وتاری هەینی دەبێت چۆن بێت.؟
وتاری هەینی دەبێت چۆن بێت.؟
وەڵام - ژمارەی پرسیار 3980


وتاری هەینی دەبێت چۆن بێت.؟

تكایە مامۆستایان و بانگخوازان، با وتارەكانتان تەنها وەعظ و ئامۆژگاری نەبێت.!

لەم سەردەمی عەولەمەو دونیای پێشكەوتن و بچووكبوونەوەی جیهان بۆ گوندێكی بچوك و زۆربوون و فراوانبوونی كێشەو گرفتەكان و بەتایبەت لەناو ئوممەت و ئەهلی ئیسلامدا - كە بەداخەوە هەمیشە مەینەتی و نەهامەتی و گرتن و كوشتن و برسییەتی و لەهەموو خراپتر داگیركردن و شكاندنی شكۆو پیرۆزییەكانی ئایینی ئیسلام زیاترە و لە سەروو هەموویەوە بێ كەسی و بێ خاوەنی موسوڵمانان.!! 
دەبێت لەم كات و ساتانەدا كە هەفتانە جارێك وەك جێبەجێكردنی فەرمانی خودایی خەڵكی لە هەموو شوێنێكەوە لە ماڵێك لە ماڵەكانی خودا كۆ دەبنەوەو ڕۆحیان بۆ مامۆستای وتاربێژ ئامادە دەكەن، دەبێت مامۆستای ئایینی چی بۆ گوێگرانی و موسوڵمانان ئامادە كردبێت؟!. 
بۆیە پێویستە مامۆستاو بانگخواز لەو ماوەیەدا زۆر بە كورتی و پوختی و بێ درێژكردنەوەو لادان و پەرت و بڵاوەپێكردنی وتارەكەی، ئەوەی ئامادەی كردووە بە ئامادەبووانی بگەیەنێت.

لێرەدا پێمانخۆشە چەند تەوەرێك وەك بیرخستنەوە بخەینە پێش چاوی بانگخوازان و مامۆستایانی وتاربێژ:

♦️ تەوەرەی یەكەم:

سەرەتا نابێت وتار تەنها ئامۆژگاری بێت، بەڵکو دەبێت گشتگیر بێت و لایەنە جۆراوجۆرەکانی وەک: ڕێنمایی، ئاراستەکردن، هاندان بۆ کارکردن، شیکردنەوەی پرسە کۆمەڵایەتییەکان و گرێدانی ئایین بە ژیانی ڕاستەقینەوە لەخۆ بگرێت، دەبێت وتارەکە ڕەهەندەکانی بیروباوەڕو فیکر و سۆزداری و کۆمەڵایەتی تێدا بێت و نابێت وتار تەنها لەسەر یەک بابەت قەتیس بکرێت.!

♦️ تەوەرەی دووەم:

خوتبەیەکی تەواو، پێکهاتەی لەم توخمانە پێکدێت:
1- ڕێنمایی و هاندان: هاندانی خەڵک بۆ ئەنجامدانی چاکە و بەشداریکردن لە پرسە گرنگەکاندا، وەک پشتیوانیکردنی مەزڵومان و هەژاران و لێقەوماوان، یان بەشداریکردن لە بەرپرسیارێتییەکانی کۆمەڵگا.
2- شیکردنەوەی کێشە ڕاستەقینەکان: باس لەو کێشە هەنووكەییانە بکات کە موسڵمانان ڕووبەڕوویان دەبنەوە، وەک: بابەتە عەقیدەییەکان و وەلاو بەڕاو تێکەڵکردنی دینداری و هەروەها کێشەکانی فەلەستین و هاوشێوەكانی و ڕوونکردنەوەیان و هاندانی خەڵک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیان بە ڕێگەی شەرعی.
3- لایەنی فیکری: پێشکەشکردنی سوود و حوکمە شەرعییەکان بۆ چەسپاندنی تێگەیشتنی دروستی ئایینی لەلای گوێگران.
4- لایەنی سۆزداری: نەک تەنها وروژاندنی سۆزەکان، بەڵکو ئاراستەکردنیان بە شێوەیەکی ئەرێنی و هاندانیان بۆ بیرکردنەوە و لێپرسینەوە، نەک تەنها کاردانەوەیەکی کاتی. (بیرتان بێت بابەتی سۆزداری و گریان یەکێکە لە کاریگەرترین توخمەکانی ناو خوتبە).!!
5- بەرزکردنەوەی خود و کۆمەڵگە: گرێدانی وتارەکە بە چەمکە فراوانترەکانەوە وەک چاکسازی خود، خێزان و کۆمەڵگە و گرێدانی دڵەکان بە پەروەردگاریانەوە. (بیرتان بێت چیرۆکی ڕاستەقینە زۆر کاریگەری دەبیت لەخاڵی 5 دا).!

♦️ تەوەرەی سێیەم:
وتاری تەواو لە سێ بەشی سەرەکی پێکدێت:
أ) پێشەکییەک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بیسەر و خۆ ئامادەکردنی بۆ بابەتەکە.
ب) خودی بابەتەکە کە پێشکەشکردنێکی ڕێکخراوی بیرۆکەکان لەخۆ بگرێت و بە بەڵگە پشتڕاستکرابێتەوە.
ج) کۆتاییەک کە بیرۆکەکان کورت دەکاتەوە و دەرئەنجام و ڕاسپاردەکان پێشکەش دەکات.
بۆ تەواوکردنی یەکپارچەیی وتارەكە، پێویستە بیرۆکەکان پێکەوە گرێدراو و پێکەوە بەستراوبن و ڕوون و قەناعەت پێکەربن، لەگەڵ بەکارهێنانی ئەو شێوازانەی کە هەستەکانی بیسەر هان دەدەن و ئاراستەی دەکەن بۆ کارکردن.

♦️ گرنگی پێشەکی وتار:
* ئامانجی ڕاکێشانی سەرنجی گوێگر و ورووژاندنی حەز و ئارەزوویەتی بە بابەتەکە.
* وتار و ناونیشانەکەی ڕوون دەکاتەوە.
* شێوازی ورووژاندن بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی گوێگر بییەوێت گوێ بگرێت.
* ڕێ خۆشکردنێکی ڕاستەوخۆیە بۆ بابەتی سەرەکی بەبێ لادان لێی.

♦️ گرنگی ناوەڕۆکی وتار:
* یەکێتی ناوەڕۆک: پێویستە وتارەکە لەسەر یەک بیرۆکەی سەرەکی بێت و تێكەو لێكە نەبێت.!
* ڕیزبەندی و زنجیرە: بیرۆکەکان بە شێوازێکی مەنتیقی و زنجیرەیەکی ڕوون نمایش بکرێن، لە گرنگترینەوە بۆ گرنگ و لە گشتییەوە بۆ تایبەت.
* بە بەڵگە قسەکردن: بیرۆکەکان بە بەڵگە و دەقی شەرعی و واقیعی و بەڵگەی عەقڵی پشتگیری بکرێن.
* ڕوونی و قەناعەت: بیرۆکەکان بە زمانێکی ڕوون و تێگەیشتوو دابڕێژرێن، لەگەڵ تیشک خستنە سەر قەناعەتی عەقڵی و سۆزداری.
* شێوازەکانی ورووژاندن: شێوازەکانی ورووژاندن بەکاردەهێنرێن بۆ ڕاکێشانی گوێگر بە درێژایی وتارەکە.

♦️ گرنگی کۆتایی وتار:
* کورتکردنەوەی بیرۆکە سەرەکییەکان کە لە وتارەکەدا پێشکەشکراون.
* پوختەیەکی وانە و دەرسە وەرگیراوەکان پێشکەش بكرێن.
* گوێگر پابەند دەکات بەوەی کە لە وتارەکەدا قەناعەتی پێکراوە.
* داوای گرتنەبەری هەڵوێست، یان ئەنجامدانی کارێک لەخۆدەگرێت.

♦️ بەکورتی و پوختی:
1- وحدة الموضوع، واتە: یەکێتی ناوەڕۆکی وتار، لە گەورەترین و گرنگترین سیفاتی وتاربێژە. * (بیرتان بێت دەبێت سەرەتاو کۆتایی ناوەڕۆکی وتار یەک شت بێت).!
2- تا دەکرێ با وتارەکان قال اللە وقال الرسول و چیرۆکی قورئانی و سیرەی خۆشەویست و هاوەڵان و نموونەی هاوەڵان و تابعین بێت.!!
3- نابێت وتار درێژو ماندووکەر بێت و لە 15 بۆ 20 دەقە زیاتر بێت، مەگەر کارەسات و ڕووداوی جەرگبڕو نەهامەتی لە ئارادا هەبێت.!
4- هونەری زانستی وتاربێژی زۆرجار بەهرەیەو خودا دەیبەخشێتە کەسەکان، بۆیە گەر خۆت هەستت پێکرد، یان لەملاولەولا دەتبیستەوە کە ئەداو پێشکەشکردنت لاوازو باش نییە، لەو پۆستە وازبێنەو کەسێکی شیاوترو گونجاوتر بۆ شوێنی خۆت دابنێ.. * (بیرتان بێت زۆرجار وتاربێژی بەهرەیەو گەر لەو بەهرەیە سەرکەوتوو نەبوویت، نەنگییە بەلاوازی بڕۆیتە سەر مینبەر.!! بزانە خودا لەبوارێکی دیکەی بانگەوازدا بەهرەی پێبەخشیوت، بۆ نموونە: نووسین، یان بواری کۆمەڵایەتی، یان چارەسەری گرفتەکانی کۆمەڵایەتی).!
5- دەبێت وتاربێژی سەرکەوتوو ڕووداوەکانی ڕۆژ و موناسەبەکان و نەهامەتییەکانی ئەو هەفتەیە بەشێوەیەکی کورت و پوخت و هۆکارو دەرەنجام بخاتە بەردەم گوێگر.!
6- هاوارو دەنگبەرزکردنەوەی نابەجێ لە وتاربێژی سەرکەوتوودا بوونی نییە.!

ئامادەکردنی: عیرفان ئەحمەد کاکە مەحموود

پڕۆژە بانگەوازییەکانی شێخ احمد کاکە محمود  رحمه الله.

 

سەردان: 129