئێستاش ئێوه و به‌شی یه‌كه‌م:
پێشه‌كیی دانه‌ر
الحمد لله الذي بعث رسوله بالهدى ودين الحق، والصلاة والسلام على إمام المرسلين المبعوث رحمة للعالمين، نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين، وبعد:
ئه‌وه‌ی كه به‌رچاو ده‌كه‌وێت له‌م ڕۆژگاره‌دا ئه‌وه‌یه كه؛ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی له‌مه‌ڕ خۆشویستن و مه‌زن ڕاگرتنی پێغه‌مبه‌ری خوا صلى الله عليه وسلم، بوون به دوو به‌ش، به‌شێكیان زێده‌ڕه‌وی ده‌كات تا گه‌یشتووه به هاوه‌ڵپه‌رستی(شرك) خوا په‌نامان بدات -، وه‌ك هاوار تێكردنی و هانا لێخواستنی، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ش هیچ ڕێز و خۆشه‌ویستیی پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم یان لێ به‌دی ناكرێت، به‌چه‌شنێك كه به ته‌واوی بێ‌ئاگان له ڕێباز و ژیان و سه‌ربورده و ڕێنماییه‌كانی و، نه‌یانكردووه به مه‌شخه‌ڵی ژیان و نیشانده‌ری ڕێگایان.
جا بۆ خستنه به‌رده‌ستی سه‌ربورده و لایه‌نه گرنگه‌كانی ژیانی ئه‌و سه‌روه‌ره صلى الله عليه وسلم، به شێوازێكی ساده وئاسان كه بشێت هه‌موو خه‌ڵكی كه‌ڵكی لێ ببه‌ن؛ هه‌ڵسام به نووسینه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ند په‌ڕه‌یه، گه‌رچی زۆر كه‌مه و ئه‌و بابه‌ته به تێری ناگرێته خۆ، به‌ڵام چه‌ند وێستگه و گرته‌یه‌كی گرنگه له سیفه‌ته‌كانی پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم و ئاكاره‌كانی، هه‌موو شتێكیشم باس نه‌كردووه، به‌ڵكوو ته‌نها ئه‌وه‌م تۆمار كردووه كه پێم وایه له ژیانی خه‌ڵكیدا فه‌رمۆش كراوه، له باسی هه‌ر په‌سن و ئاكارێكدا ته‌نها دوو یان سێ فه‌رمووده‌م هێناوه‌ته‌وه، چونكه به‌ڕاستی ژیانی ئه‌و ئازیزه صلى الله عليه وسلم بۆخۆی ژیانی ئۆمهتێك و سه‌رهه‌ڵدانی بانگه‌واز و به‌رنامه‌یه‌ك بوو بۆ ژیان.. پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم خۆی به‌ته‌نیا ئۆمهتێك بوو له دینداری و خواپه‌رستیدا، له ڕێزداری و ڕه‌وشت جوانیدا و، هه‌روه‌ها له پایه‌به‌رزی و پێگه مه‌زنیدا، به‌سه له په‌سنیدا كه خودای شكۆمه‌ند و مه‌زن فه‌رموویه‌تی: وَإِنَّكَ لَعَلَى خُلُقٍ عَظِيمٍ [القلم : 5]، واته: "به‌ڕاستی تۆ – ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر – خاوه‌ن ڕه‌وشتێكی به‌رزیت".
ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت له‌و پله‌وپایه‌دا دایده‌نێن و ده‌یبینن كه خوای گه‌وره بۆی داناوه، كه به‌نده و پێغه‌مبه‌ر و خۆشه‌ویست و هه‌ڵبژێردراوی خودایه، له منداڵ و باوك و له خودی خۆیشیان پتریان خۆش ده‌وێت، به‌ڵام له‌وه به‌ولاوه مل نانێن و زێده‌ڕه‌وی ناكه‌ن و، بڕوایان وایه ئه‌و پله‌وپایه‌ی كه خودای گه‌وره بۆی داناوه به‌سێتی.
ئێمه‌ش له سه‌ر ئه‌و ڕێڕه‌وه ده‌ڕۆێن و لێی لاناده‌ین، نایه‌ین یادی له‌دایك بوونی بكه‌ینه‌وه و ئاهه‌نگی بۆ بگێڕین، به‌ڵكوو خۆشمان ده‌وێ به‌و چه‌شنه‌ی كه خۆی فه‌رموویه‌تی و فه‌رمانبه‌ری فه‌رمانی ده‌بین و، هه‌ر شتێكیش نای لێكردبێت لێی دوور ده‌بین.
فمبلغ العلم فيه أنه بشر
وأنه خير خلق الله كلهم
أغر عليه للنبوة خاتم
من نور يلوح ويشهد
وضم الإله اسم النبي إلى اسمه
إذا قال في الخمس المؤذن أشهد
وشق له من اسمه ليجله
فذو العرش محمود وهذا أحمد
واته:
زانــیــار ده‌ربـاره‌ی ئه‌و ده‌ڵێ بنیــادهمـــــه
باشــترینی هه‌موو ئافــراوان ســــهرجـهمــــه
ڕوخسارگهشه و مۆركی پێغه‌مبه‌رێتیی خـوا
له‌سـه‌ر ته‌نیه و تیشكی هه‌تا ئاســۆ ده‌ڕوا
خودا نـاوی له‌ته‌ك نـاوی خۆی خســـتــووه
لـه بانگی هـه‌ر پێنج فـــهرزهدا وا هاتــووه
ناوێكیشی لــه هی خــــۆی بـــۆ داڕێـــــژاوه
خوا مه‌حمووده و ئه‌حمه‌دیشی به ئـه‌و داوه
جا هه‌رچه‌ند له‌م دونیایه‌دا بێبه‌ش بووین له دیداری پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویست صلى الله عليه وسلم و، ڕۆژگارێكی زۆرمان كه‌وتووه‌ته نێوانه‌وه؛ به‌ڵام له خودای شكۆمه‌ند و مه‌زن داواكارم كه له‌وانه بین كه پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم ده‌رباره‌یان فه‌رموویه‌تی: ((پێم خۆش بوو كه براكانمانم ببینیایه)) هاوه‌ڵه‌كان فه‌رموویان: ئه‌ی مه‌گه‌ر ئێمه برات نین ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا صلى الله عليه وسلم ؟ فه‌رمووی: ((ئێوه هاوه‌ڵی منن، براكانمان ئه‌وانه‌ن كه هێشتا نه‌هاتوون)) وتیان ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا صلى الله عليه وسلم تۆ ئه‌وانه‌ی كه له ئۆمهتتن و تائێستا نه‌هاتوون چۆنیان ده‌ناسیته‌وه؟ فه‌رمووی: ((باشه ئه‌گه‌ر پیاوێك ئه‌سپێكی ده‌ست و ده‌موچاو مارووی هه‌بێت و له نێو ئهسپگهلێكی ڕه‌شی گه‌شدا بێت؛ مه‌گه‌ر نایناسێته‌وه؟)) وتیان: به‌ڵێ ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا صلى الله عليه وسلم، فه‌رمووی: ((ئۆمه‌ته‌كه‌ی منیش له قیامه‌تدا به ده‌ست و ده‌موچاو ماروویی دێن له شۆێنه‌واری ده‌ستنوێژ و، منیش پێش ئه‌وان چوومه‌ته سه‌ر حه‌وزه‌كه و چاوه‌ڕوانیانم...)) (1).
له خوا ده‌پاڕێمه‌وه كه بمانگێڕێت به‌وانه‌ی كه شوێن پێی پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم هه‌ڵئه‌گرن و ڕێبازی ده‌گرنه به‌ر و له كانیاوی سوننه‌ته‌كه‌ی تێر ئاو ده‌خۆنه‌وه، هه‌روه‌ها لێی دهلاڵێمهوه كه كۆمان بكاته‌وه له‌گه‌ڵی له به‌هه‌شتی به‌ریندا و، باشترین پاداشتیشی بداته‌وه له‌سه‌ر ئه‌و كۆششه مه‌زنه‌ی كه كردوویه‌تی.
وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.
نووسینی: عبد الملك بن محمد بن عبد الرحمن القاسم
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
په‌راوێز:
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
(١) موسلیم گێڕاوێتیه‌وه.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
چاوه‌ڕوانی به‌شی دووه‌م بن به‌م زووانه (إن شا‌ء الله).
|