یوسف زێدان کێیە؟ يوسف محمد أحمد زێدان (لەدایکبووی ٣٠ی يۆنيۆی ١٩٥٨) نووسەرێکی میسری و مامۆستایەکی زانکۆ و پسپۆڕە لە بواری کەلەپووری عەرەبی (دەستنووس) و زانستەکانیدا، خاوەنی چەندین کتێب و نووسراو و توێژینەوەی زانستییە لە فیکر و فەلسەفەی ئیسلامیی و سۆفیگەریی و لە بواری نووسنی ڕۆمانیشدا کاری کردووە، بەشی دەستنووسەکانی لە کتێبخاەی ئیسکەندەرییە ساڵی ١٩٩٤ دامەزراندووە و بۆتە بەڕێوەبەری ئەو بەشە، بەڵام دواتر لە کارەکەی دەرکراوە بەهۆی دروستبوونی کێشە و ناکۆکی لە نێوان خۆی و سەرۆکی ئەو کاتی کتێبخانەی ئیسکەندەرییەدا. دکتۆر یوسف زێدان، بەهۆی ڕاوبۆچوونە سەیروسەمەرە و شازەکانی ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بۆتەوە لە ناوخۆی میسر و لە لایەن زانایانی ئەزهەر و لە دەرەوەی میسریش، بەتایبەت لە ڕاوبۆچوونەکانی سەبارەت بە چەندین پرس و بابەتی ئاینی و چەسپاو لای زۆرینەی مێژوونووسان و زانایان و شارەزایانی ئەو بوارانە، لە گرنگترینیان هەڵوێستی نەرێنییانەی لەبارەی کەسایەتی سەلاحەددینی ئەییوبی. بۆ باشتر ناسینی یوسف زێدان، لێرەدا گرنگترین ئەو ڕاوبۆچوونە مشت و مڕئامێزانەی باسدەکەین : ١- گومان دروستکردن لە ڕووداوی میعڕاج (بڵندبوونەوەی پێغەمبەری خوا محمد درودی خوای لێ بێت) یوسف زێدان ساڵی ٢٠١٧ ڕایگەیاند ڕووداوی میعڕاج ئەسڵی نییە و لە ئیسڕائیلییات و کەلەپووری فارسییەوە وەرگیراوە و چیرۆکخوانەکان دروستیان کردووە، بەڵکو ئەوەی چەسپاوە تەنها شەوڕۆیی (ئیسڕا)یە و بەس. ئەمەش وایکرد بە توندی وەڵامی بدرێتەوە لەلایەن زانایان و شارەزایانی بواری مێژوو و سیڕە و فەرموودە و بە کەمکردنەوە لە گەورەیی ئەو ڕووداوە گرنگەی مێژووی ئیسلامی و تانەدان لە گێڕانەوە متەواترەکان لە قەڵەمی بدەن کە بە وردی ڕووادوی ئیسڕا و میعڕاج دەگێڕنەوە. ٢- گومانکردن لە بەسەرهاتی هاوەڵانی فیل. ساڵی ٢٠٢٢ یوسف زێدان مشتومڕێکی زۆری نایەوە بەهۆی نکوڵیکردنی لە ڕووداوی هاوەڵانی فیل (أصحاب الفيل) کە لە قورئاندا هاتووە و سوڕەتێکیش بەناوی (فیل)ەوە ناونراوە، کاتێ (ئەبرەهە)ى پاشاى حەبەشە (یەمەن) هەوڵیدا بەهۆی بەکارهێنانی فیلەوە کابەی پیرۆز بڕووخێنێت، زێدان ئەمەش بە چیرۆکێکی ئیسڕائیلی (ئیسرائیلیات) لەقەڵەم دەدات، بەڵام زانایانی ئەزهەر ڕووبەڕووی وەستانەوە و لەو میانەدا دکتۆر احمد کریمە پسپۆڕ لە شەریعەتی ئیسلام ڕایگەیاند کە زێدان دەیەوێت گومان لە نەگۆڕەکانی ئاین (الثوابت الدينية) دروست بکات و، جەختیشی کردەوە کە ڕووداوی فیل لە قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەردا سەلماوە و، یەکێکە لە موعجیزە ئیلاهییەکان. وە ئەم مشت و مڕەی زێدان یەکەم جاری نییە، بەڵکو پێشتریش گومانی کردووە لە پیرۆزی مزگەوتی ئەقسا و نکوڵی لە ميعڕاج کردووە و، چەند کەسایەتییەکی مێژوویی وەک صلاح الدینی ئەییوبی بە گوزارشتی نەرێنی و خراپ وەسف کردووە، دووبارەبوونەوەی ئەم لێدوانانە (قسەکە هێشتا هی زانا ئەزهەرییەکەیە) چەند پرسیارێک دەوروژێنێت کە ئاخۆ پاڵنەرە ڕاستەقینەکانی زێدان چین و، ئایا بە ئەنقەست ئەم مشت و مڕو گومانکردنە لە سەلمێنراوە ئاینی و مێژووییەکان دروست دەکات و دەوروژێنێت، کە دەبێتە هۆی شێواندنی متمانەی خەڵکی بە کەلەپوور و میراتی فەرهەنگییان. ٣- گومانکردنی لەوەی مزگەوتی ئەقسا لە قودس بێت ساڵی ٢٠١٧ يوسف زێدان چەند لێدوانێکی مشت ومڕئامێزی بڵاوکردەوە دەربارەی قودس و مزگەوتی ئەقسا، تیایدا وای دەرخستبوو کە ئەو مزگەوتی ئەقسایەی لە قورئاندا باسکراوە ئەوە نییە لە (شاری (قودس)ە و، ئەو شارە ئەو پیرۆزییەی نییە کە باسدەکرێت. ئەم لێدوانانەی زێدان بوونە مایەی خۆشحاڵی باڵیۆزخانەی ئیسڕائیل لە قاهیرە و بەگەرمی پێشوازیان لێکرد، لەبەرامبەردا زێدان ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بۆوە لەلایەن چەندین کەسایەتی ڕۆشنبیری و پەرلەمانیی میسریی، لەو میانەدا پەرلەمانتار (موستەفا بەکری) هێرشێکی توندی کردە سەر و تۆمەتباری کرد بەوەی هەوڵی پیلانگێڕی دژ بە نیشتیمان و چەواشەکردنی مێژوو دەدات و، داوای دادگاییکردنی کرد بەهۆی ئەو لێدوانانەی کە گومان لە ئەحەقییەتی عەرەب و مسوڵمانان و لەپێشتربوونیان دەکات بە قودس. هەروەک دکتۆر احمد کریمەش مامۆستای شەریعە و پسپۆڕ لە بواری شەریعەی ئیسلامیی لە زانکۆی ئەزهەر لێدوانەکانی زێدانی بەتوندی ڕەتکردەوە و، بە شێواندنی ڕاستییە مێژووییەکان و دروستکردنی فیتنە لە کۆمەڵگەدا تۆمەتباری کرد. بەڵام لەبری پۆزشهێنانەوە، زێدان سوپاسی باڵیۆزخانەی ئیسرائيلي کرد لەسەر ستایشکردنی لەبەرامبەر لێدوانەکانیدا. ئەمەش مشت ومڕی لەبارەی هەڵوێستەکانیدا زیاتر کرد. ئەم کارلێکە چەندین پرسیاری وروژاند سەبارەت بە پاڵنەر و پاشخانەکانی ئەو لێدوانانەی زێدان، بەتایبەت دوای دەستخۆشی و پێشوازی ئیسڕائیل لە لێدوانەکانی و ئەو ڕەخنە فراوانانەی ڕووبەڕووی بوونەوە لەلایەن کۆمەڵگەی میسری و عەرەبی بەگشتی. ٤- ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل یەکێتی نووسەرانی میسر نووسەر یوسف زێدان ی ڕەوانەی لێکۆڵینەوە کرد لەپای ڕاگەیاندنی ئامادەیی نووسەر بۆ پێشکەشکردنی موحازەرەیەک لە زانکۆیەکی ئیسڕائیلی ئەگەر یەکێتی نووسەران سەرەتا ڕازی بێت بەو کارە. دکتۆر علاء عبد الهادي سەرۆکی سەندیکای گشتی یەکێتی نووسەرانی میسر درێژەی ئەو بڕیارەی سەندیکاکەیان دەربارەی ئیحالەکردنی یوسف زێدان لەو کاتەدا بۆ لێکۆڵینەوە ئاشکرا کرد کە تۆمەتبارکراوە بە بە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیل، دوای ئەوەی خواستی خۆی بۆ پێشکەشکردنی موحازەرەیەک لە تەلئەبیب دەربڕی، کە ئەم کارەش بەپێی کارنامە و بڕیارەکانی یەکێتییەکە و کۆمەڵە گشتییە یەک لەدوایەکەکانی قەدەغەیە. سەرۆکی ئەو کاتی یەکێتی نووسەرانیش جەختی لەوەکردەوە کە یوسف زێدان پەیوەندی کردووە بە ناوەندی (موشی دەیان) لە زانکۆی تەلئەبیب بۆ پێشکەشکردنی چەند موحازەرەیەک و، پشتگیری خۆشی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیل دەربڕیوە و ڕەخنەی لەوانەش گرتووە دژی ئەو کارەن. ٥- دزینی ئەدەبی لە ڕۆمانی عەزازیل دا زێدان بەوە تۆمەتبارکراوە کە هەستاوە بە دزینی ڕۆمانە بەناوبانگەکەی (عەزازیل) لە چەند سەرچاوەیەکەوە، دیارترینیان ڕۆمانی (دوژمنانێکی نوێ بەڕووخسارێکی کۆنەوە - هیباتیا-) هی نووسەری ئینگلیز چارلز کینگزلی. نووسەر (علاء عودة) دەڵێت وردەکاری و بنیات و گفتوگۆ لە (عەزازیل) بە دەق لە (کینگزلی) وەرگیراوە، هەروەها تۆمەتبارکراوە بە دزینی بیرۆکەکانی ڕۆمانی (ناوی گوڵ) ی نووسهری ئیتاڵى (ئهمبرتۆ ئیكۆ)ش. بەهەمان وردەکاری ڕۆماننوسی تونسی (کمال العبادی)یش داکۆکی لەمە کردووە. ٦- وەسفکردنی سەلاحەددینی ئەییوبی بە هیچو پووچی یوسف زێدان سەلاحەددینی ئەییوبی بە بەوە وەسفکردووە کە پووچترین کەسایەتی مێژوو «أحقر شخصيات التاريخ» ـە، ئەمەشی چەند جارێک لە بەرنامەی تەلەفزیۆنی و دیدار و نووسینەکانیدا دووبارەکردۆتەوە، هەروەک وتوویەتی چیرۆکی (وا ئیسلاماە) هەستی توندوتیژی لای منداڵان بەرز دەکاتەوە، ئەمەش مشت و مڕێکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا لە ناوەندەکانی ڕۆشنبیری میسری و لە ناوەندی میللیش، هەروەک لە کوردستانیش مشت و مڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا بەتایبەت دوای ئەوەی بۆ پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبی هەولێر (٢٠٢٥) بانگهێشتکرابوو، بەڵام ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە لە لایەن زۆربەی چین و توێژەکانی کوردستانەوە، چونکە سەلاحەددین ڕەمزێکی بێ وێنە و پاڵەوانێکی مێژوویی کورد و ئیسلامە. لە کاردانەوەکاندا وا وەسفی زێدان کرا کە دابڕانێکی ڕوونی پێوە دیارە لە پەیوەست بە تێگەیشتنی لە سیاقی قوڵی مێژوویی کە ئەم سەرکردە مەزنە تێیدا ژیاوە، بەمەش پێچەوانەی کۆڕای مێژوونووسان جوڵاوەتەوە کە سەلاحەددین بە ڕەمزی یەکبوون و سەرکەوتن و فیداکاری و لێبوردەیی دەبینن، ڕەخنەگرتنیشی ئەگەرچی ڕەخنەی زانستی نییە و بێڕێزی پێکردنە، تێنەگەیشتنە لە مێژوو و شێواندنی واقیعە لەبەرژەوەندی بیروڕای کەسیی و ئایدیۆلۆژی کە شیمانەی کاریگەربوونی لێدەکرێت بە هەڵوێستگەلی خۆرئاوایی دژ بە ڕەمزە ئیسلامییەکان. بەڵام ئەم هەڵوێستەی زێدان لەبارەی کەسایەتی سەلاحەددینی ئەییوبی کوردیی لەلایەن (ئەفیگدۆر لیبرمان) وەزیری بەرگری ئیسرائیلەوە پاڵپشتی لێکرا و خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو لێدوانانەی یوسف زێدان دەربارەی سەلاحەددین دەربڕی و وتی: (زۆر بەختەوەرم و خۆشحاڵم بە لێدوانەکانی مێژوونووسە میسرییەکان کە پیرۆزی لە گەورەترین تیرۆریست لە مێژووی ئیسلامیدا سەلاحەددینی ئەییوبی دائەڕنن، هەروەها لە ئەفسانەی دروستکراوی مزگەوتی ئەقسا)، هەروەها وتی (ئەمەش بەو ئاراستە ئەرێنییە دەڕوات کە قودس ببێتە پایتەختی هەمیشەیی دەوڵەتی ئیسڕائیل). ئەوەی جێی خۆشحاڵی بوو ئەوەبوو کە دوای ئەو ناڕەزایەتییە بەرفراوانەی لەبانگهێشتکردنی یوسف زێدان بۆ هەولێر کەوتەوە، بەڕێوەبەرایەتی پێشانگای کتێب ی هەولێر داوەتنامەکەی زێدان ی هەڵوەشاندەوە و ناوبراویش داوای لێبوردنی کرد کە ناتوانێت بەشداری بکات لە پێشانگاکەدا. ئەمە و چەندین هەڵوێستی تری نەرێنی یوسف زێدان هەن کە لەبەر درێژنەبوونەوەی وتارەکە بەمەندە ئیکتیفا دەکەین. دکتۆر:ئەحمەد وەرتی پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە مەحموود رحمه الله.